دووانە یان جمک دیاردەیەکی ئاساییە و لە هەموو جیهاندا هەیە. ئەگەرچی زۆر جار هەیە لە ئاکاردا ئەو دوو کەسە لەیەک دەچن (بە تایبەتی لە منداڵیدا) بەڵام مەرج نییە وەکو یەکیش بن. چونکە هەموو دووانەکان وەکو یەک نین. لە ناو ئەو دیاردەی دووانەیەدا دیاردەیەکی زانستیی دیکە هەیە، تێیدا ئەو دوو کەسە ١٠٠٪ وەکو یەکن. کەواتە هەموو ئەندامی لەشیان، هەموو ئاکار و شێوەیان، هەموو نەخۆشیی و بەرگرییان بۆی، هەموو خەسڵەتەکانی دیکەی جەستە ... هتد تەواو تەواو وەکو یەکن. بە واتای ئەوەی هەموو جینەکانیان تەواو وەکو یەکن
مشت و مڕی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی دووانەی ١٠٠٪ وەکو یەک، دەبێ لە هەموو هەڵسوکەوت و حەز و ئارەزوودا هەر وەکو یەک بن. سەلماندنی ئەو جۆرە بۆچوونانە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر زۆر ئەستەم بوو. وردە وردە توێژینەوە و بیردۆزی تازە دەرکەوتن، هەیانبوو پشتگیریی لێكچوونی هەڵسوکەوتی دەکردن و هەیانبوو نا
توێژینەوەی زۆر لەسەر ئەو دووانانە کراوە هەریەکەیان لە شوێنێکی جیادا گەورەبوون. ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی ناسراو بە (توێژینەوەی مینیسوتای دووانە جیاکراوەکان) لە ساڵی ١٩٩٠ بڵاوکرایەوە. ١٠٠ دووانە لە هەموو جیهاندا لەو توێژینەوەیەدا بەشداربوون، هەر هەموویان لەیەک جیاکرابوونەوە و هەر تاکەی لە منداڵییەوە بە جیا لە جمکەکەی ژیاوە و گەورە بووە. ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی ئەو کاتە ئەوەبوو ئەگەر زۆرە دووانەکان کەسایاتییان وەکو یەک بن. بەڵام لێکچوونەکان لەبەر لێکچوونی جینەکانیانە. بەڵام جارێ ئەوە دەرنەکەوتبوو دووانەی ١٠٠٪ وەکو یەک، لە جۆرە دووانەکانی دیکە جیان
ناودارترین دووانەی توێژینەوەکەی مینیسۆتا (دووانەی جیم) بوون. دوای چوار هەفتە لە دایکبوونییان لەیەک جیا دەکرێنەوە. هەردووکیان لەلایەن خێزانی لەخۆگریانەوە ناویان دەنرێ جیم. لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا بەیەکتری شاد دەبنەوە و دەبینن هەردووکیان حەزیان لە دارتاشیی، کاریی میکانی و وێنەکێشانی میکانیک، لە سپێڵی ئینگلیزی خراپ بوون، لە بیرکاری زیرەک بوون و خوولی جێبەجێکردنی یاسایان وەرگرتووە. ئەوانە و زۆر لێكچوونی دیکە لە ژیانیاندا هەبووە
لە ساڵی ١٩٧٦ لە کۆریای باشوور داپیرەیەک لەگەڵ دوو کچی نەوەیدا چوونە بازاڕ. لەبەر قەرەباڵغی بازاڕەکە یەکێک لەو دوو منداڵە ون دەبێت. داپیرە خۆی و یەک منداڵ دەگەڕێنەوە ماڵ. خێزانەکەی هەزاران وێنەی منداڵە ونبووەکەیان بڵاو کردەوە، تەنانەت لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیشدا دەرکەوتن تا منداڵەکەیان بدۆزنەوە، بێ هوودە بوو. دواتر کچەی ونبوو دەنێردرێتە نەخۆشخانەیەکی دووری ئەو شارە و لەوێ بۆیان دەردەکەوێ تووشی سوورێژە بووە. ئیجا لەگەڵ خێزانێک دایدەنێن، پاشان خێزانێکی ئەمەریکایی لە خۆی دەگرن و بەر لە سەری ساڵی ١٩٧٧ دەیبەنە ئەمەریکا
