مردن

گەلان بە شێوازی جۆراوجۆر گوزارشت و لێکدانەوەیان بۆ مردن کردووە. بەڵام زانستی نوێ شێواز و ڕێکاری زۆر ئاڵۆزی هەندێ کرداری زیندەیی و فیزیکی دۆزیوەتەوە، بەوانە مردوو لە زیندوو جیادەکرێتەوە. بەڵام خۆ دوای زانینی ئەو هۆکار و شیکارییانەی زانستیش، مردن بۆ مرۆڤ هەر شتێکی سەیرە. دەتوانین لێرەدا باسی ١٠ خاڵی پێوەست بە مردن، بکەین


یەکەم: زۆربەمان مردنمان وەکو فیلمەکانی هۆڵیوود نیشانی دەدەن ، دێتە بەرچاو. چاو داخستن و دوا هەناسە و ئیدی حەسانەوەی ڕەها. بەڵام ڕاستیی زانستیی واناڵێ. هەستکردنمان بە دەورووبەر و توانای درککردن تا ٢٠ چرکە وای مردنی جەستە دەمێنێ. چونکە شەپۆل و پێوەندییەکانی مێشک لە توێکڵی مێشک لە هاتووچووندا دەبن، توێکڵێش بەرپرسی هەستی هەبوون و درککردنە. تاقیکردنەوەکانی لەسەر میشکی مشک کراون ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. ئەگەر هەمان دیاردە لە مێشکی مرۆڤیشدا هەبێ، کەواتە مردنی مێشک وەکو جەستە کت و پڕ نییە


دووەم: ئەگەر کەس لەمردن ناگەڕێتەوە، بۆچی خۆمانی پێوە خەریک دەکەین؟ هەروەک چۆن توێژینەوە دەکەین تا لە هەستی خۆشەویستیی لە مرۆڤدا، بگەین. بە هەمان شێوە و لەبەر هەمان هۆیەکان، دەمانەوێ لە ئەزموونی ڕێڕەوی مرۆڤ بەرەو مردن تێبگەین. چونکە ئەوە بەسەر هەموومان دێت. ١٠مێشکی بەرازی تازە مردووی سەربڕخانەیەکی نزیک لە زانکۆی یەیڵ گەیەندرانە تاقیگەکانی ئەو زانکۆیە. زانا و توێژەرانی زانکۆ، توانییان میشکەکان بژیەننەوە. هەندێ ئەرک و چالاکیشییان بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر، بگەڕێننەوە. تەنانەت سیستەمی بەرگری و ژیانی خانەکان کاریان کردەوە


سێیەم: زانست بەڵگەی هەبوونی ژیانی دوای مردن نەدۆزیوەتەوە. کەچی توێژینەوەیەک لە بڵاوکراوەی ڕۆیال سۆسایەتی هاتووە دەڵێ تەنانەت دوای ٢٤ کاتژمێر لە مردن هەندێ جینی مشک و ماسی زێبرا هەبوون چالاکییان زۆرتر بووبوو. بێگومان کەس پێشبینی ئەوەی نەکردبوو.هیچ توێژینەوەیەکی پێشووتر نەگەیشتبوونە ئەو ئەنجامە. ناشزانین بۆچی چالاکیی هەندێ جین دوای مردن زۆر دەبن. ئەو جینانە لە کاتی بەرگری جەستە بۆ نەخۆشیی و خۆگۆڕینی جینەکان کاردەکەن. تاکە لێکدانەوە ئەوەیە جەستە خۆی بۆ مردن ئامادە دەکات و دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی بڵێین بڕبڕەدارەکان لە ناکاو نامرن


چوارەم: یاسایەکی هەرە بنچینەیی گەردوون ئەوەیە وزە نە لە هیچەوە دروست دەبێ و نە لەناودەچێ. کەواتە ئەو وزەیەی لە کەسی مردوودا هەبووە دەبێ لە گەردووندا بمێنێتەوە. تەنیا بەو شێوەیە یاسای پاراستنی وزە ڕاست دەبێ


پێنجەم: هەر کەسەو بەجۆرێک ئەزموونی نزیکە مردن دەگێڕێتەوە. هەیە هەستی کردووە لە لەشی جیا بووەتەوە و دەفڕێ. هەیە لەگەڵ خۆشەویستانی یەکدەگرێتەوە، یان بە تونێلێکی ڕەشدا دەڕوات. توێژینەوەی دیکە سەرنجی داوە ئەوانەی لە مردن نزیک دەبنەوە چاویان جووڵەی بەپەلە و زۆری تێدا دەبێ. هەموو ئەوانەی بەو ئەزموونەدا دەڕۆن وەکو چێرۆک شتەکان دەگێڕنەوە و نابنە ڕاستی زانستیی


شەشەم: ئاژەڵناسان فیلیان دیوە لەگەڵ مردوو دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر مردووەکە لە خێزانی خۆشیان نەبێت. دۆلفینیش هەمان هەڵسوکەوتی بۆ مردوو هەیە، بۆ ماوەیەک لەگەڵ دۆلفینی مردوو دەمێننەوە. مەیموونی چامپانزی ڕێوڕەسمی نزیک لەوەی مرۆڤیان بۆ مردوو هەیە. تەنیا ئەو جۆرە ئاژەڵانە هەڵسوکەوتی هاوشێوەی مرۆڤیان لێ تۆمار کراوە. دیارە لای ئاژەڵانیش هەست و هەڵسوکەوتی گشتگیر بۆ مردن هەیە. بەشیوەیەکی گشتیی بۆ هەر جۆرە ڕوویەکی جیاوازی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵان، سەدانی دیکە هەیە هاوشێوەیە


