لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە پرۆژەی شوێنەوارناسیی ناوەڕاستی زاگرۆس دەستیپێکردووە و سەردانی چەندان شوێنەواری کۆتایی چاخی بەستەڵەک و سەرەتای چاخی بەردین، کراوە. دامێنی چیاکانی زاگرۆس بەشێکی هەرە گرنگی تۆماری مێژوویی ئە وگۆڕانکارییەی نێوان ئەو دوو سەردەمەن. دەرکەوتنی خانوو و پێکهاتەی لاکێشە، ناشتنی مردووەکان و پاشماوەی دانەوێڵە و ڕووەک، بەڵگەی باشی ئەو گۆڕانانەن. توێژینەوەکانی دی ئێن ئەی کۆن (لویکارت و تیمەکەی ٢٠٠١، نادری وتیمەکەی ٢٠٠٨ و پیرێرا و ئامۆری ٢٠١٠، دالی و تیمەکەی ٢٠١٨) نیشانی دەدەن بزن و گیسک لە یەککاتدا لە زۆر ناوچەی باکووری زاگرۆس و تۆرۆس، ماڵییکراون. بە هەمان شێوە بەڵگەی چاندنی جۆ لە زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتیدا، هاوتەریبی چاندنییەتی لە ڕۆژئاوای کەوانۆکەی بە پیت (مۆرێل و کلێگ ٢٠٠٧، سایشۆ و پوروگانان ٢٠٠٧)
شییکردنەوەی پاشماوەکانی مرۆڤی شوێنەوارەکانی ناوچەکانی زاگرۆس ( هۆتو، عبدالحسین و گەنج دارە) نیشانی دەدەن دانیشتوانی کۆنی زاگرۆس لەگەڵ ئەوانەی لە کوردستانی باکووری ئێستە و ڕۆژئاوای کەوانۆکەی بەپیت کشتوکاڵیان کردووە ، لێک نزیک نەبوون. ئەو دوو شوێنە بە دوو هێڵی جیا بەرەوپێش چوون. پشکنینەکانی دی ئێن ئەی دەریدەخەن ، زاگرۆس لانکەی بڵاوبوونەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتە و تا ناوەڕاست و باشووری ئاسیای گرتووەتەوە
ئەنجامی توێژینەوەکان، دەڵین زاگرۆس ناوچەیەکی سەرەکیی یەکەمین گۆڕانکاری لە کۆمەڵی ڕاوچی بەرەو نیشتەجێی هەمیشەیی و کشتوکاڵگوزار-ئاژەڵداریی، لە خۆ دەگرێ و لەوێوە بەرەو ئاسیا و قەوقاز، بڵاو بووەتەوە. شوێنەواری بێستانسوور ٦٥ کیلۆمەتر لە خوارووی چەرمۆیە و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دەشتی شارەزووردایە. ئاوی سازگار، دەشتی پان و بەرین و خاکی بەپیتی، هەیە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٧ وەک شوێنەوار دەستنیشان کراوە. بەڵام بڕوای ئەو کاتە وابووە مێژووی بۆ دەوڵەتی فارس دەگەڕێتەوە. لە ٢٠١٤ بە یەکێک لە چوار شوێنی سەرەکی پاشماوەی گڵسازیی سەردەمی چاخی بەردیینی نوێ، دانراوە
بایەخی جیهانیی شوێنەواری بێستانسوور لەوەدایە ڕێکخراوی یونسکۆ لە ناو لیستی میراتی جیهانیی خۆی دایناوە. هەڵکۆڵین لە بێستانسوور لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکردووە. ١٠ چاڵی ٢ بە ٢ مەتر لێدرا، لە ٧٥ سانتیمەتری یەکەمدا پاشماوەی چاخی بەردین دەرکەوتن. لەو چاڵانەدا، وردە ئێسقانی ئاژەڵان، ئاگردان، وردە بەرد، ئامرازی