ڕۆیشتن لەسەر دوو قاچ

پێشتر ئەوەمان باسکردبوو، باپیرە هەرە گەورەکانی مرۆڤ بەر لە ٢ ملیۆن ساڵ دەرکەوتوون. ئەگەرچی ئەوان لەسەر دوو قاچ دەڕۆیشتن، بەڵام هەوڵی ڕۆیشتن لەسەر دوو قاچ بۆ ٧ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە. ئەو گۆڕانکارییە لە جووڵە، کاریگەری زۆری لەسەر هەموو چالاکییەکانی دیکەی ئەو بوونەوەرانە هەبووە

 

لە چاو جۆرەکانی مەیموونی گەورە، لە مرۆڤدا منداڵبوون پرۆسەیەکی گەلێک ئاڵۆز و پڕ ئازارە. بڕوا وابوو ئەو گۆڕانەی بەسەر قەبارەی کەللە سەری مرۆڤ هاتووە، وایکردووە منداڵبوون ئەوەندە ئاڵۆز و بە ئازار بێ. مێشکی گەورە تەمەنی تەنیا ٢ ملیۆن ساڵە، بەر لەوە بوونەوەرەکان میشکیان هەر بچووک بووە. بەڵام ئاڵۆزی منداڵبوون تەنیا لەبەر ئەوە نییە قەبارەی سەری مرۆڤ گەورەبووە

 

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی زیوریخ لە سویسرا بە بەگەڕخستنی تواناکانی هاوشێوەکردن ( سیمیولەیشن) بۆ منداڵبوون، نیشانی دەدات، تەنانەت لە کاتی لە دایکبوونی بوونەوەری وەکو لوسی، مێشکی بچووک و سەری بچووک، کەچی ئاڵۆزی و ئازاری زۆر هەبووە. (لوسی: پەیکەرە ئێسکێکی بوونەوەری ئۆسترالۆپیثۆسەس ئەفارنێسس لە دۆڵی هەدارلە ئەسیوبیا ساڵی ١٩٧٤ دۆزرایەوە و تەمەنی ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ساڵە. باڵای ١١٠ سانتیمەتر و کێشی ٢٩ کیلۆ بووە، توانیویەتی لەسەر دوو قاچ بڕوات)

 

هەڵگەڕانەوەی منداڵ بەر لە منداڵبوون، سووڕانی سەر و ئامادەبوونی لەشی ئافرەت بۆ منداڵبوون پرۆسەیەکی گەلێک ئاڵۆزە و بەچەند قۆناغیکیشدا دەڕوات، ئاڵۆزییەکە هەندێ مەترسیشی لەگەڵدایە، جار هەیە منداڵەکە لەناو دەچێت، ئەگەری مردنی دایکیش لە ئارادایە. کەم بوونەوەر هەیە منداڵبوونی هێندە ئاڵۆز بێ. ئەگەر ڕۆیشتن لەسەر دوو قاچ بەر لە ٧ ملیۆن ساڵ دەرکەوتبێ، بەڵام لە کاتی لەدایکبوونی لوسیشدا هەر ئاڵۆزی هەبووبێ، کەواتە قەبارەی کەللەی سەر هۆی ئاڵۆزی و ئازاری زۆر نییە

 

هەموو بوونەوەرەکان ڕێژەیەکی دیاریکراویان هەیە قورسایی/قەبارەی مێشکی منداڵی لەدایکبوو لەگەڵ یەکێکی گەورەی هەمان جۆر، نیشان دەدات. بۆ لوسی و ئەوانەی وەکو ئەو بوون دەبێ قورسایی کەللە سەری منداڵی لە دایکبووی وەکو لوسی تەنیا ١٨٠ گرام بووبێت. ئەوە بەرانبەر ١١٠ گرامە بۆ مرۆڤی ئێستە. بە وردبوونەوە لە قەبارەی حەوزی لوسی، دەبینرێ ئە ومنداڵبوونەی ١٨٠ گرام مێشکی هەیە، پڕ ئازار و ئاڵۆز بووە. ئەو قەبارەیەی مێشک بۆ جۆری لوسی ئەوە نیشان دەدات منداڵبوون بێ یارمەتی دەورووبەری گەلێک قورس بووە. تەنانەت ئەو منداڵە تا ماوەیەکی زۆر پێویستی بە هاوەڵ و یاریدەدەری بەردەوام هەبووە

