گورگەچیا و تەپە مارانی لە شارەزوور
گورگەچیا
دوو گردی بچووکی باشووری هەڵەبجەن. ڕووماڵ و هەڵکۆڵین تێیاندا سەلماندی ژیانیان لە ٥٦٠٠ تا ٣٣٠٠ ساڵ بەر لە زایین، تێدا بووە. بە ڕێژەی بارانی ساڵانەی ٧٠٠ تا ٩٠٠ ملیمەتر، دەشتی شارەزوور لە زەوییە هەرە بە پیتەکانی هەرێمی کوردستانە. بە زمانی مێژووی میزۆپۆتامیا، ئەوە دەبێتە کۆتایی چاخی بەردین تا چاخی مس، یان کەلتووری حەلەف، عوبێد و ئوروک. هەردوو گردەکە زۆر لە شوێنەواری بەکراوا نزیکن. گورگەچیا ١٢ مەتر لە دەشتایی دەورووبەری بەرزە. تەپە مارانیش نزیکەی ٥٠٠ مەتر لە گورگەچیاوە دوورە. گردێکی بچووکە، خەریکە لەگەڵ دەشتایی تەخت دەبێ. کێڵانی زەوی چەند هەزار ساڵە، پارچەی دیزە و گۆزەی سەرەوەی لەناوبردووە
لە ئایاری ٢٠١٣، ٤ چاڵی هەڵکۆڵین لە گورگەچیا لێدران، لە دووری ٥٠ مەتریش چاڵێکی دیکە لە دەشتەکە لێدرا. لە چاڵی دەشتەکەی تەنیشتی لە قووڵایی ٢ مەتردا، هەندێ پارچەی گڵسازیی، وردە ئێسقان و ئامرازی بەرد دۆزرانەوە. بەڵام هیچ دیوارێکی گردەکەی گورگەچیا نەبوو
لە چاڵی لێواری گردەکەی گورگەچیا بڕێکی زۆر وردە سیرامیکی (گڵسازیی) چاخی برۆنز، دۆزرانەوە. لەوەدەچێ زۆربەیان لەگەڵ با و باران لە سەرەوەی گردەکەوە داشۆرابن. لە ژێر ئەو چینەدا بڕێکی دیکەی پارچەی مام ناوەند و گەورەی گڵسازیی دۆزرانەوە. بە پێی ئەو ژمارەیە بێ دۆزراونەتەوە، دیارە نیشتەجێیەکە لە ناکاو چۆڵ کراوە هەموو خانووەکان داڕماون. لە سووچێکی ئەو چاڵەدا کوورەیەک دۆزرایەوە، دیوارەکانی زۆر سووتابوون. هەرلەوێ دەنکە نیسکێک و چەند دەنکە گەنمێک تەمەنیان بۆ ١٣٩٣-١٢٢٧ ساڵ بەر لەزایین دەگەڕایەوە، دەرهێندران
کۆی ٤٩ پارچە ئامرازی بەرد لە گورگەچیا دۆزرانەوە بۆ چاخی برۆنزی درەنگ دەگەڕانەوە. چەندین جۆریان تێدایە کە هەریەکەیان بۆ مەبەستێک داتاشراوە و وەکو هەموو شوێنەوارەکانی دیکە، بۆ چەندین مەبەست بەکارهاتوون. ٤٦ پارچەیان لە بەردەکانی دەورووبەری خۆیان دروستکراون، سەرچاوەی ٣یان نەزانرا. گڵسازییەکانی گورگەچیا چەندین کوپەی خواردن هەڵگرتن و دەفر و گۆزە و دیزەی قەبارە جیاجیای تێدا بوو. هەموویان باش لووسکراون و وردە بەردی ناوچەکە لە ناو گڵەکانیاندا هەیە. ڕەنگیان قاوەیی سوورباو و زەردێکی بۆری سەوزباون
دوو چاڵی ٤ بە ٤ مەتر لە گورگەچیا لە دووشوێنی جیای سەر گردەکە بڕێکی دیکەی سیرامیکی تێدا دۆزرانەوە. چوار کوورەی گەرمکردنیش لە کاتی دۆزینەوەیان ٥٠ تا ٦٠ سانتیمەتر تیرەیان بوو، دەرکەوتن. لە بنی ئەو کوورانە، بەشی سەرەوەی ئەو دوو چاڵەدا بابەتەکانی ئوروکی ناوەڕاست و ئامرازی بەردین، دۆزرانەوە. چەندین دەفری لێو نووشتاوی فرە قەبارە، دۆزرانەوە. تەمەنی ئەو گڵسازییانە بۆ ٣٦٣٠-٣٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە، جگە لە دوو بابەتیان بۆ ٤٢٤٠-٣٩٥٠ سال پێش زایین، دەگەڕێنەوە. بەپێی ئەو دابەشبوونەی لە نێوانیاندا هەبوو، دیارە دیوارێکی قوڕ هەبووە بەردەکان و پارچە سیرامیکەکانی لەیەک جیا کردووەتەوە. هەموویان هی سەردەمی کەلتووری عوبێدن، یەکیان نەبێ کەلتووری دەڵمایە (کەلتووری دەڵما لە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ دەرکەوتووە)، ئەو تاکە پارچەیە سەلمێنەری ئاڵوگۆڕی کەلتووریی نێوان شارەزوور و کۆمەڵگە سەردەمییەکانی بەرزاییەکانی زاگرۆسە
