ڕەنگە دیارنەبێ لەکەیەوە، بەڵام مرۆڤ بە درێژایی مێژوو هەردەم چیرۆکی داهێناوە و باوەڕی پێ هێناوە. چونکە چیرۆکەکان واتا و ناسنامەی خەیاڵییمان دەداتێ. بەڵام چیرۆکەکانمان وا ڕێکدەخەین وەکو ڕاستیی دەرکەون. پیاوانی ئایین دەمێکە لە نهێنی ئەو چیرۆکانە و چۆنییەتی باوەڕپێهێنانیان شارەزا بوون. کلیلی ئەو چێرۆکانە ڕێوڕەسمی ئایینییە. قەشە پارچەیەک نان و پەرداخێک شەراب بەرز دەکاتەوە، نانەکە جەستەی مەسیح و شەرابەکە خوێنیەتی، بیانخۆ، تا لەگەڵ مەسیح ئاوێتە ببی. کاتی خۆی ئەو ڕێوڕەسمە بە زمانی لاتینی دەگووترا (هۆک ئێست کۆرپەس – ئەوە جەستەی مەسیحە) بەبەرگوێی جووتیارە نەخوێندەوارەکان دەدرا. هەمان ئەو گوتەیە بوو بە هۆکەس پۆکەس و لە زمانەکانی ئەوروپادا مایەوە
هیندۆسەکان بە هەزاران ساڵ بەر لە مەسیح هەمان فێلێان بەکارهێناوە. ئەسپێک بە قوربانی دەدرا و دەگوترا (بریهادارانایاکا ئوپانیشاد)، ئەوە هەموو چیرۆکی گەردوونی بەرجەستە دەکرد. سەری ئەسپەکە ڕووناکی بەرەبەیان بوو، چاوی خۆر بوو، هێزەکەی هەوا بوو، کرانەوەی دەمی ئاگری ڤیاسڤانارا بوو، جەستەی ئەسپی قوربانیکراو ساڵ بوو، ئەندامەکانی لەشی چوار وەرزەکان بوو، قاچەکانی شەو و ڕۆژ بوو، ئێسقانی ئەستێرەکانی ئاسمان بوو، گۆشتەکەی هەوری ئاسمان بوو، باوێشکەکەی هەورە بروسکە بوو، لەرزینی لەشی باو باهۆز بوو، میزەکەی باران بوو و حیلەکەی دەنگی سروشت بوو
دەکرێ هەموو شتێک بۆ مەراسیمێکی ئایینی بگۆڕدرێ، بە جووڵەی ئەندامی لەش وەکو چۆک دادان، سوجدە بردن، مۆم هەڵکردن، گۆرانی و لاواندنەوە، زەنگ لێدان و تەسبیح سووڕاندن، یان جووتکردنی لەپی دەستەکانت دەگەیە واتای قووڵی ئایین. داپۆشینی سەر و قژ هەر لە سیخەکان تا دەگاتە ئایینی ئیسلام واتای زۆر و قسەی زۆری لەسەرە، بۆ چەند سەدەیەک چەندین ناکۆکی و پێکهەڵپرژانی دروست کردووە. بە هەمان شێوە خواردن و خواردنەوەکان واتای زۆری ئایینی هەڵدەگرن و بە هەزارانیش لەسەر خواردن و نەخواردنیان، چارەنووسی بڕیاردراوە
سیاسەت ئەو جۆرە مەراسیمانەی پشت گوێ نەخستووە. باش دەزانێ کاریگەرییان لەسەر خەڵک چۆنە، بۆیە هەردەم بەکاریاندەهێنێت. بۆ هەزاران ساڵ تاج، تەختی پاشایەتیی و داری دەست، هێما و نموونەی دەسەڵاتی پاشا و ئیمپراتۆرەکان بوون. چەند ملیۆن کەسێک بۆ نەکەوتنی ئەو هێمایانە گیانیان بەخشیوە و پاشا و دەسەڵاتەکانی پاراستووە. بەشێک لەو ڕێوڕەسمانە خراونەتە ناو سوپاکان، لە سەردەمی ڕۆمانەکانەوە تا ئێستە سەربازەکان لە ڕیزەکان دەوەستن، سڵاو بۆ ئاڵا و سەرۆک دەنێرن و پێڵاوەکانیان بە بریقە دێنن
کە هاتە سەر پەیڕەوکردنی ڕێوڕەسمەکان، کەس لە کۆنفۆشیۆس باشتر لە بایەخەکەی بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێنەگەیشتووە. نووسراوەکانی باسی وردەکاری چۆنییەتی هەر بۆنەیەکی دەوڵەت، چۆنییەتی دانانی قاپ و قاچاخی سەرمێز بەپێی بۆنەکان، جۆری ئاواز و گۆرانی و ڕەنگی هەموو پێکهاتەیەکی هەر بۆنەیەک، کراوە. لەهەر شوێنێک نشوستی هاتبێت، یەکسەر پەنجا بۆ پەیڕەونەکردنی ڕێوڕەسمەکان درێژکراوە. بۆیە سەیر نییە کەلتووری کۆنفۆشیۆس سیستەم و پێکهاتەی قووڵ و دوورودرێژی لە چین، ڤێتنام، کۆریا و ژاپۆن دروست کردبێ. ئەگەر مەبەستت پێکەوەژیان و ئارامیی کۆمەڵایەتیی بێ، ڕێوڕەسمەکانی کۆنفۆشویۆس نزیکترین هاوپەیمانتە
چەندی ئازار و ناخۆشی بۆ چیرۆکەکان بچێژی، ئەوەندە زۆرتر باوەڕت پێیان قووڵتر دەبنەوە، چونکە وات لێدەکەن بگەیە ئەو باوەڕەی چیرۆکەکەت ڕاستە. ئەگەر بەڕۆژووبووی و هەستت بە برسیەتی کرد ئەوا هەستی نزیکی لە خوا بەهێزتر دەبێ. ئەگەر قاچێکیشت لە جەنگی وڵاتەکەتدا بڕدرایەوە، باشتر لە هۆنراوە و سروودی نیشتمان، لە واقیعی گەلەکەت تێدەگەی. ئازار چەشتنت لەبەر بیروباوەڕت بە ئایینەکەت یان گەلەکەت، دروستی چیرۆکەکەت ناسەلمێنێ. لەوانەیە ئەوە نرخی ساویلکەیی خۆتە دەیدەی. بەڵام خۆ کەس بەزمانی خۆی ناڵێ بەڵێ من گێلم. بۆیە هەرچەندی زۆرتر قوربانیی بۆ ئایینەکەی دا، بیروباوەڕەکەی زۆرتر دەچەسپێ. ئەوە بەشە شاراوەکەی کیمیای قوربانیدانە. ئەگەر ئۆتۆمبیلێکی بەرازیلی کۆنت بە چەند سەد دۆلارێک کڕیەوە، ناتوانی باسی شکستەکانی بکەی. بەڵام ئەگەر فیراری بە چەند سەد هەزار دۆلارێک بکڕی لە هەموو شوێنێک خۆت نیشان دەدەی و بە شان و باڵی فیراریەکەتدا هەڵدەڵێی، نەک لەبەرئەوەی باشترە، چونکە قوربانی زۆرترت بۆی داوە و باوەڕت وایە لە هەموو شتێکی جیهان خۆشتر و باشترە
تەنانەت لە پێوەندییەکی ئاسایی خۆشەویستی کوڕ و کچێکدا ئەگەر بە ڕاستی قوربانیی نەبێ، کەواتە خۆشەویستی ڕاستەقینە نییە. بە قوربانییدان بۆ خۆشەویستەکەت دەردەکەوێ بە ڕاستیتە و لەسەر ئەو خۆشویستییە پێداگری. هەر ئەوەیش باوەڕ بەخۆت دێنێ هەست بە خۆشەویستیی بکەی. هەر بۆیە کچان حەز لە ئەنگوستیلەی ئەڵماس دەکەن، ئەگەر قوربانییەکی ئاوا گەورە بدەی دیارە لە پێناو مەبەستێکە دەهێنێ
خۆبەختکردن هەستی ڕازیبوون نەک تەنیا بۆ خۆبەختکاران بەڵکو بۆ خەڵکی دیکەیش دروست دەکات. کەم خوا، نیشتمان و شۆڕش هەیە بێ خۆبەختکاران بتوانێ بمێنێ. ناتوانی گومان لە داستانەکانی نەتەوە، خوا و شۆڕشەکان بکەی، یەکسەر پێت دەڵێن "خۆبەختکارانی سەربەرز لەبەر ئەوە گیانی خۆیان فیدا کرد، ئایا ئەوان فیداکارییان بۆ هیچ کردووە؟ یان گێل بوون؟". درامای شیعە لە ڕۆژی عاشورا دەگاتە ترۆپک. لە ١٠ی موحەرەمی ساڵی ٦٨٠ی کۆچیی حوسێن نەوەی پێغەمبەر لە کەربەلا دەکوژرێ. ئەو کوشتنە بووە هێمای هەرە بەرزی ململانێی نێوان خێر و شەڕ. لەو ڕۆژەدا بە زنجیر و چەقۆ لەخۆ دەدەن تا ئازارەکانی حوسێن لە خۆیاندا بەرجەستە بکەنەوە. کێ دەتوانێ گومان لەو چیرۆکە بکات؟ ئێستە ئەو گومانە لە عێراق و ئێران گەورەترین تاوانە
ئەگەر کەس ئامادەنەبێ خۆی بەخت بکات، ئەو کاتە پیاوی ئایین فەتوای سەری یەکێک دەردەکات. دەکرێ بێ ئایینێک لە ئاگردا بسووتێنی. یان، بە پێی گوتەی خوا ژنە زیناکارێک لە سێدارە بدەی، دەشتوانی ئەوانەی لە دژی چینی کرێکارن بیاننێری بۆ کۆمەڵگەکانی گولاگ لە سۆڤیەت. ئەگەر خۆت بەختکار بی، ئەوا یان باوەڕ بە چیرۆکەکەت دەهێنی، یانیش گێلی بۆیە خۆتت بەخت کرد. بەڵام ئەگەر ئازارەکەت بە یەکێکی دیکە گەیاند، ئەوا یان چیرۆکەکە ڕاستە، یانیش پیاوێکی خراپی ئازار بە خەڵک دەگەیەنی. لەبەرئەوەی کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە، بۆیە کەواتە هەردەم ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، بە خۆیان و دەورووبەریان دەڵێن، چیرۆکەکەیان ڕاستە
لە ئاداری ١٨٣٩ لە شاری مەشهەدی پڕ شیعەی ئێران، ژنە جولەکەیەک تووشی نەخۆشییەکی پێست دەبێ، نوشتەکەری گەڕەک پێی دەڵی سەگێک بکوژە و بە خوێنەکەی دەستت بشۆ، چاک دەبیەوە. وا ڕێک دەکەوێ ژنە لە ڕۆژی عاشورا ئەو کارە دەکات. چەند کەسێکی شیعە ئەو کارە دەبینن و وای لێکدەدەنەوە ژنە بۆ گاڵتەپێکردن بە خوێنی حوسێن ئەو کارەی کردووە. بە هاندانی مەلای مزگەوت بە چاو تروکانێک سەدان کەس هێرشیان کردە سەر گەڕەکی جولەکەکان و ئاگریان تێبەردا و ٣٦ کەسیان کوشت. بە هەرچی جولەکە لە مەشهەد مابوو گوترا یان دەمەودەست ببە بە موسڵمان یانیش دەکوژرێی. ئەو ڕووداوە ناوبانگی مەشهەدی وەک (پایتەختی ڕۆحی ئێران) نەڕووخاند
کاتێک بیر لە قوربانییدان بە مرۆڤ دەکەینەوە، کەنعانییەکان و ئەزتیکمان دێتە مێشک. ئەوان زۆر مرۆڤیان بۆ خواکانیان کردە قوربانیی. زۆر ئاساییە وابزانین لە ئایینەکانی تاکپەرستییدا ئەوە نەماوە. بەڵام پەیڕەوانی ئایینە تاکپەرستەکان زۆر لەوە زۆرتریان کردووە. هەردوو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام و کریستیان زۆر خەڵکیان بە ناوی خواوە، کوشتووە. لەو کاتەی داگیرکارانی ئیسپانیا قوربانییدانیان بە مرۆڤ لە ئەزتیک ڕاگرت، دادگاکانی گەڕان و پشکنین لە هەموو ئەوروپا خەڵکیان دەسووتاند. پەیڕەوانی ئیسلامیش تا ئێستە هەر کوشتار لێرەو لەوێ دەکەن
قوربانییدان دەکرێ بە هەر شێوەیەک و هەر قەبارەیەک بێ. بۆ نموونە نابێ جوولەکە لە ڕۆژی شەممەدا کار یان گەشت بکات. مەجووڵێ واتای وشەی (السبت)ە. ڕۆژی پیرۆز دوای ڕۆژئاوابوون لە ڕۆژی هەینی تا رۆژئاوابوون لە ڕۆژی شەممەیە. جولەکەی ئەرسۆزۆکس زۆر توندن، نابێ هیچ کارێک بکەن، تەنانەت نابێ کلینیکسی توالێت بدڕێنن. پیاوی ئایینی هەرە گەورەی ئەوان چەندین ساڵ گفتوگۆیان کرد و گەیشتنە ئەوەی نابێ کلینیکسی توالێت لە ڕۆژی شەممەدا بدڕێنن. بۆیە باشتر وایە پێش ڕۆژی شەممە هەموو کلینیکسەکانی توالێت دڕابن و بۆ خۆ سڕینەوە ئامادەکرابن تا تووشی گوناحکاری نەبن ! ئاوا دەبێ قوربانیدان بۆ بیروباوەڕ!
