ئایینی نوێی وڵاتان

مارکس ئایینی وەلا نا چونکە بە پەردەی سەر هێزی تەکنۆلۆجیا و ئابووری دانابوو. تەنانەت ئەگەر ئایینەکان تەنیا نەخش و نیگاری سەر جەستەی ئابووری هاوچەرخیش بن، زۆربەی خەڵک لەگەڵ ئەو نەخش و نیگارەدان و هەندێ جار ناسنامەی خەڵک هێزێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەیە. هێزی مرۆڤایەتی پشت بە هاریکاری خەڵک دەبەستێ، ئەو هاریکاریەیش بە دروستبوونی ناسنامەی کۆمەڵەوە بەندە. هەموو ناسنامەکانی کۆمەڵەکانیش لەسەر چیرۆکی خەیاڵی نەک ڕاستی زانستیی و پێویستییەکانی ئابووری، بنەمایان داکوتاوە. لە سەدەی ٢١یش هێشتا دابەشبوونی مرۆڤ بۆ جولەکە، موسوڵمان یان ڕوس و پۆڵەند هەر لەسەر بنەمای ئایینە. هەوڵی نازیەکان و شیوعییەکان بۆئەوەی بە زانست ناسنامەی نەژاد و چینەکان دەستنیشانبکەن، دەرکەوت هەوڵێكی یەکجار پڕ مەترسی بوو. لەو کاتەوە زانایان لە دەستنیشانکردنی ناسنامەکان دوودڵن


لە سەدەی ٢١ دا، ئایین نەخۆش چاک ناکاتەوە، باران نابارێنێ و بۆمبیش دروست ناکات. بەڵام بڕیار دەدات (ئێمە) کێین و (ئەوان) کێن. دەبێ کێ چاک بکەینەوە و کێ بۆمباباران بکەین. لە ڕووی کردارییەوە، جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ئێرانی شیعە، سعودستانی سوننە و ئیسرائیلی جولەکە نییە. هەرسێک وڵاتی بیرۆکراتین، کەم یان زۆر بەهاکانی سەرمایەدارییان تێدایە، هەرسێکیان منداڵەکانیان بۆ ئیفلیجی و سورێژە دەکوتن و هەرسێکیشیان بۆ دروستکردنی بۆمب هانا بۆ کیمیازان و زانایان دەبەن. بیرۆکراتی شیعە، سەرمایەداریی سوننە و فیزیای جولەکە نییە، ئەی چۆن وا بکەین تاک هەست بە بێوێنەیی خۆی بکات و بۆ خێڵێک بە ئەمەک بێت وبۆ ئەوی دیکەیش دژبەر؟


ئایینەکان بە شێوازی جیا پیادەی نزا و پاڕانەوە دەکەن، هەریەکەیان جل و بەرگێک بە شیاو دەزانن و بە ئاوازێکی جیا دەیلاوێننەوە. هەرهەمووی هانی کەسەکان دەدات نەرم و نیانتر بن، دەستی یارمەتی درێژ بکەن و جوانی بە ژیان ببەخشین. موسوڵمان، هیندۆس، جوولەکە و هەموو ئەوانی دیکە، هەریەکەیان بە شێوازێک بە ڕاستی ڕەها دەگات. زۆر کردار و فرمانی دیکەی ئایینیش هەیە جیهان پڕ لە تاڵی و نەهامەتی دەکات، هانی خەڵک دەدات بێ سۆز و بەزەیی بن. بە هەردوو دیودا ئایینەکە کۆمەڵێک خەڵک یەکدەخات و لە هاوسێکانی خۆیان جیایان دەکاتەوە. هۆیەکانی جیاکردنەوە هێندە پڕوپووچن، لە بەهای مرۆڤبوون کەم دەکەنەوە


لە ساڵی ١٨٥٣ چەند کەشتییەکی ئەمەریکا ژاپۆنی ناچارکرد بە ڕووی جیهاندا بکرێتەوە، ئەو کرانەوەیە ژاپۆنی بە خێرایی هێنایە سەر ڕێی تازەگەریی پیشەسازیی. لە چەند دەیەیەکدا بووە وڵاتێکی بیرۆکراسی و پشتی بە زانست، سەرمایەداریی و تەکنۆلۆجیای سەربازی بەست و چۆکی بە چین و ڕوسیا، دادا. تایوان و کۆریای داگیر کرد و چەند کەشتییەکی ئەمەریکای لە پیرل هاربەر نقوم کرد. خۆ ژاپۆن لەوەدا وێنەی لەبەر ڕۆژئاوا نەگرتەوە، زۆر بە هۆشیارییەوە پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی کرد. جەختیشی کردەوە لاوانی ژاپۆن، دەبێ بۆ ژاپۆن نەک بۆ زانست، تازەگەری و کۆمەڵگەی دەستەبژێ جیهان، بەئەمەک بن


