١٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەمەریکا لە جەنگی دژی تیرۆر لە ئەفگانستاندا، لە ترۆپکی تێوەگلانیدا بوو. ئەو کاتە من لە ئەڵمانیا بووم، سەربازی قاچ بڕدراو و زامداری قورسم دەدیت دەهێندرانە نەخۆشخانەی لاندشتولی سەربازیی سەر بە سوپای ئەمەریکا. لاندشتول سەنتەرێکی چارەسەری پزیشکییە هاوتای نەخۆشخانە هەرە باش و دەستەبژێرەکانی ناو ئەمەریکایە. لە ئەوروپادا، لاندشتول نەخۆشخانەی سەرەکیی سوپای ئەمەریکایە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، هەزاران زامداری جەنگەکانی ئەفگانستان، عێراق و ناوچەکانی دیکەی جەنگی لە جیهاندا، پێگەیشتووە
هاوکات لەگەڵ کشانەوەی لە ئەفگانستان و تەنیا چەند هەزار سەربازێک لە عێراق و سوریا، پێنتاگۆن نزیکەی ١ ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دیکەی شوێنگرەوەی لاندشتول لە ئەڵمانیا، خەرج دەکات. لە ڕۆژمانەوانی واشینتۆن پۆستم پرسی، دەبێ مەبەست لەو نەخۆشخانە یەک ملیار دۆلارییە چی بێ، بێ سێ و دوو گوتی دیارە لە جەنگەکانمان بەردەوام دەبین
ئاماژەکان لە پشت ئەو نەخۆشخانەیەوە دیارە، لەگەڵ ئەوەی لە ئەفگانستان دەکشێینەوە، سوپای ئەمەریکا لە جەنگەکان بەردەوام دەبێ. چەندین بنکەی سەربازیی سوپای ئەمەریکا بە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاون. ئەو بنکانە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە رۆڵی سەرەکییان لە جەنگەکانی ئەفگانستان، عێراق، سۆماڵ، لیبیا، یەمەن، سوریا و ١٩ وڵاتی دیکەی ناوچەکەدا، هەبووە. بە تێڕوانین لە بیست ساڵی ڕابردوو و تەنانەت مێژووی ئەمەریکا لەوەتای لە جەنگی ناوخۆی خۆی دەرباز بووە، ئەگەر سەرۆکەکانی ئەمەریکا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی سوپادا نەکەن و هەندێ بەشی لێ لانەبەن، ئەمەریکا هەردەم لەو جەنگانەدا دەمێنێتەوە. پەل بڕاوی زۆرتر، زامدار و مردووی زۆرتریش، دەگەنە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا
لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەمەریکا چەند هەزار بنکەیەکی سەربازیی بە جیهاندا بڵاو کردووەتەوە. ئێستە ٧٥٠ بنکەی لە ٨٠ وڵاتدا هەیە. هەموو جیهان پێکەوە، کەمتر لە ٢٥٠ بنکەیان هەیە. چین، تەنیا پێنچ بنکەی هەیە لەگەڵ هێندیکی دی لە تیبت. لە ساڵی ١٩٧٩، هەر زوو دوای داگیرکردنی سۆڤیەت بۆ ئەفگانستان، بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو، بڵاو بوونەوە. ئەو بنکانە، جگە لەوانەی ئەڵمانیا، تایلاند و ژاپۆن لە ساڵی ٢٠٠١ەوە بەردەوام لە جەنگدا بوون
بنکەکانی قەتەر و بەحرێن، فەرماندەیی سەربازیین. لە کوێتدا، لەوەتای جەنگی ساڵی ١٩٩١ ڕوویداوە ١١ بنکەی لێ دامەزراوە. ١٣ بنکە لە تورکیا، ٦ لە عومان، ٣ لە ئیماراتی عەرەبی، ٢ لە ئوردن و ٢ لە جیبۆتی، ٨ لە یۆنان، ٥ لە سۆماڵ، ١ لە هەریەکە لە تونس، قوبرس، جۆرجیا و کۆسۆڤۆ، هەن. لە میسریش سوپای ئەمەریکا هەیە. سوپا لە سعودستان و ئیسرائیل دام و دەزگە و بنکەی ڕاگەیەندراو و شاراوەی هەیە. لە ئێراقیش ٦ بنکەی ماوە، ٤ ی دیکەیش لە سوریان. ئەوانە جگە لەو بنکانەی لەسەر وردە دوورگەکانی زەریای هیندیدا هەن. بیرمان نەچێ، ئەمەریکا چەند بنکەیەکی دیکەی گەڕاویشی هەیە، کەشتییە مەزنە فڕۆکە هەڵگرەکانی هەردەم لە کەنداودا دەسوڕێنەوە
