تەپۆلکەی گۆدین شوێنەوارێکی زۆر پڕبایەخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دەکەوێتە دۆڵی کەنگەوەڕی ڕۆژئاوای شاری کرماشان. لە نیوەی ڕێگای نێوان کرماشان و هەمەداندایە. ئەوەی ماوە نزیکەی ١٥ هەزار مەتر دووجایە. ڕووبارەکەی تەنیشتی لە نێوان ساڵانی ٧٥٠ بۆ ١٤٠٠ بەر لەزایین، بە تەواویی لای باکووری داڕماندووە و بەرەبەرە دایخوراندووە. ٣٢ مەتر لە دەورەی خۆی بەرزترە. لە ساڵی ١٩٦١ لە لایەن زانکۆی پەنسلڤینیاوە دۆزراوەتەوە و لە نێوان ١٩٦٥ تا ١٩٧٣ لە لایەن تیمێکی مۆزەخانەی شاهانەی ئۆنتاریۆی کەنەداوە، کنە و پشکنینی بۆ کراوە.
ڕەنگە بایەخی ئەو شوێنە لەبەرئەوە زۆر بووە چونکە لە سەر سنووری تۆڕی بازرگانیی میسۆپۆتامیا بووە، ئەو کاتە لە ئەفگانستانەوە بەردی لازورد بۆ میسۆپتامیا دەهات. شوێنەوارەکە لە ساڵی ٥٢٠٠ی بەر لە زایین ئاوەدان بووە، ئەوە لە چینی شەش بۆ هەشت دەسەلمێندرێ. بە گشتیی چینی دووەم (ساڵی ٥٠٠ بەر لە زایین) تا چینی پێنجەم (ساڵی ٣٢٠٠ تا ٣٠٠٠ بەر لەزایین) بایەخی زۆریان پێدرا.
لە گردی گۆدین ١١ کەلتووری جیاواز دەستنیشان کراوە. چینەکانی ٧ تا ١١ تەنیا دوو چاڵی تاقیکردنەوەیان هەبووە، چونکە توێژینەوە لەو سەردەمە لە گردی (سە گابی-نێوە کوردییەکەیم نەدۆزییەوە) نزیک گۆدین تەپە کرا، بۆیە لە گۆدین دووبارە نەکرایەوە. گڵسازیی تەپۆلکەی گۆدین سەر بە کەلتووری گڵسازیی حەلەفە. هەیەتی کاریگەریی کەلتووری دەڵمای بەسەرەوە هەیە و تەواو لەو بابەتانە دەچێ لە ناوچەی دەریاچەی ورمێ دۆزراونەتەوە. چینی هەشتی گۆدین، لەگەڵ کەلتووری گڵسازیی عوبەید، یەکدەگرێتەوە. چینی شەش و حەوت، لە هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین هەبوون. ئەوکاتە بنچینەکانی شارستانییەتی مرۆڤی ئێستە دادەکوترا، سەرۆک وپاشایەکان دەسەڵاتی فەرمان دەرکردنیان هەبوو، باج داندرا، چینەکانی کۆمەڵگە دەرکەوتن، خەسڵەتەکانی ئابووریی تاک، دەرکەوتن، نووسین داهێندرا، سەرەتای سوپا پێکهێنان بوو و ژیانی شار هاتە ئارا.
لە خانووی ژمارە ١٨دا، گۆزەیەکی شکاو دۆزرایەوە. تا ساڵی ١٩٩١ نەدەزانرا ئەو گۆزەیە بۆچی بەکارهاتووە. بەڵام لەو ساڵەدا شوێنەواری ترشبوونی جۆ و ئایۆنی ئەکسالاتی کالسیۆم لەسەر دیواری ناوەوەی پارچەکانی ئەو گۆزەیە دۆزرایەوە. ئەوە بەڵگەیە ئەو گۆزەیە جۆی تێدابووە و ترشێنراوە. لەهەمان ژووردا دەنکە جۆی سووتاو دۆزرایەوە دیارە پاشماوەی ئامادەکردنی جۆیە بەرلەوەی هەڵگیرێ. تەمەنی ئەو دەنکە جۆ و گۆزەیە بۆ نێوان ٣٥٠٠ تا ٣١٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەوە یەکەم جار بووە لە شوێنەوارێکدا بەڵگەی کحول بدۆزرێتەوە.
لە هەمان ژووردا، نزیکەی ٢٠٠٠ بەردی شێوە گۆ دۆزرانەوە، هیچ گومان نییە ئەوانە بۆ ژماردن دروستکراون و بەکارهاتوون. لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا سوودیان لێ وەرگیراوە. پێوەندی نێوان ئەوانەی لەو شوێنە ژیاون لەگەڵ نیشتەجێیەکانی دۆڵی کەنگەوەڕ توێژینەوە و گەڕانی زۆرتری دەوێ.