ژاپۆن لەسەر ڕێچکەی ئایینی خۆی (شینتۆ) بوو، وەک بەردەی بناغەی ناسنامەی ژاپۆن مایەوە. تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمیش شینتۆ لە هەر گوندێک بە شێوەیەک بوو و ڕۆحی پیرۆز لە هەرشوێنێکی ژاپۆن بوونەوەر و گیانلەبەرێکی جیا بوو، لەو کاتەدا ژاپۆن بەرگێکی نوێی بە شینتۆ بەخشی و یەکیخست. شینتۆی وڵات بە بیرۆکەی نوێی نەتەوەیی و نەژادی ژاپۆنیەکان و جۆش و خرۆشی وەرگیراو لە ئیستیعماری ئەوروپی، داڕێژراوەتەوە. توخمی یاریدەدەر بۆ بەرزکردنەوەی گیانی نەتەوەیی لە بوزایی، کۆنفۆشیانیزم و ڕۆحی دەرەبەگایەتی سامورای تێکەڵ بە شینتۆی وڵات کرا. کۆڵەکەی سەرەکی شینتۆی نوێ خۆشەویستی ئیمپراتۆرە، کە تیایدا وەک نەوەی خۆر نیشان دراوە و هەرخۆیشی وەک خوای سەرزەوییە. پێنەدەچوو ئەو تێکەڵکردنە بە باش بشکێتەوە. لە شێوازی سەرۆکایەتیکردنی خێڵەکی چاخی بەردین دەچوو نەک لە هێزێکی پیشەسازی نوێ. کەچی وەک جادوو کاریکرد


ژاپۆنیەکان بە هەستی نەتەوایەتی زۆر بەهێز ئاودران. هێمای هەرە سەرکەوتووی ژاپۆن دوای شینتۆی نوێ موشەکە ئاراستەکراوەکانیان بوو. ژاپۆن لەوەیاندا چەندین ساڵ پێش ئەمەریکا بووە. لەوکاتەی ئەڵمانیا موشەکی ڤی ٢ی بێ کەڵکی بڵاودەکردەوە، ژاپۆن چەندین کەشتی هاوپەیمانانی بە موشەکی (کامیکازی) نقوم کرد. ئێستە ئەو جۆرە موشەکانە بە کۆمپیوتەر ئاراستە دەکرێن، ئەوکات گەنجەکانی ژاپۆن ڕێگەی نەگەڕانەوەیان دەگرتە بەر. بە فڕۆکەی تەنراو بە تەقینەوە، خۆیان وەک موشەکی ئاراستەکراو بە کەشتی هاوپەیماناندا دەدا. ئەوە ئەنجامی شینتۆی داڕێژراوی وڵات و چاندنی هەستی نەتەوایەتی ژاپۆن بوو. کامیکازی بە ئایینەکەیان تەکنۆلۆجیای ئاراستەکردنیان وەدەست هێنا.


بزانن یان نەزانن، حوکوومەتانی جیهان لاسایی زۆری ئەو تێکەڵەیەی ژاپۆن دەکەنەوە. بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییان، ئامراز و پارچەکانی نوێگەرایی جیهانیی نوێ لەسەر بنەمای ئایینی بایی، بەگەڕدەخەن. دەیانەوێ هەمان ڕۆڵی (وڵاتی شینتۆ)ی ژاپۆن لە ڕوسیای ئەرسۆزۆکس، پۆڵاندی کاسۆلیک، ئێرانی شیعە، سعودستانی سوننە و ئیسرائیلی جولەکە، ببیننەوە. ئایینەکە هەرچەندی کۆن بێ، کەمێک لەگەڵ خەیاڵ و دووبارە شییکردنەوە (تەفسیر) تیکەڵی بکە، ئینجا بە نوێترین ئامرازی ئەکنۆلۆجیا و دامەزراوەی نوێ دەوری بدە، وڵات دەتوانێ ئایینێکی نوێ بۆ توندکردنی هەستی نەتەوایەتی دابێنێ. ئەو نمونەیە لە کۆنە ژێردەستەی ژاپۆن، کۆریای باکوور، هەیە


سیستەمی دەسەڵاتی کۆریای باکوور ئایینی نەتەوەپەرستی (جوچی) دەداتە هاونیشتمانیانی، مارکسیزم و لینینیزم تێکەڵ بە هەندێ داب و نەریتی کۆنی کۆریا کراوە. باوەڕی تەواویان بە بێگەردی نەژادی کۆریایی هەیە و خێزانی کیم ئیل سۆنگ بە نەوەی خوا دادەنێ. هەرچەندە کەس ناڵێ نەوەی خوای خۆرن، بەڵام لە مێژوودا هیچ خوایەک بە تینی ئەوان، نەپەرستراوە. نەک هەر ئەوەندە، جوچی پێداگری دەکات لەوەی کۆریای باکوور دەبێ بەهەر نرخ و قوربانیەک بێ، دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات