لە جیهاندا زۆر ناوی دیکەی بۆ بەکاردێ، لەوانەی ئێمە بەبەرگوێمان کەوتووە سندووقی وەبەرهێنانە. سندووقی وەبەرهێنان یان بوخچەی وەبەرهێنان چییە؟ بوخچەی وەبەرهێنان دوو جۆری هەیە؛ بوخچەی تایبەت و بوخچەی گشتیی. بوخچەی تایبەت ئەوانەن خەڵک یان کۆمپانیا پارەی بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەیەک، یان، چەند پرۆژەیەکدا، تێدا دادەنێن. بەپێی یاساکانی وڵات بەڕێوە دەچن. هەرچی بوخچەی گشتییە، ئەوانەن حکوومەتەکان دایاندەمەزرێنن، پارەکەی تێیدا دەبێ موڵکی گشتییە بەڵام لە ژێر چەتری حکوومەتدایە. دەشکرێ وانەبێ و ببرێتە ژێر چەتری پەرلەمان
دامەزراندنی بوخچەکە بۆ ئەوە نییە لێی وەربگیرێ و خەرج بکرێ، بەڵکو کرۆکی بیرۆکەکە ئەوەیە هەردەم قازانج بەدەست بێنێ و گەورەببێ. بە پارەی خۆی وەبەرهێنان دەکا، قازانج دێنێتەوە سەر هەمان بوخچە و موڵک و ماڵێشی دەبێ. بوخچەی گشتیی یاسای تایبەتیی لە وڵاتەوە بۆ دادەڕیژرێ، دەسەڵاتی بڕیارەکان و دەرهێنانی پارە لێوەی، دیاریی دەکات
وڵاتان بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی گشتیی لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام بدەن و قازانج بۆ وڵات بهێنێتەوە،ئەم جۆرە بوخچەیە بەکاردەهێنن. یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٣ بوخچەی وەبەرهێنان لە کوێت دامەزرا، کوێت دەیزانێ نەوتی تا هەتایە نامێنێ، بۆیە پارەی زیادەی فرۆشتنی نەوتی لەو بوخجەیەدا دانا. بە شێوەیەکی گشتیی، وڵاتان لە داهاتی ساڵانەیان بە تایبەتیش لەو پیشەسازییەی زۆر داهات بۆ وڵات دەهێنێ، هێندێکی وەلا دەنێن و دەیخەنە ناو بوخچەی وەبەرهێنان. زۆربەی جار ئەو داهاتەی وەلا دەنرێ لە بانکەکانی هەمان وڵاتدا هەڵدەگیرێ. لە هەندێ وڵاتیشدا، پارەی یەدەگی سەنتراڵ بانکی خۆی دەداتە بوخجەی وەبەرهێنان. لە بری ئەوەی لە بانکدا بمێنێتەوە، وەبەرهێنانی پێ دەکرێ
بوخچەی وەبەرهێنان لە لایەن دەستەیەک لە شارەزایانی ئابووری بەڕێوەدەبرێ، ئەوان چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەسەنگێنن و بڕیاری وەبەرهێنان دەدەن. مەبەستیی هەرە سەرەکیی لە بوخچەی وەبەرهێنان دەستکەوتنی قازانجی ماددیە. بۆیە دەستەی بەڕێوەبەردن، دەبێ وەکو کۆمپانیایەک بیر لەو دەرفەتانە بکاتەوە دێنە بەردەستیی و هەڵسەنگاندن بۆ قازانج و زیانی ماددی بکات
دەرکەوتنی بوخچەی وەبەرهێنان لەو وڵاتانەی ئابوورییان پێشکەوتوو نییە، تا وەبەرهێنان لەو وڵاتانەدا بکەن ئابوورییان پێشکەوتووە، زەنگی مەترسی لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا لێدا. هەندێ وڵاتی وەکو چین، سەنگافوور، ئیمارات، سعودستان، نایجیریا و هیندستان وەبەرهێنانی زۆریان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا دەکرد. هەندێ پیشەسازیی خستە ژێر مەترسیی دەسەڵاتی بیانی، بۆیە هەرزوو ئەو وڵاتانە وەخۆ کەوتن و یاسا و ڕێسایان بۆ دانا. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا هەر وەبەرهێنانێکی بیانیی سەروو ٢٥٪ی هەر دامەزراوەیەک بکڕێتەوە، دەبێ پەرلەمان ڕەزامەندیی بدات
