کەس نییە ناوی پەنسیلین نەزانێ، دەمێکە دەزانین پەنسیلین دژە بەکتیریایە، هەر هەوکردنێکی بەکتیریا لە لەشماندا بە دژە بەکتیریا چارەسەری دەکەین. پەنسیلین یەکەم دژە بەکتیریا بووە مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا بەکاری هێناوە، ئەلێکساندەر فلیمینگ دکتۆرێکی سکۆتلەندی بوو لە ساڵی ١٩٢٨ بە ڕێکەوت دۆزیییەوە
ساڵانی ١٩٤٠ تا ١٩٦٢ سەردەمی زیڕینی دژە بەکتیریاکان بوو، هەموو خێزانەکانی دژە بەکتیریا لەو نێوانەدا دۆزرانەوە و پۆلێن کران. لەگەڵ هەر سەرمابوونێکی وەرزیی و هەوکردنی ئەندامێکی جەستە، دژە بەکتیریا بەکاردەهات. پاڵپشت بە ڕاستییە زانستییەکان سەبارەت بە خۆگونجاندن و مانەوە بۆ باشترین، بەکتیریاکان لەگەڵ ئەو دژە بەکتیریایانە خۆیان دەگونجێنن، ساڵ بە ساڵ بەرگری ئەوان بۆ دژە بەکتیریاکانمان بە هێزتر دەبێت، تەنانەت پەنسیلین خۆی، توانی تەنیا ١٠ ساڵ شەڕی بەکتیریاکان بکات. لەو سۆنگەیەشەوەیە وڵاتانی پێشکەوتوو رێ بە دکتۆرەکانیان نادەن هەروا بە ئاسانیی دژە بەکتیریا بدەنە نەخۆشەکان. لەوەش گرنگتر، دژە بەکتیریاکان بۆ ڤایرۆسەکان هیچ کاریگەرییەکیان نییە، کەواتە لە سەرمای وەرزیی کە تووشی هەڵامەت و ئەنفلەوانزا دەبین هەرگیز نابێ دژە بەکتیریا بەکار بهێنین. لەبەر ئەوە، لەخۆتەوە دژە بەکتیریا مەخۆ و مەیدە بە کەسیش. مەترسییەکانی زۆر بەکارهێنان لەم لینکە بخوێنەوە
https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/antibiotic-resistance
ژمارەی میکرۆبەکان بە گشتیی لە ٥٠ نۆنیلیۆن (٥ و ٣١ سفری لەبەردەم) زیاترن، مرۆڤ تەنیا ٧ ملیارە. ئەوان ٣ ملیار ساڵە هەن، ئێمە ٤٠٠ هەزار ساڵە هەین. حیسابەکە ئاسانە هەرچییەکیان لێبکەی هەر دەمێنن، ئەوان پسپۆری خۆگونجاندن ئێمە بە وردە سەرمایەک بەکتیریا و ڤایرۆسمان تێدەکەوێ
ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە نێوەندە زانستیی و پزیشکییەکاندا مقۆ مقۆی ئەوە پەیدا بوو، ئایا تا کەی ئەو دژە بەکتیریایانە چالاک دەمێننەوە. مرۆڤایەتیی دەکەوێتە نشوستییەکی زۆر مەزن ئەگەر نەتوانێ بەسەر بەکتیریا زیان بەخشەکاندا زاڵ بێت، بەکتیریاکان تا دێ بەهێزتر دەبن و نەخۆشییەکانیشیان تا دێت قورستر دەبن، مرۆڤیش بە دژە بەکتیریای سەدەی رابردوو شەڕی بەکتیریا ناباتەوە، لە بنچینەوە نابێ ئەو شەڕە بکەین، ناشبێت بردنەوەمان بوێت، دەبێ ئەوانیش لەگەڵمان لەسەر زەوی بمێنن، چونکە سەرەڕای زیانەکەن، سوودیشیان گەلێک زۆرن
ئەدی چار؟ چارەسەر دەکرێ ئەمانە بن
