ڤۆدکا تەنیا خواردنەوەیەکی کحولی نییە، بەڵکو ناوی لەگەڵ ناوی رووسیا و مێژوویدا گرێدراوە، ڤۆدکا بووەتە ئاکاری رووسیا. هێندە بەیەکەوە گرێدراون، ناوی هەر کامیان بێنی ئەو دیکەیانت بە خەیاڵدا دێ. ئەو خواردنەوەیە لە رووسیا بووەتە خواردنەوەی نەتەوەیی، بۆیە ڕۆژئاوا بە ڕوویەکی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سۆڤیەت، دادەنا
ناوی ڤۆدکا لە وشەی (ڤۆدا) هاتووە، لە زمانی نەتەوەکانی سلاڤ واتا ئاو. بەو پێیە ڤۆدکا واتای ئاوی ژیان. هەندێ چیرۆکی میژووی ڤۆدکا، سەرەتای دەرکەوتنی بۆ سەدەی چواردە دەگێڕنەوە، کاتێک شاندێکی رووسیا لە قوستەنتینییە تامی شەرابی ترێیان کرد، بە دڵیان بوو. کە گەڕانەوە بۆ رووسیا، یەکەم ئامێری چڕکردنەوەی کحولیان دروست کرد. لەبەر ساردیی کەشوهەوای رووسیا ترێ لەوێ ناچینرێ و نییە. بۆیە رووسەکان کحولیان لە پەتاتە و دانەوێڵە دروست کرد و چڕیان کردەوە، پێیان دەگوت شەرابی دڵۆپەکراو، شەرابی گەرم، شەرابی سووتاو یان شەرابی تاڵ. هەر ئەو کحولە بۆ ئامادەکردن و دروستکردنی بۆیە پزیشکییەکان و بۆن و بەرام بەکاردەهات. کە تاعون لە ساڵی ١٣٤٨ بڵاوبووەوە خەڵک وەک چارەسەر ڤۆدکایان دەخواردەوە
گوایە قەشەیەک بە ناوی ئیزیدۆر لە ساڵی ١٤٣٠ یەکەم ڤۆدکای رووسی لە کڵێسایەکدا لە ناو جەرگەی کریملین، ئامادە کردووە. بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە لە نێوان ساڵی ١٤٤٨ بۆ ١٤٧٨ یەکەم ئامێری چڕکردنەوەی کحول لە دانەوێڵە و بابەتی دیکە، دروست کروە. ئاوا یەکەم خواردنەوەی کحولی وەکو کۆنیاکی فەرەنسایی و ویسکیی سکۆتلەندایی دروست کرا و زۆر بە خێرایی بڵاو بووەوە. ئەو بڵاو بوونەوە خێرایە لە ساڵی ١٤٧٨ وای لە قەیسەری رووسیا ئیڤانی سێیەم کرد، یاسای مافی چڕ کردنەوەی کحولی دانەوێڵە تەنیا بداتە دەوڵەت. لە سەردەمی ئەویشدا، مەیخانەکان دەرکەوتن
بە پێی هەندێ چیرۆکی دیکە بێ، ڤۆدکا پۆلاندییە، بەڵگەنامەی تۆمارکردنی یەکەم ڤۆدکا لە دادگەیەکی پۆلاند بۆ ساڵی ١٤٠٥ دەگەڕێتەوە، بۆیە پێدەچێ ڤۆدکا لە پۆلاند کۆنتر بێ وەک لە روسیا. هەندێ مێژوونووسی پۆلاند دەڵێن لە باشوری شاری کراکۆڤ یەکەم جار دەرکەوتووە. یەکەمجاریش وشەکە بە پیتی (سیریلیک) نووسرابێ، لە ساڵێ ١٥٣٣ دەرکەوتووە
لە سەدەی نۆزدەدا، زانای رووسیا دیمیتری مەندەلییڤ زانستییانە ڕیژەی کحولی لە ڤۆدکادا دیاری کرد، مەندەلییڤ ڕێژەی ٤٠٪ بۆ ٦٠٪ی بە باشترین ڕێژەی کحولی ڤۆدکا، دەستنیشان کرد. پلەی دکتۆرایشی لە تێکەڵکردنی کحول و ئاو، بەدەست هێنا. لە روسیا و وڵاتانی دیکەی ئەو ناوچەیەدا، باو وایە ڤۆدکا بە تەنیا بخورێتەوە، نابێ لەگەڵ هیچ خۆشاو و تام، تێکەڵ بکرێ
