بەشی یەکەم – برسییەتیی
بۆ هەزاران ساڵ برسییەتیی، پەتا و جەنگ دوژمنی مرۆڤایەتیی بوون. نەوە دوای نەوە، مرۆڤ کڕنوشی بۆ هەموو خوایەک بردووە. ملکەچی هەموو پیاوانی ئایین بووە. چەندین ئامراز و دەزگە و سیستەمی کۆمەڵایەتیی داهێناوە. کەچی برسییەتیی، پەتا و جەنگ ملیۆنانی هەر لە ناو دەبرد. لە میسر، هیندستان و چیندا ئەو سێ دوژمنە وەک یەک، هەڕەشە بوون. باوەڕی زۆر لە بیرمەندان و پەیامبەران وا بوو، ئەوانە پلانی گەردوونیی خوایە لە بەرانبەر گوناحەکانمان، هیچیش نییە ڕزگارمان بکات
توانای مرۆڤ لە چەند سەدەی ڕابردوودا، چۆکی بەو سێ دوژمنە، دادا. لە هەمبەریاندا، دەستەوسان بووین، ئێستە بوونەتە گرفتێک لە چوارچێوەیەکی تەسکدا ماونەتەوە. هیچی دیکە پێویستمان بە پاڕانەوە لە یەزدان و پیاوانی ئایین نییە لەو گرفتانەمان دەربێنێ. دەزانین دەبێ چی بکەین تا لە دەست برسییەتیی، پەتا و جەنگ ڕزگارمان بێ. یەکەم جاریشە لە مێژوودا، مردنی مرۆڤ بە زۆرخۆریی بەرزترە لە مردن لە برسان. خەڵک کەمتر بە نەخۆشییە گوازراوەکان دەمرن وەک لە پیریی. بە هەمان شێوە، ژمارەی خۆکوشتن زۆرترە لەوانەی بە کردەوەی تیرۆریستی و تاوان دەمرن، یان، سەرباز دەیانکوژێ
برسییەتیی بەو شیوەیەی جاران نەماوە. ئێستە خواردن هێندە زۆرە کەس لە نەبوونی خواردن نامرێ. بەڵکو لەبەر کەم دەرامەتیی بۆ کڕینی خواردن، برسییە. دوایین برسییەتیی لە ژیانی ئێمەدا ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٨٤ لە ئافریقا ڕوویدا. ئەو کاتە وڵاتان، ڕێکخراوەکان، تەنانەت هونەرمەندانیش دەستی یارمەتییان درێژ کرد. لە دەورووبەری پاریسدا، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا چەندین هەزار کەس بە برسییەتیی مردوون، ئێستە لەهەمان شاردا کەس لە برسان و لەبەر نەبوونی خواردن، نامرێ. هەردەم ڕێکخراوەکان بەشی ئەوەندە دابین دەکەن، کەس لە برسان نەمرێ
هەمان گۆڕان بەسەر زۆر وڵاتی دیکەدا هاتووە، لە هەموویان سەرنج ڕاکێشتر، چینە. بۆ هەزار ساڵ برسییەتیی بەرۆکی هەموو چینییەکی لە ئیمپراتۆرییەتیی زەردەوە تا شیوعییە سوورەکان، گرتبوو. لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی بەدناوی (هەنگاوێکی مەزن بۆ پێشەوە) دەیان ملیۆن چینی لە برسان مردن. لە ساڵی ١٩٧٤ لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆراک WFP لە رۆما، نێردەی وڵاتان پێیان وابوو، ئەستەمە چین بتوانێ خۆراکی یەک ملیار کەس دابین بکا. چاوەڕوانی کارەساتی گەلێک گەورەتر بوون
ڕاستییەکەی چین لەو کاتەدا بەرەو مەزنترین گۆڕانکاریی ئابووریی هەنگاوی دەنا و سەدان ملیۆن کەسی لە هەژاریی هەڵکێشا. چەندین ملیۆنی دیکەیش تا ئێستە لە نەبوونیی و بەدخۆراکییدان. بۆ یەکەمین جارە لە میژووی چیندا برسییەتیی پشتاو کراوە
