ئەرێ چەپانی یان ڕاستەی؟

زانست هەبوون و نەبوونی مرۆڤی دیکەی سەر دووقاچی یەکلا کردووەتەوە، نەک تەنیا یەک جۆر بەڵکو تا ٧ جۆر بوونەوەری دێرینی دیکەی دەستنیشان کرددوە و هەر بە باب و باپیرە گەورەی یان خزمی مرۆڤیان دادەنێ. ئەگەرچی مەرج نییە هەموویان باپیرەی مرۆڤ بووبن، بەڵام هەموویان گیانلەبەری سەر دوو قاچ بوون و گریمانە وایە هەموویان لە یەک سەرچاوەوە پەیدا بووبن.


مێشکی مرۆڤ وەکو مێشکی هەموو شیردەر و خشۆکەکان لە دوو لا پێکدێت، لای چەپ کۆنترۆڵی پەلەکانی ڕاست دەکات و لای ڕاستی مێشکیش کۆنترۆڵی پەلەکانی چەپ دەکات. هەردوولای مێشک تەواو وەکو یەکن، بەڵام لە ئەرکدا وەکو یەک نین. هەر لایەکی مێشکیش چەند ناوچەیەکی هەیە کاری جیاواز دەکەن، بۆیە لە یەک کاتدا دەتوانین زۆرتر لە یەک کار ئەنجام بدەین. هەردوو پەلەکان پێکەوە کاردەکەن و ژیانی ڕۆژانە بەڕێدەکەن، بۆ نموونە، بۆ ئەوەی داوێک بە دەرزیدا بکەی، هەردوو دەست پێکەوە کار دەکەن. ئەگەرچی یەکێکیان باشتر لەوەی دیکە داوەکە دەگرێ و کارەکە دەکات.


لە ناو هەموو گیانلەبەرانی سەر زەوی (جگە لە کەنگەر)، لە هیچ بوونەوەرێکی دیکەدا تێبینی ئەوە نەکراوە هەندێکیان کار و چالاکیی رۆژانەیان بە دەست و قاچی چەپ بکەن و هەندێکی دیکەیان بە راستە. تەنانەت لەناو نزیکترین خزممان لە جیهانی ئاژەڵاندا، نییە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤ نەبووە زۆربەیان چەپان بن. دەمێکە زانایان و توێژەران لەو بابەتە دەکۆڵنەوە و ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەداوەتە دەست. هەیە بۆ جۆری کارکردنی مێشک و هەیە بۆ جیاوازی فیزیۆلۆجی لە ناو مرۆڤەکاندا، دەیگێڕێتەوە.


بەشێکی زۆری ئەو نەخش و نیگارانەی لە ناو ئەشکەوتەکانی جیهاندا دۆزراونەتەوە وێنەی دەستی مرۆڤە، سەیر لەوەدایە زۆربەی هەرە زۆری دەستەکان دەستی چەپی مرۆڤن. کەواتە بەدەستی ڕاست و فوو لە دەمەوە کاری ڕەنگکردن کراوە. لە پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ جیاوازی نێوان ئەستووری ئێسقانەکانی دەست و قاچ هەیە. ئەوانەی ڕاستەن ئێسقانەکانی لای ڕاست ئەستوور و پتەوترن، بە پێچەوانەیشەوە، هەر ڕاستە. بە ووردبوونەوە لە پەیکەری ئێسقانی نیاندرتاڵیش دەبینین زۆربەی نیاندرتاڵ هەر ڕاستە بوون.


نیاندرتاڵ لە سەردەمێکدا لەگەڵ مرۆڤی نوێ پێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا دەژیان و تێکەڵ بوون. لە ئەشکەوتێکی کرواتیا، ددانی نیاندرتاڵ دۆزرانەوە پاشماوەی ڕنینی هێڵ هێڵی لەسەرە. جۆری کارکردنی پێست خۆشکردن سەرێکی ئەو پارچە پێستە بە ددانەکان دەگرێ و سەرێکی دیکە بە دەستێک . دەستەکەی دیکە، بە ئامرازێکی بەرد کاری پاککردنەوە دەکات. لەو کارەدا جار جار ئەو ئامرازە تیژە بەردەی بۆ پاککردنەوە بەکاری دەهێنێت، دەخزێ و بە ددانەکانی پێشەوەی دەکەوێ و دەیڕوشێنێ.


