خەونی مرۆڤ بۆ دەستگەیشتن بە هەسارەکانی دیکە دواتریش بەرەو بۆشایی نێوان ئەستێرەکان و سیستەمەکانی دیکەی ناو گەلەئەستێرەمان، بە تایبەتیش ئەوانەی هەسارەی وەکو زەوییان هەیە، هەتا دێ گەورەتر دەبێ. بۆ گەیشتن بەو خەونە پڕ کێشە و گرفتە، ئەگەر لە چەند سەد ساڵی داهاتوودا بەسەر هەموو گرفتە تەکنیکییەکاندا زاڵ بین، گرفتی دیکەمان هەر دەمێنێ، گەورەترین گرفتمان لەو بارەیەوە ئەوانەی خوارەوەن:
١.ئەگەر هەیە لەبەر واڵایی و گەورەیی ماوەی نێوان ئەستێرەکان، هەرگیز نەتوانین لە کۆمەڵەی خۆری خۆمان بچینە دەرەوە.
٢. ئەگەر هەیە بەرلەوەی بگەینە ئەو جۆرە تەکنۆلۆجیایەی بمانگەیەنێتە سیستەمە خۆرەکانی دیکە، خۆمان خۆمان لەناوبەرین.
٣. ئەگەر هەیە نەگەینە تەکنۆلۆجیایەک بمانباتە ئەو سیستەمە خۆرانە.
بەشێک لە کاری زانست ئەوەیە گرفتەکان لەبەردەم پێشکەوتنمان لابدات. بیرۆکە و توێژینەوەی زۆر هەن بۆ چۆنییەتی سەرکەوتن بەسەر ئەو گرفتانەدا. بۆ کاتی ئیستەمان لە گەورەترین گرفتەکانمان ئەوەیە تا ئێستە تەکنۆلۆجیای چوونمان بەرەو بۆشایی دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی پشت بە سووتاندنی کیمیایی ماددەکان دەبەستێت. بۆ فیزیکناسان و کیمیاناسان ئاشکرایە، وزەی دەستکەوتوو لەو جۆرە کارلێکە کیمیاییانەدا ئەوەندە زۆر نییە. لەگەڵ ئەو جۆرە گرفتەدا، گرفتێکی دیکەی ئاڵۆز هەیە ئەویش دەبێ بڕێکی زۆر و قورسی ئەو ماددانە لەگەڵ خۆمان هەڵگرین تا بمانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. کەواتە بەشێک لەو سووتەمەنییە بۆ ناردنی سووتەمەنی خۆیەتی بۆ خوولگەکانی دەرەوە و بۆشایی ئاسمان. بۆ تەکنۆلۆجیای ئێستەمان، ئەوە بە حاڵ دەمانگەیەنیتە مەریخ.
لێرەدا باسی گرفتە تەکنیکییەکانی گەشتی دوور ناکەین. بەڵکو تەنیا باسی جۆرێک لە بزوێنەرەکانی ئاییندەی زانست دەکەین. پیی دەڵێن بزوێنەری دژەماددە، کە دەکرێ مرۆڤ لە زەوییەوە بۆ گەشتی دوورمان ئەنجام بدات. تا دوورترین هەسارەمان و دواتریش بەرەو نزیکترین سیستەمی خۆر لێمانەوە، ببات.
دژەماددە، ئەوەیە تەنۆلکەیەکی وەکو ئەلکترۆن هەیە بەڵام بارگەی موجەبی هەیە پیی دەڵێن پۆزترۆن، بە گەیشتنی پۆزترۆن لەگەڵ هەر ئەلکترۆنێک، بێ گەردانە بارستایی هەردووکیان دەبیتە وزە. ئەوە بۆ هەموو تەنۆلکەکانی دیکە ڕاستە، هەموویان دژەماددەی خۆیان هەیە. بۆ یەکەمجار لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو فیزیاناسی نەمسایی ئوگێن سانگەر باسی بزوینەری فۆتۆنی کرد، دژەماددە وەکو سووتەمەنی کەشتییەکانمان بەکاربهێنین. بیرۆکەکە لێرەدا ئەوەیە چەندمان وزە دەست دەکەوێ ئەگەر بتوانین ١ کیلۆ دژەماددە لە گەشتێکدا لەگەڵ خۆمان بەرین و دەمانگەیەنیتە کام خێرایی و بە چەند کات دەگەینە شوینێکی وەکو پلوتۆ، یان ئەلفا سەنتووری؟ وەڵام بە هەشت هەفتەیەک دەگەینە پلوتۆ، کەشتی ناسا بە ناوی (ئاسۆی نوێ) ٩ ساڵ و نیوی پێچوو. بە بزوێنەری دژەماددە بە پێنچ ساڵێش دەگەینە ئەلفا سەنتووری. ئەوە ٨٠٠٠ جار لە خێرایی ڤۆیاجەر ١ زۆرترە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێستە هەمانە، بۆئەوەی مرۆڤ بگاتە مەریخ تەنیا ١٠ گراممان لە دژەماددە پێویستە و لە ماوەی مانگ تا مانگ و نیوێک دەمانگەیەنیتە مەریخ. بۆ ئەگەری گەشتی دریژتریش، بزوێنەری دژەماددە تا ٤٠٪ی خێرایی ڕووناکیمان دەداتێ، بەڵام خۆ ناتوانێ یەکسەر بەو خێراییە بگات، ٤٠٪ خێرایی ڕووناکی لە ماوەی ٢ ساڵدا بەدەست دێت، چونکە لەشی مرۆڤ بەرگەی تاودانی زۆرتر ناگرێ. لەو بارەدا، بە کەمتر لە ١٠ ساڵ دەگەینە ئەلفا سەنتووری. خۆ ئەگەر تەنیا کەشتییەکی ئاسایی بچووکی لەوانەی بۆ هەسارەکانی خۆمانمان ناردووە، بنێرینە ئەلفا سەنتووری، تەنیا ١٧گرام لە دژەماددەی دەوێ تا دەگاتە ئەوێ.
هەموو ئەو زانیارییانەی لێرەدا هاتوون جارێ تەنیا بیردۆز و ئەگەرن. بەڵام زانست گرفتەکان لەبەردەممان نەختەنەختە هەڵدەوەرێنێ. چارەنووسی مرۆڤایەتیی هەر بە گەشتکردن بۆ سیستەمەخۆرەکانی دەرەوەی سیستەمی خۆمانەوە، گرێدراوە. بەپێی ڕای ستیفن هاوکینگ، مرۆڤایەتیی بە کەمتر لە ١٠٠٠ ساڵی داهاتوو، دەبێ بگاتە هەموو زانست و تەکنیکەکانی گەیشتن بە گەشتی نێوان ئەستێرەکان و چەند هەسارەیەک بتەنێتەوە. ئەگەر لەبەر هەر هۆیەک نەتواندرا، ئەوا مرۆڤ قڕ دەبێ و ژیان لەسەر زەوی، نامێنێ.