کەم کەس هەیە لە جیهاندا ئاینشتاین نەناسێ و ناوی نەبیستبێ. مەرج نییە ئەوەی دەیناسێ بزانێ چی بۆ مرۆڤایەتی کردووە و بۆچی وا ناسراوە. بەرهەمەکانی ناخی زانستی فیزیای بیردۆزەیی تەکاند، تا ئێستە هەموو ئەوەی لە بیردۆزەکانیدا هاتوون ڕاست دەرچوون. بەڵام ئایا مێشکی ئاینشتاین هەر بە تەنیا ئەو هەموو بەرهەمەی هەبووە؟ لە نیسانی ٢٠٢٢ لە ماڵپەڕی بیگ ثینک نووسینێک بڵاوکرایەوە، پێم باش بوو ئێوەی لێ ئاگادار بکەمەوە.
ڕەنگە ئەفسانەی گەورەی زانست بلیمەتیی تاکە کەسیی بێت. دەکرێ تاکێک زیرەک بێ، بەڵام بێ خوێندن و ڕاهێنان لە ناکاو بێتە ناو بوارێک و ئەو مەتەڵە هەرە گەورانەی مێشکی زانایانی پێش خۆی تێدا قاڵ بووبووەوە و نەیانتوانی شیتەڵی بکەن، ئەو بە کەمێک ئەرکەوە هەمووی خستە بەردەست. ئەوە ئەو ئەفسانەیەیە ئاینشتاینی پێ دەناسین. خۆی خۆی پێگەیاند و لە ڕۆژانی یەکەمیدا دیاردەی کارەبای ڕووناکی (فۆتۆئیلێکتریک) و بیردۆزی ڕێژەیی تایبەت و هاوکێشەی وزە یەکسانە بە بارستایی جاران دووجای خێرای ڕووناکی. دواتریش ڕێژەیی گشتی، ترۆپکی هەموو کارەکانی بوو. بە تەنیا ئاینشتاین فیزیای لە چەقبەستوویی نیوتنەوە دەرهێنا. ناکرێ ئەوە هەمووی ڕاست بێ.
لە سەردەمی لەدایکبوونی ئاینشتایندا، گەردوونی نیوتن بە پێوانەی هێزی کێشکردنی تەنەکان، تەوژم و بارستایی دەتوانرا تا ڕاددەیەکی ورد ئاییندەی هەر سیستەمێک بزانرێ. دواتر لەگەڵ بیردۆزەکەی جەیمس ماکسوێل بۆ تێکەڵکردنی هەردوو هێزی کارەبا و موگناتیس، هەردووکیان کۆڵەکەی فیزیا بوون. هەر لەو سەردەمەدا چالاکیی تیشکدانی توخمەکان دۆزرایەوە. دیسانەوە لەو سەردەمەدا زانرا و تێبینی کرا، وزە لە چالاکیی شییبوونەوەی بێتا ون دەبێت، واتا یاسای پاراستنی وزە شکاوە. زانیاریی هەبوو تەنەکانی ئەو شییبوونەوەیە زۆر نزیک لە خێرایی ڕووناکی دەجووڵێنەوە، ئەوکاتە دەزانرا، کشان لە کات و دوورییەکاندا هەیە. ئەنجامە سەیرەکانی تاقیکردنەوەکەی مایکلسۆن-مۆرلی بە تەواوی شییکرابوونەوە و زانرابوو ڕووناکی وەکو دەنگ نییە، هیچ ناوەندێکی پێویست نییە تا لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە بگوازرێتەوە.
خۆ ڕاستە ئاینشتاین لە ئەڵمانیاوە چووە زیورخ لە سویسرا تا بیرکاری و فیزیا بخوێنێ، لە ساڵی ١٩٠٠ تەواوی کرد. ڕاستیشە دەرچووانی زانکۆی ئی تی ئێچ لە زیورخ تا ئێستە ٢٢ خەڵاتی نۆبڵیان هەیە. دیسان راستە لەوکاتەی لە نووسینگەی تۆماری ئەستۆپاکی داهێنانەکان کاری دەکرد، دەشیخوێند. ئەو کارەی لە ڕێگەی پێوەندییەکانی هاوڕێ و هاوپۆلەکانی وەکو مارسێل گرۆسمان کە لە ڕێگەی بابیەوە ئەو کارەی بۆ ئاینشتاین دۆزییەوە و دایمەزراند، چونکە مارسێل خۆی کاری مامۆستایی بۆخۆی دابین کردبوو.