بەردی ڕەشی گڕکان، ئامرازی بەردی دیکە و شوێنی گۆشت بڕین، بەدیکران. تەکنیکی کاربۆن بۆ دیاریکردنی تەمەنی ئێسقانەکان ساڵانی نێوان ٧٧٢٠ بۆ ٧٥٨٠ی پێس زایینی دیاریکرد. لە چاڵی ١٠دا دیواری خانووی بە قوڕ دروستکراو دۆزرایەوە، بە چەند چینێک سواغ دراوە. خشتە قوڕەکانی ٤-٦ سانتیمەتر ئەستوورن و شیوەی بەلەمیان هەیە و لەوانەی گەنج دارە و جانی لە باکووری زاگرۆس و ئەوانەی بۆنچوکلوی ناوەڕاستی ئەناتۆلیا دەچن. واتا، بە درێژایی ١٥٠٠ کیلۆمەتر هەمان تەکنیکی دیوار هەڵچنین و سواغدانیان هەبووە
پاشماوەی زۆری ڕووەک و ئاژەڵ دۆزرانەوە. لەو دۆزینەوانەدا دەردەکەوێ هەردوو کەلتووری کۆمەڵە ڕاوچی و جووتیار-ئاژەڵدار هەبووە. زۆرترین پاشماوەی ڕووک دانەوێڵەیە. نیسک، نۆک، گەنم، ئاردی گەنم و کەمێک جۆ، هوێز، میوە، چەند ڕووەک و دانەوێڵەی خۆڕسک دۆزرانەوە. ڕەنگە بەشێک لەوانە بۆ سەردەمی نوێتر بن لەوێ تێکەڵی کۆنەکان بوون. ئەوەی بەڵگەی گۆڕانی کۆمەڵگەیە ئەوەیە ژمارەی ئێسقانی بزن ۆرتر بوو وەک لە گیسک، بە واتای ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیە ئاژەڵدارییان کردووە. کۆنترین بەڵگەی ماڵییبوونی بزن لە گەنج دارەیە و بۆ ٧٩٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەگەر زۆرە بزنەکانی بێستانسوور نەوەی ئەوانەی گەنج دارە بووبن. ژمارەیەکی زۆریش ئێسقانی مەڕی ێوی، ئاسکە سوور، مانگا و گامێش، ئاسکی کێوی، ماسی، باڵندەی جۆراوجۆر و کەروێشک، دۆزرانەوە
پشکنینی پاشماوەکان، بەخێوکردنی بەراز بە پلەی یەکەم و دوواتر مەڕ، یەکلادەکەنەوە. پاشماوەی زۆری سووتانی ڕووەک، دار، قامیش و تەپاڵە لە زۆربەی چاڵە هەڵکەندراوەکانی بێساتەسووردا هەبوون. بەڵام خەڵووز دەگمەن بووە. هەرچی لە ڕووی جۆری ژیان و ئەو شوێنەی لێی ژیاون، هەڵۆکۆڵینەکان دەریدەخەن ئەو چەند ژوورەی هەبووە. کەم پاشماوەی خواردن و ئامادەکردنی هەبووە. شیوازی دروستکردنی ئەو خانووانە لەوانەی تەل هەلولە و ئەبو هورەیرە لە سووریا، دەچن. لە ژووریكیان ژمارەیەکی زۆر (سەروو ٦٥) کەللەسەر و ئێسقانی دیکەی مرۆڤ (گەورە و منداڵ و ساوا)، دۆزرانەوە، پێدەچی ئەوە شوێنی ناشتنی مرۆڤ بووبێ (ژووری مردووەکان)
پشکنینی وردی پەیکەرە ئێسقانەکان، نەخۆشی زۆر نیشاندەدەن. هەرنەبێ ٢٤ کەسیان لە هەموو تەمەنەکاندا چی لە ئێسقان یان لە ددانەکانیاندا، نیشانەی نەخۆشیان هەبووە. ١٨ لەوان زیاتر لە یەک نەخۆشییان هەبووە. زۆربەی ئەو نەخۆشییانە بەرهەمی ماندووبوون و بەدخۆراکین. هەندێ برین و شکانیش بە ئێسقانەوە دیارن و چاکبوونەتەوە، بە واتای ئەوەی ئەوانەی لەگەڵ ئەو بریندارانە ژیاون وەکو خێزان بوون و ئاگایان لەو بریندارە نەربڕاوە و خزمەتیان کردووە. لە ناو مردووەکاندا ٤٩یان منداڵ بوون (تەمەنیان کەمتربووە لە دوو ساڵ)، نیشانەی بەدخۆراکی، ددان کلۆربوون و خواربوونیان بەسەرەوە هەبووە. لە ناو ئەو مردووانە منداڵی ساوا هەبووە و بە نەخۆشی مردووە
