لە ساڵی ١٩٣٠ سینەماکاری سۆڤیەتی ئەوکات سێرگی ئایزینشتاین تا لەگەل کۆمپانیای (فیلمەکانی پاراماونت) گرێبەست بکات و چەند فیلمێک بەرهەم بهێنن، گەشتی بۆ نیویۆرک کرد. لەگەڵ ئەوەی بەڕێوەبەرانی پاراماونت بە تواناکان، دیدی هونەریی و دەستپێشخەرییەکانی سێرگی زۆر سەرسام بوون، بەڵام دوودڵ بوون لەوەی بابەتە سیاسییە ئاشکراکانی فیلمەکانی بینەرانی ڕۆژئاوا لە پاراماونت زویر دەکات.
هەرزوو ئەو دوودڵییەیان بۆ ساغ بووەوە، سێرگی فیلمێکی خۆی بە ناوی (کۆن و نوێ)ی ساڵی ١٩٢٩ لە سینەمای شەقامی ٤٢ نمایش کرد. لەبەر پاڵپشتییکردنی کێڵگە هەرەوەزییەکانی سۆڤییەت لە فیلمەکەیدا، ڕەخنەی زۆر لە میدیای ئەمەریکا بەسەر سێرگی ئایزنینشتایندا داباری. کیڵگە هەرەوەزییەکان دوو ساڵ بەرلەوە ستالین پێشنیازی کردبوون. بە زۆر زەوی لە جووتیاران ستاندەوە و کردینیە موڵکی حکوومەت، ئەوەی ناڕازی با دووچاری گێچەڵ دەبووەوە، لەو بارەدا نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا. بفەرموو لە سەرچاوەکەوە زانیارییەکان بخوێنەوە.
https://www.jstor.org/stable/2938412?seq=1https://www.jstor.org/stable/2938412?seq=1
لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی پلانە پێنچ ساڵییەکەی ستالین بوو، کەچی لە سۆڤیەتیش خوازراو نەبوو و دەنگی نەدەبیسترا. دەگووترا، تەکنیکەکانی لە مۆنتاژدا بەکاریان دەهێنێ لەگەڵ واقیعی سۆڤیەتدا ناگونجێن. هونەر لە ژێر چەپۆکی حکوومەتدا بوو، دەبوایە ژیانی سۆڤیەتییەکان لە هاوێنەدا، نموونەیی نیشان بدرێ. مانەوەی زۆری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گومانی خستە سەر شیوعی بوونی. لەویش خراپتر، خاوەنی بیرۆکە سەرەکییەکانی فیلمەکەی (کۆن و نوێ) ترۆتسکی بوو، لەو کاتەدا ستالین بۆ مەکسیک، دووری خستەوە.
لە سەردەمی ستالیندا، هەموو دەقێكی فیلم دەبوایە بدرێتە پیاوانی مقەست بەدەستی حکوومەت. نەبادا شتێکی دژە دەسەڵاتی مۆسکۆی تێدابێ. کاتێک خرۆشۆف لە ١٩٥٦ جێی ستالینی گرتەوە، ئازادییەکان تۆزە نووزەیەکیان هاتەوەبەر. دوو گرنگترین فیلمەکانی ئەو کاتە فیلمێکی میکائیل کالاتۆزۆف بە ناوی (سلینگەکان دەفڕن) لە ساڵی ١٩٥٧ دەرچووە. لەگەڵ فیلمی ئەندرێ تارکۆڤسکی (منداڵیی ئیڤان) لە ساڵی ١٩٦٢ دەرچووە و هەردووکیان باس لە کاریگەرییەکانی جەنگی جیهانی دووەم لەسەر کۆمەڵگەی سۆڤیەت، دەکەن. هەردوو فیلمیش تەواو پێچەوانەی ڕەوتی فیلمەکانی ساڵانی ١٩٤٠ەکانە، وەک فلیمەکەی (هاوڕێ کچەکانی بەرەی پێشەوە) لە ساڵی ١٩٤١ دەرچووە و باس لە جەنگاوەرانی کچ لە بەرەکانی جەنگ دژی فینلاند دەکات. لەو جەنگەدا لاوانی سۆڤیەت لە پێناو نیشتمان و خزم و کەسدا گیان بەخت دەکەن، نەک بە بێ ئامانج بکوژرێن.
