هەشت پێ، یان، ئەختەبوت

ئۆکتۆپەس ناوە ئینگلیزیەکەیەتی، بە عەرەبیش ئەختەبوت، بە کوردی هەشت پێ، یان، هەشت پێی ناو ئاو. خۆ هەشت پەلیش هەر ڕاستە. بەر لە ٦٠٠ ملیۆن ساڵ لقی ئێمەی مرۆڤ و هەشت پێ لەیەک جیابوونەتەوە


هەشت پێ، لە سەیرترین بوونەوەرەکانی سەر زەویە.لە بوونەوەرەکانی فلیمە خەیاڵەکانی هۆلیوود دەچێ. کەم بوونەوەر هەیە وەکو ئەو لە خۆشاردنەوە و فێڵبازییدا، زانا و کارا بێ. لە هەموو زەریاکانی جیهاندا دەژین. چی لە ناو ئاو، یان کەنارەکانی مەرجان/شیلان، یان کەنارە بەردەڵانەکان بێ. هەیانە قەبارەیان زۆر گەورەیە، هەیشیانە یەکجار بچووکن. هەموویان بۆ خۆ پاراستن ژەهریان هەیە، یەکێکیان بۆ مرۆڤ مەترسییە. پێستیان یان لووسە یانیش گنجڕ گنجڕ و زبرە. چۆنی بوێ وای لێدەکات. بەپێی پێویستیی شوێنەکە و ئەو هەڕەشانەی لە دەورووبەریەتی، خۆی دەگونجێنێ


هەشت پێ، پێیەکانی وەکو بوونەوەری دیکە بۆ مەلە کردن یان ڕۆیشتن لە بن ئاو، بەکارناهێنێ. لە ناو بۆشایی لەشیدا ئاو کۆدەکاتەوە و بە فیچقە دەریدەکاتە دەرەوە، ئاوا پاڵ بە لەشییەوە بۆ پێشەوە دەنێ. سێ دڵ لە لەشیدا هەیە. بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش، لە جیاتی ئاسن لەسەر خڕۆکە سوورەکانی، مس هەیە. ڕەنگی خوێنیشی شینە. بێگومان هەموومان دەزانین لەشیشی بێ ئێسقانە


هەشت پێ، وەکو ئێمە، یان، وەکو هیچ بوونەوەرێکی دیکە مێشکێکی گەورەی نییە. دوو لەسەر سێی خانەکانی کۆئەندامی دەماری بە هەموو لەشیدا بڵاوە. ٥٠٠ ملیۆن خانەی کۆئەندامی دەماری هەیە، زۆربەیان لە پەلەکانیدایە و بە هۆی ئەوانەوە، بۆن، تام و تەنانەت بیریش دەکاتەوە و بڕیار دەدات. لە مێشکەوە بڕیارەکان بۆ پێیەکانی ناچێت. هەر پێیەک بە تەنیا دەتوانێ، بە پێی پێویستیی شوێنەکە، بڕیار بدا. تەنانەت ئەگەر پێیەکانیشی لەلەشی جیا بکرێتەوە، هێشتا تا ماوەیەک دەژی و کاردانەوەی بۆ گۆڕانکارییەکانی دەرەوە دەبێت


لە ناو خێزانی گیانلەبەراندا، هەشت پێ سەر بە سیفالۆپۆدزەکانە و لە ناو ئاودا دەژین، لەشیان بێ بڕبڕەی پشتە پێیان دەڵێن (بێ بڕبڕەکان). ٣٠٠ جۆری جیاوازی هەشت پێ، هەیە. لەشیان وەکو لەشی مرۆڤ لە دوو نیوەی هاوشێوە پێكدێن. باپیرە گەورەی هەشت پێ بەر لە ٦٠٠   ملیۆن ساڵ ژیاون. ئەو کات ژیان لەسەر وشکانیی هەر نەبوو. جارێ نە ماسی، نە شیردەرەکان و نە خشۆکەکان دەرنەکەوتبوون. هەشت پێ ئەوکاتە، بچووک بوون و لە ناو قاوغێکدا دەژیان، خۆیان پێ لە زیندەوەوانی دیکە دەپاراست. بەر لە ١٤٠ ملیۆن ساڵ ئەو هێڵەی هەشت پێی لێوە پەیدا بوو قاوغەکەی فڕێدا و لەشێکی نەرم و لووسی مایەوە. کەچی لە نێوەندی ئەو هەموو دڕندە و دوژمنانەیدا، توانی بمێنێت و زۆریش زیاد بکەن