 

ئەو سیفاتە لە منداڵی مرۆڤیشدا هەیە. مرۆڤ لەو بوونەوەرانەیە لە سەر دوو قاچ دەڕوات. لە چاو بەچکەی گەلێک گیاندار، بۆ دابینکردنی ژیانی، منداڵی مرۆڤ تا ماوەی چەند ساڵێک تەواو پشت بە باوانی دەبەستێ. کەچی بوونەوەرە چوار پێیەکان، هەندێ جار دوای تەنیا چەند خوولەکێک هەڵدەستنە سەر پێ و لەگەڵ دایکەکە دەڕۆن، یان ڕا دەکەن. گەشەی مێشکی منداڵی مرۆڤ دوای لە دایک بوونی، زۆری دەوێ تا تەواو دەبێ و دەتوانێ جیهانی دەورووبەری بخوێنێتەوە و تێبگا. بینین و جیاکردنەوەی دوور و نزیک لە پرۆسە هەرە ئاڵۆزەکانی فێربوونی منداڵی مرۆڤە. ئینجا تا سەر پێ دەکەوێ، ١ ساڵی دەوێ

 

لە پرۆسەی بەرەوپێشچوون و گۆڕان و خۆگونجاندن، هەستانە سەرپێی باپیرە گەورەکانی مرۆڤ و ڕۆیشتن لەسەر دوو قاچ وای کردووە پرۆسەی منداڵبوون هێندە ئاڵۆز بێ و گەشەی مێشکی مرۆڤ لە ناو سکی دایکدا تەواو نەبێ. منداڵ بە مێشکێکی بچووکی ئامادە بۆ فێربوون لەدایک دەبێ. ئەوە خەسڵەتی درککردنە لە مرۆڤدا هەیە و لە بوونەوەرەکانی دیکەدا نییە. بۆیە بۆ بەکارهێنانی درککردن، توانای زۆری مێشک پێویستە، ئەو توانایە تا لە دایکبوون ناکرێ دەرکەوێ و کاربکات

 

بوونەوەری وەکو لوسی وەکو خێزان ژیاون و یارمەتی یەکتریان داوە. بەر لە دەرکەوتنی مرۆڤی نوێ یان ئەوانەی بە هۆمۆ ناودەبرێن، ئۆسترالۆپیثۆسەس ئەفارنێسس پێکەوە ژیاون. ئاوا بەچکەکانیان لەوانەی دەورووبەریانەوە فێربوون و مێشکیان گەشەی کردووە. ئەو ماوە دوورودرێژەی فێربوون لە منداڵی مرۆڤدا، بە کۆڵەکەی توانای درککردن دەژمێردرێ

 

لە ئەنجامی توێژینەوەکەی زانکۆی زیوریخ ئەوە دەردەکەوێ، نرخی هەستانە سەر دوو قاچ و پشت ڕاستکردنەوە ئەوەیە منداڵ بە نەفامی لە دایک دەبێ و پێکهاتەی لەشی مرۆڤ وایە لەگەڵ منداڵبووندا، ئاڵۆزی و ئازاری زۆر هەیە

 

سەرچاوە:

https://phys.org/news/2022-05-complex-human-childbirth-cognitive-abilities.html?fbclid=IwAR00BkPcfS96PfQNDpegh5KI6uB9BWXZZXRxQHtUxm5nPFvrUz4Sl-5MBFM