لە دوای دەرکەوتنی بیردۆزەکەی چارلس داروین لە ساڵی ١٨٥٩ زانست بە گشتیی و زیندەوەرزانیی بە تایبەتی بازێکی گەورەی دا. پێش ئەوە تاکە چیرۆکی باو چیرۆکی ئایینەکان بوو. لێرەدا تەنیا باسی چیرۆکەکەی داروین و پێشکەوتن و گۆڕانی ئەو بیردۆزەی داروین دەخەینە بەر باس. هەڵبەت لە کۆی گشتیی بیردۆزەکەی دارویندا ئەو ئەنجامە دێتە بەردەست، کە مرۆڤ تا چەند سەد هەزار سالێک لەمەوبەر بەو شێوە و پێکهاتەی جەستەیەی ئێستە هەیەتی، دەرنەکەوتبوو. دەرکەوتنی مرۆڤی نوێ لە ئەنجامی پرۆسەیەکی زۆر لەسەرەخۆ و درێژخایەنە، تا دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی باپیرە گەورەی مرۆڤ لە چەند ملیۆن ساڵێکەوە بە پێوە وەستاوە و دەچێتە خانەی مەیمون و (ئەیپەکان)، ئەیپ لە ڕووی زانستییەوە خێزانێکی جیا لە مەیموونن. سەیرترین پرسیاریش لەم بارەیەوە بکرێ ئەوەیە یەکێک بڵێ ئەی بۆ مرۆڤی ئیستە نابێتە مەیمون! بێگومان ئەو پرسیارە تێماندەگەیەنێ ئەو کەسە لە هیچ وشە و زاراوەیەکی ئەو بیردۆزە و تەواوی پرۆسەی بەرەوپێشچوون و پەرەسەندن تێنەگەیشتووە.
سەروو ١٦٠ ساڵ بەسەر یەکەم بڵاوکراوەی دارویندا تێپەڕی، بەڵام پرسیارەکەمان ئەوەیە چەند باش خۆمان دەناسین؟ لە دوای دەرکەوتنی بیردۆزی (هاتنە دەرەوە لە ئافریقا) کە تێیدا بنەچەی دەرکەوتنی مرۆڤی نوێ بۆ ئافریقا دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە لە دەرورووبەری کینیا و ئەسیوبیا سەریهەڵداوە و لەوێوە بەرەبەرە بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە. چەندی دەهات پاڵپشت بۆ ئەو بیردۆزە زۆرتر دەبوو و دۆزراوەکانی پاشماوەی مرۆڤی کۆنیش لە ئافریقادا چەندی دەهات ئەو بیردۆزەی جێگیرتر دەکرد. بەڵام هەموو ناوەندەکانی زانستی مرۆڤناسیی لەگەڵ ئەو بیردۆزە هاوڕا نەبوون. بیردۆزی ڕکابەری دەرکەوتنی مرۆڤ لە ئافریقا و بڵاوبوونەوەی لەوێوە بە جیهاندا دەڵێ مرۆڤ لە هەمان ئەو کاتەی مرۆڤ لە ئافریقا دەرکەوت و گۆڕانەکانی بەسەردا هاتووە، لە ناوچەی ئوراسیا هەمان پێشکەوتن و گۆڕان بەسەر باپیرە گەورەی مرۆڤدا هات و هەردوو هێڵ پێکەوە دەرکەوتوون.
هەڵبەت وەکو هەموو بیردۆزیکی دیکە هەر لایە و پاڵپشتی خۆی بە بەڵگە و سەلمێنەری جۆراوجۆر توند دەکات، کەچی هەردوو لایان تووشی گرفتێکی دیکە بوونەوە. دۆزراوە بەبەردبووەکانی چەند ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هیچ کام لەو دوو بیردۆزە، کۆک نین. زانایان بە پشت بەستن بە زانستی مرۆڤناسیی کۆن، ڕای نوێ دەردەبڕن و داوای بیردۆزێکی نوێ بۆ تەواوی کرداری لێکدانەوەی پێشکەوتن و گۆڕان و پەرەسەندنی مرۆڤ دەکات. بە پێی ئەو ڕا تازانە دەبێ مۆدێلێکی نوێێ بیردۆزەکان گەڵاڵە بکرێ و بتوانێ هەموو دۆزراوەکانی مرۆڤی کۆن و بەبەردبووی باپیرە گەورەکانی خۆی لە ژێر چەتری خۆی، جێ بکاتەوە.
ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بوو پاشماوەی بەبەردبووی چەند ملیۆن ساڵێکی باپیرەی مرۆڤ لە ئافریقا دۆزرایەوە. لە چاو گیاندارە چوارپێیە سەرەتاییەکانی دیکەی خێزانی ئاژەڵان، خەسڵەتی گۆڕان و پەرەسەندنی پێوە دیاربوو. ئەو پاشماوەیە لەسەر دووقاچ ڕۆیشتووە و پشتی تا ڕاددەیەک ڕاست بووە. بە پشت بەستن بەو دۆزراوەیە و دواتریش چەندین دۆزراوەی دیکە، بیردۆزی ڕەچەڵەکی نوێی ئافریقا بۆ دەرکەوتن و کۆچەکانی باپیرەگەورەکانی مرۆڤ، گەڵاڵە کرا. بە پێی ئەو بیردۆزە بێ، هەرچەندە باپیرەی مرۆڤ، پێی دەگووترێ (هۆمۆئیرەکتەس)، دەوری ٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئافریقا چووەتە دەر، بەڵام لەو کۆچەی سەرکەوتوو نەبووە و لە ناوچووە، بۆیە هەچ بەشدارییەکی لە دەرکەوتنی مرۆڤی نوێدا نەبووە. بەڵام ئەوانەی لە ئافریقا مانەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هات و دەوری ٦٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکەم کۆچیان بەرەو دەرەوەی ئافریقا کردووە و بڵاو بوونەتەوە.
هەرچی بیردۆزەکەی دیکەیە پێی دەڵێن بیردۆزی فرەهەرێم، پێی وایە مرۆڤ بە تەنیا لە ئافریقا دەرنەکەوتووە. بیردۆزی ڕەچەڵەکی نوێی ئافریقا ناتوانێ لێکدانەوە بۆ دۆزراوەکانی مرۆڤی کۆن لە دەرەوەی ئافریقا، بکات. بە تایبەتی ئەوانەی لە چین دۆزرانەوە و تەمەنیان سەروو ١٠٠ هەزار ساڵە. ئەوەی لە چین دۆزرایەوە هەر بە پێوە بوون و لەسەر دووقاچ ڕۆیشتوون و لە رووی توێکارییەوە لە مرۆڤی نوێ نزیکن. بیردۆزی فرەهەریم دەڵێ هۆمۆئیەکتەس بەر لە ٢ ملیۆن سال ئافریقای بەجێهێشتووە و لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ئوراسیا جیگیر بووە. گۆڕان و پەرەسەندن بەسەر ئەوانیشدا هاتووە و لەگەڵ ئەوانەی لە ئافریقا مابوونەوە هەریەکەو لە شوێنی خۆی جۆری دیکەی مرۆڤی لێ پەیدابووە. دوایی، ئەوانەی لە ئافریقاوە بەر لە ٦٠ هەزار ساڵ کۆچیان کرد لەگەڵ ئەوانەی لە ئوراسیادا بوون یەکیان، گرتووە و تێکەڵ یەکتری بوون، ئەو تێکەڵبوونە وەچەی نوێی نایەوە و مرۆڤی نوێیان لێ پەیدا بووە. بەڵام ئەوانەی پێش ٦٠ هەزار سال لە ئاسیا نیشتەجێبوون، وەچەی ئەو کۆمەڵەی هۆمۆئیرەکتەسن لە ئوراسیا جێگیر بووبوون، بەو شێوەیە ئەو بیردۆزە تازە هەموو پاشماوەکانی لە خۆ گرت و لێکدانەوەی بۆیان هەبوو.
جێگرەوەی هەردوو بیردۆزەکەی سەرەوە ئەوەیە دەڵێ مرۆڤ لە ئافریقا دەرکەوتووە بەڵام ١٢٠ هەزار ساڵە ئافریقای بەجێهیشتووە و بە چەند شەپۆلێکی کۆچ بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. بەڵام دوای ئەوەی شەویلاگی مرۆڤێکی نوێ لە شوێنێکی ئیسرائیل دۆزرایەوە و تەمەنەکەی ١٧٠ هەزار ساڵ بوو، بۆیە کاتی کۆچکردنەکەی ئەم بیردۆزە گۆڕانی بەسەردا هات. دەکرێ لەو کۆچانەدا ئەوانەی سەرەتا ئافریقایان بەجیهێشت لە ناوچووبن، بەڵام بێگومان هەیانبووە ماوەتەوە و دواتریش لەگەڵ جۆری دیکەی مرۆڤ تێکەڵ بوو. زانیارییەکانی جینناسیی چەند ساڵی ڕابردوو دەریدەخەن مرۆڤی کۆن لەگەڵ نیاندرتال لە ناوچەکانی ئوراسیا و دینۆسۆڤان لە ئاسیا، تێکەڵ بووە و وەچەی ناوەتەوە. تەنانەت ئەگەری دیکە هەیە لەگەڵ جۆری دیکەی مرۆڤ ێکەڵ بووبێ، بەڵام جارێ زانست ئەو جۆرانەی دیکە ناناسێ و نەدۆزراونەتەوە.