گردی چەمی هەلان - کۆنترین نیشتەجێی کۆمەڵە ڕاوچییەکان
چەمی هەلان (بە تورکی هەلان چەمئ) کۆنترین لادێی کۆمەڵە ڕاوچییەکانە لە ئەنادۆڵ دۆزرابێتەوە. پشکنینەکانی کاربۆن ١٤ تەمەنی بۆ نێوان ١١٧٠٠ تا ١١٢٧٠ ساڵ لەمەوبەر دەستنێشان دەکات. زانیارییەکانی لەو شوێنەوارە هەڵێنجراوە نیشان دەدەن ئە وکۆمەڵگەیەی لەوێ ژیاوە خەسڵەتی سەرەتایی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیان هەبووە. بە واتایەکی دیکە، بنچینەی پێکهێنانی کۆمەڵگەکان لە چاخی بەردیندا لە قۆناغە هەرە یەکەمەکانی دەرکەوتنی ئابووری بەرهەمهێنانی خۆراک، دامەزراوە. بەرهەمی خۆراک لە کۆگە مایەوە، بەرهەمی ساڵی نوێی هاتە سەر، بەو شیوەیە کۆمەڵگەکان لە شوێنی خۆیان جێگیر بوون و مانەوە. هەر لەو کاتەدا ماڵییکردنی ئاژەڵ لە دەستپێک بوو
ئەو شوێنەوارە نزیک باتمانە. یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی سەر رووباری باتمان ڕووماڵێک بۆ ئەگەری هەبوونی شوێنەوار کراوە و دۆزراوەتەوە. سەروو ٤ مەتر بەرزە و ڕووبەرەکەی ٧٠٠٠ مەتر دووجایە. لە دامێنی چیاکانی تۆرۆسە و نزیکەی ٨ مەتر لە ڕووبارەکە بەرزترە. لە شوێنەوارناسییدا، دەکەوێتە ناو میزۆپۆتامیای باکوور. لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ماوەی ١٩ هەفتە لە ٦١٢ مەتر دووجا لەلایەن زانکۆی دیلاوێری ئەمەریکا و مۆزەخانەی دیاربەکر، هەڵکۆڵینی بۆ کراوە
گرفتێکی شوێنەوارناسان ئەوەیە ناوی سەردەمەکان لە کەلتوور و شوێنەواری دیکەوە بۆ شوێنەوارەکانی باکوور بەکارهاتوون. شوێنەوارەکانی باکووری کوردستان خەسڵەت و جیاکاریی خۆیان هەیە، کەلتوو ر و شێوازی دروستکردنی ئامرازە بەردەکانیان کەمێک لە کەلتوورەکانی دیکە جیان. هەموو شوێنەوارەکانی دامێنی زاگرۆس لەوانەی میزۆپۆتامیای باشوور و لێڤانت جیاوازن. بەڵام شوێنەوارەکانی زاگرۆس خۆیان بە ڕووبەرێکی یەکجار گەورەدا بڵاون. دۆزراوەکانی چەمی هەلان بەشێکی زۆری بەردە شووشەیان تێدا بوو. زۆربەیان قەبارە بچووک بوون. بەپێی پشکنینی کاربۆن ١٤، لە هەمان سەردەمی نەتوفییەکان و ئەشکەوتی زارزی دروست کراون
شێوە ئەندازەییەکانی ئامرازە بەردەکان لە چەمی هەلان جیاوازن. لە ناو ١٣٥ ئامرازی بەرد، ١٢٩ دانەیان سێگۆشەی درێژکۆلە بوون. شەشەکەی دیکە دوو لا قۆقز بوون. ئەو جۆرانە لەوانەی دۆزراوەکانی دەم دەم چەشمەی باشووری دەریای کاسپیان (قەزوین) دەچن، بەڵام هەزار کیلۆمەتر لێیانەوە دوورن. هەرچی بەردە شووشەکانە لە کۆی ٤٣٤٠ پارچە بەردی تاشراو، تەنیا ٢٢٥ پارچە بوون. بە پێی شییکردنەوەی پێکهاتەی توخمەکانی ئەو بەردە شووشانە بێ، لە چیای نەمرود و چیای بنگۆڵەوە هاتوون. بنگۆڵ ١٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای نەمرودە. بە ئاشکرا دیارە کەلتووری دروستکردنی ئامرازە بەردەکان لە ئەشکەوتی زارزی لەگەڵ دیجلەدا بەرەو زاوی چەمی شانەدەر و لەوێوە بەرەو چەمی هەلان ڕۆیشتووە
