لە ساڵی ٢٠٠٥، باڵیۆزی عێراق لە هۆڵاند بانگهێشتی وشوێنەوارناسێک دەکات تا لە کوردستان توێژینەوەی شوێنەواریی ئەنجام بدەن. لە ٢٠٠٨ ڕوومالێكی هەردوو دەشتی ڕانیە و شارەزووریان کرد، دەوڵەمەندیی کوردستانیان بە شوێنەوار بۆ ئاشکرا بوو. لەو دوو دەشتەدا سەردانی ١٨ شوێنەواریان کرد، لەوانە ساتو قەڵای نزیک تەقتەق و باشووری کۆیە. ئەو شوێنە تا ئیستە ژیانی تێدایە و نزیکەی نیوەی گردەکە خانووی لەسەر دروست کراوەتەوە. لە کاتی سەردانییەکاندا عەبدولخالق عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندەکەیە، چەند پارچەیەکی خشتی نیشانی تیمەکە داوە لە سەر ئەو گردە دۆزیوینیەتەوە، بە ئاشووری لەسەریان نووسرابوو، نەک تەنیا ناوی شارەکە، بەڵکو ناوی پاشاکەیشی تێدا بوو. تێیدا نووسرابوو ئەو پارچانە بەشێکی دیواری کۆشک بوون
گردەکە ١٧٠ بە ١٢٠ مەترە و نزیکەی ١٠ مەتریش بەرزە. دوو لای گردەکە زۆر تیژ بووە، دیارە زێی بچووک بە درێژایی دوو هەزار ساڵێک دایماڵیوە. ئەگەر ئەو بەنداوەی حوکوومەتی هەرێم دەیەوێ لە نزیک تەقتەق دروستی بکات، تەواو بێ، ئەوا تەواوی ئەو دۆڵەی ساتو قەڵا دەکەوێتە بن ئاو. شوێنەکە بۆ چەند چوارگۆشەیەکی ١٠ بە ١٠ مەتر دابەشکرا و گەڕان دەستیپێکرد. لە چوارگۆشەی ١٠١٠/٦٩٠ پارچەی زۆری خشتی دیوار دۆزرانەوە وێنە و هێماکانی سەردەمی ئاشوور ناسرپاڵیان لە سەربوو، تەمەنیان بۆ ماوەی نێوان ساڵی ٨٨٤ تا ٨٩١ بەر لە زایین، دەگەڕایەوە. هەیانبوو ڕوویان لووس کرابوو و وێنەکانی لەسەر دروست کرابوو. هەر لەوێ پەیکەری ئێسقانی سێ مردووی نێژراو هەبوون، نەتوانرا بزانرێ تەمەنیان بۆ کام سەردەم دەگەڕێتەوە
لە چوارگۆشەی ١٠١٠/٦٨٠ دوو دیواری بە خشتی گڵ هەڵچنراو دۆزرانەوە کە دوو ژووریان پێکدەهێنا. هەرلەوی، دوو بابەتی گڵسازییش دۆزرانەوە. دواتر، خشتی گڵی لە تەنیشت ڕیزکراو لەسەر زەوی داندرابوون دەرکەوتن، دیارە ئەوانە بۆ سەردەمێکی زووتر لەوانەی جوارگۆشەی ١٠١٠/٦٩٠ دەگەڕانەوە. لە هەمان چیندا گۆڕی ٧ کەس دۆزرانەوە، هەموویان بۆ سەردەمانی بەر لە ئیسلام دەگەڕانەوە و زۆربەی ئێسقانەکان داخورابوون و شیی بووبوونەوە. کۆنترین بەڵگەی نیشتەجێبوون لەو چوارگۆشەیەدا لە ساڵی ٢٠١٠ دەرکەوت، تێیدا زەوی شوێنەکە بەردڕێژ کراوە، دیوارێکی ٣ مەتر پانیش دەرکەوت. ئەو شوێنە ٣ ژووری هەبووە و شتێکی وا گرنگی تێدا نەدۆزرایەوە
لە شوێنێکی دیکەی گەڕاندا لە باشووری گردی ساتو قەڵا کۆمەڵێکی زۆر لە قاوغی هێلکە شەیتانۆکە دۆزرانەوە. ئەو جۆرە گیاندارە تا ئێستە لەو شوینانەی بارانی تێدا لە نێوان ٤٠٠ تا ١٢٠٠ ملیمەترە لە سالێکدا، هەیە و دەژی. قاوغی هێلکە شەیتانۆکە لە شوێنەوارەکانی دیکەی چاخی بەردیینی نوێی ئەو ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە، وەکو نەمریک، چەرمۆ و ئەشکەوتی شانەدەر. لە چەرمۆ نزیکەی ٣ مەتر سێجا لەو قاوغە هەبوون، ئەوەی لە ساتو قەلا هەیە لەو کەمتر نییە
