هەڵپەڕکێی کوردەواریی


کلتوور چەمکێکە گوزارشت لە کۆی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە و ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دەکات. هەموو زانین، بیروباوەڕ، رەفتاری باو، هونەر، یاسا، داب و نەریتی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەکان لەخۆدەگرێت. مرۆڤ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا لەگەڵ کلتووری کۆمەڵگەکەی ئاشنا دەبیت و پیادەی یاسا و ڕێساکانی دەکات. هەمەجۆرەی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، وایکردووە کلتووری هەمەجۆریش دەرکەوێ. کلتووریش ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرا و دیاری کۆمەڵگەکانە و هەر بە کلتوور گەلان و نەتەوەکان خۆیان لەیەکتری جیادەکەنەوە. هەڵبەت بەشێکی ئاکاری هەر کلتوورێکیش هونەرەکانە و لە ناو بەشی هونەرەکانیش سەما و گۆرانییە

 

سەمای گەلان بەشێکی سەرەکیی کلتووریانە. هەیە بە تەنیا سەما دەکات و هەیە لەگەڵ میوزیک و گۆرانی تێکەڵ دەکرێ، هەر گەلەی بە شیوازێک و لە ڕوانگەی کلتوورەکەی خۆیەوە، بنەمای سەمای خۆی داناوە. بێگومان تەواوی ئاکارەکانی کلتوور و هەموو پەسەند و ناپەسەندەکانی کلتوورێک پێناسەیان دەکات، هەڵقولاوی ژینگەی گەل و نەتەوەی خاوەن ئەو کلتوورەن. مەبەستیشمان لە ژینگە هەموو ئەو هەلومەرجانەی ژیانی کۆمەڵگەی خاوەن کلتوورەکەی تێدا بووە، ئەویشیان کەشوهەوا، بەرزیی و نزمیی لە ئاستی دەریا بە واتای ناوچەی ژینگەکەیان دەشت و بیابان بووە یان چیاو چۆڵ، لەدەم دەریا بووە یان دوور و زۆر هەلومەرجی دیکە دەگرێتەوە

 

 سەرچاوە و بنەچەی زۆربەی هەرە زۆری سەما دێرینەکانی گەلان دیار نییە، چونکە لە کاتێکدا دەرکەوتوون جارێ مێژووی نووسراو نەبووە. بەڵام وەکو هەموو ئەفراندنەکانی دیکەی مرۆڤ، دەکرێ لەگەڵ شۆرشی درککردن بەرەبەرە دەرکەوتبن، ڕای دیکە هەیە پێی وایە بەر لە دەرکەوتنی مرۆڤی هۆشمەند، سەما لە ناو باپیرە گەورەی مرۆڤدا هەر هەبووە. پێش دەرکەوتنی شارستانییەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتییەوە بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسم و ئاهەنگ و کات بەسەربردن بووە. ئەوەی جێی سەرنجە بەشێکی زۆری ئەو سەما میللیانەی گەلان بۆ دەربڕینی خۆشیی و ئاهەنگ گێڕانن. لەگەڵ ئەوەیشدا سەمای دیکە لە گەلاندا هەیە بۆ دەربڕینی خەم و پەژارەیە

 

ئەگەر چەند هەزار ساڵێک بە مێژوودا بگەڕێینەوە، کۆنترین نیگاری سەماکردن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان بۆ ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و لە هیندستان کێشراوە. مرۆڤ لە نەبوونی میژووی نووسراو هەموو سەمای گەلە دێرینەکانی وەکو کوردو تەنیا لە بیر و ئەندێشەی گەلاندا هێشتووەتەوە. کوردیش سەمای خۆی کە بە هەڵپەڕکێی کوردەواری دەناسرێ، وەکو بەشێک لە کلتوور و فۆلکلۆری خۆی پاراستوویەتی و بەردەوام پیادەی دەکاتەوە. لە نەبوونی سەرچاوەی نووسراو و نەبوونی توێژینەوەی زانستیی، جگە لە پاراستنی هەڵپەڕکیی کوردی لە لایەن کۆمەڵگە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد، شتێکی ئەوتۆی لەسەر زیاد نەکراوە