لە ئێستەی رووسیا و سەردەمی پوتیندا، هەرچەندە مقەست بەدەستی حکوومەت نەماون بەڵام دەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی وەربگیرێ تا هەر فیلمێک لە سینەما نیشانی خەڵک بدرێت. هەردوو فیلمی بیانی (مردنی ستالین) و (پیاوی مووشەک)، یان قەدەغە کران، یانیش دووبارە مۆنتاژ کرانەوە. فیلمە رووسیەکان زۆر لەوە خراپتریان لەگەڵدا دەکرێ، لە ٢٠١٣ قەدەغەی فیلمێک ڕادەگەیەنن هەندێک لە هەڵسووڕاوانیشی دەخزێنرێنە زیندان، بەڵام لە ٢٠١٥دا ٥٠ ملیۆن ڕۆبل دەبەخشنە فیلمێکی دیکە. لە ساڵی ٢٠١٩ چەند تانکێکی کۆنی سۆڤیەتیی لە لاوس دەکڕنەوە بەشێکی دەدرێتە فیلمی تی ٣٤، تیایدا سەرکەوتنەکانی سوپای سووری سۆڤیەت بەسەر نازیەکاندا پیرۆز نیشان دەدات.
جێ پەنجەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەسەر بەرنامەکانی تەلەفزیۆنیشدا دیارە. لە ساڵی ٢٠١٧دا کەناڵی یەک لەگەڵ کۆمپانیای سرێدا دەستیان لە ناو دەستی یەک نا تا کورتە زنجیرەیەک سەبارەت بە ژیان و مردنی ترۆتسکی بەرهەم بهێنن. ئەگەرچی کورتە زنجیرەکە بە شێوازی زنجیرە درامای کۆمپانیای HBO بەناوی (یاری تەختی پاشاکان – Game of Thrones)، دروستکرابوو و تێکهەڵکێشی بۆ کرابوو، بەڵام ناکرێ نامە سیاسییەکانی ناو ئەو کورتە زنجیرەیە پشت گوێ بخرێن. لە لایەک ترۆتسکی وەک شۆڕشگێڕ نیشان دەدرێ و لە لایەکی دیکەوە بە ناخ بەتاڵ و مایەپووچ، لە هەندێ باردا ئامادەیە ملیۆنان بکوژێ. ویستی نووسەران بۆ ئەوەی ترۆتسکی وەک شەیتان وێنا بکەن لەگەڵ ئارەزووی بینەری بیانیی هەڵناکات. هەمان هەناسەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستەی تێدایە، گوایە بیانییەکان چاویان بە رووسیا هەڵنایەت.
سینەمای سەردەمی سۆڤیەت کۆمیونیزمی بە تاکە ڕێگاچارەی مرۆڤایەتیی دانابوو. گومانی لە داڕمان و نەمانی جیهانی سەرمایەداریی و فاشیستی کە ئەوکاتە جیهانی تەنیبوو، نەبوو. ئامانجی پوتین لەوە وردتر و دیاریکراوترە. ئیلهام بە هەستی نەتەوایەتیی دەبەخشێ، لە مەترسیی شۆڕشکردن ئاگاداریان دەکاتەوە دەنگدەران و دەزگەکان هاندەدات دژی گۆڕانکاریی بن.
زۆر گرنگە لەوە تێبگەین سینەمای ڕوسیا زۆر لەوە گەورەتر و بەهێزترە ببێتە بڵندگۆ و دەمڕاستی سیاسییەکان. بەڵکو سینەمایان وەکو مێژووی ڕوسیا ئاڵۆز و لەهەمان کاتدا، زۆر سەرنج ڕاکێشە. ئەگەرچی ئەو سینەمایە هەوڵی بەرتەسکدارکردنی دەدرێ بەڵام درەنگ یان زوو هەنەی خۆی هەر بەبەردادێتەوە و لەسەر ڕێچکەی کەڵە هونەرمەندەکانی بەردەوام دەبێ. ڕاستە سینەمای ڕوسیا وەکو ئەوەی ئەمەریکا و هەندێ وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و چین، ناسراو نییە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە ئامانجی سینەمای ڕوسی دەستکەوتی ماددی نەبووە و لەو بوارەدا شارەزا نین. بەڵام سینەمای ڕوسی مرۆڤدۆست و بەها بەرزەکانی مرۆڤی لەبەرچاو گرتووە.