کورد و پاکتاوکردنەکان لە سۆڤیەت

ئیستیعمار زۆری خەڵک کوشت و بڕ کرد. لە تەمەنی ئێمەیشدا، فێریان کردین بڵێین ئیمپریالییەت و ئیستیعمار وای کرد و وای کرد. چەندی ئیمپریالیەت و ئیستیعمار ناشیرین دەکرا بە قازانجی سۆشیالیست و حزبی شیوعی وەردەگەڕا، واماندەزانی خۆشبەختیی لە سۆشیالیزمی سۆڤیەتدا لە ترۆپکە

 

لە ناو یەکێتی سۆڤیەتدا، وڵاتی کرێکاران و ماف پەروەریدا،  بە تۆمەتی دوژمنکاریی کرێکاران، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٢ و بە فەرمانی ستالین چەند ملیۆن کەسێک ڕاگوێزران. هەموو دوژمنانی کرێکاران (‌هەرچی بەدڵیان نەبوو، وایان ناو دەنا) لە شوێنی خۆیان هەڵکەندران و گوازرانەوە. ئەوەندەی ئەرشیفی سۆڤیەت دوای ١٩٩١ دەرکەوتن، تەنیا لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا ٤٠٠ هەزار کەس لەو ڕاگواستنانەدا، مردوون. کۆی هەموویان لەوانەیە بگاتە ١ ملیۆن و نیو مرۆڤ

 

دوو لەوانە گەورەترین و بەدناوترینیانن. یەکەمیان: ڕاگواستنی ١٩١ هەزار کەس لە تەتەرەکانی هەرێمی کریمیا بە شەمەندەفەری گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ ئۆزبەگستان. وەک ئەوەی لە ئەنفال لە کوردستان ڕوویدا، جیاوازی لە نێوان منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە نەبووە. پیاویان لە ئۆزبەگستان ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر و هەر ٧ ڕۆژی هەفتە کاریان پێ دەکرا، تەنیا ٣٠٠ گرام نانیان دەدرایە. لە ٥ ساڵدا سەروو ٤٥ هەزاریان بە نەخۆشی و بەدخۆراکی، لێ مرد. ئەوان لە ناوچەیەکەوە هاتبوون نەخۆشییەکانی ئۆزباگستانی لێ نەبوو، بۆیە لەشیان بەرگری بۆ ئەو نەخۆشییانە نەبوو. ئەوەش بەلای سۆڤیەتەوە دڵخۆشکەر بوو

 

https://www.bbc.com/news/magazine-19815852

 https://www.reuters.com/article/us-ukraine-crisis-tatars-idUSBREA3L0E820140422

 

دووەمیشیان: ڕاگواستنی نیو ملیۆن چیچان و ئینگوشەکان بوو لە باکووری ناوچەی قەوقازەوە بۆ ناوەڕاستی ئاسیا. زیاتر لە چارەگێکیان مردن. چیچانەکان هەرگیز لەگەڵ ڕووسەکان دانوویان نەکوڵاوە. لەو ڕاگواستنانەدا، بەرهەڵستییان هەبووە، بۆیە لە ٢٧ ی شوباتی ١٩٤٤  لە ناوچەی شاخاوی خەیباخ کاتێک خەڵکی چەند گوندێکی ڕاگوێزراوی ئەو ناوچەیە نەدەگەیشتنە شەمەندەفەرەکەی چاوەڕوانیان بوو. ٧٠٠ کەس لە ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتە و تەنانەت ئافرەتی دووگیان لە خانێکی وڵاخی پڕ لە کای وشک، بە زیندوویی ئاگریان تێبەردرا. هەرچی توانیشی لەو خانە بێتە دەر، تەقەی لێکرا. ئەوەش دوو سەرچاوە

 

https://books.google.iq/books?id=L0jDCAAAQBAJ&pg=PA135&redir_esc=y&hl=en#v=onepage&q&f=false

 http://www.afp.com/en/news/russia-bans-historically-false-film-stalin-deportations-chechens


بەپێی ڕاپۆرتێکی  نهێنی وەزارەتی ناوخۆی سۆڤیەت لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٦٥ نووسراوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٥٣ لە مۆڵدۆڤا ٤٦ هەزار کەس، لە بیلاڕووس ٦١ هەزار کەس، لە ئۆکراینا ٥٧١ هەزار کەس، لە لیتوانیا ١١٩ هەزار کەس، لە لاتڤیا ٥٣ هەزار و لە ئیستۆنیایش ٣٣ هەزار کەس، ڕاگوێزراون. تا ئەو زانیارییانە نەزانی و نەخوێنییەوە تێناگەی بۆچی دوای ڕووخانی سۆڤیەت ئەو وڵاتە بچووکانە خێرا چونە باوەشی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆرەکانی ڕووسەوە لە ساڵی ١٧٢١ تا ساڵی ١٩٩١ ئاوایان پێکراوە. لە کۆتادا هەناسەی ساردیان بەو باوەشە گەرم بووەوە

 

لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت، کورد هەناسەیەکی دەدا، قوتابخانە، رادیۆی ڕۆژنامەی کوردی، دەرکەوتن. لەگەڵ هاتنی ستالین هەمووی بە بادا چوو. وشەی (کورد) قەدەغە کرا، کوردەکان ڕاگوێزران. لە ١٩٣٧ لە ئازەربایجانەوە بۆ ئەرمینیا، لە ١٩٤٤ لە گورجستان (جۆرجیا) بۆ ئاسیای ناوەڕاست و کازاخستان. کوردیان بەسەر ٩ کۆماری ناو سۆڤیەتدا، پەرت و بڵاو کرد. شەوانە بەسەریاندا دەدان، هەموو پیاوان کۆدەکرانەوە و سواری شەمەندەفەر دەکران، تا ئێستایش کەسیان نەگەڕانەوە. لە ٦٠ هەزارەوە، لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٩ تەنیا ١٥٠٠ کەس مابوون. کورد هاونیشتمانیی پلەی دووەم بوون، ئەگەر کەمتریش نەبووبن. ڕێ نەدەدرا کەسی کورد لە شاری خۆی بچێتە دەر، دەنا ٢٥ ساڵ زیندان دەکران

 

لە ساڵانی حەفتاکان نیو ملیۆن کورد لە سۆڤیەت هەبوو، لە سەرژمێری ١٩٨٩ تەنیا ١٥٣ هەزار نووسرابوون. کولتوور و مێژووی کورد لە سۆڤیەت بۆ هەتا هەتایە، لە ناو چوو. ڕۆشنبیر و مێژوونووس نەمان. کەلەپووری هەزاران ساڵەی کورد لە ناوچەکەدا، بە بڕیاری ستالین بە بادا چوو. ڕاپۆرتەکان و توێژینەوەکانی ئێستە دەڵێن ستالین لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە ١٩٢٨-١٩٥٣، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەسی کوشتووە، چی وەک کوشتنی دەم و دەست، زیندانیی کردن و ئەشکەنجەدان و هەڵواسین، یان ئەوانەی وەک قوربانی کار و بڕیارەکانی ستالین مردوون

 

چەندین جار بیستوومە بە شان و باڵی ستالیندا هەڵگوتراوە، وەک سەرۆکی کەم وێنە و ئازا و چاو نەترس، داکۆکیکار لە مافەکانی چەوساوان و ڕکابەری توندی سەرمایەداری و دەرەبەگایەتیی و زوڵم و ستەم، نیشانمان دەدرا. ڕاستییەکەی، ستالین لە دڕندەترین سەرکردەکانی مێژووی هاوچەرخە، خوێنمژترین سەرکردەی دژە گەلان و بێ باکترین کەسایەتیی دەسەڵاتداری زوڵم بەخش بووە. ئەوەی لای گرنگ نەبووبێ ژیانی مرۆڤ بووە. بە لای منەوە لە دڕندەیی و نا مرۆڤ بوونیدا، زۆر جیاوازی لەگەڵ هیتلەردا نییە. سەددام بە قوتابی ئەویش مەژمێرە

 

https://www.chinafile.com/library/nyrb-china-archive/who-killed-more-hitler-stalin-or-mao

https://www.levandehistoria.se/sites/default/files/material_file/research-review-crimes-against-humanity.pdf

 

هەتا ڕۆژی پێرسترۆیکا لە سۆڤیەت هەڵنەهات، کورد هەناسەی نەهاتەوە بەر. ئەوەی لە چەند ساڵی پێرسترۆیکادا بۆ کورد بەرهەم هات، بە ٦٠ ساڵی ڕابردوو نەکرا. لە ساڵی ١٩٨٩ دادگەی باڵای سۆڤیەت دانی بە ڕاگواستنەکانی سەردەمی ستالینی گۆڕبەگۆڕ نا. مافی خەڵکەکانی گەڕاندەوە، بەڵام کورد نەبوو داخ نەبووبێ. لە مۆسکۆ سەنتەری ڕۆشنبیری کورد کرایەوە. لە گورجستان جگە لە رادیۆ و شانۆ، سەنتەری کولتووری کوردی کرایەوە. لە باکۆی ئازەربایجان ناوەندی کولتووری کوردی، ڕۆژنامەی کوردی (دەنگی کوردان) بڵاو دەکاتەوە. ئەرمینیا زۆرترین کورد و زۆرترین چالاکی تێدایە. ڕۆژنامەی ڕێیا نوێ بە کوردی چاپ دەکرێ، تەلەفزیۆنی ئەرمینیا بەرنامەی کوردی هەیە، نووسەرانی کورد لە سەندیکای نووسەراندا ئەندامن. کۆمەڵە زانایەکی کورد لە گەڵ ئەکادیمیای زانستی ئەرمینیا، کار دەکەن

 

ئەگەرچی سەنتەری کوردی ڕۆشنبیری و کولتووری زۆر لە ئەوروپادا هەن، بەڵام کوردانی سۆڤیەت و ئێستایش روسیا ناتوانن کەڵکیان لێ وەربگرن، هەموو ئەوانە یان بە ئەلف و بێی عەرەبی دەنووسن، یانیش بە لاتینی. کوردانی سۆڤیەت دوای ڕاگواستنەکان تەنیا ئەلف و بێی سیریلی (ئەوەی روس پێی دەنووسن) فێردەکران، بۆیە لەو زیاتر ناتوانن بخوێننەوە

 

تا ئێستاش کورد لە ئەرمینیا و ئازەربایجان لە هەڕەشە ڕزگاریان نەبووە، دوایین جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کوردەکانی ئاوارە کردەوە. هەزاران کورد لەو ناوچانە دەژیان جەنگی تێدابوو، هەر هەموویان ئاوارە بوونەوە، لە جێگایان ئازەری و ئەڵقە لە گوێی تورک چوونە سار ماڵ و حاڵیان