لە گورگەچیا هەندێ دەنکە گەنم، گوڵەدان (گەنمەشامی)، جۆ و تۆوی گژوگیای خۆڕسک دۆزرانەوە، بەشیکی زۆری دەنکی نیسک بوو، یەک دەنکە پاقلە و هەندێ گەنمی کێوی کەمێک تۆوی خەردەل و هەرزە دۆزرانەوە. کەمێک خواردنی سووتاو دۆزرایەوە، بە پشکنینی مایکرۆسکۆپ دەرکەوت زۆربەیان گەنمن و تەمەنیان بۆ ٥٤٨٠-٥٢٣٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لە گورگەچیا بابەتی سووتاو دۆزرایەوە، تێکەڵەی گەنم و جۆی تێدا بوو. دەکرێ لەو بەڵگانەوە بگەینە ئەنجامی ئەوەی خواردنیان تێکەڵەی گەنم و جۆی تێدا.بووە
مێژووی ئاژەڵداریی لە دەشتی شارەزوور بۆ سەردەمانی یەکەمین ماڵییکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە لەوانەیە مرۆڤ جارێ نیشتەجێی هەمیشەیی نەبووبێ. لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس کورتە مێژوویەکی کاریگەرییەکانی نێوان مرۆڤ، ئاژەڵان، جووتیار و لادێیەکانە. تا ئێستە، کوردەکان بە تایبەتی جافەکانی ئەو ناوچەیە بە پێی وەرزەکان و هەبوونی لەوەڕگە، کوێستان و گەرمێن دەکەن. هەرچ مێژووی شوێنەوارییە لەو ناوچەیەدا لە ساڵی ١٩٦١ دەستپێدەکات کاتێک لە کاتی دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان شوێنەواری چاخی بەردین لە تەل بێگوم، دۆزرایەوە
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/311477917
تەپە مارانی
هەر لە ساڵی٢٠١٣، لە تەپە مارانیش ٢ چاڵ لێدران. هەرچی دۆزینەوەکانی تەپە مارانییە وەکو گورگەچیا دەوڵەمەند بوو، بەڵام لەوەدەچێ ئەو شوێنە زۆرتر خۆڵ و خاشاکی لێ فڕێدرابێ. بڕێکی زۆر لە پارچەی سیرامیک/گڵسازیی دۆزرانەوە، ژمارەیان گەیشتە ٣٨٨٠ پارچە و زۆربەیان نەخش و نیگاریان لەسەرە و دەفر بوون. هەندێکیان تایبەتمەندیی ناوچەی شارەزووریان هەبوو. لە هەموو دۆزینەوەکانی تەپە مارانی گرنگتر، تەشی و ملوانکەیەکی بەرد بوو نەخشی هێڵ هێڵێ یەکتربڕی لەسەر کرابوو. ئەو جۆرە ملوانکەیە لە زۆر شوێنی دیکەی کەلتووری حەلەف هەبووە. باوەڕوایە، ئەو ملوانکەیە وەکو قفڵدانی کوپە و نیشانە دانان بەکارهاتبێ. دۆزینەوەی تەشی لە تەپە مارانی بەڵگەی دروستکردن و چنینی قوماشە
ئامرازەکانی بەردینی تەپە مارانی لە بەردی چیاکانی ناوچەکە دروستکراون و ڕەنگیان بێجی بۆر، سووری قاوەییباو و هەندێک پەمەیی و سەوز و زەردی تێدایە. ئامرازەکانی بڕین لەوانەی کۆتایی چاخی بەردینی نوێ لە شوێنەوارەکانی تەل سابی، یاریم تەپە، ئارپاچیا و بانەهیلک دەچن. لەگەڵیاندا دەنکە مورووی بەرد و دەستهاڕێکی بەردی بچووک دۆزرانەوە تا کاتی نووسینی ڕاپۆرتی تیمەکە، تەواو لێكۆڵینەوەی لێنەکراوە. هەر لەوێدا ٦٩٥ نموونەی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان دۆزرانەوە. گەنم زۆرترین بەشی ئەو نموونانە بوو. یەک ناوکە کۆخ و هەندێ دەنکی هەنجیریش بینران. لەوانیش گرنگتر دۆزینەوەی تۆوی کەتان بوو، دیارە لەبەر ڕۆن و ڕیشاڵەکانی بایەخی پێدراوە
ئێسقانی ئاژەڵان لە هەردوو گرددا دۆزرانەوە، بەزۆری ئێسقانی بەراز، مەڕو بزن بوو. شوێنەواری داپچرانی گۆشت بەسەر ئێسقانەکانەوە ماوەتەوە، زۆربەیان لە ئاگردا دانراون و شوێنەواریان هەیە. لێکۆڵینەوەی دوورو درێژ لەسەر ئێسقانەکان لە کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکەیان، جارێ نەکراوە. بە شێوەیەکی گشتییش، لە چاو شوێنەواری دیکە ئامرازەکانی بەرد لە هەردوو گرددا کەم بوون
