گرێ کۆرتک  

KORTIK TEPE- GIRÊ KORTIK

لە شوێنی بەیەکگەیشتنی چۆمی باتمان لەگەڵ ڕوباری دیجلە، ٣٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری باتمان گردێکی ١٠٠ بە ١٥٠ مەتر بە بەرزایی ٥ مەتر و نیو هەیە. لە ڕووماڵی ساڵی ١٩٨٩ دەستنیشان کراوە و ساڵی ٢٠٠٠ هەڵکۆڵینی تێدا کراوە و تا ساڵی ٢٠٠٩ بەردەوام بووە. ڕووبەری ٢٦٠٠ مەتر دووجا بە ٨٩ چاڵی ٥ بە ٥ مەتر، تا قووڵایی ٥ مەتر و نیو، هەڵکەندراوە. وەکو هەللان چەمی، لە یەکەمین نیشتەجێیەکانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانە و ژیانی کۆچەریی/گەڕیدەییان بۆ ژیانی نیشتەجێی هەمیشەیی، گۆڕیوە. واتا ١١ هەزار ساڵ بەر لە زایین

 

گرێ کۆرتک ٧ چینی نیشتەجێێ هەمیشەیی تێدایە. لە کۆی ئەو ٧ چینەدا، ٧٧ پێکهاتەی بازنەیی تێدایە، زەوییەکانییان گڵ بوون و بە بەردی ورد داپۆشراون. دیوارەکانیان بە خانووەکانی چینەکانی دواتر زۆر تێکچوون. ئەو خانووە بازنانە شوێنی ژیانی یەک خێزان بووە. ٣٤یشیان خانووی بچووکن بۆ ژیانی خێزان ناشێن، تیرەیان نێوان ١ بۆ ٢ مەترە. زەویەکانیان بەردڕێژ کراوە. دیارە ئەوانە کۆگەی هەڵگرتنی خواردن بوون، پاشماوەی زۆری ڕووکییان تێدا دۆزراوەتەوە. بەشی سێیەم چوار پێکهاتەی دیکەن، لەبەر نەبوونی زانیاری ناتوانرێ باسیان بکرێ. لەوانەیە بۆ کاروباری هەموو کۆمەڵگەکە بەکارهاتبن

 

بەشی زۆری ئامرازە بەردەکان لە بەردە شووشە دروستکراون، کەمێکیشیان لە کوارتز بوون. بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەوارەکانی دیکەی لێڤانت  و زاگرۆس، سەرە تیری لە بەرد دروستکراو لە گرێ کۆرتک نەدۆزراوەتەوە. بەڵام بەردی لا تیژی کەوانە وەکو ئەوانەی هەللان چەمی هەبوون. دیارە هەندێک لەو بەردە لاتیژانە بۆ بڕینەوەی گژوگیا بەکارهاتوون و لەوانەی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ دەچن. بەردی سەوز لە ناو ئەو ئامرازە بەردانە بەکارهاتوون، گومان نییە ئەو جۆرە بەردە گڕکانە لە شوێنێکی دووری وەکو ڕۆژهەڵاتی تورکیای ئێستەوە، گەیشتووەتە گرێ کۆرتک

 

زۆربەی زۆری ئامرازە بەردەکان لەگەڵ گۆڕەکاندا نێژرابوون و هەموویان شکاو بوون. بەشێکی کەمیان لەناو خانووەکاندا دۆزراونەتەوە. دەفرە بەردەکان نەخشی ئاژەڵی وەکو مار، بزنی کێوی، دووپشک، باڵندە و تێکەڵەی ئاژەڵانیان لەسەر دروستکراوە. ڕەنگە ئەو جۆرەیان بەشێک بووبێ لە باوەڕی کۆمەڵگەکەیان. بەردە دەستەکان (دەسکاوەنەکان) وەکو سەری ئاژەڵ و باڵندەکان دروستکراون. دەتوانین بڵێێن تەواو وەکو ئەوانەن لە هەللان چەمی و شوێنەواری نەمریک ٩ لە نزیک موسڵ، دۆزراونەتەوە

 

بەشێکی دیکەی گرنگی دۆزراوەکانی گرێ کۆرتک بەردە تەورەکانە. هەڵبەت ئەو جۆرە داتاشینی بەردە بۆ ئەوەیە بابەتی وەکو دار و ئێسقان بشکێنێ یان داتاشێ و بەچەندین قەبارە دروست کراون. بەردی جۆراو جۆریش بۆ دروستکردنیان بەکارهاتوون. هەموویان کونێکییان لە شوێنێکی گونجاو بۆ دروستکراوە، تا پارچە داری تێبخزێنرێ و وەکو دەسکی تەوری لێبێ. زۆر لەو تەورانە لەگەڵ مردووەکان نێژرابوون، ئەوانەی لەگەڵ مردوو نەبوون و دۆزرانەوە داخورانی زۆریان پێوە دیارە، وا دیارە زۆر بەکارهاتوون. جگە لە تەور، هەندێکی دیکە هەبوون وەکو تێلا و دەسکەدار سەرێکی زبر و گنجڕی بۆ دروستکراوە، زیاتر لە ئامرازی جەنگ و ململانێ دەچێ

 

هەندێ پەیکەری لەبەرد دروستکراو لەگەڵ گۆڕەکاندا هەبوون. هەر نەبێ یەکێکیان دیارە وەکو بزن دروستکراوە، بەڵام ئەوانی دیکە هیچیان نەتوانرا بناسرێنەوە. ئەو جۆرە پەیکەرانە لە شوێنەوارەکانی دیکە نەدۆزراونەتەوە، بۆیە باوەڕ وایە ئەو پەیکەرانە بەشێک بووبن لە سیستەمی پەرستن و پەیڕەوکردنی جۆرە مەراسیمێکی ئایینی خۆیان. لەسەر شانەکانی چەند بازنەیەکی هاوچەق هەن، ئەو شێوە بازنەیە لەسەر دەفرە بەردەکانی ناو گۆڕەکانیش نەخشێنراون. ئەوەی لە ناو ئەو دۆزراوانەدا هیچ لێکدانەوەی بۆ نەکرا بەردێکی دیکەیە هێڵی چاڵ چاڵی لەسەر ڕاکێشراوە، دیار نییە بە کام مەبەست ئەو نەخشە دروستکراوە و چۆن بەکارهاتووە

 

وەکو زۆر شوێنەواری دیکەی ئەنادۆڵ، چەند بەردە لوولەیەک دۆزرانەوە سەرەکەیان تیژ کراون. ئەو جۆرە شێوانە لە کەلتوورەکانی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی هەبوون. هێڵی باریکی کەمێک قووڵیان لەسەر هەڵکۆڵدراوە. یەکێک لەو بەردە لوولانە لە ڕووی نەخش و کاری دەست، هاوشێوەی بەردێکە لە هەللان چەمی دۆزراوەتەوە. ئەگەرچی خەسڵەتی خۆی هەیە، بەڵام زۆر لە نیشتەجێیەکەی هەللان چەمی دەچێت

 

هەرچی ئێسقانەکانە دوو بەشن. هەیانە شێوە و نەخشی لەسەر دروستکراوە یان دەرهێندراوە، هەیانە وەک ئامرازی کاری ڕۆژانە ئامادەکراوە. زۆربەی هەرە زۆریان لەگەڵ تەرمەکانیان ناشتوویانن. لە شوێنەواری کۆتێ بەرچەم هەبوون باریک و درێژکۆلە و کونداربوون، وەکو دەرزی بەکارهاتوون. لە گرێ کۆرتک سەرێکیان تیژە بەڵام هەموویان کوندار نین. بابەتەکانی ئێسقان هاوشێوەی ئەوانەی شوێنەوارەکانی هەللان چەمین و تا ڕاددەیەکی زۆر لە کەلتووری زارزیانی دۆڵی بازیانی چەمچەماڵ، نزیکن

 

خشڵەکان دەوڵەمەندیی ژیانی کۆمەڵایەتیی گرێ کۆرتک نیشان دەدەن. مورووەکان بەشێکن لەو بابەتانەی لەگەڵ مردووەکان نێژراون یان لەناو گۆزەی بچووک بۆیان داندراون. زۆربەیان سوورێکی گەشی جوانن و بەشی هەرە زۆری خشڵەکانیان لە گەڵ مردوو داندراون. بڕبڕەی پشتی باڵندە، ماسی و قاوغی گیاندارە قاوغدارەکانیش لەگەڵ مردوو هەر داندراون. بەڵام هەموو مردووەکانیش هەمان جۆر و بڕی لەو خشڵانەی بۆ دانەندراوە. دەکرێ بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی مردووەکە زۆر و کەم بووبێ. ئەوە خۆی بەڵگەیە، نیشانی دەدات پلەبەندیی کۆمەڵگەکان لە کۆتایی چاخی بەردیینەوە هەبووە

