گۆرانییەکانی ماملێ

میوزیک هونەری ڕێکخستنی دەنگەکانە. هەموو نەتەوەکان لە سەرتاپای جیهاندا، میوزیکی خۆیان هەیە. هەریەکە و بە ڕەنگ و ئاوازی خۆی جیا دەکرێتەوە. لە مەرجەکانی نەتەوەبوون ئەوەیە ئەو نەتەوەیە دەبێ گۆرانی و میوزیکی خۆی وەک بەشێک لە کەلتوور، هەبێت، تا بە نەتەوە بژمێردرێ. لەوەیاندا کورد خاوەن میوزیکی خۆیەتی و ڕەسەنایەتی میوزیکی خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، تێکەڵبوون و لەیەک وەرگرتن لە نەتەوەکانی دراوسێمان، وایانکردووە مۆرکی هەندی میوزیک و مەقام بۆ ئەوان بگوازرێتەوە

 

نەتەوەکانی ناوچەی بەرزاییەکانی چیاکانی زاگرۆس و دەشتاییەکانی، زۆر نین. تەنیا سێ نەتەوەی سەرەکیی هەن فارس، کورد و تورک. گومان لەوەدا نییە تورک وەکو نەتەوە، لە چاو فارس و کورد لەسەر ئەو خاکە نوێن. تەنانەت تا دەوڵەتی عوسمانیش نەگەیشتبوونە چیاکانی زاگرۆس، یان دامێنی چیاکانیش. هەرچی فارسە، ئەگەر لە تورکیش کۆنترە بەڵام لە چاو باب و باپیرانی کورد، هەر تازەیە. ئەوانیش وەکو تورک لە نزیک چیاکانی زاگرۆس نەبوون، بەڵکو لە دەشتاییەی نێوان ئێرانی ئێستە و تورکمانستان و ئەفگانستان بوون. لێرەدا مەبەست ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرە

 

گەلی ئازەربایجان، ئەگەرچی خۆیان بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ بزانن، بەڵام لەگەڵ تورکەکاندا ئامۆزان و هەردووکیان لە ناوەڕاستی ئاسیاوە کۆچیان بەرەو ناوچەی قەزوین و ئازەربایجانی ئێستە، کردووە. هەر ئازەربایجان خۆی ناوی لە سەرۆکی ئەوکاتەی ئەوێ داتاشراوە و پێی گوتراوە مادی بچووک. بەشێک بووە لە دەوڵەتی ماد یان میدیا. ئیگۆر دیاکۆنۆف، زمانناس، مێژوونووس و شارەزا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێی وایە زۆرینەی شارەکانی مادی بچووک، کوردنشین بوون. تاکو ساڵی ٤١٦ی زایین لە سەردەمی وەهسودان -ڕەوادی کورد – یەکەم تەوژمی تورکەکانی ناوچەی غەز، گەیشتنە ئازەربایجان. تەوژمی دووەم ساڵی ٤٢٩ی زایین بەرینتر و بەهێزتر بووە. دانیشتووانی شاری مەراغەیان کوشتووە و شارەکەیان تاڵان کردووە. خەڵکی ئەوێ مادی ڕەسەن و گوتییەکان بوون. نووسراوەکانی مێژوونووسانی بابل، ئاشوور تاکو مێژوونووسانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە (مادی بچووک) کوردبوون. وشەکانی هاوشیوەی کاردۆ، کاردۆخی، کورتی، گوتی و کورد بۆ ئاماژە بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەکارهێندراون

 

ئەگەر ئەوە مێژووی ئازەربایجان بووبێ، کەواتە ئەو کۆچبەرە هێرشبەرە بێ کەلتوورەی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتن، بەسەر شار و شارستانییەتی ئەو کاتەی ماددی بچووکیان داداوە. لەوێوە کەلتوور و میوزیکی ماددی بچووک، کە هەر ئەوەی باب و باپیرانی کوردەکانە، تێکەڵ بەوەی ئازەرییە کۆچبەرە تازە هاتووەکن، بووە. بەرەبەرە کوردەکان لەوێ کشانەوە و کۆچیان کرد. لەگەڵ ئەوەدا ئەو میوزیک و ئاوازانەی کورد، بۆ ئازەرییە کۆچبەرەکان بەجێما و تێکەڵی ژیانی ڕۆژانەیان بوو

 

ماملێ لە گۆرانیبێژە هەرە ڕەسەنەکانی نەتەوەی کوردە. مۆرکی کوردی بە هەموو گۆرانییەکانیەوە دیارە و تەنانەت تێکەڵبوونی لەگەڵ هێمنی شاعیر و هۆنراوەکانی ئەو کەڵە شاعیرەدا، ئاستێکی یەکجار بەرزی بە هەندێ لە گۆرانییەکانی داوە. زۆر جار دەبیسترێ و دەگووترێ گۆرانییەکانی ماملێ ئاوازی ئازەرییە و گوایە ماملێ لەوانی وەرگرتووە. ئەگەر سەرنج بدەین لە هەموو گۆرانیبێژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم یان زۆر ئەو تۆمەتەیان دەخرێتە پاڵ. خۆ ئەگەر لێیان وردبینەوە، ئەو لێکنزیکییەی ئاوازە کوردییەکانی ئەودیو لەگەڵ هەندێ ئاوازی ئازەری لەیەکەوە نزیکن، ڕاستە

 

بابەتەکە لێرەدا ئەوەیە، ماملێ و حەسەن زیرەک و دەیانی دیکە، هەرگیز هیچ ئاوازێکی ئازەرییان بۆخۆیان وەرنەگرتووە و بەکوردی گووتبیانەوە. تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. هەرچی کەلتووری میوزیکی ئازەری هەیە پاشماوەی ئەو کەلتوورە دەوڵەمەند و پەرەسەندووەیە لە مادی بچووک هەبووە. ئەوە کەلتوور و ئەرشیفی کوردەکانی وڵاتی مادە (میدیا) لە پاش خۆیان بۆ ئازەرییەکان مایەوە و بوو بە ئازەری. بڕوانە پەرەگرافەکانی سەرەوە چۆن چۆنی کوردەکان لە ڕۆژئاوای دەریای کاسپیان (قەزوین) کشاونەتەوە و ئازەرییەکان بوونە خاوەن ماڵ

 

کاریگەری میوزیکی کوردی هێندە ڕەگ داکوتاو و بەهێز بوو، کەلتووری ئازەری هەگبە بەتاڵ هیچی پێ نەبووە تا بگوازرێتەوە بۆ ناو کەلتوور و میوزیکی کوردەکان. هەندێ گۆرانی کوردی تیپی سلێمانی ساڵانی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو هەمان مۆرکی ئازەرییان پێوەیە، بەڵام دیسانەوە ئەو مۆرکە ئازەرییەی لە ناو گۆرانییە کوردیەکاندا هەستی پێدەکەین، کوردی ڕەسەنە. بیرەوەری کورد لە میوزیک و کەلتووری خۆیدا هیچی وای لە بیر نەماوە تا بتوانێ بەرگری لەخۆی بکا

 

لەو پەرتەوازەییەی کورد تێیدایە، چی سیاسیی و چی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی، دەستی ئەوان و فارس و تورکیشی واڵا کردووە بە پێی ویستی خۆیان هەر ئاوازێکی کۆنی فۆلکلۆری کوردی بفارسێنن و بتورکێنن. هەیە هەر کوردە و ئاوازە کوردییەکە بە تورکی دەڵێتەوە، دەبێتە گۆرانی و فەرهەنگی تورکی. هەر بیاندوێنە دەڵێن فەرهەنگی فارس زۆر دەوڵەمەندە و شارستانییەتی چەند هەزار ساڵانەیان لە پشتە. دەشکرێ گۆرانییەکی کوردی بە ئاواز و مەقامی فارسی لە جیاتی (ئای ئای، عەدنان کەریم ئاسا) بیکەی بە (ئۆۆی ئۆۆی وەک ئەوەی ئەژدەر وەهبی فارساندوویەتی). نەڵێی بارانی عاشق، بیفارسێنە بڵی بۆۆرانی عۆۆشق

جۆرێکی دیکەی پچڕاندن ئەوەیە ئەوەی ئەو بەرپرسیارییەتییەی لە ئەستۆدایە لە هونەرمەند و کاربەدەستان، خۆیان بێ توانان و ئەو بەرگرییەیان لە میوزیکی کوردی پێ ناکرێ. لەهەمووی قۆڕتر ئەوەیە سەرسامی میوزیکی عەرەبی میسری بێ. بە تایبەتیش شێوازی دابەشکردنی سونباتی (السنباطی) بهێنێتە ناو گۆرانی کوردی. وەک بڵێی، ئەوە خاوەن ئەزموون و پسپۆر لە میوزیک. لە چاو ئەو، خەڵک چی لە میوزیک دەزانێ. قوربان ئەوە هەستی کوردبوونە دەتوانێ بزانێ کام ئاواز و ریتمە کوردییە و کامەیان ریتمی یەک و نیوی عەرەبییە. ئەو جۆرە سەرسامییە بە ئاواز و میوزیکی میسر و شیوازی سونباتی، نەزانینی . تەواوە. تێنەگەیشتنە لە میوزیک خۆی. کەمیی شارەزاییە، هەی مام شارەزا


جارێک بە ڕێکەوت لە گەشتێکمدا کەوتمە تەنیشت شاعیری عێراقی (کەریم عێراقی)، کەوتینە دوواندنی یەکتری. لە باسی جیاوازیی نێوان میوزیکی کوردی و عەرەبیدا و تێکەڵکردنی ریتمە عەرەبییەکان لە ئاوازی کوردی و کاریگەری تەعریب و بەعس لەو ناوەدا، باسی کرد ئامۆژگاری ئاوازدانەرەکانی کوردی کردووە واز لە دابەشکردنی سونتابی بێنن (ئەو بە ناو ناوی کەسەکانی هێنا بەڵام من لێرە ناویان نانووسم)، چونکە لەگەڵ میوزیکی کوردیدا جیاوازە، جگە لەوەی کۆن و بەسەرچووە، هیچیش بۆ میوزیکی کوردی زیاد ناکات