لە ساڵی ١٩٨٥ پێش ڕووخانی دیواری بەرلین بە چوار ساڵ، دیوارێکی دیکە هەبوو درزی لێ پەیدابوو. ئەو کات توێژەرانی زانست نەیاندەتوانی بگەنە توێژینەوەکانی دیکە ئەگەر بڕە پارەیەک نەدەنە زانکۆی خاوەن ئەو توێژینەوەیە. دەیان هەزار قوتابی قۆناغی جیاجیای خوێندن لەو توێژینەوانە بێ بەش دەبوون. لە هەمووی تاڵتر ئەوەبوو کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوە بەناوی (سەفیر) هەیە هەموو توێژینەوەکانی لە زانکۆکان دەکڕی وبە نرخێکی زۆر بەرزتر بە توێژەرانی دەفرۆشتەوە. بەو شێوەیە ساڵانە چەند سەد ملیۆن دۆلارێکی دەست دەکەوت. لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١١ توێژەرێکی کازاخستان بە ناوی ئەلێکساندرا ئیلبیکان ماڵپەڕێکی بە ناوی (یان سای هەب) دروست کرد. هەموو کەس دەتوانێ لەوێوە هەر توێژینەوەیەکی دەوێ بیبینێ، پێویست ناکات تا دەستت بگاتە توێژینەوەیەک هیچی دیکە پارەی زانکۆکان یان سەفیر، بدەی
شێوازی کارکردنی سای-هەب ئەوەیە سەرەتا لە ماڵپەڕی (لیب جین، ئەوە ماڵپەڕێکە هەرچی تێیدایە دزراوە) بگەڕێ، ئەو ماڵپەڕە لە ساڵی ٢٠١٢ دەرگای بۆ توێژینەوە زانستییەکان کردەوە، هەرکەسێک دەتوانێ توێژینەوەکان لەو ماڵپەڕە دانێ تا خەڵکی دیکە سوودی لێ وەرگرێ. ئێستە ئەو ماڵپەڕە سەروو ٤٨ ملیۆن توێژینەوەی زانستی تێدایە. ئەگەر لە لیب-جین نەبوو، ئەو کات ماڵپەڕەکەی سای-هەب لە ناو و وشەی نهێنی ئەندامانی خۆی دەگەڕێ تا بچێتە ناو سیستەمەکانی زانکۆکان و لەوێ هەرچیت دەوێ بۆت دادەبەزێنێ
توێژەران و کارمەندانی سەنتەرەکانی توێژینەوە، بە ویستی خۆیان ناو و وشەی نهێنی خۆیان بۆ کارکردن لە سەنتەرەکاندا بۆ سای-هەب دەنێرن، ماڵپەڕەکە بەو شێوەیە دەستی دەگاتە هەموو شوێنێک. هیچیشی نایاسایی نییە. ئینجا سای-هەب وێنەیەک لەو توێژینەوەیە بۆ لایب-جین دەنێرێ و ئیدی لەوێ بۆ هەموو کەسێک فەراهەم دەبێت. کەواتە توێژەران لە سەرانسەری جیهان هەمان گرفتیان هەبووە بۆیە ئێستە لەگەڵ ئەلێکساندرادا هاوکار و هاوڕان
ساڵانی پێش بەردەستبوونی ماڵپەڕی سای-هەب، توێژەران یان دەبوایە چەندین توێژینەوە لە سەفیر بکڕن تا بتوانن بیخوێننەوە و وەک سەرچاوە ئاماژەی پێبدەن، یانیش دەبوایە بە تەنیا لەگەڵ گرفتی دەستکەوتنی سەرچاوە ئەرک و زەحمەتیی بکێشن. کەچی ئێستە ملیۆنان لەو توێژینەوانە بێ بەرانبەر لەبەردەستدان. ماڵپەڕەکەی سای-هەب تا ئێستە ١٩ ملیۆن سەردانیکەری هەیە و سەدان هەزار توێژینەوەی لێوە وەردەگیرێ و قوتابیان لە هەموو کونجێکی جیهان سوودی لێ وەردەگرن
