فرت و فێڵەکانی ستیڤ جۆبس؟

مرۆڤ زۆر داهێنانی ئەنجامداوە، لە ڕووی پێشکەوتن و گۆڕینی هەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی، داهێنانی ڕەوڕەوە (تایە) تا ئەمڕۆ گرنگترین داهێنانی مرۆڤە، لە هەموو داهێنانەکانی سەدەی بیستەم پڕ بایەختر و کاریگەرترە. بێ ئەو داهێنانە لەو کاتەدا مرۆڤ نەدەگەیشتە ئەوەی ئێستە هەیەتی. داهێنانی ڕەوڕەوە بە ناوی کەسێک یان تەنیا شارستانیەتێک تۆمار نەکراوە، بەڵام پێدەچی لە سۆمەر و بابل ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار داهاتبێ. لەگەڵ ئەوەیشدا لە سوریا، چین و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەر لە ٧ هەزار ساڵ هەبووە و پاشماوەیان بەجێماوە

 

لە چەند ساڵی دواییدا و بە تەواوی لە ساڵی ٢٠٠٧، ستیڤ جۆبز لە سان فرانسیسکۆی ئەمەریکا هاتە سەر تەختی شانۆ و دروستکردنی ئایفۆنی ڕاگەیاند. ئەوکاتە ئایفۆن تێکەڵکردنی هەردوو ئامێری ئایپۆد و تەلەفۆن بوو و ناونرا ئایفۆن. دەرکەوتنی ئایفۆن لە داهێنانە هەرە کاریگەرەکانی جیهانی تەکنۆلۆجیا بووە. بۆ یەکەم جار بوو تەلەفۆنێک بە دانانی پەنجەکان لەسەر سکرینەکەی، فرمانەکان ئەنجام بدا. ئەو سکرینە گەورەیەی ئایفۆن هەیبوو جارێ نەکەوتبووە بازاڕ. ڕکابەرانی ئەو جۆرە مابایلانەیان نەبوو

 

ئەگەرچی ئایفۆنەکەی دەستی ستیڤ جۆبز لە پێشانگەی ماکوۆرڵد ئێکسپۆ یەکەم مۆبایلی ژیر نەبوو، بەڵام زۆر کرداری دەکرد، مۆبایلەکانی هاوشێوەی ئەو، ئەوکاتە پێیان نەدەکرا. بەکارهێنانی زۆر ئاسانتر بوو. ئەوانە ڕاستن، بەڵام ستیڤ جۆبز فێڵی لە هەموو دانیشتوانی هۆڵەکە کرد و هەڵیخڵەتاندن. ئەوەی نیشانی دەدا، ڕاستییەکان نەبوو. ئەوەندەی ئەو ئایفۆنە کێشەی هەبوو بە نیو ئەوەندە ئەرکەکانی ئەنجام نەدەدا

 

جۆبز نیشانی دا لەو تەلەفۆنەوە دەتوانی ئیمەیل بنێری، ئینجا بێ هیچ گرفتێک بە ئینتەرنێتدا بگەڕێی. ئەوەیان ڕاست بوو، بەڵام تەنیا ئەو دوو کردارە جێگۆڕکێی کردبا، ئایفۆنەکەی دەستی لە کار دەوەستا. سەرەڕای ئەوەیش، مێمۆری تەلەفۆنەکە زۆر کەم بوو، بەرنامەکانی ئەوکاتەی تەلەفۆن لە قەبارەدا زۆر گەورە بوون، کێشەیەکی زۆر گەورەبوو، دوو سێ لەو بەرنامانە تەلەفۆنەکەی لە کاردەخست و دەبوایە بیکوژێنیەوە. بەر لەو پێشانگایە، جۆبز سەدان جار ئەو کارەی دووبارە کردووەتەوە، نەوەک هەڵە بکات و تەلەفۆنەکەی دەستی لە کاربکەوێ. هیچ جارێکیش لەو سەدان جارە بێ کێشە نەبووە. بۆیە دەبوایە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن

 

چارەسەر لەوەدا بوو پاش و پێش بە کردنەوەی بەرنامەکان نەکرێ. لەسەر ئەو مێزەی جۆبز هاتووچۆی لەدەور دەکرد، چەند ئایفۆنێک دانرابوو، هەرجارەی یەکێکیانی هەڵدەگرت و بەکاردەهێنا، کەواتە مۆبایلەکەی دەستی، بە دزی چەند جارێک گۆڕیوە نەوەک ئەو کارانەی بانگەشەی بۆ دەکرد نەیکات و لەکاربکەوێ یان بکوژێتەوە

 

هەرچی نیشاندانی گرتەکانی ڤیدیۆ و لێدانی گۆرانی و میوزیک بوو، ڕاستە تەلەفۆنەکە پارچەیەکی کارپێدەکرد، بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی هەموو ڤیدیۆیەکە یان دەنگەکە لێبدات. لە کار دەکەوت و دەکوژایەوە. ئەو ئایفۆنەی جۆبز نیشانی دەدا جارێ هەر دروست نەکرابوو. بەڵام دەیزانی ئەو بەرهەمەی لەبەردستی ئەپڵە تەواوی جیهان دەگۆڕێ و ئاییندەی قازانجی بۆ کۆمپانیا زۆر گەشە. تەنانەت ئەو سیفات و خەسڵەتە زۆرانەی جۆبز باسی دەکردن و نیشانی دەدان وانەبوون. دیار نەبوو دەتوانرێ ئەو شتانە بکرێ یان نا. ئەندازیاران گرفتی زۆریان هەبوو، ئەو گرفتانە لەو کاتەدا چارەسەر نەکرابوون

 

لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ کۆمپانیای مۆبایلی ئەمەریکا ئەی تی ئەند تی ڕێککەوت (ئەو کاتە ئەو کۆمپانیایە تاکە کۆمپانیای پاڵپشتی ئەپڵ بوو)، تاوەرێکی گەڕۆکی مۆبایل تایبەت بۆ ئەو چەند تەلەفۆنەی ناو پێشانگاکە دابنێن، هیچ تەلەفۆنێکی دیکە بەو تاوەرانە پیوەندی نەدەکرد. تەلەفۆنەکانی دەستی جۆبز هەردەم ٥ هێڵی هەبوونی تۆڕی مۆبایلی نیشان دەدا، کەچی ڕاستییەکەی وانەبوو، ئەو پێنچ هێڵە دانرابوو، ڕێژەی وەرگرتنی تۆڕی مۆبایلی نیشان نەدەدا.

لە نێوان ڕاگەیاندنی دروستکردنی ئایفۆن تا ساڵی ٢٠١٢، ٢٠٠ ملیۆن ئامێر فرۆشرابوو.مەزەندە وایە تا کۆتایی ٢٠٢١ ئەو ژمارەیە گەیشتبێتە ٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن


سەرچاوە

https://www.entrepreneur.com/article/297190

https://nymag.com/intelligencer/2017/01/how-steve-jobs-faked-his-way-through-unveiling-the-iphone.html