گەردوون ووشەیەکە بەپێی بڕی ئەو زانیارییانەی هەبووە دروست بووە. بیردۆزە نوێیەکانی زانست، بە تایبەتیش فیزیا، ئەگەری هەبوونی زیاتر لە یەک گەردوون لەبەرچاو دەگرێ، هەیە دەڵێ چەند ملیار گەردوون لە یەک کاتدا هەیە. ئەوانەی لەگەڵ ئەو بیرۆدۆزەدان و ئەوانەی دژین بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان بەدەستەوە نییە. لێرەدا تەنیا گەردوونی خۆمان باس دەکەین و بیرۆکەی هەبوونی گەردوونی دیکە، لەبەرچاوان ناگرین.
بەپێی باشترین بیردۆزی زانست، گەردوون ١٣.٨ ملیار ساڵ لەمەوبەر لە تەقینەوەیەکی گەورەی بێ وێنەدا لە دایک بووە. دوای نزیکەی ٣٨٠ هەزار ساڵیش، یەکەم ئەستێرە دروست بووە و ڕووناکی بە گەردووندا بڵاو بووەتەوە. لەو کاتەوە گەردوون لە گەورەبووندایە، بۆیە دەبێ تا ئێستە سەروو ٩٠ ملیار ساڵی ڕووناکیی، تیرەی بێ. مەزەندە وایە گەردوونی ئێستەمان ١ سێپتیلیۆن (ژمارەی ئەمەریکایی) یان ١ کوادریلیۆن (ژمارەی ئەوروپایی) ئەستێرەی تێدا بێ. ئەو ژمارەیە واتا ١ و ٢٤ سفری لەبەردەمە.
دوای نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لە تەمەنی زانستی نوێ، تەواو لەوە تێگەیشتووین یاساکانی کیمیا و فیزیا لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی گەردووندا وەکو یەکن. دەتوانین ئەستێرە و گەلەئەستێرەی چەند ملیار ساڵێکی ڕووناکی دوور لێمانەوە، ببینین. بە تێڕوانینیان دەگەینە ئەو ئەنجامەی پێکهاتە و سووڕی تەمەنیان هەر وەکو خۆری خۆمانە و هەمان یاساکانی دەیانزانین، بۆ ئەوانیش ڕاستن. هەر ئەو ڕوانگانەی دەیانکەین ئێمەی گەیاندە ئەنجامی ئەوەی بزانین بەشێکی باش لە ئەستێرەکان هەسارەیان هەیە و ئەوانیش مانگیان بەدەوردا دەسووڕێتەوە. هەر یەک لەو هەسارانە جیهانێکی تایبەتە و پێکهاتەی کیمیایی و خەسڵەتە فیزیاییەکانی لەوانی دیکە، جیاوازە.
هەسارە هەیە گەورەیە و هەیە بچووکە. دەکرێ تەواو وەکو زەوی ڕەق بێ یان وەکو زوحەل و موشتەری تەنیا گاز بن. پێکهاتەی بەرگەهەوایان هەرەیەکەو بە جۆرێکە و توخمەکانی ناویان لەیەکتری جیان. هەیە بەرگەهەوای ئەستووری هەیە و هەیانە زۆر تەنک. هەسارە هەیە تەوەری سووڕانەوەی بەدەوری خۆیدا تەواو لەسەر دەفری سووڕانەوەی بە دەوری خۆرەکەیدا، ستوونە. هەیانە زۆر لارە (زەوی ٢٣.٥ پلەیە، بەڵام ئۆرانۆس ٩٧.٧ پلەیە). تەنیا لە گەلەئەستێرەی خۆمان هەر نەبێ ١ تریلیۆن هەسارە هەن. ئەگەر هەموو ئەستێرەکانی گەردوونی خۆمان بژمێرین، ئەوا تریلیۆن تریلیۆن هەسارە لە گەردووندا هەیە. ئەو ژمارەیە زۆر لە ژمارەی ئەڤۆگادرۆ نزیکە (ژمارەی گەردیلەکانی ناو ١ گرام هایدرۆجین).
لەگەڕان بە دوای ژیاندا بەردەوامین، بەڵام کەس ناتوانێ وەڵامی هەبوون و نەبوونی ژیان لە شوێنێکی دیکەی گەردووندا بداتەوە. ئێستە دەزانین بۆ ئەوەی ژیان لە شوێنێکدا دەربکەوێ دەبێ چەند یاسایاک هەبێ:
یەکەم: دەبێ توخمی کاربۆن هەبێ و بنچینەی دروستبوونی/کەڵەکەبوونی ترشە ئەمینییەکانە، ئەوانیش بەردی بناغەی ژیانی ئۆرگانیکن. بۆچی کاربۆن؟ چونکە کاربۆن لە دروستکردنی بۆندی نێوان گەردیلەکانی توخمێکی ئاسانە. چوار ئەلکترۆنی لە بەرگی دەرەوەیدا هەیە، بەوان دەتوانێ بۆندی زۆر توند پێکبهێنێ. تاکە جێگرەوەی کاربۆن سیلیکۆنە، بەڵام ئاسۆی دروستبوونی کیمیای ژیان بە سیلیکۆن زۆر تەسکە. چونکە بۆندەکانی لەگەڵ توخمەکانی دیکەدا، نیو هێندەی ئەوەی کاربۆن بەهێزە، بۆیە ناتوانێ بە ئاسانی لەگەڵ هەموو توخمێکدا یەک بگرێ. بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندن، ژیان پێویستی بە فرەییە.