 

سەما پڕە لە بەها جوانیناسییەکان، جوانیناسییش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە. سەماکان هێماسازییان تێدایە و بە کۆمەڵێك هێما و ئاماژە داپۆشراون و میراتی کلتووری کۆمەڵگەیەک دەردەبڕێ، بەو پێیەش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە تایبەتە. سەما، ئامرازێکی کلتووریی دەست گەلانە. بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک و گەیاندنی هەست و سۆزەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە، کەموێنەیە. لەوەیاندا هەڵپەڕکیی کوردەواری لە دەربڕینە هەرە بەهێز و پڕ واتا و هیماسازییەکانە و ئامرازێکی بەهێزی پاراستنی رۆحی بەرەنگاربوونەوە و بەگژداچوونی داگیرکەران و دوژمنانە. لە هەمان کاتدا دەربڕینێکی ئاشکرا و ڕوونی خۆشەویستیی ژیانە

 

ئەگەر بە زمانی کوردیدا بگەڕێین، لەبەر دەوڵەمەندیی زمانی کوردی دەبینین چەند وشەیەک بۆ هەمان چالاکیی هەیە. شایی، هەڵپەڕکێ، هەڵپەڕگە، سەما، بازی، زەماوەند، ئەڵپەڕگە، چووپی، چۆپی، گۆڤەند، چەمک و دیلان، هەموویان یەکن. دەکرێ زۆر وشەی دیکە هەبن لێرە نەنووسراون. کەلتووری کورد لە ناوچەکەدا دێرین و ڕەسەنە، هەر جووڵە و بزاوتێک، جیا لە چیرۆک و فەلەسەفەی پشتی و هۆکاری دروستبوونی، ناو و واتای تایبەت بە خۆی هەیە، زۆربەی هەرە زۆری ناوی نەزمەکانی هەڵپەڕکێی کوردی وەک هەڵپەڕکیی کار، شایی و شیوەن، خەبات و هێرش و هەستانەوە واتا و ماناکەیان لە ناوەکانیاندایە و دیارە. جووڵەیان لێک جیاوازن و بەشێکی زۆریان بە شێوەی ڕیزبەندی بەدوای یەکدا دێن

 

بەڕای توێژەرانی فەرهەنگ و هونەری کوردی، هەڵپەڕکێی کوردی لە چوار بەشی (١ – جەنگ ٢ – کار و تێکۆشان ٣ – خەم و شیوەن ٤ – شادی) پێکهاتووە، ڕای دیکە هەیە دەڵێ هەندێک لەو هەڵپەڕکییانە بۆ ڕێوڕەسمی ڕاوکردن بووە، لەبەرئەوەی ڕاوکردن بەشێکی دانەپچڕاوی مێژووی هەموو مرۆڤە، بەشێکی باشی کلتووری گەلان لەگەڵ ڕاوکردن تەبایە. بەپێی ئەو چوار تەوەرەی هەڵپەڕکێی کوردەواری، واتا و ماناکانی شێواز و نەزمە جیاجیاکانی هەڵپەڕکێی کوردی جیاوازن و چەند واتایەکیان داوەتێ، جیا لەو واتایانەی سەرەوە، لە کورتە باسێکی شەریف فەلاح  لە ماڵپەڕی کوردیا، ٣٩ جۆری نەزمەکان خراونەتە بەر باس

 

دەکرێ فەلسەفەی جووڵەکانی هەڵپەڕکێی کوردەواری بەم شێوەیە لێکبدرێتەوە

سەرچۆپی هێمای ڕێبەری کۆمەڵەکەیە، دەستماڵی دەستیشی ئاڵای کۆمەڵەکەیە و دەکرێ هێمای ئاڵای کوردستان بێ و ئاماژەیە بۆ بەگژداچوونەوە و ڕاپەڕین. دەکرێ ڕەنگ و شێوەی ئەو ئاڵیەی دەستی سەرچۆپی گوزارشت لە فرە خێڵیی و هۆزەکانی کورد بووبێ و لەهەر ناوچەیەکدا بە جۆرێک دەرکەوتبێ. ئەوەی سەرچۆپی و گاوان دەستماڵیان لەدەستە واتای یەکسانیی ئەندامانی هەڵپەڕکی دەدات. گرتنی دەستی  یەکتری و لێکئاڵانی دەستان، هێمای یەکگرتوویی و پێکەوەییە. تێکەڵبوونی نێر و مێ نیشانەی یەکسانیی ڕەگەزە لە ناو کەلتووری دێرینی کورددا. هات و هاوار و عیوعیوکردن لە ناو چۆپیکێشاندا بۆ ترساندنی دوژمن و رەواندنەوەی داگیرکەرە. نزمبوونی جووڵەکانی هەندێک شێوازی هەڵپەڕکێ بۆ بۆسە نانەوەیە بۆ داگیرکەر و بەرزبوونیشی ئاماژەیە بۆ دوژمن، نامە بۆ داگیرکەر دەنیرێ و پێی دەڵێ بۆت هەیە واز لە جەنگ بهێنی و ڕزگارت ببێ، دەنا نەمان بەشتە. بەکۆمەڵبوونی هەڵپەڕكێش هێمای یەکگرتوویی و بەهێزی لە کۆبوونەوەی پێکەوەییە. هەرچی شێوەی بازنەیی هەڵپەڕکێیە لەبەرئەوەیە بازنە سوچ و گۆشەی تێدانییە، هەموو خاڵێکی یەکسانە و بەهێزترین شێوەی ئەندازەییە و سووڕی ژیانی سروشتە

 

لەبەرئەوەی خاکی کوردستان لانکەی شۆڕشی کشتوکاڵیی بەر لە ١٠ هەزار ساڵ بووە، توێژەرانی فەرهەنگی کوردی، هەڵپەڕکێی کوردی لەگەڵ ئەو شۆڕشە دەبەستنەوە. هەڵپەركێ بازنەیە، وەکو هێما بۆ شۆڕشی کشتوکاڵ و بەرهەمی ماندووبوونیان و وەرزەکانی هەرەوەزە، پێ لە خاک دەکوتن و هیوای بەرهەمی باش و فرە بۆ وەرز و ساڵانی داهاتوو، دەخوازن. بەشێکی گرنگی کەلتووری کشتوکاڵکردن و هەرەوەز ئەو نەزم و گۆرانییانەی وەرزی دروێنە و هەرەوەزە لە ناو کوردەکاندا باو بووە. داهێنانی ئامێرەکانی کشتوکاڵسازیی و ئاسانکردنی کارەکانی جووتیار، کەشی هەرەوەزیی و کەلتووری هاوشانی هەرەوەزی، بەرەو نەمان بردووە. هەرەوەز کۆمەلگەکانی کشتوکاڵسازی کوردستانی پتەو کردووە و پێوەندیی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لە نێوان خێزان و ئەندامەکان، بەهێزکردوە

 

ئەوەی لێرەدا زۆر جێی سەرنجمە ئاماژەیەکی هاوبیرێکمە لە سۆشیال میدیادا سەبارەت بە ئاریایی نەبوونی نەتەوەی کورد بۆی نووسیبووم جیاکەرەوەیەکی هەڵپەرکێی کوردەوەاری لە هەموو سەماکانی نەتەوە ئاریاییەکانی هاوسێی کورد ئەوەیە ئیمە تاکە نەتەوەین هەڵپەرکێ بە کۆمەڵ و دەست لە ناودەست دەکەین. لە کاتێکدا هەموو نەتەوە ڕەچەڵەک ئاریاییەکانی ناوچەکە وەکو هیندەکان، ئەفگانی، تاجیک، بەلوچ و فارس سەماکانیان تاکە کەسییە. واتا سەمای ئەوان چالاکییەکی تاکە کەسییە و یەک کەس دەیکات