بە بەراورد لە نێوان یەدەگی زێڕ و دراوی بیانیی وڵاتان لەگەڵ ئەو پارەیەی لە بوخچەی وەبەرهێنانیاندا دایان ناوە، هەر یەک لە ئیمارات، نەرویج، کوێت و سەنگاپوور قورسایی زۆریان بۆ وەبەرهێنانی بوخچەکەیان داوە. بڕوانە خشتەی لاپەڕە ٩ لە لینکی https://www.ecb.europa.eu/pub/pdf/scpops/ecbocp91.pdf ئەو وڵاتانە نزیکەی ٢ تریلیۆن دۆلاریان لەو پرۆژە و موڵکەکانی بوخچەکانی وەبەرهێنانیاندا، هەیە. گەورەترین بوخچەکانی جیهانیش لە لیستی لاپەڕە ١١دا ببینە. ئیمارات موڵک و وەبەرهێنانی بە بڕی نێوان ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ ملیار دۆلاری هەیە و لە سەرووی ئەو لیستەدایە. ئەو بەڵگەنامەیە ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ئەوروپایە لە ساڵی ٢٠٠٨ سەبارەت بە کاریگەریی بوخچەی وەبەرهێنان لەسەر بازاڕەکانی ئابووری جیهان، نووسراوە
لە لینکی خوارەوە ناوی ئەو وڵاتانە ببینە بوخچەی وەبەرهێنانیان هەیە، هەریەکەیان بە پێی قەبارەی بوخچەکەی، ئینجا لە کوێوە پارە دەخاتە ناو ئەو بوخچەیە، کەی دامەزراوە و ئێستە چەند پارە و موڵکی لە جیهاندا هەیە. https://en.wikipedia.org/wiki/Sovereign_wealth_fund
هەندێ ترس لە بەڕێوەبردنی ئەو بوخچانەدا هەیە بە تایبەتیش لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا، لەوانە: ١. زۆربەی جار ئەو بوخچانە دەستکراوەن، یاساکان لەسەریان زۆر توند نین. ٢. ئەگەری خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە ناویاندا هەیە. ٣. هەندێ جار پرۆژە دەکەن مەترسیی زیانی تێدا بەرزە. ٤. زۆر وەبەرهێنان زۆرتر لە دەزگە ئابوورییەکاندا دەکەن وەک لە پیشەسازی و بازرگانییدا. ٥. زانیارییەکان لە خەڵک دەشارنەوە. ٦. دەسەڵاتداران و حکوومەت دەسەڵاتییان بەسەر بوخچەکەدا زۆرە. لە دوو خشتەی لاپەڕە ١٤ بڕوانە، دەبینی شەفافییەت لە بوخچەکانی قەتەر، ئیمارات، برونای و چین زۆر کەمە. لە هەمان کاتدا، یاساکانی سەنگاپوور، قەتەر، ئیمارات، برونای و چین بۆ چاودێری کردنی چالاکییەکانی بوخچەی وەبەرهێنان، زۆر لاوازن
لە باشترین چارەسەرەکانی بەڕێوەبردنی زیادەی موڵکی گشتیی، دامەزراندنی بوخچەی وەبەرهێنانە. وڵاتان بەو ئامرازە گەلێک دەرفەت دەقۆزنەوە و باری گوزەرانی هاوڵاتییانی خۆیانی پێ بەرز دەکەنەوە. جگەلەوەی بیرۆکەکە هەمووی بۆ خزمەتکردنی نەوەکانی داهاتووی وڵاتە. هەڵگرتنی بەشێک لە داهاتی ئێستایە بۆ نەوەکان. کۆکردنەوەی سەرمایەی گەورەیە تا نەوەکان دەستیان بگاتێ و بە پێی پێویستیی خۆیان لە ئاییندەدا بە کاری بێنن