دووەم: ژیان پێویستی بە ئاو هەیە، واتا شل بێ. خۆ بەکتیریا لە ناو سەهۆڵ وبەستەڵەکەکانیشدا هەن، بەڵام ناژین. ژیان لە ناو خانەکاندا دەبێ شلەیەکی هەبێ تەنەکان تێیاندا بجووڵێن و کاری ژیان جێبەجێ بکەن. دەبێ ئاوی شل هەبێ تا کارلێکە کیمیاییەکانی لە ناودا ڕووبدەن. ئاو لە هایدرۆجین و ئۆکسجین پێکدێ، هەردووکیان لە گەردووندا زۆر زۆرن. هەندێ جار ئەمۆنیا بە جێگرەوەی ئاو دادەندرێ، بەڵام لە پلەی ٢٥ی سەدی گازە، شل نییە. دەکرێ هەسارەیەکی سارد و خاوەن بەرگەهەوای قورس و ئەستوور ئەمۆنیای شلی هەبێ، بەڵام هەر ئەوە خۆی لەسەر ژیان زۆر قورس دەکەوێ. هەر جۆرە ژیانێک لەو هەلومەرجەدا جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خانە و ئەندامەکانی لەشی (میتابۆلیزمی) زۆر هێواش دەبێ.
وردەکارییەکانی دەرکەوتن و پەرەسەندنی ژیان کەم نین و ئاڵۆزیشن. هەر هەسارەیەک مێژووی خۆی هەیە. بۆیە ژیانیش لەسەر ئەو هەسارەیە، ئەگەر دەرکەوت، هەمان مێژووی دەبێ. خەسڵەتەکانی ئەو هەسارەیەی ژیانی لەسەر دروست دەبێ، بۆ بوونەوەرەکانی سەری، دەگوازرێنەوە. بە واتایەکی دیکە، هەر جۆرە ژیانێک خەسڵەتەکانی هەسارەی خۆی تێدا دەبێ. هەڵبژاردنی سروشتیی لەسەر هەر هەسارەیەک بەپێی بارودۆخی ئەو هەسارەیە جۆرێک لە هێزی خۆگونجاندن بۆ بوونەوەرەکانی برەو پێدەدات. لەگەڵ هەر گۆڕانێک، ژیان تووشی دووڕیان دەبێی و خۆی دەگونجێنێ. هیچ ژیانێک لە ژیانێکی دیکە لەسەر هەسارەیەکی دیکە، ناچێ.
بۆیە، ئەگەرچی ئاو و کاربۆن بناغەی ژیانن، ئەگەر لەسەر هەسارەی دیکە هەبن، بەڵام ئەو ژیانەی لەوێ دروست دەبێ ناکرێ وەکو ئەوەی خۆمان بێ. هەرچەندی ژیان ئاڵۆزتر دەبێ، ئەگەری هاوشێوەبوونی لەگەڵ ژیانێکی دیکەدا، بەرەو نەمان دەڕوا. ئەگەر چاو بە مێژووی ژیان لەسەر زەویدا بخشێنین، دەبینین ئەگەری هەبوونی ژیانی ژیر زۆر کەمە. لە کێبەرکێی ژیاندا، ژیریی ئامرازی سەرکەوتنە بەسەر بوونەوەرەکانی دیکەدا و کلیلی مانەوەیە. بەڵام ژیریی، کرداری گۆڕان و گەشەکردن و پەرەسەندنی (التطور) لا مەبەست نییە. چونکە ئەو کردارە خۆی بێ مەبەستە. ژیان تا ئەوکاتەی ژیر دەبێ، بەختەوەرە کۆپی لەخۆی وەرگرێتەوە. کەچی ژیریی بە کۆپی لەخۆگرتنەوە بەختەوەر نییە. ئەمە بە کورتی، ناواخنی یان جەوهەری بارودۆخی مرۆڤە.
هەرچەندە لە ڕووی پێکهاتەی کیمیاییەوە لەگەڵ هەموو جۆرە ژیانێکی دیکە هاوتاین، بەڵام بە تێگەیشتن لەو ڕاستییانەی سەرەوە هەرگیز نابێ چاوەڕوان بین مرۆڤێکی دیکە لە گەردوون هەبێ و ڕۆژێک بێ پێێان بگەین، یان پێمان بگەن. بوونەوەری دیکە هەیە، بەڵام مرۆڤ بە واتای وەکو خۆمان، نییە.
سەرچاوە: