کۆگەی تۆو لە سڤالبارد

لە سڵی ١٩٨٤ بانکی نۆردیک جین (ئێستە ناوەکەی بووە بە نۆردجین) دەستیکرد بە کۆکردنەوە و هەڵگرتنی تۆوی ڕووەکەکانی وڵاتانی باکووری ئەوروپا، بە بەستوویی. تۆوەکانی لە کانێکی کۆنی خەڵووز نزیک شاری لۆنگییربیێن، دانا. لە ساڵی ٢٠٠١ ڕێیکەوتنی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی جینی ڕووەک بۆ خۆراک و کشتوکاڵ، پەسەند کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وڵاتان دەتوانن بەشداریی لە هەڵگرتن و پاراستنی جینی ڕووەکەکان بکەن و ئەوانەی بەشدار دەبن، دوایی دەتوانن سوود لە قازانجەکانی ببینن. لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕێکخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بیرۆکەیەکی بۆ دامەزراندنی کۆگەیەکی تۆو، پەسەند کرد. لە هەمان ساڵدا نەرویج بودجەی بۆ ئەو پرۆژەیە دابینکرد و دەستی بە جێبەجێکردنی کرد

 

لە حوزەیرانی ٢٠٠٦ سەرۆک وەزیرانی هەریەک لە نەرویج، سوید، فینلاند، دانیمارک و ئایسلاند پێکەوە بەردی بناغەی پرۆژەکەیان دانا. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٠٨ کرایەوە. کۆگەی تۆو، ١٢ مەتر لە ناو شاخێکی بەردەلمدایە (ئەوە ناوی جۆری بەردی شاخەکەیە، لمی لێ نییە) لەسەر دوورگەی سپیتسبێرگن. هەڵبژاردنی ئەو شوێنە لەبەر ئەوەیە ئەو دوورگەیە هیچ جووڵەیەکی تەکتۆنی چینەکانی زەوی لێ نییە. پلەی گەرما لە هەرچوار وەرزدا لەو دوورگەیە لە خوار سفری سەدییە. شوێنەکە ١٣٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە

 

کۆگەکە لە لایەن سەنتەری نۆردیکی سەرچاوەکانی جین بەڕێوەدەبرێ و هیچ کارمەندێکی هەمیشەیی لەوێ نییە. کانێکی خەڵووزی بەردین لەوێ هەیە کارەبا بەرهەمدەهێنێت و ئامێرەکانی سڤالبارد بەکار دەخات بۆ ئەوەی هەردەم پکەی گەرمی لە ناو کۆگەدا ١٨ پلە لە ژێر سفری سەدییەوە بێ. ئەگەر ئامێرەکانی ساردکردنەوە پەکیان کەوت و لە کارکەوتن، هەرنەبێ چەند هەفتەیەکی پێدەچی تا پلەی ناو کۆگە دەبێتە ٣ پلە ژێر سفر، هەر ئەوە پلەی گەرمیی بەردەکانی ئەو شاخەیە. باوەڕ وایە، ٢٠٠ ساڵیشی دەوێ تا پلەی ببێتە سفری سەدی

 

لە یەکەم ساڵیادی دامەزراندنیدا ئیرلاند ٣٢ جۆری جیاوازی تۆوی پەتاتەی بۆ ناردن. ٢٠ هەزار نموونەی دیکە لە ئەمەریکاوە گەیشت. وڵاتان دەستیانکرد بە ناردنی تۆیەکانی هەیانە، تا ساڵی ٢٠١٣ سێ یەکی هەموو جینی ژیان لە جیهان، بۆ سڤاڵبارد نێردرا. لە ساڵی ٢٠١٦ لەبەر گەرمیی کەشوهەوا و زۆربوونی ڕێژەی باران لە سڤاڵبارد، بڕێک ئاو چووە ناو کۆگەکە و ڕێژەی شیێلە هەوای کۆگەکە، بەرزبووەوە. بەڵام لە دروستکردنی ئەو بانکەدا، چوونەژوورەوەی ئاو لەبەرچاو گیرابوو، بۆیە هیچ هەڵگیراوێک زیانی بەرنەکەوت و لەمەترسییدا، نەبوو