 

لەبەرئەوەی هەڵپەڕکێی کوردەواری تەنیا بۆ خۆشیی و شادیی نەهاتووە و مەبەستەکانی تەنیا بۆ ئاهەنگ و زەماوەندگرتن نییە، بۆیە تەنانەت لە جەنگ و سەرکەوتنەکانیشدا، هەڵپەڕکێ ساز دەکرێ. تا ئێستە کورد لە جەنگەکاندا هەڵپەرکێ دەگێڕێ. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش چەندین جار پێشمەرگەکانمان هەڵپەڕیون و ئەو چالاکییە ڕەگ داکوتاوەی کوردەوارییان دووبارە کردووەتەوە. هەڵپەڕکێ، نەک تەنیا ورەی جەنگاوەران بەرزدەکاتەوە، بەڵکو نیشاندانی یەکگرتوویی و شانبەشانبوونی ئەندامەکانییەتی. هەڕەشەیە لە دوژمن و دەربڕینی هێزی کۆبوونەوەی کوردەکانە بە گژ دوژمناندا. زۆربەی زۆری جۆرەکان چەند هەنگاوێک بۆ پێش دەچن و پێ لە زەوی دەکوتن. کوتانی زەوی واتای بەرەنگاربوونەوەیە، هێرش و هەڵمەتبردنی کوردەکانە. لە دێر زەمانەوە هەڵپەڕكێ دوای سەرکەوتنەکان لە ناو کۆشکی پاشاکاندا، گێڕدراون

 

لە سەروبەندی کوڵانی دڵی کوردانی ڕۆژهەڵات دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، لە سۆشیال میدیادا ئەوەی خوارەوەم بینی

پێ داکوتانمان بە مانای پێداگریمانە و بۆ درێژەدانی خەباتە

هەڵپەڕین و شادی نیشانەی بە ورەیی و بەهێزیمانە

دژایەتییە لەگەڵ فەرهەنگی لەخۆدان، خۆڕنین و قوڕپێوان

 

بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتەم، ئەوەندەی گەڕام بۆم دەرکەوت نزیکەی ١٠٠جۆر هەڵپەڕکێ هەیە، دڵنیا نیم لەوەی کام جۆریان لە دوو شوێنی جیادا، دوو ناو یان زیاتری هەیە. جۆرەکان: چەپەیی موکریانی، چەپەیی مهابادی، سێ پێیی، سێپێ، گەڕیان، شێخانی، چەچەنۆ، کەچیکۆ، تەمبۆلێ، فەتاح پاشایی، لەبلان، خانانە، شەلایی، دەلیلۆ، بابلەکان، بازکی، هلندانی، سەمەدانی، چەپک، سنگسنگ، شەلان، سێجار، وەروەرە، کلیچە، دوودەسماڵە، سۆنە، خان ئەمیری، دەلیلۆ، چەپکی، کەچکی، دووزۆ، گرانی، دیکۆ، تەمر ئاغا، زراڤکی، توورا، دیارکی، کاکەیی، هەوشاری، دیمەن، زەندی، قەرەجۆر، تیرکەڤان، سینانی، بەھیە، سڤککی، یارخوەش تێ یان یارخۆش تێ، قەرتەل، جرید، شوندەکی یان پاشدەکی، خانە میری، سێ گاڤکی، کۆچەری، سەردەستان، ئایشوکێ، شامیرانێ، زێرین، بێریوکێ، بووکێ دەلالێ، ناڤ چەلیێ، لەیزوک یان ملانێ، سنجانێ، ڕەنی، حجروکێ، هەرێ بازۆ، تیلمەرجان، شرینێ لەیلانێ، چوخجانێ، هەرێ گولێ، بەینو، نالبەندانێ یان نالبەندانو، تەکنو، قڕەپیرەژن، گولشێنی، گێریلا، ڕۆینە، ڕکنە، بەرزی، ڕاستەی بانەیی، داغە، بە عینوانی، جەلەبە، میرانی یان عەبدیشو، شەمامێ، تالانە، هەرچەمە، عەمەر ئاغا، دمچە، سەردەستان، ئاسکانی، بەهار، ڕەوەندی، زازایی، سوێسکەیی، یاران و لەنجە