سەرچاوە
https://journals.openedition.org/paleorient/644
ژووری مردووەکان لە بێستانسوور هەندێ ڕواڵەت و ڕێورەسمی مردن و ناشتنی پێوە دیارە. لەوە دەچێ مردووەکان گۆشتیان لێ کراوەتەوە، دوایی ئێسقانەکانیان بۆ لایەک پاڵنراوە و کۆکراوەتەوە، تا جێی مرددوەکانی دوای ئەوان ببێتەوە. هەندێ لە ئێسقانەکان لە حەسیر و قامیش پێچراوە و ناژراوە. وردە ئێسقان و ددانینش بە زەوی ژوورەکەدا بڵاوبوون. لە ناو کۆمەڵە ئێسقانەکاندا چەندین کەللەسەری منداڵ هەبوون. هەبوونی ئێسقانی شکاو و چاکبووەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بێستانسوور ژیاون، سۆز و ئاگەداریی یەکتریان هەبووە. هەندێکیان ڕەنگێکی سوور لەسەر کەللە و ئێسقانەکانی دۆزرایەوە، لە تەنیشت کەللەسەری منداڵەکانیش، قاوغی کاوری دۆزرانەوە، دیارە بۆ جوانکردن بەکارهاتوون
هەبوونی بڕێکی زۆری کەللەسەری منداڵی ساوا، ئاستی تەندروستی بێستانسوورمان پێدەڵی. منداڵان بە نەخۆشی مردوون، زۆربەی زۆری ئەو نەخۆشیانە لە ئاژەڵاکانەوە بۆ مرۆڤەکان هاتوون. نەخۆشیەکانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بۆ مرۆڤ نوێ بوون. ژووری مردووەکانی بێستانسوور، لە هەموو ناوچەی زاگرۆسدا، لە شوێنە هەرە باش پارێزراو و دەوڵەمەندەکانە. لە هێچ شوێنەوارێکی دیکەدا، هەرنەبێ ئا ئێستە، ئەوەندە ئێسقانی مردووی پێکەوە تێدا نەبووە
لە بێستانسوور، ئامرازی بەردین دۆزراونەوە. لە ناویاندا بەردی لێوار تیژ بۆ بڕین بەکارهاتوون. بەڵگە هەیە هەندێ لەو بەردانە بۆ دروێنە (بڕینی) دانەوێڵە و گژوگیا، بەکارهاتوون. نیشتەجێیانی بێستانسووە دەستیان بە بڕێکی باشی بەردی گڕکانی جۆری (ئۆبسیدیان) گەیشتووە و زۆر ئامرازیان لێ دروست کردووە. ١١٪ی ئامرازەکانیان لەو جۆرە بەردە بووە. پشکنینی تیشکی X سەرچاوەی ئەو بەردانە بۆ دەریاچەی وان و چیای نەمرود داغ دەگێڕێتەوە. ئەو شوێنە ٥٠٠ کیلۆمەتر لە بێشتانەسوورەوە دوورە. بەشێکی زۆری دیکەی ئامرازەکان هاوشێوەیان لە تەواوی ناوچەکانی زاگرۆس و تۆرۆسدا هەبووە و دۆزراونەتەوە