٦٥٠ سەرباز، بەڵێندەر و هێزی تایبەت لە نێوان باڵیۆزخانە و فڕۆکەخانەی کابولدا دەمێننەوە. بێگومان، ئەفسەرانی سی ئای ئەی لەو وڵاتەدا هەر دەمێننەوە. جیا لەویش، سوپا لە ولاتانی ناوەڕاستی ئاسیا بنکەی نوێ دەکاتەوە، تا بە ئاسانی دەستی بگاتە تاڵیبان و میلیشیاکانی دیکەی ناو ئەفگانستان. بەرپرسانی سوپا و حکوومەتی ئەمەریکا هەردەم بانگەشەی ئەوەیان کردوەوە، ئەو بنکانە بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیرییە و مەبەستیان بەرگیکردنە نەک هێرش بردن. بەڵام بە چاوخشاندنێکی خێرا بە ڕۆڵی ٢٠ ساڵی ڕابردووی ئەو بنکانەدا، ئاسان دەردەکەوێ ئەو بانگەشانە چەندە ڕاستن
مێژووی جەنگەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ١٧٧٦ەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات، بنکەکان لەسەر زەوی وڵاتانی دیکەدا، هەرگیز بۆ بەرگریکردن نین. بنکەکان وا دروست دەکرێن ئامادەیی تەواوی هێرشیان هەبێت. توێژینەوەیەکی سوپای ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٥٠ کراوە، پێوەندی نێوان کردنەوەی بنکەی سەربازیی و ڕوودانی جەنگەکان نیشان دەدات. ئەو بنکانە ئامرازی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکان. وەکو چەکوش بەسەر وڵاتاندا کاریان کردووە و دەرفەتی گفتوگۆی سیاسییان لەبار بردووە. ئەو چەکوشانەی سوپا، هەموو جیهان وەک بزمار دەبینن، ئامادەن لەسەریان بدەن. بەکارهێنانی ئەو چەکوشانە لەلایەن دەسەڵاتداری نێر، نیشانەی سەلماندنی پیاوەتیی و هێزیەتی
مێژووی ئەمەریکا نیشانی دەدات، دوای جەنگەکان بنکە سەربازییەکان زۆرتر کراون. زۆربوونی بنکەکانیش، زەمینەی گونجاویان بۆ جەنگ ڕەخساندووە، هەندێ جاریش جەنگیان بەرپا کردووە. لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە. بەڵام ئایا جەنگەکان ئامانجە جیۆپۆلیتیکەکانی ئەمەریکا دەپێکێ؟ لە بیست ساڵی جەنگدا، ١٥ هەزار سەربازی ئەمەریکا کوژراون. چەند سەد هەزارێک بریندار بوون. ٣ بۆ ٤ ملیۆن کەس کوژراون. دەیان ملیۆن بریندار بوون. بە لانی کەمەوە ٣٨ ملیۆن ئاوارەبوون. ئەمەریکا لە جەنگی دژە تیرۆردا ٧ تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە. ئەو پارەیە لە ناو ئەمەریکا بۆ پرۆژەی کۆمەڵایەتیی خەرج کرابا، چی ڕوویدەدا؟ لە بەرانبەردا، لە وەڵامی هێرشەکانی قاعیدە، جەنگەکەمان ڕێکخراوی دیکەی تووندئاژۆی وەک داعشی بەرهەمهێنا. داعش تیرۆر وەک ئامرازی سیاسیی بەکاردەهێنێ
سەرەڕای کارەساتەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، هێشتا سیاسەتوانان و دەستەبژێری سیاسەتی ئەمەریکا لە جەنگێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەمانبەن. لە ڤێتنام بۆ ئەفگانستان، بۆ عێراق، بۆ لیبیا، بۆ سوریا، بۆ یەمەن ، بۆ ..... ئێستە ئەمەریکا لە ١٣ شوێن لە جەنگدایە. کاربەدەستانیش سەری زمان و بنی زمانیان جەنگە لەگەڵ چین. جەنگ لە نێوان دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆم و دوو دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان
دەبێ لە خۆمان بپرسین، دوای ٣٠ ساڵ لە ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و ٧٥ ساڵیش دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە ئەڵمانیا چی دەکەین؟ نەخۆشخانەی ١ ملیار دۆلاریمان لە ئەڵمانیا بۆ چییە؟
لە بری بنکە و نەخۆشخانەی سەربازیی، هاوڵاتی ئەمەریکا دەبێ داوای سیاسەتی نەرم و زمانی گفتوگۆ لە بەرپرسانی خۆی لەگەڵ جیهاندا بکات. دەبێ سیاسەتی دەرەوە، هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتیی، کەمکردنەوەی توندوتیژیی، دیموکراسیی، دادپەروەریی و یەکسانیی ببنە بنەمای کاری سیاسەتوانانی ئەمەریکا و بەو دەستەواژانە، لەگەڵ جیهاندا بدوێن. ئەگەر نایانەوێ وا بکەن، کەواتە لە جەنگەکانمان بەردەوام دەبین.