دۆزینەوەکانی کەلتووری ئوروک لە قالینچ ئاغا لە هەولێر، بەکراوا لە شارەزوور، کانی شایی لە بازیان و نوزی لە باشووری کەرکووک پاڵی بە شوێنەوارناسی ناودار و زانای میزۆپۆتامیاناس گۆلێرمۆ ئەلگازی دەرچووی زانکۆی شیکاگۆ و پەنسیلڤینیا کرد بیردۆزێکی نوێ بۆ کاریگەریی و ئاڵوگۆڕی کەلتووریی نێوان میزۆپۆتامیای باشوور و بەرزایی ودەشتاییەکانی زاگرۆس، بخاتە بەردەست. بەپێی ئەلگازی بێ، ئەو ڕووبار و چۆمانەی لە بەرزاییەکانی زاگرۆسەوە دێنە خوار، ڕێڕەوی چەند هەزار ساڵەی بازرگانیی کانزاکان، دار، تەختە، یاقوتی شین (لازورد) و مس، ئینجا دواتر بەردە شوشە، بەردی کارنێلی و زێڕ بووە، جگە لە ئاژەڵە کێوییەکانی زاگرۆس و ڕووەکی شاخەکان. ئەو هاتووچوو و بازرگانییە وایکردووە پێشکەوتنی میزۆپۆتامیا پشت بە باکوور ببەستێ و کەلتووری باشووریش بەرەو ناوچەکانی دیکە بگوازرێتەوە. ئەو بابەت و کاڵایانە بایەخی کۆمەڵایەتییان لە میزۆپۆتامیای باشووردا هەبوو
هەرچەندە هەردوو نیشتەجێی شوێنەواری ناوچەی حەمرین، تەل عەبادە و تەل مظهور لەگەڵ ئەودیوی میزۆپۆتامیا لە هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین لەگەڵ ماهیدەشت و دۆڵی کەنگەوەڕ لە دەشتاییەکانی ئێرانی ئێستە، بە ئاڵوگۆڕی کەلتووری سیرامیک بەیەکەوە بەسترابوونەوە. بەڵام بازرگانیی کانزا و توخمەکانی دیکەیان لە نێواندا، نەبووە. دەشتی شارەزوور ڕێڕەوی ئەو بازرگانییە بووە و بایەخی یەکجار گەورەی هەبووە
بە پێوەرێکی فراوانتر، هەزارەی پێنجەمی پێش زایین تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە تیایدا کەلتووری ماددی عوبێد لە بەرهەمی پیشەسازیی و شێوازی خانوو بەرە، بە ڕووبەرێکی یەکجار فراوانی ناوچەکەدا هەر لە کەنداوی عەرەبییەوە تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، بڵاوبووەتەوە. بەڵام چەقێکی ناسراوی ئەو بڵاوبوونەوەیە، دیار نییە. دەرکەوتووە، تێگەیشتنی ئەو پرۆسەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە، زۆر قورسە. هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە گورگەچیا ڕەهەندێکی دیکەمان بۆ زیاد دەکات و کارلێککردنی هەر شوێنێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە
گەنگەشەی زۆر هەبووە سەبارەت بە گۆڕانکاریی کەلتووری بۆ دروستکردنی قوماش لە خوری، لەجیاتی کەتان و ماڵییکردنی ئاژەڵ و ئەو گۆڕانەی لە خواردنی مرۆڤ وەکو دانەوێڵەی ترشێنراو (بیرە و نان) و دروستکردنی بەرهەمەکانی شیرەمەنی (سپیاییەکان) لە شیری ئاژەڵ، ڕوویداوە
پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە چی وای لە دانیشتووانی تەپەمارانی کردووە بەر لە ٦ هەزار ساڵ پێش زایین، بگوازنەوە بۆ گورگەچیا؟ تا چەند دەکرێ بەردەوامیی و گۆڕان لە کەلتووری ماددی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییان و ئابووری ئەو خەڵکانەی لەوێ ژیاون، بدۆزرێتەوە. بۆچی بەردەوامیی کەلتووری ئوروک لێرە پچڕا بەڵام لە کانیی شایی (بەڵگەی داگیرکردنی پێوە دیارە) مایەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە کاری مەیدانیی زۆرتری دەوێ و دەبێ شارەزووری دەوڵەمەند بە شوێنەوار لە کارەیگەرییەکانی کشتوکاڵ و گەڕان بەدوای ماددەی خامدا، زۆرتر پشکنینی تێدا بکرێ
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/311477917