چۆن بۆ ماوەی ١٠٠ هەزار ساڵ هەوڵی باڵادەستیمان داوە
نزیکەی ٦٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ بوو بە دووبەش. بەشێکیان لە ئافریقا مانەوە و دوایی بوونە ئێمە. بەشەکەی دیکە بەرەو ئاسیا ئینجا ئەوروپا کۆچیان کرد. ئەوانیش بوونە نیاندرتاڵ. نیاندرتاڵ باپیرەی ئێمەی (هۆمۆسایپیان) نەبوون، بەڵکو هەردوو لقمان هەر مرۆڤن بەڵام وەکو دوو هێڵی تەریب لەگەڵ یەک، گەشە و پێشکەوتنیان لە خۆیاندا دەکرد. ئێمە بە تەماشاکردنی نیاندرتاڵ وەک بڵیی چاومان ئەبڵەق و دەممان بەش دەبێ، چونکە بەشێکی چێرۆکی خۆمانمان بۆ دەگێڕنەوە. ئێمە کێ بووین و بووین بە کێ
نیاندرتاڵ سۆزمان دەجووڵێنێ، چونکە زۆر بە ئاشتیانە لەگەل سروشت و لەگەڵ یەکدا دەژیان، هەروەکو ئادەم و حەوا لە باخ و باخاتی بەهەشت وابوون. ئەگەر وابێ و ئەو گریمانەی ژیانی ئاشتییانەی نیاندرتاڵ ڕێی تێبچێ، کەواتە جەنگ، توندوتیژیی و دژایەتیی یەکتری نەخۆشی مرۆڤن و لە ناخماندا نەبوون. هەموو ئەوانە لە ژیانی هاوچەرخی مرۆڤدا دەرکەوتوون، داهێنانی نوێن
هەردوو زانستی زیندەوەرزانیی (بایۆلۆجی) و پاشماوەزانیی (پالیۆنتۆلۆجی) تابلۆیەکی ڕەش وێنا دەکەن. نیاندرتاڵ هەرگیز ئاشتییانە نەژیاوە، بەڵکو جەنگاوەری بەهێز و شارەزا بوون. سامناک و پڕ مەترسیی بوون. جگە لە ئێمەی هۆمۆسایپیان، هیچ بوونەوەرێکی دیکە شانی لە شانیان نەداوە
شیردەرە ڕاوچییەکان ناوچەگەر بوون. بەتایبەتیش کە وەکو شێر، گورگ و مرۆڤ کۆمەڵ دەبن. نیاندرتاڵیش لە نێوان خۆیاندا هاوکار و یاریدەدەری یەکتری بوون و ڕاوچی زۆر کارا بوون. ئەو ڕاوچییانە لەسەرتۆپکی زنجیرەی خۆراکدان. کەم بوونەوەر هەیە ئەوانە ڕاوبکات. بۆیە کەم نابنەوە و هەر زۆر دەبن. ئەو زۆربوونە، پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەکات چونکە ململانێ لەسەر ناوچەکانی ڕاوکردن دەکەن. نیاندرتاڵیش تووشی هەمان گرفت هات، ئەگەر هیچ بوونەوەرێک ڕاویان نەکات و کەم نەکەن، کەواتە ململانێی نێوانیان ژمارەیان کەم دەکاتەوە. بە واتای ئەوەی لەگەڵ یەکدا دەجەنگن و لەیەکتر دەکوژن
ناوچەگەریی ڕیشەی قووڵی لە ناو مرۆڤدا هەیە. بەهەمان شێوە ناوچەگەریی لە ناو خزمە هەرە نزیکەکانی هۆمۆسایپیان وەکو مەیموونی چامپانزی، هەیە. نێرەکانی کۆمەڵێک، گەلە کۆمەکی لە نێرەیەکی کۆمەڵێکی دیکەی ڕکابەریان دەکەن و لە ناوی دەبەن. ئەو هوڵسوکەوتە وەکو جەنگەکانی مرۆڤ وایە. لە هەمان کاتیشدا ئەوە دەگەیەنێ، کە ٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ئەو خەسڵەتە لە باپیرەگەورەی ئێمە و چامپانزید اهەبووە. ئەگەر وابێ، کەواتە نیاندرتاڵیش هەمان خەسڵەتی بەربەرەکانییکردنی لە باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە. جەنگان، خەسڵەتی جیانەبووەوەی مرۆڤە و داهێنانێکی نوێی مرۆڤی هاوچەرخ نییە. بەڵکو بەشێکی هەرە کۆنی بنەڕەتیی مرۆڤایەتیی بووە. مێژووی نووسراومان پڕە لە چیرۆکەکانی جەنگ. شوێنەوارناسیی، تۆز لەسەر قەڵا توندوتۆڵەکان و جەنگەکان لادەدات. گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جەنگی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر هەڵدەداتەوە
