گرێ کەچەڵ یان قوچە کەچەڵ

گرێ کەچەڵ (گردی کەچەڵ) یان قوچە کەچەڵ بە تورکی ناویان ناوە (کاراهان تەپە)، شوێنەوارێکی ناو کۆمەڵێک شوێنەواری ناوچەی هەررانە لە باکوور. کۆی هەموویان ١٢ شوێنەوارە و هەموویان لە چەند ساڵی دواییدا دۆزرانەوە و هەڵکۆڵینیان تێدا کراوە. هەرچی هەڵدرایەوە لەوانی دیکە جوانتر، سەرسامکەر تر و پڕ ئەندازەتر دروستکرابوو. لە ڕووی زانستی شوێنەوارناسییەوە، هەموو ئەو شوێنەوارانە ئەستەمە هەبن، کەچی ئەوەتا لەسەر خاکی کوردستانن. هەموو ئەو شوێنەوارانە پێکەوە ناویان نراوە (بەردە گردەکان - بەتورکی تاش تەپەلەر)

 

ئەو شوێنەوارە مەزنە پێکهاتەیەکی شێوە بازنەیی تێدایە. دیوارەکانی لە بەردی ئەو شوێنە داتاشراوە. گرێ کەچەڵ هیچی لە گرێ مرازا/گرێ مرازان و کۆتێ بەرچەم کەمتر نییە. بەردی شاخ هەر لە شوێنی خۆی هەڵکۆڵدراوە و شێوەی کەمێک سەیری سەری شەیتان، مرۆڤ و خوایان لەسەر نەخشێندراوە. ١١ بەردی قیتکراو لە شێوەی ئەندامی نێرینەی مرۆڤ لە نیمچە ژوورێکی سەر بەتاڵ داتاشراون. هەر لە هەمان بەردەکانەوە و لە دیوارێکی بەرانبەریانەوە، سەرێکی دیکەی شێوە شەیتان (بە ئینگلیزی گارگۆیل) بە تووڕەیی دەڕوانێتە ئەو ١١ ستوونە، داتاشراوە. ماوەی ١١٠٠ سەدەیە، یەکەم جارە ئاسمانیان لێ ڕوون دەبێتەوە. شوێنەوارەکە بۆ سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی دەگەڕێتەوە و تەمەنی ١١٤٠٠ ساڵە

 

گرێ کەچەڵ لە دەشتی هەرران لە نێوان ماردین و غازی عەنتابە و نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە گرێ مرازا دوورە. دەکەوێتە ناو گردەکانی دامێنی چیاکانی تەکتەک، سەر بە شارەوانی شانلیئورفەیە (ئێدیسا ناوە کۆنەکەیەتی). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٦٠ هەزار مەتر دووجایە. گرێ کەچەڵ هاوتەمەنی گرێ مرازایە. ئەو کاتە کشتوکاڵ دەرنەکەوتبوو، هیچ بناغەی شارستانییەت لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی جیهاندا دانەندرابوو. هەر نەبێ ٦٠٠٠ ساڵ لە کۆنترین پەرستگای بە بەرد دروستکراوی جیهان (بە ناوی گگانتیا)، کە لە دوورگەی مالتا دۆزرابووەوە، کۆنترە. قووچەکەکانی میسر لەچاو ئەوانەدا، جارێ ساوان. دۆزینەوەکانی هەرران مەزنترین دۆزینەوەی شوێنەوارییە تا ئێستە مرۆڤ پێی گەیشتبێ

 

خەڵکی ناوچەی گرێ مرازا لە باب و باپیرانەوە بۆیان مابووەوە، پێیان گووتراوە ئەو گردە پیرۆزە. کەس نەیدەزانی بۆ پیرۆزە. تا لە ساڵی ١٩٩٤ جووتیارێکی بەستەزمانی هەژار بە ناوی مەحمود کیلیج لە گوندەکەی خۆیەوە بە ناوی خڕابرێشک، چووە سەر ئەو گردە تا بۆ کشتوکاڵ بیکێڵێ، گاسنەکەی لە بەردێک گیربوو. دوای هەندێ هەڵکۆڵین، دیتی ئەو بەردە تەنیا نییە. ئاوا ئەو شوێنەوارە دۆزرایەوە. ئینجا بە دوایدا هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە دەرکەوتن. گرێ کەچەڵ لە ساڵی ١٩٩٧ەوە ناسرابوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٠ ڕووماڵی بۆ کراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١١ جارێکی دیکە ڕووماڵ و هەڵکۆڵینی لێ کراوەتەوە

