دەربەندی ڕانیە بە دەربەندی ڕەمکانیش ناسراوە و ٨ کیلۆمەتر لە ڕانیەوە دوورە. لەوێوە بەرەو دەشتی پشدەر دەڕۆی.لە میانەی پلانی ڕاهێنانی فریاگوزاری شوێنەوارەکانی عێراق، تیمێک لە مۆزەخانەی بەریتانیا لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦ مۆڵەتی پشکنینی شوێنەوار لە ٣ شوێنەوار (قەڵاتگەی دەربەند، وسو ئاسکە و موراد ڕەسوو) لە دەم دەریاچەی دوکان لە نزیک ڕانیە وەردەگرن. هەرسێ شوێنەوار لەبەر کاریگەریی دەریاچەکە و هۆکاری دیکە هەڕەشەیان لەسەرە. هۆکارێکی دیکەی هەڵبژاردنی ئەو سێ شوێنەوارە ئەوەیە بە لێکۆڵینەوە لەو سێ شوێنەوارە لە نیشتەجێ و بەرگریکردن لەو دەربەندە ستراتیژیە لە هەزارەی یەکەمی بەر لە زایین، تێدەگەین. راپۆرتی تیمەکە لە دوای چوار وەرزی گەڕان و هەڵکۆڵین لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ نووسراوە
شوێنی قەڵاتگەی دەربەند لە سەر بەرزاییەکدایە و کاتی خۆی بەسەر زێی بچووک و ڕێی هاتووچوونی ئەو دەربەندەدا، ڕوانیویەتی. ڕووبەرەکەی ٧٠٠ هەزار مەتر دووجا بووە. بایەخی ئەو شوینەوارە یەکجار زۆر گەورەیە، کەچی زانیاریی لەبارەیەوە زۆر کەمە و تا ساڵی ١٩٧٣ هەر نەناسرابوو. ئەوکاتیش مێژووناسی ناوچەکە عەبدولرەقیب یوسف سەرنجی ئەو بەردانەی دابوو لە سەر زەوی دیاربوون. زۆر جار قەڵاتگەی دەربەند لە وێنەکانی مانگی دەستکرد دەرکەوتبوون، لە هەموویان دیارتر ئەوانەی مانگی دەستکردی کۆرۆنا لە ساڵی ١٩٦٠ بوون. تێیدا شیوەیەکی چوارگۆشە و دیواری بەری ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێیەکە بە باشی دیاربوون
لە وەرزی یەکەمی گەڕاندا زەویەکەیان بۆ چوارگۆشەی ١٠ بە ١٠ دابەشکرد. لە سەر ڕووی زەوی پارچەی گڵسازی کۆکرانەوە و زۆربەیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فارس دەگەڕانەوە (ڕەنگە مەبەست ساسانییەکان بێ) لەیەک دەچوون، دیارە ئەوە لە یەک ماوەی نیشتەجێبووندا بووە. لەبەر دابەشبوونی پارچەکان، تا راددەیەک شێوازی دابەشبوونی زەویەکانمان بۆ دەرکەوت. بەڵام لەدەروەی دیواری لای ڕۆژئاوا، هیچ پارچەیەک نەبوو
نزیکەی ١٠٠ بەرد دۆزرانەوە، لەوانەی وەکو کێش بەکارهاتوون، وێنە و شێوەیان لەسەر کۆڵدرابوو، پارچەی ستوونی کۆڵەکە و بەردی ڕیزکراوی سەر زەوی. ٦ بەردی گەورەی تیرە نزیکەی ١ مەتر دۆزرانەوە لە دەوریاندا کۆڵدرابوو، دیارە ئەوانە بۆ گۆشینی بەرووبووم بەکارهاتوون. هەبوونی ئەوانە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست زۆر سەرنجڕاکێش بوون و لەوانە دەچوون لە ئای خانوم لە ئەفگانستان دۆزرابوونەوە (بڕوانە وێنەی ٤ لە ڕاپۆرتەکەیان). پارچەیەکی دیکە بەردێکی هاوشیوەی ستوونەکانی پایتەختی کۆرینثای یۆنانە و تەمەنی بۆ سەدەی دووەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، ئەویشیان لەوانەی ئای خانوم دەچن و ئێستە لە حەوشەی مۆزەخانەی سلێمانی داندراوە