لە ساڵی ١٦٩٤ لە فەرەنسا هەموو عەمبارەکانی دانەوێڵە بەتاڵ بوون. دوو ساڵ لەسەر یەک کەشوهەوا لەبار نەبوو، کشتوکاڵ بەرهەمی نەبوو، نرخی خواردن زۆر بەرز بووەوە. ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە برسان مردن، ئەوە ١٥٪ ی هەموو دانیشتوانی ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا بوو. ساڵی دواتر برسییەتی لە ئیستۆنیای دا، ١ لە پێنچی وڵاتی کوشت. ساڵیکی دیکەیش دوای ئەوە لە فنلەندا بوو لەوێیش ١ لە ٣ی دانیشتووانی قڕ کرد. ئێستە لە ئەوروپا ئەوەی بە بیری کەسدا نایەت، برسییەتییە
لە زۆربەی وڵاتاندا، زۆرخۆریی جێی برسییەتیی گرتووەتەوە. لە سەدەی هەژدەمدا ماری ئەنتوانێت بە خەڵکی برسیی پاریسی گوت: ئەگەر نانتان نییە، کێک بخۆن! تا ئێستەیش ئامۆژگاریی ماری ئەنتوانێت لە گوێی هەژاراندا، دەزرینگێتەوە. هەژار پەتاتەی سوورکراوە، بێرگەر و پیتزا، دەخوا. لە ٢٠١٤ سەروو ٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن کەس قەڵەو بوون. بەڵام ٨٥٠ ملیۆن بەدخۆراکن. لە ساڵی ٢٠١٠ برسییەتیی و بەدخۆراکیی پێکەوە ١ ملیۆن کەسیان کوشتووە، کەچی قەڵەویی ٣ ملیۆن. تا ساڵی ٢٠٣٠ پێشبینی وایە نیوەی هەموو دانیشتووانی جیهان بە قەڵەوی و نەخۆشییاکانییەوە، بناڵێنن
ئەگەرچی کێشەکە تا ئێستەیش لە ڕیشەوە چارەسەر نەکراوە و لێرەولەوێ نشوستیی هەیە، بەڵام هەرنەبێ وەک جاران شان بەرزناکەینەوە بڵێین هیچمان لەدەست نییە. لەگەڵ دەرکەوتنی گرفتێک، هەر خێرا کۆمەڵێک کۆدەبنەوە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن
شۆڕشی تەکنۆلۆجی و گەیاندن هێندەیان کاروبار ئاسان کرد، لەهەر شوێنێکەوە خواردن بۆ هەر شوێنێکی دیکە دەڕوات. ئەگەر جاران کێشەی دووریی شوێنی بەرهەمهێنان و بەکاربردن هەبوو، ئێستە ئەوەش نەماوە. بنێکی تەماتە کە ساڵان لەوانەیە ١٠ کیلۆ تەماتەی دەگرت، ئێستە لە سایەی ئەندازەی بۆ ماوەییدا، دەکرێ ٢٥ کیلۆ بەرهەمی هەبێت. نەک هەر ئەوە، جاران هەتا بەرهەم دەگەیشتە شوێنی دوور، دەگەنی. ئێستە ئەندازای بۆ ماوەیی و خێرایی لە هاتووچوو کردندا، ئەوەی نەهێشتووە
ئەگەر بە ڕاستیی بەسەر برسییەتی، پەتا و جەنگدا سەرکەوتووین (لە بابەتی داهاتوودا پەتا و جەنگ باس دەکەین)، ئەدی چی دێتە سەرەوەی لیستی کاری مرۆڤ؟
بەشی دووەم: پەتا
دووەم دوژمنی سەرسەختی مرۆڤ دوای برسییەتیی، بڵاوبوونەوەی پەتا بووە. ئەو شارانەی بە تۆڕی بازرگانیی، حەج کەران و پیاوانی دەوڵەتەوە بەیەکەوە بەسترابوونەوە، هەڵتەکاند. سامناکترین پەتا، بڵاوبوونەوەی مردنی ڕەش (تاعوون) بوو. لە ساڵێ ١٣٣٠ لە کۆنجێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاسیادا بڵاوبووەوە. بەکتریای یارسینا لە مشک و جرجەوە، بە پێوەدانی مێشوولە گەیشتە مرۆڤ. لە ساڵی ١٣٤٧ دا ١٢ کەشتیی لە دەریای ڕەشەوە گەیشتنە دوورگەی سیسیلیا (صقلیە)، زۆربەی سەرنشینانی مردبوون، ئەوەی مابوویش، نەخۆش و ڕەش داگەڕاو بوو. مردنی ڕەش بە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەوە. دوای ئەوە لە ماوەی بیست ساڵدا گەیشتە کەنارەکانی زەریای هێمن
بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لە نێوان ٧٥ بۆ ٢٠٠ ملیۆن مرۆڤ، یان چارەگی دانیشتووانی ئاسیا و ئەوروپای، کوشت. لە ئینگلتەرا، یەک ملیۆن و نیوی کوشت. دەسەڵاتداران لە نوێژی بە کۆمەڵ و ڕێکخستنی مەراسیم زیاتر، هیچیان بۆ نەدەکرا. مرۆڤیش ئۆباڵی مردنی ڕەشی خستە ئەستۆی هەوای پیس، شەیتانی دەست ڕەش و خوای لە مرۆڤایەتیی تووڕە. مرۆڤ باوەڕی بە فریشتە و جندۆکە هەبوو، نەیاندەزانی دڵۆپە ئاوێک سوپایەکی کوشندەی تێدایە
مردنی ڕەش تاکە پەتا نەبوو و خراپترینیش نەبوو. بە گەیشتنی ئەوروپاییەکان بۆ ئەمەریکا، ئوسترالیا و دوورگەکانی زەریای هێمن، لەگەڵ خۆیاندا پەتای کوشندەیان بۆ بردن، خەڵکی ڕەسەنی ئەو شوێنانە بەرگرییان بۆیان نەبوو. لە ئەنجامدا ٩٠٪ی خەڵکی ئەو ناوچە تازە دۆزراوانەی کوشت
لە ئاداری ساڵی ١٥٢٠ چەند کەشتییەکی ئیسپانیا لە کوباوە بەرەو مەکسیکۆ بەڕێ کەوتن، ٩٠٠ سەرباز، ئەسپ، چەک و تەقەمەنی و کۆیلەی ئافریقایان پێ بوو. کۆیلەیەک بە ناوی فرانشیسکۆ دی ئیگویا بارێکی گەلێک کوشندەی هەڵگرتبوو. بە گەیشتنیان بۆ شاری سیمپۆلان، نیشانەکانی نەخۆشی ئاوڵە، لە فرانشیسکۆ دەرکەوت. بردیانە ماڵی پیاوێکی هیندی سوور. خیزانەکە هەموویان تووش بوون، ئینجا دراوسێکانی. تەنیا بە ١٠ رۆژ سیمپۆلان بووە گۆڕستان
خەڵک لە دەست ئەو نەخۆشییە تازەیە، هەڵدەهاتن. ئاوا بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەوە. مایاکان پێیان وابوو سێ خوا ( ئیکپێتز، ئوزانکاک و سۆژاکاک) شەوانە لە گوندێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەچن و نەخۆشییەکە بڵاو دەکەنەوە. هەرچی ئەزتیکەکانە خستیانە ئەستۆی هەردوو خوا (تیزکاتلیپۆکا و خیپە)، یانیش، دەیانگوت ئەوە سیحری سپی پێستەکانە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٥٢٠، لە دەرگای پایتەختی ئەزتیک (تێنۆچتیتلان) ی، دا. بە دوومانگ سێ یەکی (٢٥٠ هەزار کەسی) دانیشتووانی ئەوکاتەی پایتەختی کوشت، لە ناویاندا ئیمپراتۆر کویتلاهاوک. لە ٢٢ ملیۆن کەسی دانیشتوانی مەکسیکۆ، تا کۆتایی ساڵی ١٥٢٠، تەنیا ١٤ ملیۆن مانەوە
دوای ٢٠٠ ساڵ لە کانوونی دووەمی ١٧٧٨، جەیمس کووکی سوپای شاهانەی بەریتانیا گەیشتە هاوای، ئەو کاتە ٥٠٠ هەزار کەس لە هاوای دەژیان. بە تەواوی دوورەدەستی ئەوروپا و ئەمەریکا، بوو. کووک و پیاوانی، یەکەم جۆری هەڵامەت، سیل و سفلسیان گەیاندە هاوای. دواتریش ئەوروپاییەکان ئاوڵە و تایفۆئیدیان برد. لە ساڵی ١٨٥٣، تەنیا ٧٠ هەزار کەس لە هاوای مابوون. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨، ئەنفلەوەنزای ئیسپانی بڵاو بووەوە. لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵ ٥٠ تا ١٠٠ ملیۆنی کوشت. چوار ساڵی جەنگی جیهانی یەکەم ٤٠ ملیۆنی کوشت
لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی پەتا و کاریگەرییەکانی زۆر لە کورتیی داوە. دەستکەوتەکانی سەدەی بیستەم لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستیی، پێکوتەکان، دژە بەکتیریا و مەرجەکانی پاک و خاوێنیدا، چەندین ملیۆن کەسی ڕزگارکردووە. ئێستە کەمتر لە ٥٪ ی منداڵان دەمرن، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەو ڕێژەیە لە ١٪ کەمترە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ٣٠ ملیۆن کەس بە نەخۆشیی ئەیدز مردوون. کۆمەڵگەی زانستیی تەنیا دوو ساڵێ پێچوو تا توانی بزانێ ئەیدز چییە و چۆن بڵاو دەبێتەوە. لە نەخۆشییەکی کوشندە، بۆ نەخۆشییەکی کۆنترۆڵکراو، گۆڕا
دەبێ باوەڕی تەواومان بەوە هەبێ، لە کێبەرکێی دکتۆر و مایکرۆبەکاندا، هەردەم دکتۆرەکان خێراتر ڕادەکەن. ساڵانە زانیارییەکانی دکتۆرەکان و زانایان بەدەستی دێنن، بۆ باشترکردنی دەرمانەکان دەخرێنە کار. لە ساڵی ٢٠١٥، زانایان دۆزینەوەی، یان، دروست کردنی جۆرێکی نوێی دژە بەکتیریایان بەناوی تیکسۆباکتین، ڕاگەیاند. بەو دەرمانە، بۆ سەدەیەک ترسمان لە بەکتیریاکان نامێنێ. ئەوە جگە لە نانۆرۆبۆت، ئەوانە خۆیان دەچنە سەر خانە نەخۆشەکان. بێ ئەوەی زیان بە خانە ساغەکان بگەیەنن، هۆی نەخۆششیەکە لادەبەن. مایکرۆبەکان ٤ ملیار ساڵە بەسەر زیندەوەراندا زاڵن، بەڵام هیچ گومان لەوەدا نییە، هیچ شارەزاییان لە شەڕی دژی نانۆ رۆبۆتەکانمان نە هەیە و نە دەبێ
لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، بۆمان دەرکەوت چەند دەزگە و ناوەندە پزیشکیی و توێژینەوەکان هەماهەنگی یەک و لەگەڵ یەکدا، کار دەکەن. ئەگەرچی بە پرۆتۆکۆلی ئاسایی خۆیدا نەڕۆیشت و پەلە لە دروست کردنیدا کرا، بەڵام تەنیا بە ساڵێک پێکوتەی کۆرۆنا ئامادە کرا. هەتا مرۆڤایەتیی ئاوا دەست لە ناو دەستی یەک بێ، تازە مەحاڵە نەخۆشییەکان بتوانن مرۆڤ لە سەر ڕووی زەوی بسڕنەوە
بەشی سێیەم: شکاندنی یاساکانی جەنگەڵ
مێژوو نیشانمان دەدات، جەنگ بژاردەی لەپێشینەی خەڵک بووە. ئاشتییش، تەنیا واتای کاتیی نەبوونی شەڕی هەبووە. پێوەندییەکانی نێودەوڵەتیی بە یاسای جەنگەڵ بەڕێوە دەچوون. ئەگەرچی دوو لایەنیش ئاشتییان لە نێواندا هەبووە، بەڵام جەنگ هەمیشە هەر بژاردە بووە. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩١٣ ئاشتیی لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیادا هەبوو، کەچی هەموو کەس دەیزانیی لەوانەیە لە ١٩١٤ دەست لە بینە قاقای یەکتر نێن
