هەموومان بیستوومانە مادەکان یان میدەکان باپیرە گەورەی کوردەکانن. ئەوان ئیمپراتۆریەتی مادیان لەسەر خاکی خۆیان دامەزراندبوو، تا بەدەستی پارسەکان رووخێندرا. بە بۆچوونی زۆر لە شارەزایانی مێژوو و بەوەی هیرۆدۆتس کاتی خۆی نووسیویەتی کوردەکان لە شەش خێڵی جیاواز (موغ لە نزیک تاران ژیاون، پارتاکنی لو ناو ئەسفەهان و دەورووبەریدا ژیاون – ناوی ئەسفەهان هەر لەوانەوە هاتووە-، ئەریزانتی لە دەورووبەری کاشان ژیاون، بوسایی لە دەورووبەری پایتەختی مادەکان هگمەتانە (هەمەدانی ئێستە) ژیاون، لەگەڵ هەردوو خێڵی ستروچاتس (ستروخاتس) و بودیی لە ناوەڕاستی وڵاتی ماد، ژیاون) دروست بوون و نەتەوەی کوردیان پێکهێناوە
مێژووی بوونی مادەکان (بەر لەوان گوتییەکان و لولوبیەکان هەبوون و ئەوانیش باپیرەی ماددەکان بوون) بۆ ٢٣ سەدە پێش زایین دەگەڕێتەوە. مادەکان لەگەڵ هورییەکان، ماناییەکان، مهرانییەکان، مارەکاندا خزمایەتییان هەبووە و هاوڕەچەڵەک بوون. بەپێی بۆچوونی هیرۆدۆتس، یەکەم پاشای مەدەکانیش دیاکۆ بووە. دیاکۆ لە ساڵی ٧٢٨ پێش زایین وەک یەکەم پاشای مادەکان لەلایەن خێڵەکانەوە هەڵبژێردراوە. دوایین پاشای مادەکان ئاستیاگ بووە، لە ساڵی ٥٥٤ پێش زایین لە هێرشی هاوپەیمانیی نێوان بابلی و پارسەکاندا دوای ٤ ساڵ خۆڕاگری، شکستی هێناوە و لەو کاتەوە مادەکان دەبنە ژێردەستەی پارسەکان
بەپیی سەرچاوە بابلی و ئاشوورییەکان، مادەکان سیستەمی فرە پاشایەتییان هەبووە. لە هەمان کاتدا کۆیلایەتیی بە واتای کۆیلەبوونی مرۆڤ بۆ مرۆڤێکی دیکە، نەبووە. دەوڵەمەند و هەژار سەردەست و بندەست نەبوون
ئایینی مادەکان میترایی بووە. بەر لەوانیش میترایی ئایینی گوتییەکان، کاسییەکان و میتانییەکانیش بووە و لە ناو باپیرە گەورەی کوردەکاندا باو بووە. زەردەشت ئەو کاتە هەر نەبووە. میترا بە زمانی مادەکان بە واتای گرێبەست/پەردیس دێت. پەردیس وشەیەکی مادەکانە بە واتای خۆشیی و شادیی لە ڕادەبەدەری ئەم دونیایە. لە کەلتوورەکانی دیکەدا واتاکەی بۆ پارادایسی ئینگلیزی یان فیردەوسی عەرەبی (هەردووکیان واتای بەهەشتی ئاسمانیی دەگەیەنێ)، گۆڕاوە. میترایی پشتگیریی لە ڕاستیی و دژبەریی لەگەڵ درۆیە
پەردیس یان بەهەشتی ماد، شوێنی خۆشیی و هەڵپەڕکێ و مەستیی بووە. کۆت و بەندی میتافیزیک و ئایین لەوێدا نەبووە. هەموو کەسێک لە پەردیسدا لە خۆشی و هەڵپەڕکێ و مەستییدا بووە. بەهەشتی کوردەکان ئەوکاتە لەسەر خاکی خۆیان بووە. ئەوە واتای پابەندبوونی مادەکان بە زەوییەوە بووە. فەلسەفە و ژیانی مادەکان لەسەر بنەمای ژیانی سەر زەوی و پێکەوەژیان بووە. میترا ئایین بووە، بەڵام وەکو خوا نەپەرستراوە، هەربۆیە پەرستگا بەو واتایەی ئێستە هەیە نەبووە؛ چونکە نزا و پاڕانەوە لە میترا نەبووە. میترا لەوکاتەدا دێت کە دوولایەن گرێبەست دەکەن و پەیمان بەیەک دەدەن. بەسەربردنی پەیمان خەڵاتی هەبووە و شکاندنی پەیمانیش سزای هەبووە. لەوە دەرچێ هیچ شتێکی دیکە مادەکانی کۆت و بەند نەکردووە. ئەوە کرۆکی ئایینەکەیان بووە. ئایینی سەرزەوی بۆ خزمەتی مرۆڤ بووە. هەموو ئەندامی کۆمەڵگەی بەیەک چاو دیتوە، جیاوازی کۆمەڵایەتیی و چینایەتی لەکەمترین ئاستدا بووە
بە دەرکەوتنی زەردەشت و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی خۆی لە ناو مادەکاندا، مێژوو بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەکەوێ. زەردەشت لە ناو مادەکاندا بە تەواوی شکست دەهێنێ، کێ ئەوەندە گەمژەیە لەو کاتەدا بەهەشتی سەر زەمینی ماد و شادی و خۆشی و هەڵپەڕکێی و یەکسانیی بە ئاهورامەزدای زەردەشت بگۆڕێتەوە! بەهەشتی سەرزەوی بە بەڵێنی زەردەشت ببەنە ئاسمان! لەبەرئەوە زەردەشت بەرەو رۆژهەڵات کۆچ دەکات و لەناو خێڵە کۆچبەرەکانی ئاریایی دەست بە بانگەشە بۆ ئایینە نوێیەکەی خۆی دەکات