لە وەرزی دووەمی کنە و پشکنین، تیمەکە بە درۆن سەروو ١١٠٠ وێنەیان لە بەرزیی ١٠٠ مەترەوە گرت و بەرنامەی تایبەتی بۆ لێکدان و جیاکردنەوە وێنەکان بەکارهێنا، بەڵام لەبەر بەرزبوونەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵ لە مانگی ئایاردا، سوودی زۆریان نەبوو. دوای ئەوە ڕاپۆرتەکە دەچێتە وەرزی چوارەمیان لە پاییزی ٢٠١٨. ڕووبەرەکەیان بۆ ١٢٧ چوارگۆشەی ٢٠ بە ٢٠ مەتر دابەشکرد. تەنیا دوو چوارگۆشە لە قەڵاتگە بوون، ئەوانی دیکە لە وسو ئاسکە بوون. لە وێنەکانی کۆرۆنا و درۆن دیوار و پاشماوەی شارەکە، دیارن و بۆ سەردەمی فارسەکان دەگەڕیتەوە (ڕەنگە لەگەڵ سەردەمی ساسانییەکانی بێت)
وێنەی ڕووبەری یەکەمیان سەروو ١٨ هەزار مەتر دووجایە و وادیارە بەشی ڕۆژئاوای قەڵاتەکەی فەرسەکان بووە. دیوارە ئەستوورە پارێزەرەکانی بە سێ تاوەری چاودێریی یان دەرگا، لە وێنەکاندا دیارە. ڕێی هاتووچوون ناوەوە و ڕێگەیەکی دەرەوەیش دەرکەوتووە. کۆڵان و ڕیگەکانی ناوەوە هەر ٥٠ مەتر دووجایەک لەیەک دادەبڕێ، زۆربەی پێکهاتەی ناوەوە ژووری ٥ بە ٥ مەترن، لەوەدەچێ کۆگە بووبن چەنکە دەکەونە دیوی ناوەوەی دیوارەکانی پاراستن و لەسەر لێوی ڕیگەکەی ناوەوەیە بە دەوری شوێنەکەدا لێدراوە. لە ڕووبەری ٢ و ٣دا زۆربەی وەکو ڕووبەری یەکەمیانە. تەنانەت کۆگە ٥ بە ٥ مەترییەکانیشی هەر وەکو ئەوێیە
لە ڕووبەی ژمارە ٩ دا دیوار و پێکهاتەی دیکە دەردەکەون، لەوانە خشتی ڕێک، بناغەی کۆڵەکە و شوێنی پەستانی/گوشینی بەرووبووم بۆ دەرهێنانی ڕۆن و ئاوەکەی. لە بەشی باکووری ئەو شوێنە دیارە پێکهاتەی لاکێشەی تەریب بەیەکی ٥ بە ١٢ مەتر و کۆڵانی ناڕێکی ٢ تا ٣ مەتر تەسک لێکیان جیادەکاتەوە، هەبوون. هەر لەو شوێنە قووڵاییەکی درێژکۆلە هەیە وەکو ئاوەڕی بەکارهێندراوە، ئاوی باران و پیسیی ئەو شوێنە بەرەو دەرەوە ئاراستە دەکات. لە وەرزی یەکەمدا لە ڕووبەری ژمارە ٥ هەندێ پارچەی گڵسازیی سەردەمی ئەخمینییەکان دۆزرابووەوە، لە وێنەی پێوەری موگناتیسی پێکهاتەیەکی گەورەی ٥٥ بە ٢٠ مەتر دەرکەوتووە، زۆربەی ژوورەکانی گەورەن. پێکهاتە و شوێنەواری دیوار لە ڕووبەری ٧ و ٨یش بەهەمان شێوە لە وێنەکاندا دەرکەوتن
تیمەکانی گەڕان لە وەرزەکانی کنە و پشکنین، ١١ چاڵیان لێدا. لە رووبەرێکدا کەمێک پاشماوەی گڵسازیی بۆ سەردەمی فارسەکان دەگەڕێتەوە دۆزرانەوە، لە ناویاندا بەشێکی پەیکەرێکی قوڕی لە ئاگر سوورکراوەدا بوو. لە بەشیکی دیکەدا دیوارێکی بەبەرد هەڵچنراوی ٦ مەتر پان و دیواری دیکەی ئاسایی خانووەکانی ناوەوە دەرکەوتن، هەر لەوێ بەڵگەی کانزاسازیی و کۆگە هەبوون، بەوپێیە دەردەکەوێ ئەو شوێنە قەڵایەکی سەربازیی بووە و بۆ هەمان سەردەمی فارسەکان دەگەڕێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا دیواری دیکەی ژووری بچووک دەرکەوت لەگەڵ پاشماوە و هەندێ ئامرازی ژیانی ڕۆژانەی سەربازەکان و بۆ هەمان کات وەک بەشەکانی دیکە، دەگەڕێتەوە. بەشەکانی دیکە دیوار و بەشێک لە پارچەکانی داپۆشینی سەربانەکانی تێدا دۆزراتەوە، ئەوانە وەکو کاشی ئیستە وابوون، لە ئاگردا سوورکراونەتەوە و بۆ داپۆشینی سەربانەکان بەکارهاتوون. لە شوێنی دیکەدا پارچەی ئێسقانی ئاژەڵان و مرۆڤیان تێدابوو، لەگەڵ چەند پارچەیەکی پەیکەری مرۆڤ لە بەرد و گڵ دروستکراون
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/339538481_EXCAVATIONS_AT_THE_DARBAND-I_RANIA_PASS_KURDISTAN_REGION_OF_IRAQ_REPORT_ON_THE_2016_AND_2017_SEASONS