حەوتەم: نەخۆشییەک هەیە پێی دەگوترێ (کۆتارد). ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن وادەزانن مردوون، یان بەشیکی جەستەیان نەماوە. ئەگەرچی ئەوە نەخۆشییە بەڵام کەسەکە لە هەستی مردن و بەرە مردن، نزیک دەبێتەوە. ئەو نەخۆشییە بۆ یەکەمجار دکتۆر جولز کۆتارد لە ساڵی ١٨٨٢ باسی کردووە. نەخۆشێکی کۆتارد لە فلپین تەمەنی ٥٣ ساڵ بوو هەستی دەکرد بۆنی ماسی بۆگەنی لێدێ. بۆیە هەردەم داوای دەکرد ببرێتە شوێنی هەڵگرتنی مردووەکان تا لەگەڵ ئەوان بێ. تەنیا بە چارەسەری دەرمانی دژە وڕێنە و دژە ڕەشبینیی کەمێک باشتر بوو


هەشتەم: درێژبوونی نینۆک و قژ دوای مردن، هەڵەیە. لێکدانەوەی ئەو هەڵەیە زۆر ئاسانە، بۆ ئەوەی قژ یان نینۆک درێژ ببێ دەبێ خانە دابەش ببێ و زۆر ببن. بەڵام دوای مردن سووڕی خوێن نامێنێ و ئۆکسجین و شەکر بە خانەکان ناگەن. بۆیە خواردن ناگاتە خانەکان تا دابەش ببن. نەک هەر ئەوە، خانەکان خۆیان دەمرن و ئاویان تێدا نامێنێ، وشک دەبن، بۆیە پێستی سەر نینۆک دەکشێتەوە و وا دەردەکەوێ نینۆک درێژ بووە. هەمان شت بۆ قژ ڕاستە. چەند سەد ساڵێک لەمەوبەر ئەگەر جار جارە سەری گۆڕێکیان هەڵدابێتەوە دیتوویانە نینۆک و قژ درێژبوون و خوێن لە دەوری دەم تزاوە، بە نیشانەی نەمردنیان لێکداوەتەوە. ئەوە سەرچاوەی ئەفسانەی مرۆڤی خوێنمژ و مرۆڤخۆرە (ڤامپایەر)


نۆیەم: جارێ کاتی ئەوەمان نەهاتووە بیر لە نەمردن بکەینەوە. ئەوانەی ١١٠ ساڵ دەژین پێیان دەڵێن سوپەر تەمەن درێژ، بێگومان ئەوانە کەمن. کەسێک ١٢٠ بژی هەر زۆر دەگمەنە. درێژترین تەمەن تۆمارکرابێ ژنێکی فەرەنساییە بە ناوی جین کالمێنت، ١٢٢ ساڵ ژیاوە


دەیەم: بۆچی دەمرین؟ ئەگەر لێرەدا لێکدانەوەکانی ئایین و بیروباوەڕ وەلانێین، سروشت دەیەوێ نەمێنین، ئەوەندەی لە ژیان و سروشت تێدەگەین، تەنیا بەو شێوەیە دەتوانێ لە کرداری گۆڕان و خۆگونجاندن (التطور) بەردەوام بێ. دەبێ بمرین تا نەوەکانی داهاتوو باشتر لەگەڵ سروشتدا خۆیان بگونجێنن. تاکە سەرکەوتن لە ژیاندا گواستنەوەی جینەکانی بوونەوەرێکە بۆ نەوەی دوای خۆی. نموونە زۆرە تێیدا بوونەوەرەکان دوای نەمانی توانای وەچە نانەوە دەمرن. ماسی سەلمون دوای گەشتێکی سەختی دژی تەزووی ئاو، گەرا دادەنێ و دەمرێ


مرۆڤ کەمێک جیاوازن، وەبەرهێنان لە کاتی خۆماندا دەکەین تا ئاگامان لە نەوەکانمان بێ چونکە جینی ئێمە هەڵدەگرن. ئەو دیاردەیە لە مرۆڤدا بە چەند ساڵێک لە هەموو بوونەوەرانی دیکە درێژترە. بەڵام سروشت ئەوەندەمان قازانج لێ دەکات بۆیە تا نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەمانهێڵێتەوە. لەو کاتەدا ئەگەر زۆرە منداڵەکانمان بووبنە داپیرە و باپیرە و ئیدی ئەوان ئاگایان لە هەڵگرانی جینەکانمان دەبێ و ئێمە پێویست نامێنین


سەرچاوە:

https://www.freethink.com/science/life-death?utm_source=facebook&utm_medium=source&utm_campaign=BigThinkdotcom&fbclid=IwAR0l00iwIWMDpoV7WEPuWnYw_Z4_ju_bogAIu1OE2VnMgrLgnK0wS60oj_0