ئەو مرۆڤە نیاندرتاڵەی کاری پاککردنەوەی ئەو پیستەی داوە بەر لە ١٣٠ هەزار ساڵ ژیاوە، بە پێی گۆشەی ڕووشانەکان و هێڵێ ڕووشانەکانی سەر ددانەکان دەردەکەوێ ئەو ڕووشانانە دەستی ڕاست کردوونی. بە بەراورد لەگەڵ ددانی ڕووشاوی هاوشێوە لە شوێنەواری دیکە و بەپێی لاری هێڵەکان لە لایەکەوە بۆ لایەک، زانایانی مرۆڤناسیی بۆیان دەرکەوتووە زۆربەی مرۆڤی نیاندرتاڵ وەکو خۆمان ڕاستە بوون. مرۆڤی نوێش بە ڕێژەی ٧٠ تا ٩٠ ٪ ڕاستەن. ئەو ڕیژەیە لە ناو پیاوان زۆرترە وەک لە ئافرەتان.


ڕووشانی هاوشێوە لە ددانی مرۆڤێکی دێرینی دیکە بە ناوی (هۆمۆ هایدڵبێرگێنسس)ی ٥٠٠ هەزار ساڵ کۆن لە ئیسپانیا ژیاوە، دۆزرایەوە. باوەڕ وایە ئەو مرۆڤە باپیرەی هەردوو مرۆڤی نیاندرتاڵ و هۆمۆ سایپیان (ئێمە) بووبێ. ددانێکی دیکەی ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ساڵ کۆن لە تەنزانیا بۆ مرۆڤی (هۆمۆ هابیلیس) دەگەڕایەوە ڕووشانی هاوشێوەی لەسەر بوو. ئەو بەڵگانە نیشانی دەدەن زۆربەی مرۆڤەکان ڕاستە بوون. بەڵام بۆ؟


لە سکانکردنی مێشکی مرۆڤ کاتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەست، ناوچەیەکی مێشک بە ناوی  بی ئەی ٤٤ لە بەشی چەپی مێشک زۆر چالاک دەبێ، واتا ئەو ناوچەیە توانای بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەست ڕێکدەخات. لەوە دەچێ لەگەڵ پەرەسەندن و دروستکردنی ئامرازەکان مرۆڤ بەرەبەرە ئەو ناوچەیەی بۆ ئەو کارە تەرخان کردووە و وایلێهاتووە پەلەکانی ڕاست باشتر کارەکان بکەن. بەڵام ئەگەر وایە ئەی بۆ چەپان هەر هەیە؟ ئەوەی لە توێژینەوەکانی تاقیکردنەوە هەیە ئەوەیە کارکردن و هەماهەنگیی مێشکی ئەوانەی چەپانن باشترە. کەمتر یەک لای مێشک کارێک دەکات، بەڵکو هەردوو لای مێشکیان یارمەتییدەر دەبن. چالاکییەکانی مێشکیان کەمتر بۆ ڕاست و چەپ دابەشکراوە.


بە شێوەیەکی گشتیی لە وەرزش و کێبەرکێکاندا، چەپانەکان سەرکەوتووترن لەوانەی ڕاستەن. چونکە مێشکی ئەوانەی ڕاستەن ناتوانن بە هەمان کارامەیی پێشبینیی جووڵە و کارەکانی چەپانەکان بکەن. پێناچێ وا بەئاسانی بگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆ زۆربەمان ڕاستەین و کەممان چەپانین؟ هەر لە بنچینەوە بۆچی لایەکمان باشترە لە لایەکی دیکە؟ بەشێک لە جینناسان بە دوای جینی بەرپرس لەو جیاکارییە گەڕان، ئەوانیش نەگەیشتنە وەڵامێکی ڕوون.


سەرچاوە:

 https://www.youtube.com/watch?v=vb11oOHYNXM