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/297484171

 

مردووەکانی گرێ کۆرتک

کەلتووری مرددوەکان و ناشتنیان لە ناو چوارچێوەیەکی دیاریکراوی کاتدا، پێکهاتەی وردی کۆمەڵگەکان دەردەخەن. باش مانەوەی ئێسکە پەیکەرەکان و جۆری ناشتنەکانی گرێ کۆرتک زۆر نیشانەی تێدایە، بۆ شوێنەوارناسان و زانایانی ئەو بوارە زۆر پڕ بایەخن. چونکە زانیاری زۆر ورد سەبارەت بە بیر و باوەڕی نیشتەجێیەکەی گرێ کۆرتک دەخەنە بەردەست. داپۆشینی تەرمەکان بە گەچ، واتای ئەوەیە بیریان لە ژیانی دوای مردن کردووەتەوە. ئەو جۆرە بیرانە تەنیا لە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکاندا هەبووە. بەهەمان شێوە داتاشینی پەیکەر و شێوەی جیاجیا لە بەرد و ئێسقان ئاستی ژیریی ئەو کۆمەڵگەیە دەردەخات. جاران پێمان وابوو ئاستی ژیریی زۆر نزم بووە

 

بەشێکی زۆری خانووەکان گۆڕی مردووەکانیان لە بن بووە. زۆربەی گۆڕەکان بابەتی دیکەیان لەگەڵ داندراوە. بەر لە ناشتن، یان دوای شیی بوونەوەی گۆشتی تەرمەکان، ئینجا بە گەچ هەندێ بەشی سەرەوەی پەیکەری ئێسقانەکانیان سواغ داوە. ئەگەرچی ئەو جۆرە ناشتنە لە چەند شوێنەوارێکی دیکەی چاخی بەردین پەیڕەو کراوە، بەڵام سواغدان بە گەچ تەنیا لە گرێ کۆرتک تێبینی کراوە. ئەو بابەتانەی لەگەڵ مردووەکاندا نێژراون، پێگەی کۆمەڵایەتیی و سیستەمی کۆمەڵایەتیمان نیشان دەدەن. زۆربەیان لە بەرد دروستکرابوون، هەیانبوو لە ئێسقانی ڕازێندراو یان سادە دروستکراوە، هەبوو پەیکەری بەرد بوون

 

لە نێوان ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٢، دواییش لە نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ کۆی ٤٣٣ پەیکەری مردوو لە نیشتەجێی گرێ کۆرتک دەرهێندراون. زۆربەیان لە ژێر زەوی خانووەکان نێژرابوون. ١٨٨ لەو پەیکەرانە لە کاتی مردنیاندا، تەمەنیان مام ناوەند بووە.  ٢٨٨ تەرمیان بەر لە ناشتنیان کورش کراونەتەوە. ٥٢ تەرمیش کەمێک کورش کراونەتەوە. ٩٧ی دیکەیان لەبەر تێکچوونیان نەتوانرا بزانرێ چۆن نێژراون. ٢ کەللە سەری مردووەکان دیار نین، نەدۆزرانەوە. پێدەچی لە کاتی ناشتنیان بێ سەر بووبن. دەشکرێ شیی بووبنەوە

 

٢٨١ مردوو خشڵ و کەلوپەلی لەگەڵ نێژراوە. بەڵام ١٥٢ی دیکە هەبوو هیچیان لەگەڵ دانەندرابوو. وەک پێشتر باسکرابوو دیارە هەندێ ڕێوڕەسم بەر لە ناشتن و دوای ناشتنی مردووەکان هەبووە. لە هەموویان دیارتر و گرنگتر ئەوەیە پەیکەرەکانی دۆزراونەتەوە چینێکیان گەچ تێهەڵسووە، ئینجا ناشتوویانن. شییکاری گەچەکان دوو شێوازی تێهەڵسوونیان دەستنیشان کردووە. یەکەم لەشی مردووەکان بەو گەچە داپۆشراون و لەگەڵ هەندێ پەیکەری بەرد و ئێسقانی شکاو، نێژراون. دووەم، دوای شییبوونەوەی گۆشتی لەش، یان گۆشتەکانیان داماڵیوە، ئینجا ئێسقانەکان بە گەچ داپۆشراون و نێژراون

 

