دوای دوو سەد ساڵی بەردەوامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی. تیمێکی گەورەی توێژەران لە پەیمانگەی پێوەری تەندروستی و هەڵسەنگاندن لە بەشی پزیشکیی زانکۆی واشنتۆن لە توێژینەوەیەکیاندا دەڵێن، ژمارەی دانیشتووانی زەوی لە ساڵی ٢٠٦٤ بەدواوە، بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات. ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە ماڵپەڕی (لانسێت) بڵاو کراوەتەوە
https://www.thelancet.com/pdfs/journals/lancet/PIIS0140-6736(20)30677-2.pdf
بە بڕوای تیمەکە و دوای تەواوبوونی توێژینەوەکەیان، لە ساڵێ ٢٠٦٤ کۆی ژمارەی دانیشتووانی زەوی دەگاتە ٩ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس. بەر لە کۆتایی سەدەیش بۆ ٨ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەس، کەم دەبێتەوە
بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان جێگیر بمێنێتەوە، دەبێ هەر ژنێک ٢.١ منداڵێ ببێت. بە هۆی بەکارهێنانی حەبی نەهێشتنی منداڵبوون، باشتربوونی ئاستی ڕۆشنبیری کچان و ژنان، تەوژمی منداڵبوون بەرەو کەمی دەڕوات. لە هەندێ ناوچەی جیهاندا، ڕێژەی منداڵبوون یەکجار زۆر دابەزیوە. بۆ نمونە لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا هەر ئافرەتێک ١.٢ منداڵێ دەبێ، لە پۆڵەندیش ١.١٧. لە بیابانی ئافریقا لە ساڵی ٢٠١٧دا ژنان تێکڕای ٤.٦ منداڵیان دەبوو، وا چاوەڕوانکراوە ئەو ژمارەیە لە ساڵێ ٢١٠٠ ببێتە ١.٧. نایجیریا بەرزترین ڕێژەی منداڵبوونی لە جیهاندا هەیە. بە تێکڕا، هەر ژنێک ٧ منداڵێ دەبێ. بۆ ٢١٠٠ وا پێشبینی دەکرێ ببێتە ١.٨
کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر باری ئابووری جیهان دەبێ. وڵاتان دەبێ لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن و پلانی بۆ دانێن. ژمارەی کرێکاران یەکجار کەم دەبێتەوە، بە تایبەتی لە چین و هیندستان. ئەو کەم بوونەوەی ژمارەی کرێکاران لە جیهاندا هێزی جیۆپۆلیتیک دەگۆڕێ، ئافریقا و وڵاتانی عەرەب شێوەی ئاییندەمان دەنەخشێنن. ئەوروپا و ئاسیا دەکەونە ژێر کاریگەرییان
ڕاستییەکەی زۆرترین کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە ئاسیا، ناوەڕاستی ئەوروپا و ژاپۆن دەبێ، ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن لە ١٢٨ ملیۆنەوە لە ساڵێ ٢٠١٧ بۆ تەنیا ٦٠ ملیۆن لە ساڵی ٢١٠٠، کەم دەبێتەوە،. لە تایلەندیش لە ٧١ بۆ ٣٥ ملیۆن، پورتوگال لە ١١ بۆ ٥ ملیۆن و کۆریای باشوور لە ٥٣ بۆ ٢٧ ملیۆن ، لە هەمان کاتدا، کەم دەبنەوە. دابەشبوونی دانیشتووان بە پێی تەمەن گرفتێکی یەکجار گرنگە. لە ساڵی ٢١٠٠، ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵ دەبێ، بەڵام تەنیا ١ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵیی دەبێ. منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵیش لە ٦٨٠ ملیۆن لا سەڵای ٢٠١٧ بۆ تەنیا ٤٠٠ ملیۆن لە ساڵی ٢١٠٠ دادەبەزێ. ئەوە ٤١٪ دابەزینە لە ژمارەی منداڵاندا
ئێستە تەمەنی ئەوانەی سەروو ٨٠ ساڵن لە جیهاندا ١٤١ ملیۆن کەسن، بەڵام لە ساڵی ٢١٠٠ ئەو ژمارەیە دەبێتە ٨٦٦ ملیۆن کەس. لە ساڵی ١٩٥٠ لە بەرانبەر هەر کەسێک دەبووە ٨٠ ساڵ، ٢٥ منداڵ لە دایک دەبوو، لە ٢٠١٧ ئەو ژمارەیە بوو بە ٧، لە ٢١٠٠ دەبێتە ١
دوای نزیکەی ٤٠٠ هەزار ساڵ، هۆمۆسێپیان لە ساڵێ ١٨٠٤ گەیشتنە ١ ملیار کەس. بە تەنیا ١٢٣ ساڵ ملیارێکی دیکە زۆربوون. دوای ئەویش تەنیا ٣٣ پێویست بوو تا ملیاری سێیەمی بێتە سەر. ئەنجا ١٤ ساڵ بۆ ملیاری چوارەم. ئەگەر تا ٢٠٣٠ بگەینە ٨ ملیار، ئەوا لە ماوەی ١٠٠ ساڵدا چوار هێندەمان لێهات. ئەو ژمارانە جێگیر نین، بە بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ بۆمان دەرکەوت لە هەندێ وڵاتدا زنجیرەی دابینکردن و سیستەمی تەندروستیی شکاون، بە تایبەتیی لە ئەمەریکا
بە بەراوردکردن لە نێوان نرخ و قازانجەکانی منداڵبوون، دەبینین کەم بوونەوەی ژمارەی دانیشتووان کاربۆنی کەمتر دەچیتە ناو بەرگەهەوای زەوی و فشار لەسەر خواردن و پیشەسازییەکانی کەم دەبێتەوە. بەڵام بە زۆربوونی پیر و کەمبوونی گەنج، کێشەی ئابووری سەر هەڵدەدەن. کرێکاری کەم بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار، ژمارەی باجدەران کەم دەبنەوە،. وڵاتان داهاتیان کەم دەبێتەوە و بەشی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ناکات. چین لەساڵی ٢٠٣٥ دەبێتە گەورەترین ئابووری جیهان، بەڵام لەبەر کەمبوونەوەی ژمارەی کرێکاران بە تایبەتیش لە چین و هیندستان، لە لایەکی دیکەیشەوە بەردەوامبوونی کۆچ بەرەو ئەمەریکا. ئابووری ئەمەریکا لە ساڵێ ٢٠٩٨ دا، بۆ پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە
مژاری کۆچ بەم گرفتانە لە جیهاندا زیاتر بایەخ پەیدا دەکات. زۆرترین کۆچ لە سۆماڵەوە دەبێ، ئینجا فیلیپین و ئەفگانستان. کۆچیش زۆربەی بەرەو کەنەدا، تورکیا و سوید دەبێ. خەڵک زۆرتر بەرەو شارەکان دەڕوات. ئەوەیان ئێستە بووەتە ڕاستییەکی ژیان، هەر گۆڕانی کەشوهەوا دەمانباتە هەمان ئەنجامی قەرەباڵغبوونی شارەکان، بەو پێیەیش مرۆڤ بۆ نیشتەجێبوونی، کەمتر زەوی بەکاردەهێنێ
سەرچاوە
https://bigthink.com/politics-current-affairs/world-population-decline?rebelltitem=1#rebelltitem1