 

ئەو سەرهێشەیەی ئەو شوێنەوارانە بۆ مێژوو و شوێنەوارناسان دروستیان کردووە ئەوەیە، تا ئێستە هەموو مرۆڤایەتی پێی وابوو کشتوکاڵ هۆکاری جێگیربوونی ڕاوچییە کۆچبەرەکان بووە. بە واتای ئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی چاخی بەردین، بەر لە شۆڕشی کشتوکاڵ، نیشتەجێی هەمیشەییان نەبووە. هەر جارە و لە شوێنێک ڕاویان کردووە و ماونەتەوە. خانوویان بۆ ژیان نەبووە. کەچی ئەوەی شوێنەوارەکانی وەکو گرێ مرازا، گرێ فیلە، گرێ کەچەڵ و گرێ چەتاڵ نیشانی دەدەن، پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە بوون

 

باوەڕ وایە ئەوانەی ئەو شوێنەوارانەیان دروست کردووە هەر لەوێ ژیاون. ڕاستە ڕەنگە شوێنەوارەکان پەرستگا بووبن، بەڵام ژیانی خەڵکی لەگەڵ بووە. دۆزراوەی ئامرازی بەردینی سەردەمی چاخی بەردین لە گرێ کەچەڵ بەڵگەی هەبوونی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانە لەو شوێنەدا. بەردە شووشە، بەردی ڕوبار و بەردی دیکەی شیاو بۆ دروستکردنی ئامرازەکان لەوێ دۆزراونەتەوە. سەرچاوەی هەندێک لەو بەردانە چەند سەد مەترێک دوورە. سەرچاوەی بەردی بازلتیش تەنیا ١٥ کیلۆمەتر دوورە. لەسەر گردەکە، هەر مەتر دووجایەک ٥٠ ئامرازەبەردی جۆری (فلینت)ی لێ دەدۆزرێتەوە

 

پشکنینی بەردەکانی لایمستۆن و پێکهاتەی ئەو شوێنە دەیسەلمێنێ گرێ کەچەڵ نیشتەجێیەکی مرۆڤ بووە. تاکە شوێن لە گەورەیی نیشتەجێیەکەدا لەگەڵ گرێ کەچەڵ بەراورد بکرێ، تەنیا گرێ مرازایە، کە ٣ ئەوەندەی گرێ کەچەڵە. لەبەر نزیکیی لە دەشتاییەکانی هەرران، کە لەوەڕگای باشن، لەوانەیە شوێنەکەی گرێ کەچەڵ بۆ ڕاو و تەڵە نانەوە، نموونەیی بووبێت

 

کۆی دۆزراوەکانی گرێ کەچەڵ، ٦١٧ پارچە ئامرازی بەردە، ٢٧٤ بەڵگەی تەلارسازیی کە ٢٦٦یان ستوونە بەردەکان بوون. زۆربەی ئەو پارچانە وەکو خۆیان ماونەتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێیەکەی ئەو گردە، بەر لە دەستپێکردنی هەڵکۆڵینەکان ستوونی دیکەی بەرد دیاربوون ٥٠ تا ٦٠ سانتیمەتریان لە زەوی هاتووەتە دەر، ئەوی دیکەیان لە ژێر ڕووی زەوی بووە. بەرزی ئەو ستوونانە ١ تا ٢ مەترە، ئەستووریی ٢٠ بۆ ٢٥ سانتیمەترە، پانیشیان لە نێوان ٥٠ تا ٩٠ سانتیمەترە

 

دەفری گەورەی لەبەرد دروستکراو جێی سەرسووڕمانە. هەیانە تا ٨٠ سانتیمەتر تیرەیەتی و بە تەواوی لەبەرد دروستکراوە، تەنانەت لێواریشی هەیە. بڕوانە  خوولەکی ١٠ لە ڤیدیۆی یوتیوب لە


 https://www.youtube.com/watch?v=Pr6jMNgZk_w&t=718s

هەرچەندی گەڕام نەمتوانی زانیاری زۆرتر سەبارەت بەو دەفرانە بدۆزمەوە


سەرچاوە

https://www.researchgate.net/publication/272651020   و      http://www.saradistribution.com/karahan.tepe.htm   و  https://www.haaretz.com/archaeology/2022-06-23/ty-article-magazine/where-did-agriculture-begin-in-turkey-10-500-years-ago/00000181-8fbe-d376-a1cf-efbf7f920000