ئامرازە بەردەکانی لە چەمی هەلان دۆزرانەوە ١٤٠٠ پارچە بوون. هەر لە بەردی ملوانکە، موروو، دەفر، بەردی کون کراو، بەردە دەست و بەردی کوتان، بەردە هاڕەر، بەردی هێڵ لەسەر کێشراو، بەردی دان دان، بەردی قۆچەقانی تا دەگاتە تاشە بەردی تەختکراو. بەردی تۆو کوتان زۆر نەبووە، دیارە لەبەر ئەوەیە پەنایان بۆ خواردنی گوڵ و بازالیا بردووە. گوێزیشیان زۆر لا مەبەست نەبووە. ئەوەی زۆر سەرنج ڕاکێشە لەو دۆزراوانە، ئەوەیە بەشێکی زۆریان نەخش و هێڵکارییان لەسەرە. لە هیچ شوێنەوارێکی دیکە ئەو جۆرە بەردانە نەبووە
نزیکەی سێ یەکی هەموو دەستە بەردەکان (وەکو دەسکەوان بەکارهاتوون) تا ٢٠ سانتیمەتر درێژی تێدایە، ژمارەیان ٣٥٤ دانە بوو، نەخشێنراون. هەیانە وەکو سەری باڵندە و ئاژەڵ تاشراون. سەدان پارچەی دەفر ڕازاوە و نەخشدار و لێو ئەستوور هەبوون. ئێسقانی ئاژەڵانیش بەشێکی دیکەی گرنگی دۆزراوەکان بوون، زۆربەیان نەخش و نیگاریان لەسەرە، هەیە وەکو ئامراز بەکارهاتوون، بەڵام تێیاندایە تەنیا بۆ جوانی دروستکراون. ئامرازە ئێسقانەکان تا ڕاددەیەکی زۆر لەوانەی زاوی چەمی شانەدەر و ئەشکەوتی شانەدەر دەچن. شێوازی/تەکنیکی دروستکردنەکانیان تەواو یەکن
لە هەڵکۆڵینەکاندا چوار چینی خانوو دۆزرانەوە. بەڵام هەڵکۆڵین تەنیا بۆ ٣ چین کراوە. لە قووڵایی نێوان نیو مەتر تا ٣ مەتر شوێنەواری بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی، دۆزرانەوە. خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا ئەوەیە لە نێوان خانووە بازنەییەکانیان شوێنێکی بەتاڵ هەبووە ئاگری تێدا کراوەتەوە و ئێسقانی ئاژەڵی لێ بە جێماوە. خانوویەکیان لە بەردی هەڵچنراو تا بەرزی ٤٠ سانتیمەتر دروستکراوە و بە قوڕ ناوەوە و دەرەوەی سواغ دراوە، شوێنی مانەوەی ئاژەڵ بووە. پێدەچی ئەوە وەکو قووچەکێکی بازنەیی بەرد بووبێ، بەڵام ڕووخاوە. رەنگە لەسەر چینی بەردەکان، بە چیلکەو داری تێکهەڵکێش خانووەکانیان دروست کردبێ. ئەو جۆرە خانووە بازنەییانە بە کەلتووری تۆرۆس-زاگرۆس ناسراوە. لەوەدەچی ئەویشیان لە کەلتووری زارزی (لە بازیان) وەرگیرابێ
بە شیوەیەکی گشتیی، بەردەکان لە بەردی چۆم دەچن، بە قوڕ سواغ دراون و زەوی ناوەوە وەکو خۆی بووە، دەستکارییان نەکردووە. چینی بنەوە سێ خانووی هەبووە، بەڵام چینی سەر ئەو ٥ خانووی هاوشێوەی کۆنەکانی، هەبووە تیرەیان نێوان ٣ تا ٥ مەترن، بەڵام زەویەکانی بەردی تەختی لەسەر ڕاخراوە. زۆربەیان بازنەن و لایەکیان کراوەیە. هەرچی چینی سەرەوەیە ٤ خانووی تێدابووە، لە بەردە لم دروستکراون نەک، بەردی چۆم. دوویان لایەکیان کراوەیە و دووی دیکەیان بازنەی تەواون. دوو دیواریان هەیە، ئەوەی دەرەوە لەوەی ناوەوە بەرزترن. لە لایەکیان تەختە بەردێک هەیە وەکو مێز لە دیوارەکەی ناوەوە هاتووەتە دەرەوە. هەر مەترێک لەو دیوارانە بۆشاییەکی ١٠ سانتیمەتر هەیە، دیارە ئەوە بۆ کۆڵەکە بووە
دەکرێ شێوەی بازنەیی لایەکی کراوەیە لەبەر توندی با بێ لەو ناوچەیەدا، ئەو بەردانەی داندراون بۆ پاراستنی خێوەتەکەیان بووبێ تا بە نەیبا. چونکە لە چەمی هەلان بای زۆر توند هەڵدەکا، بە تایبەتی دەمەو ئێواران. بە پێی گڵی ناو ئەو خانووانە بێ، ماوەیەکی درێژ چەندین گروپ لەوێ ژیاون. خاشاک و پارچە ئێسقانی زۆر لەو گڵەدا پەستراون وماونەتەوە
