مرۆڤی ئازاد لە لیبراڵیزمدا

باوەڕی لیبراڵیزم وایە مرۆڤ لە بڕیارەکانی خۆی ئازادە ، بۆیە دەتوانێ بێ هیچ کاریگەرییەک بڕیار بدات. بە هەمان شێوە، مرۆڤ هەستی هەیە تا لە چواردەوری خۆی تێبگات. بەڵام ئەو دوو سیفاتەی مرۆڤ نە سیفاتی نوێن و نە سروشتییشن. بۆ هەزاران ساڵ خەڵکی سەر ڕووی زەوی پێیان وابوو هەموو دەسەڵاتەکان لە یاساکانی خواوە سەرچاوە دەگرن، نەک لە دڵی مرۆڤەوە. بۆیە دەبێ خوا و یاساکانی بە پیرۆز دانێین، نەک ئازادیی مرۆڤ. ئەوە تەنیا لە چەند سەدەی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هات و سەرچاوەی دەسەڵات هاتە لای گۆشت و ئێسقان (مرۆڤ)


دوور نییە، لە چەند ساڵی داهاتوودا (لەوانەیە لە ئاییندەی دوور) دیسانەوە دەسەڵات لە دەست مرۆڤەوە بۆ لۆگاریتمەکان بخلیسکێ. هەروەک چۆن دەسەڵاتی خوا بە چیرۆکە ئایینییەکان شوێن پێی خۆی قایم کردبوو، ئینجا دەسەڵاتی مرۆڤ بە چیرۆکی لیبراڵیزم تا دەهات خۆی دەچەقاند، ئاوایش دەکرێ دەسەڵاتی لۆگاریتم و داتا کۆکراوە مەزنەکان بە تەکنۆلۆجیای نوێ دابمەزرێ و ڕەگ و ڕێشە داکوتێ. ئازادیی مرۆڤ هەر لە بیری کەسدا نەمێنێ


کاتێک مشک، مەیمون، یان، مرۆڤ مارێک دەبینێ، ترس دەردەکەوێ. چونکە چەند ملیۆن خانەی مێشک و کۆئەندامی دەمار بە خێرایی کار دەکەن تا بە پێی زانیارییەکانی لە چاوەکانەوە دەگاتە مێشک، لێکدانەوەی ئەگەری بەرزی مردن بکات. ئارەزووی جووت بوونیش لە ئەنجامی کاری چەندین لۆگاریتمی کارلێکی کیمیاوی ناو جەستە پەیدا دەبێت تا لێکدانەوە بۆ ئەگەری پێوەندییەکی باش و وەچە خستنەوە بکات. هەرچی هەستەکانی دیکەی وەکو تووڕەبوون، نا ئارامیی و بەخشینیشە لە هەندێ میکانیزمی کۆئەندامی دەمارەوە دێ، کە بۆ هاوکاریکردن و هاوئاهەنگی یەکتریی، دروست بوون. هەموو ئەو لۆگاریتمانەی ناو جەستەمان بە درێژایی چەند ملیۆن ساڵێک وردەوردە تا بوونەتە ئەو جۆرە هەستانەی ناو ناخمان، داتاشراون


دەبێ لەوە تێبگەین، هەستەکانمان ئەنجامی لێکدانەوەی مێشک و کۆئەندامی دەمارن. خێرایی ئەو لێکدانەوەیە لە توانای ئاگایی خۆمان بەدەرە، کاری ئەو چەند ملیۆن خانەیەی ناو مێشک بۆ لێکدانەوەی مان و نەمان و وەچە خستنەوە، لە هەست پێکردنییان بەدەرە. بۆیە وای دەبینین کە ترسمان لە مار، ئارەزووی جووت بوونمان و سێکس کردن، یان، چۆن لە یەکێتی ئەوروپا دەڕوانین، هەمووی لە بیری ئازادی خۆمانەوە دێن. بەڵام لیبراڵیزم لەوەدا هەڵەیە، چونکە هەستەکانمان بە ئارەزووی ئازادانەی خۆمان دروست نابن، لێکدانەوەی لۆگاریتمەکانی جەستەن. ئەگەرچی تا ئەمڕۆ بڕیاری ئازادانەی مرۆڤ گونجاو بوو، هەر بەویش بڕیاری خوێندنی بوارێکمان دەدا، هاوسەرمان هەڵدەبژارد و لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگمان بە حزبەکەی خۆمان دەدا. هیچ سیستەمێکی دەرەکی نەبوو خۆم لە خۆم باشتر بناسێ


