کۆچبەرانی ئوروک بۆ قەوقاز

بۆ ماوەیەکی درێژ مشتومڕی زۆر بۆ لێکدانەوەی هەندێ لایەنی کەلتوری کور-ئاراس لە ئارادا بوو. لە قەوقاز، دوو کەلتووری (سیونی و تسوبی) لە دوای یەک دەرکەوتوون. بەڵام ئەو دوو کەلتوورە هەموو کاریگەرییەکانی کور-ئاراس لێک ناداتەوە، گۆڕانێکیش لە کەلتووری تسۆپی بۆ کەلتووری کور-ئاراسی چاخی برۆنز هەبووە، کەواتە دەبێ کاریگەریی کەلتووری سێیەم هەبووبێ. لە نێوان هەزارەی ٣ و ٤ بەر لە زایین ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەرانی هەڵگری کەلتووری ئوروک لە میسۆپۆتامیای باکوورەوە بە دوو کۆچی جیا، گەیشتوونەتە ناوچەکانی باشووری قەوقاز و بەشداری کارایان لە دەرکەوتنی کەلتووری کور-ئاراسدا، هەبووە. ئەو کۆچانە بە بڵاوبوونەوەی کەلتووری ئوروک ناسراون

 

نیشانەکانی کەلتوورێکی بیانی لە کۆتایی هەزارەی ٥ و سەرەتای هەزارەی ٤ی بەر لە زایین لە شوێنەوارەکانی گڤیریلا گۆرج، ئەشکەوتەکانی سەمەرتسخلە و بەردەکانی دۆزراونەتەوە. بە تایبەتیش گڵسازیی وای هەیە زۆر کارایانە بە چەرخە دروستکراوە و لەوانەی ناوچەکە زۆر باشتر بوون. بابەتی هاوچەشن لە نیشتەجێی تسۆپی چاخی مس لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەو کاتە هیچ بیردۆزێک نەبوو ئەو دۆزینەوەیە لێکبداتەوە. پاش ئەوە بابەتی دیکەی هاوشێوە لە نیشتەجێی بێریکئالدییبی سەرەتای کەلتووری کور-ئاراس دۆزرانەوە و تەمەنیان بۆ کۆتایی هەزارەی پێنجەم و سەرەتای هەزارەی چوارەم بەر لە زایین دەگەڕایەوە

 

باکووری قەوقاز کەلتوورێکی دیکەی هەبووە پێی دەگووترێ کەلتووری مایکۆپ. لێكچوونی زۆر لە نێوان ئامرازە کانزاییەکان و گڵسازیی لە نێوان ئەو کەلتوورە و ئەوانەی لە میسۆپۆتامیا دۆزرابوونەوە، هەیە. ئەوە بووە خاڵی دەستپێک بۆ لێکبەستنی کەلتووری باکووری قەوقاز بە شارستانییەتی میسۆپۆتامیا. ئەو جیاوازییە کەمانە وایان لە توێژەرانی ئەو بوارە کرد بگەنە ئەنجامی ئەوەی کۆچ لە میسۆپۆتامیای باکوورەوە تاکە ڕووداوێک نەبووە، بەڵکو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بووە. پشت ئەستوور بە زانیاریی تۆپۆگرافیای شوێنەوارەکانی میسۆپۆتامیای باکوور، دەردەکەوێ کۆچبەرەکان بە درێژایی ڕیگەکەیان بۆ ترانزقەوقاز، بەر لەوەی بگەنە قەوقاز، بەپێی ئاشناییان بۆ ژینگەی هەر شوێنێک، لە زۆر شوێنی تەخت و چیاکاندا نیشتەجێ بوون و ماونەتەوە

 