لە سەردەمی ئیمپراتۆر پتروسی یەکەم (پییری مەزن) واتا ساڵانی ١٦٨٢-١٧٢٥ بەو چاکسازییانەی کردی رووسیای لە قەیسەرییەوە کردە ئیمپراتۆرییەت. چونکە پیشەسازیی کحول قازانجی زۆر گەورەی هەبوو، روسەکانی هاندەدا ڤۆدکا بخۆنەوە. بەڵام دەشیگوت "نە دەبێ زۆر بخۆینەوە، نە کەمیش، تەنیا بڕێکی گونجاو". هەر ئەویش (مەدالیای سەرشۆڕیی سەرخۆشەکان)ی دروست کرد، ئەو مەدالیایە زیاد لە ٦ کیلۆ بوو، دەیاندایە ئەوانەی سەرخۆش دەبوون، دەبوایە هەڵیگرن
لە سەرەتای ١٧٥١ لە سەردەمی ئیمپراتۆر ئیلیزاڤیتا پێترۆڤینا کحولی روسیا بۆ یەکەم جار ناوی ڤۆدکای لێنرا. ڕێگەیشی بە پیاوە پایە بەرزەکان دا، لە سەر موڵکی خۆیان بەرانبەر بە باجێک، ڤۆدکا بەرهەم بێنن. ئەوە وایکرد بەرەنگاری بەرهەمهێنانی قاچاغی ڤۆدکا ببێتەوە. ڕێپێدانەکەی ئیمپراتۆر سوودێکی دیکەیشی هەبوو، لەو سەردەمەدا جۆرەکانی ڤۆدکای روسیا پەیدا بوون
لە ساڵی ١٧٩٨ کیمیازانی ناسراو لە سانت پتروسبێرگ (توڤی لوڤیتس) پێشنیازی کرد خەڵووز بۆ پاڵاوتنی ڤۆدکا بەکاربهێنرێت تا جۆری باشتر بەدەست بێت. هەر ئەو کاتەیش بوو لەبەر هەرزانیی نرخی پەتاتە، بەکارهێنانی پەتاتە بۆ ڤۆدکا دروست کردن، زۆر بوو
لە ساڵی ١٨٢٨ لە سەردەمی قەیسەر نیکۆلای یەکەم مافی دروستکردنی ڤۆدکا لە دەوڵەت وەرگیرایەوە، هەموو کەس سەربەست کرا ڤۆدکا دروست بکات. ئەو کاتە ناوی بەناوبانگی (سمیرنۆڤ) دەرکەوت. لە ساڵی ١٩١٤یشدا، بە هۆی ئەوەی سەربازانی جەنگی جیهانی یەکەم سەرخۆش دەبوون، حوکوومەت بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤۆدکای قەدەغە کرد. تا ١٠ ساڵ ئەو یاسایە کاری پێ کرا، لە ٢٨ ئابی ١٩٢٣ ستالین یاسایەکەی هەڵوەشاندەوە و ڤۆدکا بووە خواردنەوەیەکی نەتەوەیی
لە سەردەمی شەری سارددا، وڵاتانی ڕۆژئاوا قەدەغەی ڤۆدکای روسیایان کرد و گومانیان لەسەر مافی روسیا بۆ دروستکردنی یەکەم ڤۆدکا، دانا. لەبەرئەوە هەندێ کۆمپانیا داوای مافی تۆمار کردنی ناوی ڤۆدکایان بۆ خۆیان، کرد. سەیر ئەوەیە لە ساڵی ١٩٧٨ ناکۆکیی زۆر لە نێوان سۆڤیەت و پۆلاند لەسەر ڕەچەڵەکی ڤۆدکا پەیدا بوو، گەیشتە دادگەی نێودەوڵەتیی. هەندێ وڵاتانی ڕۆژئاوا ڤۆدکایان بە دروستکراوی پۆلاند دەزانی و پۆلاندیان وەک لانکەی یەکەم دەرکەوتنی ڤۆدکا دەناساند. بەڵگەی زۆر لە هەردوو لاوە هاتە دادگە، هەندێکیان بۆ ساڵی ١٤٣٠ دەگەڕانەوە. نەخشە و چۆنییەتی چر کردنەوەی ڤۆدکایان تێدا بوو. بەڵام پۆلاند هیچ بەڵگەیەکیان کۆنتر لە سەدەی شانزەیەمەوە نەهێنا. کێشەکە ٤ ساڵی خایاند و بۆ روسیا یەکلا بووەوە