ئەشکەوتی زارزی لە چاخی بەردینی کۆندا

ئەشکەوتی زارزی لە ساڵانی ١٩٢٠ وەک شوێنەوار دەستنیشانکراوە. ئەگەرچی هاوشێوەیی و جیاوازیشی لەگەڵ شوێنەوارەکانی ناو سنووری تورکیای ئێستە هەیە. کەچی هەر لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. زارزی ڕۆڵێکی گرنگی لە گۆڕانی ژیانی کۆمەڵەڕاوچییەکانی ئەو کاتە بەرەو داهێنانی بەرهەمهێنانی خۆراک، هەیە. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە کۆکردنەوەی زانیاریی زۆرترە لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانی ناوچەی زاگرۆس وبەراورد لەگەڵ ئەوانەی ناوچەی لێڤانت (واتا ئەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست)

 

بە شێوەیەکی گشتیی، ئەوەی لە ئەشکەوتی زارزی دۆزراوەتەوە، لە شوێنەوارناسییدا، بە کەلتووری زارزی ناسراوە. هەمان کەلتوور لە وارواسی، ئەشکەوتی خار (غاری خار) و پا سەنگەر لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستەن و پەلی گەورە لە نزیک سلێمانی، هەبووە. ئەو سەردەمە بۆ نێوان ١٤ تا ١٨ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. مرۆڤی کۆن لە ئەشکەوتەکانی کەلتووری زارزی بەر لەوە لە نێوان ٢٩٠٠٠-٣٤٠٠٠ ساڵ هەر هەبووە، ئەو کاتە پێی دەڵێن (ئاوریگناشیانی زاگرۆس)

 

لەو سەردەمەدا جارێ دار و دارستان بەو ناوچەیەدا بڵاو نەبووبوو، تازە چاخی بەستەڵەک کۆتایی هاتبوو و کەشوهەوا تەواو خۆش نەبووبوو. هەرچەندە خەڵووزی دار بەڕوو، چنار و زەنجەفیل لە ئەشکەوتی پەلیگەورە دۆزرانەوە، بەڵام کەشوهەوا خۆش و وشک بووە. دۆزراوەکانی زارزی بوو، شوێنەوارناسانی پاڵنا لەو شوێنانەی دیکە لە هەمان کەلتوور بگەڕێن و شوێنەواری پڕ بایەخ دۆزرانەوە

 

مرۆڤ لە کەلتووری زارزیدا لە نێوان دەشت و دۆل لەگەڵ چیاکاندا، بەپێی وەرزەکان کۆچی کردووە. لە وەرزی سارددا لە ئەشکەوتەکاندا بوون و لە وەرزی دیکەدا بەرەو دۆڵ و دەشتاییەکان هاتوونەتە خوار. دۆزراوەی پاشماوەی ئێسقانی ئاژەلان ئەو زانیاریانەمان بۆ دەردەخەن. بە پێی خەمڵاندنی تەمەن بە تەنکنیکی کاربۆنی تیشکدەر بۆ ئێسقانی ئاژەڵان و خەڵووز، زۆربەی شوێنەوارناسان زارزییەکان بە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە ١٤٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دادەنێن. بەڵام بە شیوەیەکی گشتیی لە کۆتایی سەردەمی ئاوریگناشیانی زاگرۆس، کەلتووری زارزی (بە چەند جیاوازییەکەوە) لە چەند شوێنێکی ئێرانی ئێستە، کوردستانی باشوور، ئەردەن، فەلەستین و سوریا دەردەکەوێ

 

بۆ نموونە لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٩٣ لە شوێنەواری وارواسی لە باکووری کرماشان، زنجیرەی کەلتووری زارزی لە چوار چیندا دەردەکەوێ. ئەو چینانە ناونراون چینەکان ئێڵ تا ئۆ لە ئاستەکانی خوارەوە ئەی تا دی لە ئاستەکانی سەرەوەدا. لە چوار چینەکانی خوارەوەدا چەندین ئامرازی بەردینی هەڕەمەکی شێوە (نا ئەندازەیی) دۆزرانەوە، زۆربەیان ئەوانەن بە بڕەری (دوفۆر) دەناسرێن و لەوسەردەمەدا (ئاوریگناشیانی زاگرۆس) بەکاردەهاتن. چەندی بەرەو سەرەوە دێی گۆڕان لەو ئامرازانە بەدیدەکرێ، تا وایلێدێ ئامرازی شێوە سێگۆشە دەردەکەوێ و دواتر دەبنە لێوار خوار، دیارە ئەو لێوار خوارانە باشتر گۆشت دەبڕن و دەپچڕن

 

ئەوەی کەلتووری زارزی لەوانی دیکە جیادەکاتەوە و وەکو گۆڕانێک لە جۆری ئامرازەکانی زارزی لە چاو ئەوانەی پێش خۆیان، باس دەکرێ  ئەوەیە ئامرازەکانی کەلتووری زارزی (کە لە بەرد دروستکراون) شێوەیان لە هەڕەمەکی بۆ شێوەی ئەندازەیی دەگۆڕدرێ. واتا ئەو ئامرازە بەردانەی بۆ داپچڕان و بڕینی گۆشتی ئاژەڵان بەکارهاتوون شێوەی سێگۆشە، مەعین یان درێژکۆلەی نزیک لە لاکێشە و هێلکەیی درێژ بوون. ئەو گۆڕانە لە شیوەی بەردە گۆشت بڕەکان وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی مرۆڤی کۆنە و بەو تەکنۆلۆجیا تازەیە توانی سوودی زۆرتر لە گۆشتی نێچیرەکانی وەرگرێ

 

لە توێژینەوەیەکی (غانم وەحیدە) لە ساڵی ١٩٨١ لە ئەشکەوتی زارزی، تۆوی گۆیژ لە زارزی دۆزرایەوە، واتا ئەو کاتە سەردەمێکی کەشوهەوا خۆش بووە. ئێسقانی ماسی، قرژاڵی ئاوی شیرین و قاوغی هێلکە شەیتانۆکە دۆزرانەوە. بەشێکی زۆر لەو شوێنەوارانەی کەلتووری زارزی لێبووە وەکو خێوەتگەی کاتیی بەکارهاتوون لەوانە پاسەنگەر و شانەدەر. لەوێدا ئاسکە کێوی، بزن و مەڕی کێوی و ئاژەڵی دیکە لەسەر تاشە بەردەکانەوە، لەسەرەوە ڕاو کراون بۆ ئەشکەوتەکان هێنراون. ئەو جۆرە نشینگەیانە بە خێوەتگەی هاوینان دادەنرێن، چونکە ئەو جۆرە ڕاوکردنە لە شاخەکانەوە دەکرێ، واتا سارد و سەرما کەم بووە

 

هەرچی لە ناوچەی (لێڤانت) واتا ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، لە نێوان ٢٢٠٠٠ تا ١٠٢٠٠ ساڵ بەر لەزایین، کەلتوورێکی هاوشیوەی ئەوەی ئەشکەوتی زارزی هەبووە. شوێنەوارەکانی وەکو کەباران، نەبەکیان، ناوچەی ئەزرەق و ناتوفیان لە ئەردەن و فەلەستین هەمان کەلتوورن. لە ناوچەی ئۆهالۆ٢ لە ڕۆژئاوای لێڤانت پاشماوەی گەنمی کێوی (خۆڕسک) و ماسی، لەگەڵ چەند ئامرازێکی لە ئێسقان دروستکراو، دۆزرانەوە

 

ئەوەی لە نێوان زاگرۆس و لێڤانت هاوبەشە، لێکچوونی ئامرازەکانی و گۆڕانیانە بە پێی کات. ئەگەرچی هەندێ ئامراز هەن لە زاگرۆس و لێڤانت پێکەوە دەرناکەون و هەیە تەنیا لەیەک ناوچە دەرکەوتووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی کەلتوورەکە هاوشێوەن. هەردوو ناوچە بەردەکانی ناوچەی خۆیان بەکاربردووە تا ئەو ئامرازانەیان لێوە دروست بکەن. لە هەردوو ناوچەدا ڕاوکردنی شیرەدەرە گەورەکان سەرچاوەیەکی گرنگی خواردن بووە

 

سەرچاوە

https://www.researchgate.net/publication/239720455_The_Zarzian_in_the_Context_of_the_Epipaleolithic_Middle_East