١. پێشخستنی پێپتایدەکان (ئەوانە لە یەکگرتنی دوو یان زیاتر لە دوو شریتی ترشە ئەمنییەکان پێکهاتوون)، لە تاقیگەکان کاریگەریی ئەو پێپتایدانە یەکلا کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی دیکە لەبەردەمییاندا هەیە، ئەوانە لە ناو شلەمەنییەکانی ناو جەستەی مرۆڤدا تێکدەشکێن و لە یەکێک بۆ ئەوی دیکە جیاوازە. بۆیە گەڕان بە دوای پێپتایدی نوێ و کاریگەرتر دەبێ بەردەوام بێ. رێگایەکی نوێ بۆ ئەم گرفتە ئەوەیە دوو پێپتاید لەیەک ببەسترێن، کاری یەکیان ئەوەبێت بەکتیریاکە لەناو ببات، ئەوی دیکەشیان کاری دۆزینەوەی شوێنی هەوکردنەکەی لە ئەستۆ بێت، بەوە دەڵێن تەکنۆلۆژیای ستامپ
٢. نانۆ تەنۆلکەی کانزاکان، چەندین راپۆرتی نوێ هەن کاریگەریی ئەو جۆرە تەنۆلکانە لەسەر بەکتیریاکان دەردەخەن، ئەوانە دەگەنە ناو خانەکان لەوێ تەنۆلکەی بە کارەبا بارگاوی رزگار دەکەن، ئەوانەش دیواری بەکتیریاکان دەبڕن و لەناو لەشی خودی بەکتیریاکان شیرازەی بەکتیریاکان تێکدەدەن، چالاکییەکانی ناو دیواری بەکتیریاکان تێکدەدات، بەوەش نامێنن. ئەگەرچی جارێ زۆری ماوە بکەوێتە بەردەست، بەڵام ئاسۆی روونە. جگەلەوەش کاریگەریی ئەم چارەسەرە لەسەر مرۆڤ جارێ دیار نییە
٣.بەکارهێنانی یەک جۆر چارەسەریی پزیشکیی بۆ تەنیا یەک جۆر بەکتیریا. جاری وایە یەک سیفەتی بەکتیریاکان دەپێکێ، بە تێکەڵ کردنی چارەسەرەکان دەکرێ شەبەنگێکی زیاتری بەکتریاکان بکرێنە ئامانج و باشتر تەوق بدرێن. هەمان رێگەچارە بۆ پێپتایدەکان و نانۆ تەنۆلکە کانزاکانیش راستە، بە تێکەڵکردنی جۆری جیاوازی ئەو چارەسەرییانە دەستکەوتی باشتر لە دژی باکتیریاکانی ناو لەشی مرۆڤ بەدەست دێن
٤.بەکارهێنانی ڤایرۆسەکان بۆ شەڕی دژە بەکتیریا لە دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا (جۆرجیا و پۆلاندا) بەکارهاتووە، لەو دوو وڵاتەدا سەرکەوتنی ئەم جۆرە دەرمانانە تۆمار کراوە، لەم چارەسەرەدا ڤایرۆسەکان لەگەڵ دەرمانە کۆنەکان پێکەوە بە نەخۆش دەدرێن. بەربەست لەبەردەم بەکارهێنانی ڤایرۆسەکان زۆرن، لەوانە: ڤایرۆسەکان تەیبەتمەندییان هەیە واتا ناتوانن بۆ زۆر جۆری بەکتیریا لە یەک کاتدا بەکاربێن و لەناویان بەرن، جگەلەوەش ئاسان نییە ستانداردی بۆ دابنرێ، بە واتای چی بۆ کام جۆر بەکتیریا دەبێت، ئەوە ساڵانی درێژە توێژینەوەی زانستیی دەخوازێ، ئەو درەنگەش بۆ ئەو زووە نابێت
٥.بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتوو بۆ ئەندازە کردنی دژە بەکتیریاکان بە شێوەیەک خۆمان هەر یەکەیان بە پێی پێویستیی هەر نەخۆشییەک، دروست بکەین. ئەندازەی بۆ ماوەیی بەکاربێنین بۆ گۆڕینی هەر جۆرە دەرمانێک، هەر بەکتیریایەک جۆرێکی تایبەتی بۆ دروست بکەین
سەبارەت بە دژە بەکتیریاکان ئاسۆی ڕوون لەبەردەم مرۆڤایەتیدا هەیە، بەڵام هیچیان لە ماوەی ٢٠ بۆ ٥٠ ساڵی داهاتووش ئامادە نابن، ئەوەی هەمانە تا ئەو کاتەی دەتوانین ڕێگەچارەی دیکە بدۆزینەوە، لەگەڵمان دەمێنێت