ئاینشتاین لە کارەکەیدا هەموو ئەو ئامێر و داهێنانانەی دەهاتە بەردەست لەو سەردەمەدا دەکرا. ئامێرەکانی کارەبا و جووڵە و ئامێرەکانی سیگناڵی کارەبا ناردن و وەرگرتن، ئامێرەکانی یەکخستنی شەپۆلەکانی کارەبا بەرەبەرە پەیدا دەبوون. بەردەوام لەگەڵ کارەکەیدا و لەگەڵ هاوەڵەکانی وەکو ئێرنست ماخ و هینری پۆینکارێ، فیزیای دەخوێند. بەو خوێندنانەی لەگەڵ پرۆفیسۆر ئەلفرێد کلیینەر، پلەی دکتۆرای بۆ توێژینەوەکەی بە ناوی دیاریکردنی دووری گەردەکان، لە زانکۆی زیوریخ وەرگرت.
بابەتەکانی لە ساڵی ١٩٠٥ بەدواوە بڵاوکرانەوە تەواوکەری بیرۆکە و بۆچوونەکانی پلانک، لۆرێنتز، فیتزجێراڵد، تۆمسون، هیڤیساید، هاسنۆرڵ و پۆینکارێ بوون. تەنانەت بەشدارییەکانی خێزانی یەکەمی لە تەواوی داڕستنەکانی ئاینشتایندا زۆری مشتومڕ لەسەرە، کەس نازانێ ئەو بەشدارییانەی چەند بووە. هەر پۆینکارێ خۆی لە ساڵی ١٩٠٠ گەیشتبووە هاوکێشە ناودارەکەی نێوان بارستایی و وزە. دەکرێ ئاینشتاین ئەو توێژینەوەیەی پۆینکارێی بەرچاو کەوتبێ و شتی لێوە هەڵێنجابێ. هەر پۆحنکاری بوو بیرۆکەی ئەوەی خستەڕوو کە دەڵێ بۆ ئەوەی پێوانەی خولگەی هەساری عەتارد ڕاست بێ، نابێ تەنیا کیشکردنی هەسارەکانی دیکە و خۆر لەبەرچاو بگرین. چونکە بەوانە پێوانەکان ڕاست دەرنەچوون، بەڵکە دەبێ خێرایی زۆری عەتارد لەچاو خێرایی ڕووناکی بخەینە ناو هاوکێشەکانمان.
مامۆستاکەی بە ناوی هێرمان مینکۆڤسکی سەبارەت بە ئاینشتاین نووسیویەتی، هەرگیز باوەڕ ناکەم ئاینشتاینی تەمبەڵ خاوەنی بیردۆزی ڕێژەیی تایبەت بێ، خۆ ئەوەندە گوێی بە بیرکاری هەر نەداوە. دواتر ئەو مامۆستایە لەسەر کارەکانی ئاینشتاین هەردوو کات و شوێنی لە ناو هاوکێشە بیرکارییەکاندا دانا، دواتر ئەو کارەی بووە بنەمای هاوکێشەکانی بیردۆزی ڕێژەیی گشتیی. تەنانەت ئەوەی پێی دەگووترێ قوماشی کات و شوێن، بیرۆکەی هاوەڵەکەی بووە بە ناوی مارسێل گرۆسمان. گرۆسمان ویستوویەتی ئەندازەی گەردوونی ئیقلیدس بگۆڕردێ بە ئەندازەیەکی نوێ و ناوی نا قوماشی کات و شوێن. پسپۆریی گرۆسمان لە ئەندازەی ڕیمان بوو، کە دەڵێ دوو هێڵی تەریب هەرگیز بەیەک ناگەن. ئەندازەی جیاکاریی و بیرکاریی تێنسۆر (ئێروین کریستۆفڵ لە ساڵی ١٨٦٩ دروستیکرد و گریگۆریۆ ریچی و تولیۆ لێڤی-سیڤیتا لە ١٩٠٠ تەواویان کرد)، بۆ ئاینشتاین پێویست بوون تا بتوانێ ڕیژەیی گشتیی داڕێژێ.
لە مێژوودا هیچ بیردۆزێک لە زانستدا ئەوەندەی ئەوەی ئاینشتاین بۆ ڕێژەیی گشتیی شۆڕشی بەرپا نەکردووە، چی دوای بڵاوبوونەوەی، چی دوای تێپەڕبوونی سەروو ١٠٠ ساڵ. تێکەڵکردنی هێزی کێشکردن بۆ ناو بیردۆزی گشتیی، لە توانای تاکە کەسیی ئاینشتاین بەدەربوو. بیرۆکەکەی لەگەڵ بیرکاریناسان، گەردوونناسان و فیزیکناسان گەنگەشە دەکرد تا شێوە کۆتاییەکەی وەرگرت. بەبێ ئاشنابوونی بەو کەسانە و شارەزابوون لەو بوارانەی ئەوان کاریان تێدادەکرد، ئاینشتاین بە تەنیا نەیدەتوانی بگاتە بیردۆزی ڕێژەیی گشتیی.
سەرچاوە: