گردی گرێزە لە دەشتی شارەزووردا دەکەوێتە نێوان عەربەت و سەیدسادق لەسەر ڕێگا تازەکەی نێوان سلێمانی و هەڵەبجەیە. ناوەکەی لە ناوی لادێیەکەوە وەرگرتووە ١٥٠٠ مەتر لێیەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی شێخ ئیسماعیل، کە سنووری دەشتایی شارەزوورە لە باکوور و دوو گردی دیکەی ٧٥٠ مەتر بەرز لە باشوورەوەین. لەو دۆڵە وشکەدا، ئەگەرچی ئێستە زۆربەی کاتی ساڵ وشکە، بەڵام دیارە لە سەردەمانی بەر لە مێژوو سەرچاوەیەکی ئاوی باش بووە
لە سەروبەندی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی سلێمانی هەڵەبجە و لە کاتی تەختکردنی زەویەکانی ئەو ڕێگایە گردی گرێزە کەوتووەتە بەرچاوان و هەواڵ گەیەندراوەتە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی. چونکە کارەکانی دروستکردنی ڕێگاکە بەردەوام بوو، هەرزوو تیمێکی شوێنەوار بۆ شوێنەکە نێردرا
گردەکە ٧٠ بە ٩٠ مەترە و تەنیا ٢ مەتر لە دەشتاییەکەی دەورووبەری بەرزە. کاری شوێنەوارناسیی لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٠٣ دەستیپێکرد و تا ١٤ تشرینی یەکەم بەردەوام بووە. سەرەتا دوو چاڵی هەڵکۆڵینی ٥ بە ١٠ مەتر لێدران. چاڵی یەکەم لە سەرەوەی گردەکە لێدرا، بەشی سەرەوەی گردەکە بە کارەکانی دروستکردنی ڕێگاکە، زۆر تێکچووە. جگە لە چەند بەردێکی پەرش و بڵاو لەو شوێنەدا، نەتوانرا هیچی لێ دەستبکەوێتەوە. هەندێ گڵسازی سەردەمی هاتنی ئیسلام دۆزرانەوە، دواتر لە دوو شوێنی دیکەی باکووری گردەکە پارچەی دیکەی هاوشێوە دۆزرانەوە. ئەو گڵسازییانە بۆ سەردەمی ساسانی و هاتنی ئیسلام دەگەڕێنەوە. لەوانەیە ئەوە ماڵێکی بچووکی کێڵگەی کشتوکاڵ بووبێ، ئەو کاتە ئەو جۆرە ماڵانە لە دەشتی شارەزووردا، بڵاوبوون
بەرەبەرە دیوارێکی ٦٠ سانتیمەتر بەرز دەرکەوت، ئەو شوێنە ٧٠ ژووری تێدا بووە، زەوی ژوورەکان بە چینێک قوڕی پەستراو سواغ درابوون. سێ داڵانی تەسک و بچووک لە نێوان ژوورەکانی ١ و ٤ لەگەڵ ٤ بۆ ٥ و ٧ دا، هەبوون. ژووری ٧ وەکو هەیوانێکی سەر داپۆشراو بووە بۆ هاتنە ژوورەوەی خانووەکە بەکار هاتووە. بۆ زیاتر دۆزینەوەی دیوارەکان، چاڵێکی دیکە لەو شوێنە لێدرا و بینرا دیوارەکان ٣ مەتر و نیو پانن و دیواری ژووری ٤ هەرنەبێ ٧ مەتر کشاوە. دواتر ژووری ژمارە ٨یش دۆزرایەوە
شوێنی ئاگردانێک لە ژووری ٤دا دۆزرایەوە. لە ژووری یەکیش کوورەیەک و چەندین پارچەی گڵسازیی دۆزرانەوە، جگە لە چەند دەرزەنێک لە قاوغی هێلکە شەیتانۆکە. قاوغی هێلکە شەیتانۆکە لە زۆر شوێنەواری دیکەی باشوری کوردستان دۆزراونەتەوە. دوای دەرکەوتنی هەموو دیوارەکان، ئەو شوێنە لە ماڵێکی سێ کوچکە، یان سێ لا دەچێ. ئەو جۆرە پێکهاتانە لە زۆر شوێنی دیکەدا دۆزراونەتەوە و لە سەردەمانی چاخی بەردیندا ئەو ماڵانە هەبوون. وەکو ئەوانەی لە گردی عەبادە، تەل مظهر، تەل ڕەشید و خێت قاسمی ناوچەی بەنداوی حەمرین
لە دۆزینەوەکانی دیکەی چاڵی یەکەم، چەندین پارچەی گڵسازیی و ئامرازی بەردی چاخی بەردین، دۆزرانەوە. جگە لە بەردە تەشی و بابەتی دیکەی کوتانی گژ و گیا و خواردنی دیکەی نەرم. سەرە پانەکانی ئەو بابەتانە شوێنەواری داخوورانیان پێوە دیارە، دیارە زۆر بەکارهاتوون. ئەو بابەتانە لە قوڕی تێکەڵ بە ڕووەک دروست دەکران و لە ئاگردا دادەنران تا ڕەق ببن، دواتر سەرە پانەکە بۆ کوتانی گژو گیا بەکاردەهات
لە چاڵی دووەمدا گۆڕستانێکی بچووک دۆزرایەوە، ٦ گۆڕبوون لە چاڵێکی تەنکدا بوون و بە تاشە بەردی تەخت داپۆشرابوون و لەسەر ئەو گردە کۆنە نێژرابوون. هیچ بابەتێکی دیکە لە ناو گۆڕەکاندا نەدۆزرانەوە، دیارە ئەو گۆڕانە بۆ سەردەمی هاتنی ئیسلام دەگەڕێنەوە. لەبەرئەوەی ڕووی تەرمەکان بەرەو مەککە دانەندرابوون، دەکرێ ئەو گۆڕانە موسوڵمان نەبووبن. هیچ هەڵکۆڵینی دیکە لەوێ نەکرا
گردی گرێزە زۆر لە گردی تانجەڕۆ دەچێ. دۆزراوەی سیرامیکەکانی هەمان ئەوانەی باکوور و باشووری میزۆپۆتامیایە و هەندێ خەسڵەتی ناوچەییشی پێوەیە، بە واتای ئەوەی جیا لەوانەی میزۆپۆتامیا بۆخۆیان گۆڕانکارییان لە شێوازی دروستکردن و نەخشەکانی سەریان، کردووە