ئاراستەی مێژووی مرۆڤ لە مەترسیدایە

گەورەترین دەستکەوتی مرۆڤایەتی لە سیاسەت کەمبوونەوەی جەنگەکان بوو، ئێستە ئەوە لە مەترسیدایە


لە ناوجەرگەی کێشەی ئۆکرایندا، پرسیارێکی بنچینەیی سەبارەت بە سروشتی مێژوو و سروشتی مرۆڤ، هەیە. دەکرێ ئەو دووە بگۆڕێن؟ مرۆڤ دەتوانێ هەڵسوکەتەکانی بگۆڕێ؟ ئایا مێژوو بێ شومار دووبارە دەبێتەوە و مرۆڤەکانیش بێ گۆڕانکاریی نواندن بۆ دەردەسەرییەکانی ڕابردوو دەکەن، جگە لە دیکۆر هیچ ناگۆڕێ؟


قوتابخانەیەکی هزریی، گۆڕان ڕەت دەکاتەوە. پێی وایە جیهان جەنگەڵە، بێهێز نێچیری بەهێزە، تاکە بەربەست لە لووشدانی وڵاتی گەورە بۆ وڵاتە بچوکەکان، هێزی سەربازییە. هەردەم وا بووە و هەر وا دەمێنێتەوە. ئەوانەی باوەڕ بە یاسای جەنگەڵ ناکەن خۆیان هەڵدەخڵەتێنن و لە ناودەچن. قوتابخانەیەکی دیکە دەڵێ، یاسای جەنگەڵ هەرگیز یاسایەکی سروشتیی نییە. مرۆڤ دایناوە و مرۆڤیش دەتوانێ بیگۆڕێ. پێچەوانەی باوەڕە باوەکان، یەکەم بەڵگەی جەنگێکی ڕێکخراو ١٣ هەزار ساڵ لەمەوبەرە. تەنانەت دوای ئەو کاتەیش شوێنەواری کەم هەیە جەنگ نیشان بدات. هەڵگیرسان و توندی جەنگەکان بە هۆکارەکانی تەکنۆلۆجیا، ئابووری و کولتوورەوە بەندە. ئەوانە بگۆڕێن جەنگەکانیش دەگۆڕێن


تێڕوانین لە جەنگەکان تەواو گۆڕاوە. خێڵەکانی هەن (خێڵێکی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بوون)، ڤایکینگەکان و ڕۆمانەکان بە ئەرێنی لە جەنگیان دەڕوانی. سەرگۆنی ئەکاد و مۆسولینی بە فراوانبوونی دەسەڵاتیان لە نەمریی دەگەڕان. لایەنی دیکە، وەکو کڵێسا جەنگیان وەک شەیتان دەستنیشان کرد، بەڵام ناکرێ خۆی لێ لادەی. سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی هاوچەرخ بە خەونی چاکسازی ناوخۆ دێنە دەسەڵات نەک بۆ فروانبوونی دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتانی دراوسێیان. تەنانەت هونەرمەندان لە بیکاسۆوە تا کوبریک، ترس و دڵەڕاوکێی جەنگ نیشاندەدەن نەک پیرۆزکردنی هەڵگیرسێنەرانی


لە دوای ساڵی ١٩٤٥ قورسە تاکە سنوورێکی وڵاتان ببینییەوە بە جەنگ گۆڕدرابێ. لەو کاتەوە هیچ وڵاتێکیش نییە بە داگیرکاری دەرەکیی، لە نەخشە سڕدرابێتەوە. نا سەقامگیریی و جەنگی ناوخۆیی هەن، بەڵام هەموو کوژراوەکانی تا ئێستە بە قەد خۆکوشتن، ڕووداوی هاتووچوو و نەخۆشییەکانی قەڵەویی، نییە. شەکر لە باروود کوشندە ترە. دیارترین خەسڵەتەکانی کەمبوونەوەی جەنگەکان گۆڕانی ڕیشەیی واتای وشەی(ئاشتی)یە. جاران ئاشتی واتایەکی کاتیی بۆ نەبوونی جەنگ بوو. ئەو کاتە، ئاشتی واتای ئەوەبوو جەنگ ئێستە نییە