چینی ٥ نزیکەی ٥٠٠ مەتر دووجا ڕووبەری بووە. چەند پێکهاتە و خانوو و هۆڵ دەستنیشانکران. هەموویان بە دیوارێکی بەرزی شێوە هێلکەیی دەورەدرابوون، دیارە ئەوە وەکو شوورە بۆ خۆ پاراستن بووە. گڵسازیی چینی پێنجەم هاوتەریبی ئوروک ٤ و ئەکرۆپۆلی ژمارە ١٧ی شاری سوسەیە. خانوویەکی شێوە هێلکەیی لە ناوەڕاستی تەپۆلکەکە هەبووە، باوەڕ وایە سۆمەری یان ئیلامیی تێدا ژیابێ و بە خانووی دیکە دەورەدراوە و کەلتووری دانیشتووانی زاگرۆسیان تێدا بەجێماوە.
هەرچی چینی چواریشە، ڕووبەرەکەی سەروو ٥٠٠ مەتر دووجا بووە. کاریگەریی کەلتووری ڕۆژئاوای زاگرۆس و قەوقازی سەردەمی چاخی برۆنزی ١ ی بەسەرەوە دیارە. باشترین پاشماوەی ئەو سەردەمە لە شوێنەواری تازەکەند (فارس کردوویانە بە یانیغ تەپە و ئازاریش بە یانیک تەپە- لە جیهاندا هەر بە ناوە ئازارییەکەی بەناوبانگە) دۆزراوەتەوە. لەو چینەدا خانووی گوند، شوێنی کراوە بۆ هەندێ مەراسیم هەبووە، لە گۆدین دەرکەوتووە. هەر لەوکاتەیش، پیشەسازیی کانزا دەرکەوتووە. وا دیارە داگیرکاریی کەلتووری باکوور وایکردبێ خانووە هێلکەییەکە چۆڵ کرابێ، چونکە ئەو ڕێگەیەی بازرگانییکردنی لە نێوان میسۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتدا بڕیوە.
چینی سێیەمی گردەکە سەروو ٧٠٠ مەتر ڕووبەری بووە. ١١ مەتر ئەستوورە و بەردەوامیی هەبووە، هەمووی بۆ سەردەمی برۆنز دەگەڕێتەوە. ئەو چینە بۆ ٦ چینی لاوەکی دابەشکرا. هەرنەبێ خانووەکانی یەکێک لەو چینە لاوەکییانە بە بوومەلەرزە داڕماون. پێوەندی توندی لەگەڵ کەلتووری سوسە چینی دی و بانش مەلایان هەبووە. لەبەرئەوەی پێوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی لادێ و نیشتەجێیەکانی لوڕستاندا هەبووە، دیارە گۆدین لە ژێر دەسەڵاتی ئیلامییەکان بووە. ئەو کاتە گۆدین گەورەترین نیشتەجێی ئەو دۆڵە بووە. لەبەرئەوەی سەنتەری دروستکردنی گڵسازیی هەبووە و گۆشت لە لایەن دوکانێکی گۆشتفرۆش فرۆشراوە، ڕەنگە وەکو شار چاوی لێکرابێ، ئەو سەردەمە دەکەوێتە نێوان ساڵانی ٢٦٠٠ تا ١٥٠٠ پێش زایین. لە دوای ١٥٠٠ یان ١٤٠٠ بەر لە زایین، گۆدین جۆڵ کراوە و تا ساڵی ٧٥٠ پێش زایین، ئاوەدان نەبووە.
لە سەردەمی مادەکاندا یەک قەڵا بووە، نزیکەی ١٣٣ مەتر بە ٥٥ مەتر بووە. شوورەیەکی بەهێزی لە دەور هەبووە و سەردارێکی مادەکانی لێبووە. ئەو کاتە قەڵایەکە سێ ژووری هەبووە. هەر ژوورێک تاقی لە سێ دیواریدا هەبووە، و تەختی شاهانەی لە لای چوارەمیدا هەبووە. گەورەترینیان ٣٠ پایەی تێدا بووە. ٥ ڕیز بوون هەر ڕیزێک ٦ پایە بووە. ئەو کۆشکە لەوانەی شارستانییەتەکانی فارس لەسەردەمی چاخی ئاسن دەچن. هەمان شێوەی لە حەسەنلو دۆزراوەتەوە. دانیشتووانی ئەو قەڵایە لە کاتێکی نەزاندراودا چۆڵیان کردووە. دواتر لە نزیکەی ساڵی ٥٠٠ بەر لە زایین، ئەخمیەنییەکانی لێبووە.
سەرچاوەکان:
https://en.wikipedia.org/wiki/Godin_Tepe
www.iranicaonline.org/articles/godin
https://beer-studies.com/en/world-history/Birth-of-brewing/Archaic-beers/Godin-Tepe