نیشتەجێیانی بێستانسوور شارەزایی تەواویان لە دروستکردنی ئامراز لە بەردی لایمستۆن و لمە بەردی ناوچەکەدا هەبووە. جگەلەوانیش دەستیان بە بەردی مەرمەر و گرانیتی ٣٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر دوور لە خۆیان گەیشتووە و بەکاریانهێناوە. هەریەکە لەو بەردانەیان بە شیوازێک و بۆ مەبەستێک بەکارهێناوە. هەندێکیشیان بۆ جوانکاری بوون، ٩٥٨ مورووی جۆراو جۆری بەرد دۆزرانەوە، بەشی هەرەزۆریان لە ژێرزەوی ژووری مردوەکان دەرهێندرانەوە. ٦٨٥ پارچەیان قاوغی گیاندارێکە بە کوردی پێی دەڵێن هێلکە شەیتانۆکە. وا دیارە ئەوانە بۆ جوانکردنی تەرمی مردووەکان بوون. هەر هێلکە شەیتانۆکە بەشیکی گەورەی خوارنی ڕۆژانەیەن بووە. دەکرێ ئەو کاتە قەبارەیان گەورە و گۆشتن بووبن بۆیە خوراوە
لە ناو بەردە دۆزراوەکانی ژووری مردووەکان، هیچ شێوەیەکی دروستکراوی ئاژەڵان نەبینراوە. بەڵام چەندان شێوەی گۆیی، شێوە قووچەک و خڕخڕە هەبوون. ئەوانە لە زۆربەی هەرە زۆری شوێنەوارەکانی ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، بەدیدەکرێن. یەکێک لەو شێوانەی هەبوون و وەکو شکانێکی لەسەر دروستکراوە زۆر هاوشێوەی دۆزراوەی شوێنەواری گەنج دارەیە، لە ساڵی ١٩٩٠ دەرهێنراوە. دۆزراوەکانی بێستانسوور، نێشانی دەدات کۆمەڵگەکەیان بایەخیان بە داتاشراوە بەردینەکانیان داوە. بە شێوەیەکی گشتیی، ئەوە هەمان کەلتووری ناوچەکەیە ولەگەڵ ناوچەکانی دیکەی دەورووبەریدا کاریگەریان بەسەر یەکترەوە هەبووە
لە بێستانسوور بەردی ناوچەی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان لە باکوور، یان ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە کەنداوی فارسیشەوە پێگەیشتووە. ئەوە بەڵگەی زانینی چەندین جۆری تەکنۆلۆجیایە لەو کاتەدا هەبووە و لە ناوچەکانی وەکو باشووری تورکیای ئێستە و ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە، بەربڵاوبوون. بەڵام لە بێستانسوور زانیویانە و ئامرازی بەردینیان پێ دروستکردوون. زانین و ناسینی ئەو تۆڕەی زانیاری و کەلتوورییە بە پشکنینی دی ئێن ئەی مردووەکانی بێستانسوور و بەراوردکردنیان لەگەڵ دی ئێن ئەی مردووانی شوێنی دیکە، زۆرتر ڕوون دەبێتەوە. لە هەموو بارێکدا جارێ توێژینەوەکانی لەوا بارەیەوە بەردەستن کەمن و هەوڵی زۆرتری پێویستە
لە ڕاستییە سەرسووڕهێنەکانی بێستانسوور ئەو خشتە قوڕانەن بۆ دروسکردنی خانوو و ژوورە لاکێشەکانیان بەکارهاتوون بەتایبەتیش گەورەیی خانووەکان و ژمارەی ژوورەکانیان. هەرنەبێ یەکێک لەو ژوورانە بۆ مردووەکانی مرۆڤ دانراوە. بێستانسوور جێنشینێکی بەردەوامی فرە زۆری خۆراک بووە. جۆرێک لە خۆ بەڕێوەبردنیشی تێداهەبووە، بەوەی ئاژەڵداریی تێداکراوە و لەهەمان کاتدا ڕاویش کراوە. باڵندە، ماسی و لوولپێچی سەرزەوی لە خودارنەکانیان بووە
سەرچاوە