کاتێک بازرگان، خاوەن بەرژەوەندی، خەڵکی ئاسایی جەنەڕاڵێ سەربازیی و سیاسەتوانەن پلانی ئاییندەیان دادەنا، بەشی جەنگیان تێدا دەهێشتەوە. لە چاخە بەردیینەکانەوە تا سەردەمی بزوێنەری هەڵم، لە جەمسەرەکانەوە تا دەگاتە بیابانەکانی باکووری ئافریقا، هەر کەسێک دەیزانی لەوانەیە لە هەر کاتێکدا دراوسێکەی هەڵمەتی بۆ بێنێ، زەویی داگیر بکا، سوپاکەی تێک بشکێنێ و خەڵکەکەی قەتڵ و عام بکا
لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە، ئەو یاسای جەنگەڵە ئیدی شکێندرا. جەنگ لە جیهاندا کەم بووەوە. لە کۆمەڵگەکانی کشتوكاڵدا ١٥٪ی مردنی خەڵک لە جەنگ و ناکۆکیدا بوو، کەچی لە سەدەی بیستەمدا ٥٪ بوو. ئێستەیش لە سەدەی ٢١ دا تەنیا ١٪ە. لە ساڵێ ٢٠١٢ دا ٥٦ ملیۆن کەس مردوون، ١٢٠ هەزاریان لە جەنگدا کوژراون. ٥٠٠ هەزاریش تاوانی کوشتنیان بەرانبەر کراوە. بەڵام ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان کوشتووە و ملیۆن و نیوێکیش بە شەکرە مردوون. دەرکەوت شەکر لە باروود مەترسیدارترە
لەوەش گرنگتر ئەوەیە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤدا، ئەوانەی باوەڕیان بە جەنگ نەماوە لە زۆربووندا بن. حکوومەتەکان، بازرگانان، خاوەن کارەکان .. هتد، لە پلانی ئاییندەیاندا جەنگ لەبەر چاوان ناگرن. چەکی ناووکیی (ئەتۆمیی)، جەنگی لە نێوان دوو زلهێزدا وەک خۆکوژیی، وێنا کرد. بۆیە ناچاربوون ڕێگای دیکە بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان بدۆزنەوە
هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەدا، ئابووریی جیهان لە ئابووریی موڵکایەتیی بۆ ئابووریی زانیاریی گۆڕا. پێشتر، سەرچاوەی سەرەکیی دەوڵەمەندیی موڵک و ماڵ بوو، وەک خاوەندارییەتیی کانی زێڕ، بیری نەوت و کێڵگەی دانەوێڵە. ئێستە، دەست گەیشتن بە زانیاریی، سەرچاوەی سەرەکیی دەوڵەمەندییە. دەتوانی بە هێز دەست بەسەر بیری نەوتدا بگری، بەڵام بە هێز زانیارییت دەست ناکەوێ. بۆیە زانیاریی بوو بە پڕ بایەخترین سەرچاوەی ئابووری. کەواتە، جەنگەکان قازانجیان نەما. ئەوە هۆی مانەوەی جەنگە لەو ناوچانەی هێشتا ئابووری موڵک و ماڵ باڵا دەستە، وەک ناوەڕاستی ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ساڵێ ١٩٩٨ بۆ ڕواندا گونجاو بوو دەست بەسەر کانەکانی ماددەی کۆڵتان ( ماددەیەکی سەرەکیی دروست کردنی مۆبایل و لاپتۆپە) لە ناو کۆنگۆدا بگرێ و بە تاڵان کۆڵتان ببات. کۆنگۆ ٨٥ی کۆڵتانی جیهانی لێیە. ڕواندا ساڵانە ٢٤٠ ملیۆن دۆلاری لەو بە تاڵان بردنە دەست دەکەوت. بەڵام چین بە گونجاوی نەزانی بچێتە کالیفۆرنیا و دەست بەسەر دۆڵی سیلیکۆندا بگرێ. لە بری ئەوە، چینییەکان چەند ملیار دۆلارێکیان لە بازرگانی کردن و هاوکاری کردنی ئەپڵ و مایکرۆسۆفتدا دەست کەوت. ئەوەی ڕواندا بە یەک ساڵ لە تاڵان دەستی دەکەوت، چین بە یەک ڕۆژ، پەیدای دەکرد