پاشماوەی بەکارهێنانی جۆرە قوڕێکی ڕەنگ زەرد (ئۆکسیدی قورقوشمی تێدایە) بۆ داپۆشینی ئێسقانەکان و هەندێ جار نەخش کردن لەسەر لاشەی مردووەکان بەر لە داپۆشینیان بە گەچ، دۆزراوەتەوە. ئەو پەیکەر و بابەتانی لەگەڵ مردووەکانیش داندراون هەمان پاشماوەیان لەسەر هەبووە. ئەو جۆرە کەلتوورەی داپۆشینی تەرمەکان بەو جۆرە قوڕە زەردە لە شوێنی دیکە هەبووە، بەڵام گرێ کۆرتک یەکەم نیشتەجێی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نزیکە بەو شێوەیە مردووەکانیان ناشتبێ

 

لەگەڵ مردووەکاندا ئامرازی بەردی زۆر وەکو دەفری بەرد، بەردە تەور، بەردە کوتە، مت و مورووی بەرد، ئامرازی لە ئێسقان دروستکراو، بەردی هاڕین، بەردی تیژی بڕین و کونکردن، داندراون. ئەو بابەتانە هەموویان وەکو ئەوانەی ژیانی ڕۆژانەیان وان. کەواتە سیستەمێکی باوڕداری تەواو لە ناویاندا بڵاو بووە. بێگومان هەرگیز ناتوانین بزانین وردەکاری ژیانی ڕۆژانەی ئەو باوڕدارییە چۆن بووە، بەڵام باوەڕیان بە ژیانی دوای مردن بەڵگەدارە. لەگەڵ کات، بابەتەکانی ناو گۆڕەکان و ژمارەیان زۆرتر دەبن و کاتی زۆرتریان بۆ دروستکردن و جوانکارییان ویستووە. ئەو گۆڕانە سادانە لە چینەکاندا دیارە و لە گۆڕی مردووەکاندا، بە ئاسانی دەناسرێتەوە

 

ئەوەی سەبارەت بە بەردە کوتەکان (دەسکە بەردەکان) تێبینی کراوە ئەوەیە هەیانە لەگەڵ بەکارهێاننی ژیانی ڕۆژانەیان داخوورانیان پێوە دیارە. ئەو کۆمەڵە دەسکە بەردە زۆربەیان سادەن. بەڵام هەیانە بە تەواوی لووس کراوە، لەسەرەوەی جێگەی دەستگرتندا شێوەی سەری باڵندە و ئاژەڵی لێ داتاشراوە. ئەو جۆرەیان لەگەڵ مردووەکان نێژراون. هەرچەندە جۆری بەردەکەیان لەوانەی ژیانی ڕۆژانە جیایە بەڵام لە شێوەدا وەکو یەک دیارن، کەچی لە مەبەستی دروستکردندا لەیەک جیاوازن. هەمان ئەو شێوازەی دروستکردن لە شوێنەواری چەمی هەللان و کۆتێ بەرچەم لە ئەناتۆلیا و نەمریک ٩ لە میزۆپۆتامیا هەبووە و دۆزراونەتەوە

 

پشکنینەکانی کاربۆن ١٤ بۆ بابەتە دۆزراوەکان و پێکهاتەکانی دیکەی گرێ کۆرتک بێ هیچ گومانێک نیوەی دووەمی هەزارەی ١١ی بەر لە زایین دەستنیشان دەکەن. ئەگەر بەراورد لە نێوان ئامرازە بەردەکانی یەک لا تیژ و ئەوانەی لایەکیان تیژ کراوەتەوە، لە نێوان گرێ کۆرتک و چەمی هەللان بکرێ، دەبینین ئەگەر زۆرە نیشتەجێی گرێ کۆرتک لە نیشتەجێی چەمی هەللان کۆنتر بێ. کەواتە دەکرێ کۆنترین نیشتەجێی ئەناتۆلیا بێ

 

بە وردبوونەوە لە ئامرازەکانی بەرد، پەیکەرەکانی لە گرێ کۆرتک بەجێماون، بەڵگەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر لەوەی چەمی هەللان نیشان دەدەن. کەلتووریان پێشکەوتووتر بووە و پلەبەندیی لە کۆمەڵگەکەیاندا هەبووە. گرفتی شوێنی ژیانیان بە دروستکردنی خانوو، چارەسەرکردووە

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/267411578_Kortik_Tepe_a_new_Pre-Pottery_Neolithic_A_site_in_south-eastern_Anatolia