لە ئیسرائیل پیاوانی ئایینی جولەکەی ئەرسۆزۆکس خاوەن دەسەڵاتن و بەشێک لە سیاسەتی وڵاتیش دادەڕێژن. لە پەرلەمانی ئەوێشدا دەسەڵاتیان زۆرە، بۆیە توانیان چەندین یاسا بۆ نەهێشتنی هیچ کار و بارێک لە وڵاتدا، دەربکەن. هەرچەندە نەیانتوانی ئۆتۆمبیلی کەسیی قەدەغە بکەن، بەڵام توانییان هەموو هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیی لە ڕۆژانی شەممە ڕابگرن. ئەوەی لێرەدا سەیرە ئەوەیە، هەژارەکانی ئیسرائیل ناتوانن لەو تاکە ڕۆژە پشووەدا سەردانی هیچ کەسێکی خۆیان بکەن، چونکە ئۆتۆمبیلی خۆیان نییە. لەویشیاندا، دەوڵەمەندەکان بە کەیفی خۆیان دێن و دەڕۆن چونکە پێویستییان بە پاس و شەمەندەفەری گشتیی نییە. داپیرەی دەوڵەمەند دەتوانێ بچێ نەوەکانی خۆی ببینێ، بەڵام داپیرەی هەژار دەبێ خەونیان پێوە ببینێ. بە ئازار گەیاندن بە سەدان هەزار کەس لە ناو ئیسرائیلدا، حزبە ئایینییەکان دەیسەلمێنن چیرۆکەکەیان چەند ڕاستە. باوەڕیشیان زۆرتر ڕەگ دادەکوتێ
زۆربەی هەرە زۆری چیرۆکەکانی مرۆڤایەتیی بەهای هێندە نموونەیی و بەرزیان داناوە هەر کەس نایگاتێ. پێت وایە چەند کریستیان هەیە هەر دە ڕێنماییە پیرۆزەکە جێبەجێ بکات، درۆ نەکات و چاو نەبڕێتە موڵک و ماڵی کەس؟ چەند بوزی هەیە گەیشتبێتە قۆناغی لە خۆبووردەیی؟ چەندن ئەو سۆشیالیستانەی بە هەموو تواناوە کاردەکەن و زیاد لە ماف و پێویستیی خۆیان نابەن؟ چارەسەری نەگەیشتن بە بەها نموونەییەکان قوربانییدانە. لەوانەیە هیندۆسییەک باجی مانگانەی خۆی نەدات، مامەڵەی خراپی دایک و باوکی بکات وماوە ماوە سەردانی سۆزانییەکیش بکات، بەڵام لە ناخدا هەست دەکات زۆر بە ئایینەکەیەوە گرێدراوە، چونکە پاڵپشتی ڕووخاندنی مزگەوتێک دەکا و بڕوای وایە لەجێی ئەو دەبێ پەرستگایەکی بوزی دابنرێ
هەروەک سەدەکانی پێشوو، لە سەدەی ٢١دا، مرۆڤ هێشتا باوەڕی بە قوربانییدان هەیە و لەو ڕێگایە لاینەداوە. زۆربەی جار گەڕان بە دوای واتاکاندا، بە قوربانییدان تەواو دەبێ