لە ساڵی ٢٠٢١، بەرنامەی کۆریای باشوور بۆ دۆزینەوەی ئەندامە ونبووەکانی خێزان نموونەی دی ئێن ئەی کچەکەی ئەمەریکای پێدەگات. دەبنە بابەتێکی چەوری توێژینەوەی زانستیی، ئەو دوو کچە دەرکەوت دووانەی ١٠٠٪ ی یەکترین. باڵا و کێشی هەردووکیان وەکو یەک بوو. هەردووکیشیان نەخۆشی شەکرەیان هەیە. هەردووکیان بۆ لابردنی لوویەکە لەسەر هێلکەدانیان، نەشتەرگەرییان بۆ کراوە. بەڵام دەبێ جیاوازی پەروەردەیی و ژینگەی کۆمەڵایەتییان چەندە کەسایەتیی هەر یەکەیانی داتاشیبێ
دوو تیمی توێژەر، یەکیان لە کۆریا و ئەوی دیکە لە ئەمەریکا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەریەکەیان لە وڵاتی خۆیدا کرد. زانیاریی سەبارەت بە مێژووی ژیانیان، دۆخی ژیانی هەریەکەیان لە ناو خێزانەکەیدا، ژیریی و زیرەکیی هەر یەکەیان، چۆنییەتی کەسایەتیی، تەندروستی مێشک و عەقڵ، چەندە لە کاری خۆیان ڕازین و تەندروستی جەستەی هەریەکەیان، کۆکرایەوە. لەگەڵ ئەوەی لە دوو وڵاتی جیاواز و دوور لەیەک، لە ناو دوو خێزانی جیا و دوو کەلتووری کۆمەڵگەی لەیەک دوور، کەچی کەسایەتیی ئەو دوو کەسە زۆر لەیەک نزیک بووە
منداڵەکەی کۆریای باشوور لە خێزانێکی پاڵپشتیکار و نەرم و نیان گەورە بووە، هانیان داوە بەرەو سەرکەوتن لە ژیانیدا هەوڵ بدات. بە پێچەوانەوە، ئەوەی لە ئەمەریکا گەورە بووە لە خێزانێکی سنووردار، باوەڕدار و پڕ لە کێشەی خێزانیی و پێکهەڵپڕژاندا گەورەبووە. لەگەڵ ئەو جیاوازییە گەورانەی ناو ژیانی ڕۆژانە و ئەو هەلومەرجەی هەر یەکەیانی تێدا گەورە بووە، کەچی هەردووکیان ماندوونەناس بوون، مەیلیان بەلای کارەکەیاندا زۆر بووە، ژیانیان تەواو ڕێکخراو بووە، ئارەزوویان بۆ وەرزش هەبووە و حەزیان لە گەیشتن بە دەستکەوتەکان بووە. لە لایەکی دیکەوە، خوشکەکەی ئەمەریکا دەڵێ هەر تاکێک سەربەستە و خۆی بە بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی یەکساندا دیوە. بەڵام ئەوەی کۆریا خۆی وەکو تاکێکی کۆمەڵگەیەکی پلەبەند دەبینێ و دەڵێ کەس لە کۆمەڵگەدا وەک یەک نییە
گەورەترین جیاوازی لە نێوان ئەو دوو خوشکەدا لە ئاستی ژیرییدایە. خوشکەکەی کۆریا زۆر لەوەی ئەمەریکا ژیرترە. لەتاقیکردنەوەی ئاستی ژیریی بە ١٦ خاڵ لەسەروو ئەوەی ئەمەریکاوە بوو. توێژەران هۆکاری ئەو جیاوازییە گەورەیە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە خوشکەکەی ئەمەریکا لە ژدوای هەرزەکارییەوە ٣ جار تووشی مێشک شڵەقان (ارتجاج) بووە، دواییانیان ساڵی ٢٠١٨ بووە. لە ئەنجامدا بارودۆخی سۆزداریی (عاطفی) گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کەمێک درککردنی لاواز بووە
ئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکان دەڵێن لێكچوونەکان بۆ جینی ئەو دووانەیە دەگەڕێنەوە. ژینگەی ژیانیان کاریگەریی لەسەر کەسایەتییان نییە.
سەرچاوە