دوو ئاراستەی کۆچ هەبووە. یەکەمیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیاوە بە ئەرسلان تەپەدا بۆ دۆڵی کور، دوای ئەخالتسیخا ئەباستومانی بەرەوە باکوور. دواتر لە بە ناوچەی بەغدادی-کوتەیسی تێپەڕیون و گەیشتوونەتە ڕووباری ریۆنی لەگەڵیدا بەرەو باکوور چوون تا لە دەربەندی مامیسۆنی پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە ناوچەی کەلتووری مایکۆپ لە ڕۆژئاوای باکووری قەوقاز. بە درێژایی ئەو ڕیگەیە، شوێنەوار و پارچەکانی گڵسازیی ئوروک لە ئەباتسومانی، ئۆرچۆشانی، ئەشکەوتی دزودزووانە،ئەشکەوتی سپی، ئەشکەوتی دارکڤێتی، سامالاکڵدێ و سامەرتسخلێکڵدێ، بە جێماون

 

ئاراستەی دووەم لە باکووری ئێرانی ئێستەوە لەگەڵ لێواری دەریای کاسپیان (قەزوین) بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتی قەوقاز. لەسەر ئەو ڕیگەیەشدا شوێنەواری لەیلا تەپە، بێوک-کەسک، پۆیلۆ١، پۆیلۆ٢، میشارچایا، عەلیکەمەک تەپە، ئالخان تەپە، چنار تەپە، عەبدولعەزیز تەپە، شۆپول تەپە، ئادسز تەپە، ئاگیل تەپە، خۆدجاسان و هی دیکە، هەن. بابەتی زۆر نزیک لە کەلتووری مایکۆپ لە گۆڕەکانی شوێنەواری سێ گردان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دۆزراونەتەوە

 

مەزەندە وایە هۆکاری کۆچی هەڵگرانی کەلتووری ئوروک لە میسۆپۆتامیای باکوورەوە بەرەو قەوقاز گەڕان بە دوای مس، زێڕ و زیو بووبێ. ئەوانە سەرچاوەی نوێ و ئابووری نوێیان هەیە. بەڵام بە ڕای نووسەری ئەم توێژینەوەیە (کۆنستانتین پیتسخێلاوری، مامۆستا لە زانکۆی ئیلیا لە گورجستان) ناکرێ ئەو کۆچە گەورانەی خەڵکی جێگیر و نیشتەجێی میسۆپۆتامیا بۆ ئەو ماوە دوورە کۆچیان کردبێ، تەنیا گەڕان بەدوای کانزاکان بووبێ. دەکرێ لەبەر زۆربوونی دانیشتوان بووبێ، یان هۆکاری دیکەی نەزانراو. بایەخیشیان بە کانزاسازیی ناوچەی قەوقاز (چەقی کانزاسازیی ئەو کاتە بووە) بایەخێکی سروشتییە

 

دۆزراوەکانی ڕۆژئاوای چیاکانی باشووری قەوقاز هێندە زانایانە کراون، ناتوانین بڵێین ئەوانەی لە ناو شاخ و ئەشکەوتی چیاکانی قەوقازدا دەژیان خاوەنی ئەو ئەزموونە پێشکەوتووەی گڵسازیی و کانزاسازیی بووبن. هەمووشیان ئاکاری کەلتووری ئوروکیان پێوەیە. کەواتە کۆچبەرەکان شارەزایی باشیان لە گڵسازیی و کانزاسازیی هەبووە. بە تایبەتی ئەو پارچانەی لە نیشتەجێی تسۆپی دۆزرانەوە، تەواو سەر بە کەلتووری ئوروک بوون. لە پشکنینی چینەکانی ئەو نیشتەجێیە پێوەندی کات لە نێوان ئەوان و کەلتووری کور-ئاراس، دیارە. پارچەی دیکەی سیرامیکی زۆر باش لە دێلیسی ڕۆژئاوای تبلیسیش دزراونەتەوە

 

بۆچوون وایە ئەو تێکەڵەیەی خەڵکی میسۆپۆتامیا لەگەڵ ئەوانەی لە چیاکانی قەوقازدا دەژیان پاڵنەرەی سەرەکیی پێشکەوتنی کەلتووری قەوقاز بووبێ و سەرەتا کەلتووری مایکۆپی لە باکووری قەوقاز و کۆر-ئاراس لە باشوور، لێوە بەرهەم هاتبێ


سەرچاوە

http://science.org.ge/.../6-2/153-161%20Pitskhelauri.pdf