 

لە هەڵپەڕکێی کوردیدا ژن و پیاو تێکەڵ دەبن، شەرم لە هەرشتیکدا هەبێ لە هەڵپەڕکێدا نەبووە و نییە، ئەوە ڕەگی دەرکەوتنی هەڵپەڕکێ بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێنێتەوە و دێرینیی ئەو جۆرە سەمایەی کوردەکان دەسەلمێنێ. ڕەشبەڵەکی کوردەواری کچێک و کوڕێک دەبێ لە تەنیشت یەک بن، هیچ کوڕێک دەستی کوڕێک ناگرێ و هیچ کچێک لە دەستی کچێکی دیکە هەڵناپەڕێ. دەرکەوتنی سەربەستانەی ئافرەتان لە هەڵپەڕکێی کوردەواریدا یەکسانی نیوان پیاوان و ژنان لە کۆمەڵگەکانی کوردەواری پێش ئیسلام، نیشان دەدات. تا کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە زۆربەی شار و لادێکانی کوردستان ڕەشبەڵەک لە ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوەدا دەگیرا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیی ئەو کەلتوورە دێرین و ڕەگ داکوتاوەی کوردان بەرەو نەمان دەچێ. بە شوورەییەوە لە هەندێکیان تەنانەت پەردە لە نێوان پیاوان و ژنان لێدەدرێ

 

بێگومان ئەو جلوبەرگەی بۆ هەڵپەڕکێ لەبەردەکرێ ڕازاوە و ڕەنگی ئاڵ و واڵە، سروشتی هەمەڕەنگی کوردستانە لە جلوبەرگی هەڵپەڕکێدا ڕەنگ دەداتەوە، سەوزایی دەشت و کێوی بناری چیا سەرکەشەکانە، ڕەنگی نێرگز و گوڵاڵە سوورەی کەژ و کێوەکانی کوردستانە لە جلوبەرگەکانماندا دیارن. ئەوە سروشتی خاکی کوردانە و ڕەنگدانەوەی ئەو سروشتەیە لە جلوبەگ و فۆلکلۆرماندا دەردەکەوێ. چەندی ڕەنگەکان ئاڵ و واڵتر دەبن، ئەوەندە دەرخستەی جوانیی و ڕەنگدانەوەی سروشتی ناخی تاکی کوردە بۆ ئارەزووی ژیان. فۆلکلۆرمان بە ناخی مێژوودا هەرنەبێ بۆ ٥٠٠٠ ساڵ ڕەگی داکوتاوە.  هەموو کەشی هەڵپەڕین و پۆشاکمان، خۆشەویستییە بۆ ژیان نەک چاوەڕوانی مردن

 

هێمن موکریانی دەڵێ

لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمی گەشت

چون لە قەرنی بیستەما زۆرعەیبە ئەو ڕووگرتنە

ئەو پەچە و روبەند و چارشێوەی نەدیوە نەنکی تۆ

ئەو شڕوشاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە

 

سەرچاوەکان

فەرهەنگی ئەناهیتا

https://ferheng.info/alfba/%D9%87%DB%95%DA%B5%D9%BE%DB%95%DA%95-helper/

ماڵپەڕی کوردیا  https://www.kurdia.net/archives/6801

ماڵپەڕی های پێرشیا: https://www.hipersia.com/en/post/1282