لەسەر بنەمای ئەوەی خۆم باشتر خۆم دەناسم، پێناسەی بڕیاری ئازادانەی مرۆڤمان دەکرد. چونکە هەستەکان و بڕیارەکانمان تەنیا بە کاریگەرییەکانی ناخمان دروست دەبوون، کەس لەدەرەوەی جەستە نەیدەبینین. بۆیە لیبراڵیزم لەوەیان ڕاست بوو کاتێک دەیگوت بە دوای هەستەکانتان بکەون، یان، گوێ لە دڵتان بگرن نەک لە قسەی قەشەیەک و هاوڕێی حزبیی. بەڵام ئەو بۆچوونەی لیبراڵیزم بەرەو نەمان هەنگاو دەنێ. کۆمپیوتەر و لۆگاریتمەکانی دەتوانن چاودێری چڕی مرۆڤ بکەن. بە دانانی کامێرایەک لەسەر تەلەفزیۆن، کۆمپانیای پەخش و دروستکەری فیلمەکان دەتوانن بزانن لە کام دیمەنی فیلم، دەموچاوت گرژ بوو، کەی پێکەنینت هات و کەی هەستەکانت جووڵان. جاران بە هۆی ئامێری تەلەفزیۆن، شوێنی دوورت دەبینی. لەمەودوا، بە هۆی ئامێری تەلەفزیۆنەوە، لە دوورەوە دەتبینن و هەڵتدەسەنگێنن


خۆ خڵەتاندنمان بەوەی خاوەن بڕیاری ئازادین بەرەبەرە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیا، دامودەزگەی حکوومەت و ناوەندەکانی بازرگانیی دەشکێتەوە. ئەوان دەبنە خاوەن لۆگاریتمە هەرە گەورەکان و پشت بە داتای زەبەلاحی هەموو کۆمەڵگە و وڵات دەبەستن. بەو ئامرازانە دەتوانن بەرلەوەی خۆمان بزانین بڕیارمان چی دەبێ، ئەوان بزانن. کۆنترۆڵی تەواوی بڕیارەکانمان دەکەوێتە دەست ئەوان، دەزانن چی بکەن تا بە ویستی ئەوان بڕیار بدەین، لای ئێمەیش وایە بە ئازادی بڕیاری خۆمان داوە


بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی هەردوو بواری تەکنۆلۆجیای زانیاریی و زیندەیی، لیبراڵیزم ئەو تین و گەشەیەی نامێنێ. کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی لیبرالیزم مرۆڤی ئازادە، ئازاد لە هەموو بوارێکدا، لە ناویاندا بڕیاردان. بەڵام بڕیاردان هەرگیز نە تەواو ئازاد بووە و نە ئازادیش دەبێت ئاسۆیەکەیشی هەرگیز بەو ئاراستەیەدا ناڕوات. پێمان وابووە ئازادە. لەبەرئەوەی مرۆڤ ئازاد نامێنێ (ئەگەرچی بە لایەنە زانستییەکەیدا، هەرگیز ئازاد نەبووە)، کەواتە کۆڵەکەی لیبراڵیزم دەڕووخێ. بە ڕووخانی ئەو کۆڵەکەیەیشی، سیستەمەکە لەق دەبێ. ئەوکات تێڕوانینمان بۆی، تەواو دەگۆڕێ.