نانۆ بە واتای زۆر بچووک دێت، چونکە یەک نانۆ دەکاتە ١ لەسەر ٩ هەزاری مەترێک، واتا مەترێک بکەینە ٩ هەزار بەش، تەنیا یەک بەشی وەرگرین ئەوە ١ نانۆ مەترە. هەمان شت بۆ کیلۆ، کێش، بارستە و هێز ... هتد، هەر راستە. ئەستووری کاغەزی رۆژنامە ١٠٠ هەزار نانۆ مەترە، یەک مووی قژی مرۆڤ سەروو ٨٠ هەزار نانۆ مەتر ئەستوورە
ریچارد فێیمان، زانای فیزیای ئەمەریکایی لە ساڵی ١٩٥٩ لە وانەیەکیدا بە ناوی (بۆشایی زۆر لە ناوێدا هەیە) لە زانکۆی کالتێک (لە بەناوبانگترین زانکۆکانی فیزیا و گەردوونناسیی جیهانە)، بۆ یەکەم جار باسی کۆنترۆڵ کردنی یەک ئەتۆم یان یەک گەردیلەی کردووە، ئەوە زۆر پێش ئەوەیە ناوی نانۆ تێکنۆلۆجی بەکاربێت
فێیمان خۆی باوکی هەموو فیزیای میکانیکی کوانتەمە، ئەوەشیان بوارێکی گەلێک قووڵ و قورسی فیزیایە، تەنیا لە جیهانی بچووکی ئەتۆم و گەردیلەکان دەدوێ و دەکۆڵێتەوە. بەڵام زانستێکە هەتا بڵێی ئایندە گەش و هیوا بەخشە بۆ مرۆڤایەتیی
نانۆ تێکنۆلۆجی توانای بینین و بەکارهێنانی یەک ئەتۆم یان گەردیلەیە، بەڵام ئەندازیاریی سیستەمە بچووکەکانی ئاستی ئەتۆمیش دەگرێتەوە. هەموو شتێک لە جیهاندا لە گەردیلەکان پێکدێن، جا چ لەشی مرۆڤ خۆی، خوارن و خوارندەوە، خانوو و باڵەخانەکان، جل و بەرگ و هتد. هەر شتێک بیبینین لە گەردیلە پێکهاتووە. گەردیلەش هێندە چووکەڵەیە خۆ بە چاو نابینرێ، هەتا سەرەتاکانی ٨٠ کانی سەدەی رابردوو تەنانەت مایکرۆسکۆپێش نەبوو ئەو گەردیلەو تەنۆلکە بچووکانەی گەردیلە ببینێ
لەگەڵ داهێنانی مایکرۆسکۆپی ئەلکترۆنی سەردەمی نانۆ تێکنۆلۆجیش لەدایک بوو. زانستێکە لە بوارێکی زۆر بچووکدا دەبێ کار بکات، بچووکترین شێوازی ژیان لە سەر زەوی، بەکتیریای مایکۆپلازمایە کە تەنیا ٢٠٠ نانۆ مەتر قەبارەیەتی. بەپێی پێناسەی دەزگای نەتەوەیی ئەمەریکا، هەر سیستەمێک یان ئامرازێک لە مەودای ١ بۆ ١٠٠ نانۆ مەتردا کار بکات ئەوا بە نانۆ تێکنۆلۆجی لە قەڵەم دەدرێت
نزیکەی ٦٠ وڵاتی جیهان وەبەرهێنانیان لە نانۆ تێکنۆلۆجیدا کردووە، لەنێوان ساڵی ١٩٧٠ بۆ ٢٠١١ تەنیا کۆمپانیای سامسۆنگ ٢٥٧٨ داهێنانی لە نانۆ تێکنۆلۆجیدا تۆمارکردووە. ئەکادیمیای روسیایی زانست، ئەکادیمیای زانستیی چین دوو لە پێشترین دامەزراوەی جیهانن بۆ تۆمارکردنی داهێنانی نوێ لەو بوارەدا
مرۆڤ یان مرۆڤایەتیی چۆن سوود لەوە وەردەگرێت؟
ئێستا نانۆ تێکنۆلۆجی لە هەموو بوارێکی ژیاندا دەستی هەیە، بەرهەمە پیشەسازییەکان باشتر کراون، تەمەنیان درێژترە، کەریگەرییان چاکتر کراوە، توند و تۆڵ تر و بەهێز ترن. بۆ نموونە بۆندی نێوان گەردیلەکانی کاربۆن یەکجار بەهێزن، دەتوانین پەتێک وەک بۆڕییەکی زۆر بچووک بە لەسەر یەک دانانی گەردیلەکانی کاربۆن دروست بکەین کە سەدان هێندەی ئاسن بە هێز بێت، ئیدی پێویستمان بە مووشەک نامێنێت بۆ ئەوەی مانگێکی دەستکرد بنێرینە خوولگەی زەوی، بەو پەتە لە سەرەوە هەڵیدەکێشین تا دەگاتە شوێنی مەبەست. ئەگەر نەخۆش کەوتین دەرمان ناخۆین، بەپێی پێویست دەرمانەکە بە نانۆ رۆبۆتێک دەینێرینە ئەو شوێنەی لەلەشدا دەیەوێ، ئامێرەکانی نانۆ یان باشتر وایە بڵێین رۆبۆتە نانۆکان لە لەشدا ئەو کارەمان بۆ دەکەن، قەستەرەو بالۆن نامێنێت، یەک نانۆ رۆبۆت کۆتایی بە داخستنی خوێنبەر و خوێن هێنەکانی لەش دەهێنێت. فرە ترانزستەری نانۆ(مۆسفێت) و رامی کۆمپیوتەر و ئامێرەکان دروست دەکەین، بەوەش هەموو ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بچووک دەکەینەوە لە هەمان کاتدا توانایان چەندین بەرابەر زیاد دەبێت، ئەوانە و زۆری دیکەش، کە ئێستا هەر بە خەیاڵدا نایەت