کۆمپانیای سەفیر هەردوو یاسای دژە چەتەیی هزر لە ئینتەرنێت و یاسای پاراستنی مافی موڵکی هزر دەپارێزێ، بەڵام ئەوە بە بۆچوونی توێژەران و زانایان دژی گواستنەوەی سەربەستی زانست و زانیارییەکانە. سەفیر ناو و ناوبانگی باشی لە ناو کۆمەڵگەی زانستدا نییە، چونکە سەفیر توێژەران و زانایانی ئاگادار دەکردەوە بڵاوبوونەوەی توێژینەوەکانیان لەسەر مەڵپەڕی ئەکادیمیا لابەرن، و تەنیا لە ماڵپەڕی سەفیر بمێنێ. سەفیر گەورەترین کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی ئەکادیمییە و مشت و مڕی زۆری ناوەتەوە. تا ئێستە لەبەر ئەوەی نرخی زۆری لەسەر توێژینەوەکان دادەنا و لە پێناو قازانجی زۆرتر، کڕینی توێژینەوەکانی لەگەڵ گۆڤاری بێ بەهاو نرخ بەرز گرێدەدا، سەروو ١٥ هەزار توێژەر بایکۆتی ئەو کۆمپانیایەیان کردووە و ڕوو لە زیادبوونیشە
دەنگە ناڕازییەکان دژی سەفیر هەروادێ و زۆر دەبێ، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤارێکی سەفیر بە ناوی (لینگوا) دەستیان لە کار کێشاوەتەوە. ئێستە ئەوانە گۆڤاری خۆیان بە ناوی (گلوسا) دەردەکەن و بۆ هەموو کەسیش کراوەیە. ئەو جەنگە لە بواری زمانەوانییەوە بۆ بوارەکانی دیکەی زانست و زانیاری دەڕوات، ئەو نرخانەی سەفیر لە توێژەرەکانی داوادەکات بۆ ئەوەی توێژینەوەکانیان بەدەست هەموو کەس بکەوێت و بیکەنەوە دەگاتە ٢١٧٥ دۆلار. بەر لە کێشەی زمانەوانەکان، سەفیر زۆر لەو نرخە کەمتری بۆ توێژینەوەکانی زمان دانابوو، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون و لە سەفیر دەرچوون. کەواتە وا چاوەڕوان دەکرێ توێژەرانی دیکەی بوارەکانی دیکەی زانست و مەعریفە هەمان هەنگاوی زمانەوانەکان بنێن
ساڵی ڕابردوو دادوەرێکی نیویۆرک بڕیاری داخستنی ماڵپەڕی سای٠هەبی دەرکرد، کەمتر لە ١٠ ڕۆژی خایاند، سای-هەب بە ناوێکی نوێ و بە زمانی ئینگلیزیش (پێشتر تەنیا ڕوسی بوو)، کەوتەوە کار. سەفیر وا بە ئاسانی ڕێی پێ لەو لێشاوەی ناڕەزایەتی و دژە داخستنی توێژینەوەکان ناگیرێ. تازە ئەو چاوەی سەفیر کاڵ بووەوە. دەبێ کۆمەڵگەی زانستی بە هۆش خۆ بێتەوە. سەیرە، توێژەر هەندێ جار شەو و ڕۆژ لێکدەبەستێ تا توێژینەوەکەی ئەنجام بدات، دوایی بە ئارەزووی خۆی و بێ بەرانبەر بیداتە کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوە، کە مەبەستی قازانجی لەو توێژینەوەیە هەیە. دەبێ توێژەران ئیدی ڕووبکەنە ئەو سەرچاوە و بلاوکراوانەی بۆ هەموو کەس کراوەن
ئەگەر هەموو توێژەران و زانایان لە گۆڤارە هەرە ناسراو و بەناوبانگەکانی جیهان (وەکو نەیچەر، ئەمێریکان ساینس ...هتد، کە دەبێ نرخی بەشداریی مانگانە یان ساڵانە بدەی) توێژینەوە و بابەتەکانیان بڵاو نەکەنەوە، ئەوکات گرفتێکی دیکە دێتە ئاراوە. وای لێدێت گۆڤارە باشەکانی جیهان توێژینەوە تازەکانیان پێ ناگات و بەوە لە بەهایان کەم دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا، گۆڤاری ئاست نزمتر توێژینەوەی دانستە و پڕ بەها بڵاودەکاتەوە. بەڵام ئەو گۆڤارانە هێندە جێی متمانەی کۆمەڵگەی زانست و خوێنەران نین. بۆیە ئەوە گرفتێکی گەورەی بەردەمی زانایان و خوێنەران دەبێ، پێویستە چارەسەر بکرێ
https://bigthink.com/culture-religion/a-pirate-bay-for-science/