 

لە ساڵی ١٩٩٧ بەردێکی هاوشێوەی ستوونەکانی گرێ کەچەڵ لەسەر زەوی دۆزرایەوە. ئەو بەردە گەورەیە جارێ نەخراوەتە شوێنی خۆی، هەر وا لەسەر زەوی پاڵخراوە. بڕوانە وێنەی ٦ لە لاپەڕە ١٠. بەرزی ئەو بەردە ٤ مەتر و نیو، پانییەکەی ١ مەتر و نیوە. هەروەک لەو وێنەیەدا دیارە، ئەو بەردەی لەوێ پاڵخراوە لە شاخەکەوە بڕدراوە، ئاوا کاریان لەسەر کردووە تا کردوویانە بە شێوەی (پیتی تی ئینگلیزی) و نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵیوە و ئینجا بۆ خوارتر بردوویانە و بە پێوە داندراوە. سەرچاوەی بەردەکان هەر هەمان ئەو شاخەیە لەوێیە. بەردەکە لە لێواری پەرستگاکە داندراوە، بە تەواوبوونی دەبرێتە شوێنی دیاریکراوی خۆی. لە هەموو شوێنەواری گرێ کەچەڵ، لەو بەردەی گەورەتر تێدا نییە

 

ستوونەکانی گرێ کەچەڵ وەکو ئەوانەی گرێ مرازا نەخشیان لەسەرە. دوو تەنیشتی ئەو ستوونانە شێوەی ماریان لەسەر هەڵکۆڵراوە. دەورووبەری مارەکە تاشراوە و لەشی مارەکە لە لەشی بەردەکە هاتووەتە دەرەوە. یەکێکی دیکەیان نەخشی هێڵ هێڵی ڕاست و چەپی لە سەرە. ئەوی دیکەیان شێوەی باڵندەیەکی لەسەر دروستکراوە. دوو ستوونی دیکە لە تەنیشتەکانەوە وەکو دەستی مرۆڤ دروست کراوە و هاتووەتە پێشەوەی ستوونەکە

 

کەمێک لەولاتری شوێنەوارەکە دوو ستوونی دیکە هەن ١ مەترو نیو نێوانیانە، وێنەی مارێکی ٧٠ سانتیمەتر درێژ بە سەرێکی پان و لەشی لوولخواردوویان، لەسەر لایەکیان دروستکراوە. هەمان ئەو شێوەیە لەسەر بەردەکانی گرێ مرازا و شوێنەواری جرف الاحمر لە باکووری سووریا (باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج)، هەن. ستوونێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١١ دۆزرایەوە نەخشی ماری لەسەرە، نەخشەکە یان تەواو نەکراوە یان ڕووتاوەتەوە، زۆر بە زەحمەت لێک جیا دەکرێتەوە. تەنیا سەری مارەکە سێگۆشیەکە بە باشی دیارە

 

جگە لەو ستوونانەی هەبوون، پارچە بەردی گەورەی شکاو هەبوون هەمەجۆرەی نەخشیان لەسەر دروستکراوە. هەیە بەشێک لە لەشی ئاژەڵی لەسەرە، تەواو دیار نییە چییە. بەردێکی دیکە هەیە لە شێوەی مرۆڤ قاچ و دەستەکانی دروست کراوە، دوایی لە پێشەوە ئەندامی نێرینەی دروست کراوە

 

لە شێوەی  پێکهاتەکان و ئەو نەخشانەی لەسەریانە، وادیارە دروستکردنی پەرستگا و نیشتەجێی گرێ کەچەڵ لەگەڵ ئاستی دووی گرێ مرازا هاوچەرخ بووبن. هەردووکیان لە یەک کاتدا دروستکراون. شێوەی ئاژەڵی دیکە وەکو سەری کەروێشک، دوو قاچی پشتەوەی کەروێشک، کلکی ئاسک و قاچی پشتەوەی ئاژەڵێکی دیکەی نەناسراو لەسەر بەردی دیکە هەن. ستوونێکی دیکە هەیە قاچی ئاژەڵێک لە هەردوو تەنیشتییەوە دیارە. هەر لەو شوێنەدا پەیکەرێکی بەرد هەیە لە شێوەی مرۆڤ دەچێ، دەستی بە ئەندامی نێرینەی خۆیەوەیەتی. هەمان پەیکەر لە گرێ مرازا و یانح مەحەل دۆزراوەتەوە