مرۆڤ بریتییە لە جەنگ، نیاندرتاڵیش تەواو وەک ئێمە وابووە. تا ڕێژەی ٩٩.٧٪ لەگەڵ دی ئێن ئەی نیاندرتاڵ لەیەک دەچین، کۆئەندامی ئێسقان و کەللە سەریشمان وەک یەکە. ئەوانیش وەکو ئێمە ئاگریان بەکارهێناوە، مردووەکانیان ناشتووە، ملوانکەیان لە دانی ئاژەڵەکان دروست کردووە، کاری هونەرییان بەجێهێشتووە و بەردیان تاشیوە. ڕمیان بۆ ڕاوی ئاسک، گا، مامووث، کەرکەدەن و زۆری دیکە بەکارهێناوە. ناتوانین ئەو ئەگەرە لە بەرچاو نەگرین، کە ئەو ڕمانەیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، خێزانیان و خاکەکەیان بەکارنەهێنابێت. شوێنەوارەکان دەیسەلمێنن ئەو جۆرە پێکدادانانە هەبوون
زۆر مرۆڤی کۆنی هۆمۆسایپیان بە لێدانی مەترەق (تێڵا) لەسەریان مردوون، بە هەمان شێوە زۆر نیاندرتاڵیش هەر وا مردوون. هەرنەبێ یەکێک لەو مرۆڤە نیاندرتاڵانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان دۆزرانەتەوە (٥٧ هەزار ساڵ کۆنە) بە مەترەق لەسەری دراوە و مردووە. هەشیانە دەست و مەچەکیان بە لێدانی ڕم، شکاوە. ئەو نیشانانەی مردن و شکانی ئێسک، لە هەردوو مرۆڤی نیاندرتاڵ و هۆمۆسایپیان هەن. کەللە سەری نیاندرتاڵ لە سەینت سیزار لە فەرەنسا بەر لە ٣٦ هەزار ساڵ لەسەری دراوە. کەللەی سەری کردووە بە دوو بەش. ئەوانە نیشانەی نا تەبایین لەگەڵ کۆمەڵی بچووکی دیکەی نیاندرتاڵ
نیاندرتاڵ لە پێکدادانەکاندا زۆر کارامە جەنگاوە. باشترین بەڵگە ئەوەیە نیاندرتاڵ بۆ ماوەی ١٠٠ هەزار ساڵ شان بەشانی هۆمۆسایپیان دەژیا و پێکدادانی بەردەوامیان هەبووە. لە زۆر شوێن بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی مرۆڤی نوێ بووە. بۆچی ئەوەندەمان پێچوو تا ئافریقا بەجێ بهێڵین و بڵاو ببینەوە؟ لەبەر کەشوهەوا نەبووە، بەڵکو چونکە لە ئەوروپا و ئاسیا، نیاندرتاڵ لە پەرەسەندندا بوو. عەقڵ نایبڕێ مرۆڤ تووشی نیاندرتاڵ بووبێ و خۆی لێ لادابێ، هەرنەبێ زۆربوونی مرۆڤ و پێویستیی ڕاوکردن و خاکی زۆرتر بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ وەچەکان، پێکدادانی دروست کردووە
ئەوکاتە نیاندرتاڵ بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوو. ئەوان لە تاکتیک و ستراتیژیەتدا زاناتر بوون. هێزی بازوویان زۆرتر و لەشیان لەئێمە گەورەتر بوو. بۆڵووی چاویان هێندە گەورەبوو، بە شەوانیش زۆر لە ئێمە باشتر دەیاندیت. دەکرێ زۆر جار شەوانە بەسەریاندا دابین. بەڵام هەموو ئەوانە پێچەوانە بوونەوە، نازانین بۆ. دەکرێ ئێمەی قەبارە بچووک وردە وردە چەکەکانمان پێشخستبێت و بە تەکتیکی لێدە و هەڵێ ئارامیمان تێکدابن. یان لەوانەیە جار جار بە ژمارە لەوان زۆرتر بووین
هۆمۆسایپیان نزیکەی ١٥٠ هەار ساڵی پێچوو تا توانی بە خاکەکانی نیاندرتاڵدا بڵاببێتەوە. لە یۆنان و ئیسرائیل، هێرشەکانی نیاندرتاڵ پاشەکشەی بە هۆمۆسایپیان کرد، تا بەر لە ١٢٥ هەزار ساڵ دوایین هێرشمان کردووە و لەناومان بردوون. ئەو پێکدادانانە سەرکەوتنی لە ناکاو و یەکجارەکیان نەبووە. ئەوانە جەنگی درێژخایەن بوون و بەرەبەرە هێز و توانای لەبەر نیاندرتاڵ بڕیوە. لە کۆتاییدا ئێمە سەرکەوتین، ئەو سەرکەوتنە لەبەر ئەوەنەبووە ئەوان مەیلی شەڕخوازییان نەبووە، بەڵکو چونکە ئێمە لە جەنگەکانماندا باشتر و باشتر دەبووین
سەرچاوە
https://bigthink.com/the-present/neanderthal-war/#Echobox=1640049289