دەکرێ ئاشتیی نێوان وڵاتان لێرە و لەوێ لەنگ بێ، بەڵام مەترسیی جەنگ لەسەر مۆرڤایەتیی بەشێوەی جاران نەماوە. تەنانەت ئەگەر جەنگیش هەبێ، دیسانەوە وەک جەنگی جاران نەماوە. ئێستە کەوتووینەتە ناو چەرخێکی تازە و شێوازی جەنگ گۆڕاوە. دەکرێ وڵاتێکی بچووکی وەکو ئیرلەندا و کۆریای باکوور جەنگی سایبەر (جەنگ بە کۆمپیوتەر و ڤایرۆسەکان و هاوشێوەکانی) دژی بەهێزترین وڵاتانی جیهان بکەن. ئێران و کۆریا دەتوانن بە بۆمبی ژیربێژیی (لۆژیکیی) لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەردا، کارەبای کالیفۆرنیا بکوژێننەوە، پاڵاوتگەیەک لە تێکساس بتەقێننەوە، یان، دوو شەمەندەفەر لە میشیگان بەیەکدا بدەن. ئەوەندەی هەواڵ دەگاتە کۆشکی سپی و بەگوێی سەرۆکدا دەچرپێنرێ، هێرشەکە تەواو بووە و زەرەرەکانیش گەیشتوون
ئەدی تیرۆر چی لێبکەین؟ تا ئێستە لە توانای تیرۆردا نییە چەکی نوێ و وێرانکاری دەست کەوێ. تیرۆر ستراتیژی بێ هێزەکانە، کە دەستیان بە دەسەڵات نەگەیشتووە. تیرۆر پشتی بە بڵاوکردنەوەی ترس بەستووە. تا ئێستەیش قوربانیانی دەستی تیرۆر لە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ کەمترە. لە ٢٠١٠ دا، قەڵەویی و نەخۆشییە پێوەستەکانی ٣ ملیۆن کەسیان کوشتووە، بەڵام تیرۆر ٧٧٠٠ کەس. بۆ زۆربەی ئەمریکاییەکان و ئەوروپاییەکان، کۆکا کۆلا لە قاعیدە کوشندەترە
ئەگەر وایە ئەی بۆ سەردێڕی هەواڵەکانمان باسی تیرۆرە؟
تیرۆر نەقیزە لە وڵاتان دەوەژێنێ، وڵاتان ناچار دەکا وەڵامیان هەبێ. هەندێ جار وڵاتێک بە پاساوی شەڕی تیرۆر، داگیرکراوە. بەڵام ئێمە ئیدی لەوە دەرچووین تیرۆر بتوانێ بمانباتەوە سەردەمی یاسای جەنگەڵ. دەمانورووژێنن، بەڵام کاردانەوەی ئێمە قسەی کۆتاییە
دانپێدانان بەوەی لە سەدەی بیستەم لە بارەی برسییەتیی، پەتا و جەنگ بەدەستمان هێناوە و بەرەوپێشی بردووین، پەیامی هیوا و بەرپرسییەتیی، دەگەیەنێ. هانمان دەدات هەوڵی زۆرتر بۆ دابین کردنی ئاییندەمان بدەین. هیچی دیکە ناتوانین گرفتەکانمان بخەینە ملی یەزدان وبێ دەسەڵاتانە تاماشاکار بین. سەرکەوتنمان بەسەر ئەو سێ دوژمنە زیاتر بە هۆی گەشەی ئابوورییەوە بووە. گەشەی ئابووری خواردنی زۆری خستینە بەردەست، داوودەرمان، وزە و ماددەی خاوی بۆ دابین کردین. بەڵام هەمان گەشە، ژینگەی تێکداین، تەرازووەکانی لاسەنگ کردووە. مرۆڤ زۆر درەنگ لە خۆ تێگەیشت چی بەسەر ژینگەدا هێناوە
سروشتی مرۆڤ وایە کەم جار بەوەی هەیەتی ڕازییە. هەردەم داوای باشتر، گەورەتر و تام خۆشتر دەکات. دەبێ ئامانجی بوێرانەتر بخەینە لیستی کاری ئاییندەمان. پێم وایە ئامانجی مرۆڤ لە چەند سەدەی داهاتوو هەوڵی بۆ دەدات، نەمریی، کامەرانیی و خواوەندی لەسەر زەوی، بێت
مرۆڤ دەبێ بیر لەوە بکاتەوە چۆن خۆی لە خۆی دەپارێزێ. بەشێکی گرنگی گرفتەکانی سەدەی ٢١ ئەوانەن لە سەدەی پێشترەوە بێ چارە ماونەتەوە