نهێنی مانەوەی هەشت پێ بۆ ١٤٠ ملیۆن ساڵ بۆ چەند هۆیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە. لەشی هەشت پێ هێندە نەرمە لە هەموو کونج و کەلێنێکدا دەتوانێ جێی خۆی بکاتەوە، هەر کونێک تۆزێک لە بۆڵووی چاوی گەورەتر بێت دەتوانێ پێیدا بڕوات، یان خۆی تێدا بشارێتەوە. جگە لەوەش، ڕەنگ و شێوە گۆڕینی پێستی هێندە کارا و سەیرە هیچ بوونەوەرێکی دیکە وەک ئەوی پێ ناکرێ. لەسەر وشکانی چەند جۆرێکی دیکەی گیانلەبەر هەن دەتوانن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەوان بە دەرکردنی هۆرمۆن بۆ ناو خوێن، ڕەنگی پێست دەگۆڕن، کاری هۆرمۆنیش ٢٠ چرکەی دەوێ تا دەردەکەوێ. هەشت پێ تەکنیکێکی زۆر جیاواز بۆ گۆڕینی ڕەنگی پێستی، بەکار دەهێنێت. لە ماوەی ٢٠٠ میللی چرکەدا ڕەنگی خۆی دەگۆڕێ. ١٠٠ ئەوەندە لەوانەی سەر وشکانیی خێراترە.


پێستی هەشت پێ، لە چوار چیندا گۆڕانکاری دەکات تا بتوانی لاسایی هەر ڕەنگ و شیوەیەکی دەورووبەری خۆی بکاتەوە. چینی یەکەمی، زبریی و لوسیی دروست دەکات. چینی دووەم خانەی ڕەش، سوور و زەردی تێدایە، چۆنی بیەوەێ دەتوانێ کونی خانە ڕەنگەکان بکاتەوە و ڕەنگەکە نیشانی دەرەوە بدات. بە کردنەوە و داخستنی هەر کۆمەڵە خانەیەک دەتوانێ شێوە و نەخشی جیا دروست بکات، ئایا خاڵ خاڵ، یان هێڵ هێڵ، یانیش تێکەڵ ... هتد.  خۆ ئەگەر ویستی ڕەنگێکی دیکە جیالە ڕەش، سوور و زەرد دروست بکا، ئەوکاتە چینی سێیەمی پێستی بەکاردەهێنێ. لەوێدا هەندێ پرۆتین ڕیزکراون کاریان پەرش کردنەوەی ڕەنگەکانە بۆ دەرەوە. بەو پرۆتینانە ڕەنگە جوانەکانی شینی کانزایی و سەوزی کانزایی دروست دەکەن. بە پێی جووڵەی پێست و خانەکانی دەتوانن کام ڕەنگەیان بوێ بیدەنەوە دەرەوە. لە ژێر ئەو توێژەیشدا، توێژێ چوارەمی خانەکان هەیە وەکو ئاوێنە کاردەکەن، ڕووناکی دەدەنەوە دەرەوە. بە تێکەڵ کردنی کاری هەر چوار چینەکەی پێستی، هەر ڕەنگ و شێوەیەکی مەبەستی بێ، دروستی دەکا


چاوی هەموو جۆرەکانی هەشت پێ ڕەنگەکان لێک جیاناکاتەوە. واتا هەندێکیان کوێرە ڕەنگن. بەڵام دیسانەوە بە بەکارهێنانی خانەکانی پێستی ڕەنگی دەورووبەری دەبینێ


بە پیی بیردۆزی گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێش چوون (التطور) ی داروین، ئێمە و هەشت پێ بەر لە ٦٠٠ ملیۆن ساڵ لە بوونەوەرێکی زۆر سادەی کرم ئاسا لێک جیا بووینەتەوە. جگە لە کۆئەندامێکی زۆر سادەی دەمار، مێشک، یان، ژیریی نەبووە. بە تێپەڕبوونی کات هەتا باپیرەگەورەکانی ئێمە دەرکەوتن، باپیرەگەورەکانی هەشت پێ، مێشکیان پەیدا بووبوو


لە توێژینەوەی زاناکانی زیندەوەرزانیی لەبارەی توانای هەشت پێ، بۆیان دەرکەوتووە، هەشت پێ هەندێ سیفاتی پلان دانانیشی هەیە. بۆ نمونە، توێکڵی گوێزی هیندی لەگەڵ خۆی دەگوازێتەوە، چونکە دەزانی دواتر بۆ خۆ حەشاردان، پێویستیی پێی دەبێت. ئەوە نیشانەی ئەوەیە دەتوانێ تێبگا ڕووداوە کۆنەکان، کردارەکانی ئێستا و ڕووداوی ئاییندە لەیەک گرێدراون. کەم گیانلەبەر هەیە ئەو سیفاتانەی هەبێ.