لە چینێکی بنەوەتردا، هەندێک خشت هەبوون نووسینیان لەسەر بوو، دیارە ئەوانە وەکو ماددەی پڕکردنەوەی چاڵ و چۆڵ بۆ تەخت کردنی زەوی بەکارهاتوون. هەر لەوێ مۆرێکی لوولەیی ئاشووری، کۆمەڵێک پارچەی گڵسازیی سەردەمی ئاشووری نوێ، کاسێکی سەر خڕ و مەشخەڵێکی گولدار دۆزرانەوە. مۆرەکە جەنگێک لە نیوان پاڵەوانێکی پۆشتە و چوارپێیەکی باڵدار، وێنا دەکات و بۆ سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین دەگەرێتەوە. مۆری هاوشێوە لە نەینەوا و گردی حەسەنلو لە نزیک دەریاچەی ورمێ، دۆزراونەتەوە. خشتەکان هەموویان لەیەک سوێن نەبوون، لەگەڵ کات ئەو خشتانە بۆ دروستکردنی خانووی نوێ بەکارهاتوونەتەوە بۆیە ئەوەی ماوە پچڕپچڕ بووە و هەیانە تەنیا پارچەیەکی دۆزراوەتەوە. پێشتر لە ساتو قەڵا نووسینی ئاشووری دۆزراوەتەوە و لە هەردوو مۆزەخانەی سلێمانی و بەغدا هەڵگیراون
ساتو قەڵا لە نووسراوەکانی ئاشووردا بە ئیدۆ ناوی هاتووە و سەنتەرێکی زۆر پڕ بایەخی هاتووچوون بووە. بۆ نزیکەی هەزار ساڵ زێی بچووک وەکو سنووری نێوان بابل، ئاشوور، میدیا بووە. چەندان جار هێزەکان لەسەر ئەو ناوچەیە بەگژ یەکدا چوون ودواتر زێ بووە بە سنووری نێوانیان. تەنانەت دوای کەوتنی ئاشوور، زێی بجووک سنووری نێوان میدیا و بابلی نوێ بووە. ساتو قەڵا دوای ڕووخانی ئاشوورییەکانیش هەر ژیانی تێدا هەبووە، بەڵام بچووک بووەتەوە. کۆنترین ناوی ئیدۆ لە نووسینەکانی سەردەمی ئور ٣ هاتووە، ئەوکاتە شولگی و ئەممارسین لە دەسەڵات بوون. ناوی ئیدۆ لەگەڵ شوشارە (واتا شمشارەی نزیک رانیە) پێکەوە لە هەڵمەتەکانی ئاشووریەکاندا، هاتوون
لەبەرئەوەی شوێنەکە بە خانووی نوێ گیراوە، تیمەکانی گەڕان نەیانتوانی هەموو گردەکە بگەڕێن و پاشماوەی زۆرتر بدۆزنەوە، بەڵام لە گەڕانەکانی ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١دا دیارە ئەو شوێنە پایتەختی ئەو ناوچەیە بووە و گرنگیی زۆری بۆ ئاشوورییەکان هەبووە. لە سەردەمی ئاشووری کۆندا ناوی هاتووە، دواتر لە سەردەمی ئاشووری نوێدا ناوەکەی وەکو خۆی دووبارە بووەتەوە بەڵام بایەخی زۆرتر بووە. ئیدۆ لە نووسراوەکانی لە شمشارە دۆزراونەتەوە هاتووە. لە هەڵمەتەکانی ئور ٣دا باسی ئەو ناوچەیە بە گشتی (دەشتی ڕانیە و دەشتی تەقتەق) بەشێکی زۆر لەو نووسراوانەی نێوان شامشی ئاداد (پاشای شوشارە بووە) و کواری (پاشای شمشارە بووە) ناوی ئیدۆ هاتووە
سەرچاوە
https://www.academia.edu/4469582/Satu_Qala_a_Preliminary_Report_of_the_Seasons_2010_2011