بۆیەی قژ و شێرپەنجە

گومان لەوەدا نییە ماددە کیمیاییەکان زیانی زۆریان هەیە، ئەو زیانانە بزانین یان نەزانین، لە زیانەکان خۆی کەمناکەنەوە. هەر جارێک توێژینەوە لەسەر بابەتێک دەکرێ هەندێ پێشکەوتن لە زانینی زیانەکان دەردەکەوێ. بڵاوکراوەی نێودەوڵەتیی شێرپەنجە ئەنجامی توێژینەوەیەکی تازەی لەبارەی پێوەندی بۆیە هەمیشەییەکانی قژ و شیرپەنجە، بڵاوکردووەتەوە. توێژینەوەکە لە ئەمەریکا کراوە و هاوڵاتییانی ئەمەریکاییش نموونەی توێژینەوەکە بوون.


توێژینەوەکە لە بۆیەی هەمیشەیی قژی ژنانی کۆڵیوەتەوە و بە تایبەتیش ماددەکانی نەرمکردنەوەی موو، کە لە بۆیەی هەمیشەییدا هەیە. پێشتریش سەرنجی لەو جۆرە بڵاوکرابووەوە پێوەندی بۆیەی قژ و شێرپەنجەی مەمکی تێدابوو، بەڵام بە ڕاستیی زانستیی سەلمێندراو نەبوو. ئەم توێژینەوە تازەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٩ نزیکی ٤٧ هەزار ئافرەتی تەمەن نێوان ٣٥-٧٤ ساڵی گرتووەتەوە. لە سەرەتای توێژینەوەکەدا، هیچ کەم لەو ئافرەتانە شیرپەنجەی مەمکی نەبووە. بەڵام هەموویان بە لانی کەم یەک خوشکی تووشبووی شیرپەنجەی مەمکیان هەبووە، بۆیە هەموویان هەندێ مەترسییان لەسەر بووە.


لە سەیرترین ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە دەریدەخات ئەو ئافرەتە پێست ڕەشانەی بەردەوام (هەر ٥ بۆ ٨ هەفتە جارێک) بۆیەی قژ بەکاردەهێنن، زۆرتر تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون وەک لە ئافرەتی سپی پێست. لە چاو ئەوانەی هیچ بۆیە بەکارناهێنن، مەترسیی بە ڕێژەی ٦٠٪ لەسەر ئافرەتانی پێست ڕەش زۆرترە ئەگەر بۆیە بەکاربهێنن. سپی پێست ڕێژەی ٨٪ مەترسیی زۆر دەکات. هۆی ئەو جیاوازییە ئەوەیە ئەو بۆیانەی ڕەش پێست بەکاری دەهێنن زۆرتر ماددەی قژ نەرمکردنەوەیان تێدایە بۆیە مەترسییان زۆرترە. لە لایەکی دیکەیشەوە، ٧٤٪ ی ئافرەتی ڕەش پێست و ٣٪ ئافرەتی سپی پێست، قژ نەرمکەرەوەکان (کۆندیشنەر) بەکاردەهێنن. قژ نەرمکەرەوەکان ماددەی فۆرماڵدیهایدیان تێدایە، کە بە کارسینۆجین دەژمێردرێ. کارسینۆجین لەو ماددانەیە مرۆڤ تووشی شیرپەنجە دەکات.


توێژینەوەکە دەیخەمڵێنێ سەروو ٣٠٪ی ئافرەتانی ئەمەریکای تەمەن ١٨ ساڵ یان زۆرتر، بۆیەکانی قژ بەکاردەهێنن . بابەتەکانی جوانکاریی قژ، بەلانی کەم ٥٠٠٠ جۆر ماددەی کیمیاییان تێدایە. هەندێکیان ڕژانی هۆرمۆن لە لەشدا دەشێوێنن، یان بازی جینەکان دروست دەکەن. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، هەموو ئەو بابەتانەی لە بازاڕەکاندا هەیە لە ڕووی سەلامەتیی بەکارهێنانیانەوە تاقینەکراونەتەوە و نازانرێ مەترسییەکانیان چەندە.


لە ماوەی توێژینەوەکەدا و دوای ئەوەش بە دواداچوون بۆ هەموو ئەوانەی بەشدار بوون بۆ ماوەی ٨ ساڵ و ٢ مانگ، شیرپەنجەی مەمک لە ٢٧٩٤ ئافرەت دەرکەوت. ٥٥٪ی ئەو ئافرەتانە ١٢ مانگ پێش توێژینەوەکە، بۆیەی قژیان بەکاردەهێنا. بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەوانەی بۆیەیان بەکار نەدەهێنا، ئەوانە بۆیەیان بەکارهێناوە گەنجتر بوون، کەمتر خوێندوویانە، زۆرتر جگەرەکێشیان لە ناودا بووە. توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بۆیە ڕەنگە تۆخەکان زۆرتر مەترسیی تووشبوون بە شیرپەنجەیان تێدایە. ئەو بۆیانەی بۆ ماوەی کورتن (هەمیشەیی نین) هەمان مەترسیی تووشبوون بە شیرپەنجەیان تێدا نییە.


ئەوە یەکەم جار نییە دەرکەوێ بابەتەکانی جوانکاریی ئافرەتان ماددەی کیمیایی شیرپەنجە ئامێزیان تێدایە. لە ساڵی ٢٠١٥یشدا ڕاپۆرتک لە لایەن هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک دژی شیرپەنجی مەمک بڵاوکرایەوە، تیشکی خستبووە سەر کرێمەکانی دژە چرچیی پێستی دەم و چاو. دەرکەوت ئەو کرێمانە ماددەیەکیان تێدایە پێی دەڵێن پی ئێف ئۆ ئەی، ئەو ماددەیە بە شێواندنی هەموو سیستەمی هۆرمۆنی لەش (ئیندۆکرین) ، ناسراوە.


لەو دوو توێژینەوەیەدا دەردەکەوێ ئافرەتان چۆنییەتی دەرکەوتنیان و شێوەیان لە گەنجیاندا لا گرگنترە وەک لەوەی چەند تەمەن درێژ و تەندروست دەبن. ئەوەیش ڕاستییەکی تاڵی باری کۆمەڵایەتییە لە جیهاندا.

https://onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/ijc.32738

 

ئەگەر بێینە سەر ئەو بابەت و کاڵایانەی لە بازارەکانی کوردستاندا هەیە، ئەگەرچی کوالیتی کۆنترۆڵ هەیە، بەڵام زۆری دیکەیش بە پشت کوالیتی کۆنترۆڵدا دێن و لە بازاڕەکاندا هەیە. بەکارهێنانی بەرهەمی نەناسراو و کۆمپانیای کەس نەدیو و کەس نەبیست، هەرگیز پەسەند نییە. ئەگەر حاڵی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان ئەوە بێ بەرهەمەکانیان زیانی بۆ تەندروستی هەیە، ئەی دەبێ ئەو کۆمپانیایانەی هیچ پابەندی کوالیتی نین و سەنتەری توێژینەوەی پێشکەوتوویان نییە، دەبێ چۆن بێ!