کەلتووری خانوو دروستکردن بۆ حەوانەوە و کارکردن، نە لەوەی ناتوفییەکان دەچێ و نە لەوەی زارزیەکانی بازیانیش. بەڵام زۆر لەوەی زاوی چەمی شانەدەر، نزیکن
گۆڕانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان لە گەڕان بە دوای خواردن بەرەو جێگیر بوون و بەرهەمهێنانی خواردن لە سەرەتای سەردەمی هیلۆسین (نزیکەی ١٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر) وایکرد کۆمەڵگە و نیشتەجێی گەورە پەیدا ببن. تێگەیشتن لە سروشتی ئەو گۆڕانکارییە ئامانجی شوێنەوارناسان و زانایانی ئەو بوارە بووە. هەیە گۆڕانەکە بۆ گۆڕانی کەش و هەوا دەگەڕێنێتەوە و هەیە بۆ گەورەبوونی ژمارەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان دەگەڕێنێتەوە. زۆربەی توێژینەوەکان لەسەر ناوچەی لێڤانت کراون و کشتوکاڵ بۆ کۆتایی ١١ هەزار ساڵ تا سەرەتای ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە. پاشماوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانیش بۆ ١٥٣٠٠ تا ١٤٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە
لە شوێنەوارناسییدا، دەرکەوتنی خانووی شێوە بازنەیی بە ئاسۆی خانووی بازنەیی ناونراوە و بۆ ١٢٧٠٠ تا ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە هاوتەریبی چاخی بەردینی نوێیە و کۆتایی کەلتووری ناتوفیانی ناوچەی لێڤانتە. ئەو ئاسۆیە هەموو شوێنەوارەکانی زاوی چەمی شانەدەر، ئەشکەوتی شانەدەر، گردی چەمی هەلان و کەریم شەهر، دەگرێتەوە. هەموو ئەو شوێنەوارانە لە ناوچەی دارو دارستانی ناسراو بە کوردۆ-زاگرۆسن. پۆلێنی ئەو شوێنەوارانە بەپێی جۆری ئامرازە بەردینەکانیانە. بە شێوەیەکی گشتیی لە نیشتەجێیەکانی ئاسۆی خانووی بازنەییدا، سوود لە دانەوێڵەی خۆڕسک وەرنەگیراوە. بەڵام هەندێ دوو لەپ، گوێز، بادام و بستەیان خواردووە
دۆزراوەکانی ئێسقانی ئاژەڵان لە شوێنەواری چەمی هەلان یەکجار زۆرن، ئەوانەی ناسراون دەگاتە ١٠٠ هەزار پارچە. زۆربەیان لە مەیدانی نێوان خانووەکان بەسەر یەکدا پەسترابوونەوە. لە توێژینەوەکەی ئەم نووسینەی لێ وەرگیراوە ٥٨٣٠ پارچە ئێسقان دەپشکنێ، ئەوانە بەشێک بوون لە ٣٠ هەزار پارچە لە هەڵکۆڵینەکانی دەرەوەی ئەو مەیدانە دەرهێندرابوون. بەشێکی زۆریان بۆ دەرهێنانی مۆخەکەیان، شکێندرابوون و هیچ لەو ئێسقانانە جێی ددانی ئاژەڵی ڕاوکەری لەسەر نەبووە
قەبارەی ئێسقانی دۆزراوە، ئەوە نیشان دەدات بە درێژایی ساڵ مرۆڤ لەوێ نیشتەجێ بووە. بەڵام لە هەموو بارێکدا زۆر زۆر ٢٠ خانوویان هەبووە، کەواتە ژمارەی ئەوانەی لەوێ ژیاون ئەگەر گەیشتبێتە ٢٠ کەس. ئەو کۆمەڵە، کۆمەڵە ڕاوچییەکی بچووک بوون. دیارە زۆریی گۆشتی باشی ئاژەڵان ئەوە نیشان دەدات، ناوچەی چەمی هەلانی پڕ دارو باری گوێز و بستە، بە تایبەتی لەدەم ڕووبارەکەدا، لەوەڕگای باش بووە و شوێنی ڕاوی باشیش بووە. بەشێکی زۆر لە ئێسقانی ئاژەڵان بۆ کیسەڵ دەگەڕانەوە، دیارە گۆشتی کیسەڵ بەشێکی سەرەکی خواردنی مرۆڤی چەمی هەلان بووە