وڵاتان بەشی هەرە زۆری بودجەیان بۆ هێزە چەکدارەکانیان تەرخان دەکرد، ئێستە تەنیا ٦.٥٪ی بۆ هێزەچەکدارەکانیان تەرخان دەکەن، زۆرتر بۆ خوێندن، خۆشگوزەرانیی و تەندروستیی دەڕوات. کەمبوونەوەی جەنگەکان بۆ بژارکردنی هەڵبژاردەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. ئەوەیش لە شارستانیەتی نوێدا مەزنترین دەستکەوتی سیاسەتە. هەر کاتێکیش لەوانەیە بژاردەکانی مرۆڤ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا ڕەوت بکەنەوە. تەنیا تاکە کەسێک هەڵبژاردەکەی بگۆڕێ، هەموومان دەکەوینەوە ناو جەنگەڵ. ئەوە هۆیەکە لە پشت پاڵپشتیکردنی جیهان لە گەلی ئۆکراین


ڕەنگە یاسای جەنگەڵ هەڵبژاردەیەکی مرۆڤ بێ. لەگەڵ ئەودا هەڵبژاردەی دیکە دەبێ هەبێ، مەرج نییە هەموومان یا ڕاوچی بین یان نێچیر. ئەگەر وای لێهات هەموو سەرکردەکان دەیانەوێ ڕاوچی بن. بەڵام هیچ سەرکردەیەک نایەوێ بچیتە زبڵدانی مێژوو. کەس ئەوەندە چاو قایم نەماوە هەتا دانوستاندن هەبێ، جەنگ بژاردەی بێ. ئەوە جیهانی سەدەی ٢١ە


جارێ دیار نییە لە ئۆکراین چی پێشهاتی دیکە ماوە. ئۆکراینەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە نەهامەتی و توندوتیژیی هیچی دیکەیان نەدیوە. ٢٠٠ ساڵ لە ژێر چەپۆکی تساردا بوون. لە سەرەتای سەدەی ڕادبروودا، لەگەڵ هەناسەی سەربەخۆبوون، سوپای سوور دایپڵۆسین. برسییەتی هۆلۆدۆمۆر، تیرۆری ستالین، دکتاتۆریەتی کۆمیونیزم و داگیرکاریی نازییەکانیان دیوە. بە داڕمانی سۆڤیەت وا چاوەڕوان بوو ئۆکراین زۆردارێکی دیکە بە خۆوە ببینێ. خۆ لەوە زیاتر هیچی دیکەیان نەدیبوو


ئۆکراینەکان دوای سۆڤیەت ئاراستەی مێژوویان گۆڕی. سەرەڕای هەژاریی، دکتاتۆری سەردەمی سۆڤیەت و هەموو کۆسپەکانی دیکە، ئۆکراینەکان ئەگەرچی لە گەندەڵیدا دەناڵێنن، کەچی دیموکرسییان دامەزراند. لەوێ بە پێچەوانەی ڕووسیا و بیلاڕووس، سەرۆکی بەرهەڵستکار چووە جێی سەرۆکی وڵات. لە هەردوو دووڕیانی ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠١٣دا، ئۆکراینەکان بەرگریان لە سەربەستیی خۆیان کرد. دیموکراسییەکەی ئۆکراین شتێکی نوێ و ناسکە، ئەگەر هەیە تا سەر نەبێ. دەشکرێ بەردەوام بێ و ڕەگی قووڵ داکوتێ. هەموو شتە کۆنەکان لەسەردەمێکدا نوێ بوون. بەڵام مرۆڤ بژاردەیەی مانەوەی هەڵبژاردووە


ئەگەرچی ئەوەی سەرەوە لەو بەستەرەی لە خوارەوە دامناوە وەرگیراوە، بەڵام ئەوەمان لە یاد نەچێ سەرکردەکان هەردەم ڕزگارکەری میللەتان بوون، لە لایەکی دیکەوە هەر ئەوانیشن تەواو لە هاوکێشەکان تێناگەن و وڵات وێران و میللەت دەربەدەر دەکەن. بەشێکی ئۆکراین لە سووریا وێرانترە و میللەتەکەیشی بە هەموو ئەوروپا و ئەمەریکای باکووردا بڵاو بووەتەوە. سەرکردەکان ئەوانەن بە ئاسانی ناخڵەتێن و تێناکەون. ئاییندە بۆمان دەسەلمێنێ زیلینسکی لە کامیانە


سەرچاوە:

https://www.economist.com/by-invitation/2022/02/09/yuval-noah-harari-argues-that-whats-at-stake-in-ukraine-is-the-direction-of-human-history?fbclid=IwAR130ys3YhAsxuynU0KPPvTQ-_cuIZsw49AXojRPxsaELCVW2ih0yv_5Kzk