بنەمای ئایینی زەردەشت دوژمنایەتیی و بەربەرەکانیکردنی میتراییە. مادەکان باوەشیان بۆ زەردەشت و ئایینەکەی واڵا نەکرد، بۆیە ئایینی زەردەشت پێچەوانەی هەموو بیر و بۆچوونەکانی میترایی بەرهەم هاتووە. هەرچی لای مادەکان پیرۆز و فەراهەم بووە، زەردەشت لە ئایینەکەیدا نەفرەتی لێدەکات و پێچەوانەکەی لە ئامێز دەگرێ. مادەکان لە ناو ئەشکەوتەکاندا دوور لە ڕووناکی خۆر و لەدەم کانیاوەکاندا، گایان دەکوشتەوە و سەما و هەڵپەڕكێیان دادەمەزراند، ئاهەنگ دەگێڕدرا. لە بەرانبەردا زەردەشت، گا و تیشکی خۆری پیرۆز کرد و نەفرەتی لە تاریکیی کرد. لە جێی هێماکانی مادەکان (مار، دوپشک و شێر)، کە هەرسێکیان لەسەر زەوین و نیشانەی زەوی و جەستە و پژەڵی (غەریزە) مرۆڤن؛ زەردەشت (هەڵۆ، گا و ئاگری) پەسەند کرد
لە حەوت خانی میتراییدا، نەک سەرکەوتن بەرەو میتافیزیک و ئاسمان نییە، بەڵکو هاتنە خوارەوەیە بەرەو ژێر زەوی و ناو جەستە، بە واتای ڕەها بوون و ئازادبوونی ژیانە. ڕێگا و ئاراستەی مار، دوپشک و ئاو پێچەوانەی هەڵۆ، گا و ئاگرە. بەو پێیەش میترای خۆر میترای ڕەسەنی مادەکان نییە، بەڵکو دروستکراوی خیڵە ئێرانی و پاشاکانیانە، بەمەبەستی ونکردنی میترای کوردان داتاشراوە. میترایی هیچکات ئایینی خێڵە ئاریایی و ئێرانییەکان نەبووە. واتابەخشین بە ڕووناکی و خۆر لە هەموو ئایینە ئاسمانییەکانیشدا هەر بۆ زەردەشت دەگەڕێتەوە. هەر لەبەر ئەوەیشە هەموو کولتوور و فەلسەفەکانی دواتر، ڕووناکی وەک خێر دەنوێنن، ئەوە بووەتە بڕبڕەی هەموو فەلسەفە و هونەری مرۆڤ
مادەکان بە سازان و هەڵبژاردن پاشایان دەستنیشان دەکرد، هەرماوەی خێڵێک دەسەڵاتی دەگرتە دەست. تەنانەت پاشاکانیشیان بۆیان نەبووە لە گرێبەست و بەڵێنەکانیان لادەن، دەنا میترا لێیان تووڕە دەبوو. سیستەمی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو بنەمایە چەسپابوو. زەردەشت بۆ بەهێزبوونی خۆی و ئایینەکەی لەگەڵ پاشای پارسەکاندا سازا. ئەو سازان و هاوڕاییەی زەمینی بە ڕەوایی ئاسمانیی پاشاکان، گۆڕی. بەوەیش پاڵپشتیی پاشاکانی بۆخۆی مسۆگەر کرد. پاشاکان لەدوای زەردەشتەوە تاکە دەسەڵاتی ڕەهای سەر زەوی بوون و هەموو ڕەوایی و مافیان لە خوایەکانەوە وەرگرتووە. تا وای لێهات بۆ چەند هەزار ساڵێک دەیانگوت خوێنی پاشا و خێزانەکەی لەوەی خەڵک جیایە. کەس بۆی نەبووە لە پاشا بپرسێتەوە، پاشا تاکە کەس بووە لەگەڵ خواکاندا پێوەندی هەبووە. گوێڕایەڵی بۆ پاشا، تاکە نیشانەی ملکەچبوونی خواکان بووە
پارسەکان (خێڵێکی گەورە و بەهێزی ئارییاییەکان بوون لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستاوە هەزار ساڵ پێش زایین، بەرەو ڕۆژئاوا بڵاوبوونەتەوە) دوژمنی سەرسەختی مادەکان بوون و لە دواییدا بەسەر مادەکاندا سەرکەوتن، بۆ داماڵینی واتای میترایی لە بیر و ئەندێشەی مادەکاندا، پەرەیان بە زەردەشتی دا و کردیانە ئایینی خۆیان. دژایەتیی پاشاکانی پارس بۆ مادەکان و سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی مادەکان لە هۆکاری دەسەڵات و سیاسەتەوە سەرچاوەی گرتووە. هەموو ئەوە بە پاڵپشتیکردنی ئایینی زەردەشتیی و موغەکانی زەردەشتی کراوە. پیاوانی ئایین لەوکاتەوە تا ئێستە، ئایینیان وەک ئامرازی دژایەتیی و ناشیرین کردن و ناو و ناتۆرە هەڵبەستن بۆ کوردەکان، بەکارهێناوە. بەردەوامیشن