زۆریی گۆشت و خواردن لە چەمی هەلان بارودۆخی چاخی بەردینی کۆنمان بیر دەهێنێتەوە. ئەوکاتە خواردن بۆ مرۆڤ زۆر بووە و ڕاوکردنیش، لەبەر هەبوونی ئاژەڵی زۆر و کەشوهەوای گونجاو، تا راددەیەک ئاسان بووە. سەیر لەوەدایە، زۆربوونی خواردن و جێگیریی ڕێژەکەی، وا دەکات ئاژەڵە گەورەکان کەمتر ڕاوبکرێن. بەڵام لەبەرئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی چەمی هەلان بچووک بوون، بۆیە ژیانێکی جێگیر و ڕاوی باشیان هەبووە
بەشی هەرە زۆری ئەو ئێسقانانە، ئێسقانی ئاژەڵی گەورەبوون. زۆر کەم ئاژەڵی تەمەن بچووکی تێدابووە. زۆر جار ئاژەڵەکان دوور لە شوێنی نیشتەجێی مرۆڤەکان ڕاو کراون. بۆیە بەپێی پێویستیی خواردن (چەند خواردن کەم بووە یان زۆر بووە )، گەورەیی ئاژەڵی ڕاوکراو، گەورەیی کۆمەڵە مرۆڤەکانی ئەو ڕاوەیان کردووە و شوێنی ڕاوکردن چەند لە نیشتەجێیەکەوە دوورە، بڕیار دراوە ئەگەر هەموو ئاژەڵە ڕاوکراوەکە، یان کام بەشی گۆشتدار، جیا بکرێتەوە و بۆ شوێنی نیشتەجێیەکایان بیگوازنەوە. بێگومان زۆربەی جار، ئەو بەشەی گۆشتی زۆری پێوەیە دەگوازرێتەوە وئەوەی دەمێنێتەوە، بەجێیان هێشتووە
هەبوونی بڕێکی زۆری ئێسقانی ئاژەڵی گەورە لەگەڵ پاشماوەی داکردنی (پرۆسەکردن) چەندین جۆری ڕووەک پرسیاری زۆر سەبارەت بە جۆری ئەو کارانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانی چەمی هەلاندا هەبووە، دەخاتە ڕوو. هەبوونی ڕووەک لە خواردندا، ڕێژەی وزەی وەرگیراو لە گۆشت خواردن (لە نێوان دوو کاتی دیاریکراودا)، کەمدەکاتەوە. ئەوە باجی جێگیربوونە، بڕی وزەی وەرگیراو کەم دەبێتەوە. بەڵام ئەو جۆرە ژیانە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان یەکناگرێتەوە، کە ژیانی ڕۆژانەیان بە درێژایی ساڵ بریتی بووە لە گەڕان بەدوای خواردن. تەواو دیارنییە گۆڕانی شێوازی ژیانیان چۆن بووە. لەوانەیە وەکو شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەی زاگرۆس، هەر زوو ئاژەڵیان ماڵیی کردبێ
شوێنەوارناسی کەنەدا برایەن هایدن لە ساڵی ١٩٩٥ پێشنیازی ئەوەی کردوووە لە چەمی هەلان ئاهەنگ گێڕان و خواردن ئامادەکردنی بە کۆمەڵ هەبووە. ئەو پێشنیازە لەسەر بنەمای زۆریی بەردە شووشەکان و ئامرازە بەردینەکان بووە، کە لە مەیدانی نێوان خانووەکان بە بڕێکی زۆر دۆزراونەتەوە. بڕی زۆری ئەو جۆرە بەردانە بۆ کاری داماڵینی گۆشت و خواردن ئامادەکردن دەگەڕێتەوە. هەر لە هەمان شوێندا بەشێکی زۆری ئێسقان و جوومگەکانی ئاژەڵان دۆزراونەتەوە. هەبوونی گۆشتی زۆری ئاژەڵی گەورە لە چەمی هەلان ئاماژەن بۆ ئاهەنگگێڕانی وەرزیی
جێی سەرسوووورمانە ئەو نیشتەجێیە تەنیا بۆ چەند سەد ساڵێک هەبووە. دواتر چۆل كراوە. نیشتەجێیان پشتیان بە خواردنی گۆشت بەستووە و بڕێکی باشیشیان لە ڕووەک و گوێز و بستە، خواردووە. دەکرێ کەشوهەوا بۆ ئەو چەند ساڵە، بۆ ئەو جۆرە ژیانە لەباربووبێ
سەرچاوە