 

لە ساڵیادی ١٠ ساڵەیدا، ٧٠ هەزار نموونەی دیکە گەیشتە سڤالبارد. تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧، کۆی گشتی نموونەکان لە ١ ملیۆن نموونە، تێپەڕی. ئەو نموونانە تا ١٣ هەزار ساڵ لە مێژووی کشتوکاڵیان، تێدایە. هیچ لەوانە لە ئاستی جیندا دەستیان لێنەدراوە. بەپێی یاسای نەرویج بێ، نابێ هیچ تۆوێک دەستکاری جینەکانی کرابێ، لەوێ هەڵبگیرێ. هەموو هەڵگیراوی سڤالبارد، سروشتیین. کۆگەی سڤاڵبارد توانای هەڵگرتنی ٢ ملیار و نیو جۆری هەیە. بەمەرجێک ٥٠٠ نموونە بۆ هەر جۆرێک هەڵبگرێ. هەر وڵاتێكیش تۆو بۆ ئەوێ بنێرێ هەر خۆی بە تەنیا مافی کردنەوەی سندووقەکانی هەیە

 

بە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا، ڕێکخراوی (سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵ لە ناوچە وشکەکاندا) بە سێ جار هەموو هەڵگیراوی سەنتەری نێودەوڵەتیی حەلەبی بۆ سڤاڵبارد گواستەوە. لە جیهاندا هەموو ئەوانەی لەو جۆرە ئەرکانە بەرپرسن ڕێکخراوی ناحوکومیین و مەبەستیان قازانج نییە.

 

ئەرکی سەرەکیی سڤالبارد کۆگەکردن و پاراستنی تۆوی ڕووەکە. لە جیهاندا سەروو ١٧٠٠ بانکی جین یان بانکی تۆو هەیە، بەڵام ئەو بانکانە تووشی هەڕەشەی لە ناوچوون دەبنەوە. لە فلیپین جارێک بە لافاو و جارێکی دیکە بە کەوتنەوەی ئاگر کۆگەی تۆو لە ناوچووە. لە ئەفگانستان و عێراق بە هۆی جەنگەکانەوە، لە ناوچوون. پاش جەنگی ناوخۆی سووریا، ئەوێش هیچی لێ نەما. بۆیە پاراستنی تۆوی ڕووەکەکان گەلێک پێویستە

 

زەوی کۆی ٥٨٤٩٧ جۆری زانراوی ڕووەکی هەیە، زۆر ڕووەک لە دار و دارستانە چڕەکانی کەمەری زەویدا هەن. هەرچی لەسەر ئاستی وڵاتانە، بەرازیل وەک وڵاتێکی ئەمەریکای لاتین و ڕووبەرێکی گەورەی لەو کیشوەرەدا هەیە، لەسەر ئاستی وڵاتاندا خاوەن زۆرترین فرەجۆریی ڕووەکە لە جیهاندا. هەر ئەمەریکای لاتین ٤٠٪ی هەموو جۆرەکانی ڕووەکی تێدایە. بەڵام ئەوروپا لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرێکی گەورەی هەیە، بەڵام تەنیا ١٠٪ی فرەجۆریی ڕووەکی جیهانی تێدایە چونکە کەشوهەوای لەباری بۆ زۆربوونی جۆرەکان نییە

 

ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی پارێزگاریی باخی ڕووەک لە جیهاندا ڕاپۆرتێکی سەرسامکەری بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، کە ٣٠٪ی هەموو جۆرەکانی ڕووەک لە جیهاندا لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونی یەکجارەکین. تەنیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ١٤٢ جۆری ڕووەک لە جیهاندا قڕ بووە و بەتەواوی سڕدراونەوە. کۆی ئەو ڕووەکانەی هەڕەشەی قڕبوونیان لەسەرە ٤٤٢ جۆر ڕووەکن