 

لەو ٦١٧ پارچە بچووکانەی لە گرێ کەچەڵ دۆزراونەتەوە ٤ پارچە بەردی بازەلت هەیە. ٧ پارچە بەردی ڕووبار لە شێوەی تەور تاشراوە، هەیە. لەوانیش سەرجڕاکێشتر ٦ پارچە دەفری لەبەرد دروستکراو، لەگەڵ ٧ موورووی بەرد و پارچەیەکی دیکەی باش نەناسراو هەن. زۆربەی ئامرازە بەردەکانی هەبوون بڕەرن، بۆ گۆشت داماڵین و بڕین بەکارهاتوون درێژییەکانیان لە نێوان ٢.١ تا ٤ سانتیمەتر بوون و پانیشیان ٣.٧ تا ٢.٥ سانتیمەتر بوون

 

کۆی ١٩٤ پارچە بەرد هەبوون وەکو سەرە تیر بەکارهاتوون دۆزرانەوە، واتا سەروو ٦٦٪ لە هەموو ئامرازە بەردەکانە. سێ جۆر لەو سەرە تیرانە هەبوون ناویان (نەمریک، بیبلۆس و ئەسوەدە)، ئەو جۆرانە لە ناوچەی دیکەی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست و لێڤانت دۆزراونەتەوە وەکو گرێ مرازا، نەوالی چۆری لە باکوور و نەمریک، گینینگ و قرمز دارە لە عێراق. ڕێژەی سەرە تیرەکان لە گرێ مرازا تەنیا ٢٠٪ بووە. ٥٠ پارچەشیان بەردەشووشە بوون

 

لە نزیک پەرستگاکە، لەسەر بەردی زەوی شوێنەکە چەندین وردە چاڵ هەن. دیارە ئەو شوێنانە لەو بەردە هەڵکۆڵدراون. لەبەر نەبوونی کشتوکاڵ لەو کاتەدا، ناتوانرێ بگوترێ بۆ دانەوێڵە کوتان بووە. بەڵام دەکرێ بۆ کوتان و وردکردنی تۆوی ڕووەکی دیکە بەکارهاتبێ. وێنەی ٥ لە لاپەڕە ١٠ی سەرچاوەکە ببینە. کۆی ئەو چاڵانە نزیکەی ٢٠ دانەیە

 

ئەوەی لە دۆزینەوەکانی گرێ کەچەڵ بەدەستی دێنین ئەوەیە مرۆڤی کۆن لەو ناوچەیە ژیاوە و ئەو شوێنەوارە بە نرخانەیان بۆ بەجێهێشتووین. هەرچەندە مەزەندەی ئێستە ئەوەیە گرێ کەچەڵ وەکو گرێ مرازا پەرستگا بووبێ، بەڵام بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە وابووبێ. بەپێی ڕای نەجمی کارول، پسپۆری مێژووی کۆن لە زانکۆی ئەستەنبوڵ و بەڕێوەبەری هەڵکۆڵینەکانی گرێ کەچەڵ بێ ئەو شوێنەوارە لەگەڵ شوێنەوارەکانی دیکە بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر ئەو ناوچەیان تەنیوە. گرێ کەچەڵ نیشتەجێی مرۆڤ بووە

 

ئاستی ئەندازیاریی، نەخشەسازیی و بەردتاشین ئەوەندە بەرزە کەسی دیکە لە جیهاندا وەک ئەوان نەبووە و هیچی هاوشێوەی بەجێنەهێشتووە. قورسایی هەندێک بەردەکانی گرێ مرازا تا ٥٠ تۆنن، بەڵام ئەوانەی گرێ کەچەڵ لە هیچ شوێنێکی نووسینەکانی خویندمنەوە باسی ناکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت تا ١٠ تۆن دەبن. دەبێ کام شارەزایی و کارامەیی ئەو بەردانەی تاشیبێ و گواستبێتەوە، دواتریش بە پێوە داینابن؟ کام تەکنیک و ئامرازانە ئەو بەردانەیان تاشیوە و هەمەجۆرەی نەخشیان لەسەر کردوون؟ مەتەڵی گرێ مرازا و گرێ کەچەڵ هیچ لەوانەی میسر کەمتر نین

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/272651020  و  http://www.saradistribution.com/karahan.tepe.htm