قەڵای سەیدئەحمەدان لە قەڵادزێ

بۆ زانایانی شوێنەوارناسیی، خاکی باشووری کوردستان لە ١٢ ساڵی دواییدا بووەتە تیشکۆی (فۆکەسی) گەڕان بە دوای مێژووی مرۆڤ. لەبەر نائارامیی عێراق بە گشتیی، زانایان هەموو توانای خۆیان بۆ ئەناتۆلیا و لیڤانت تەرخان کرد و ئێستە وەکو لانکەی کشتوکاڵ چاوی لێدەکرێ. بەڵام ئەو تێڕوانینە، خەریکە دەگۆڕێ. سەیدئەحمەدان دێیەکی بچووکە ٣.٥ کیلۆمەتر لە باکووری قەڵادزێیە، لە گرنگترین زەوی شوێنەوارەکانی ئە ومیژووەیە

 

تیمێکی شوێنەوارناسیی تێکەڵە لە زانکۆی یاماگوچی، کیۆتۆ و سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵی ناوچەی ڕۆژئاوا لە ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١٤ بە تایبەتی دێن بۆ گەڕان بە دوای شوێنەوارەکانی مرۆڤی کۆن لە پارێزگای سلێمانی و قەڵاتی سەید ئەحمەدان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەن. ئەوانەی لەو قەڵاتە دەدۆزرێنەوە لە ٨٥٠٠ ساڵ پێش زایین تا ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین، دەگەڕێنەوە

 

ئەو شوێنەی ناوی قەڵاتی لێنراوە ١٦٠ بە ١٧٠ مەترە و ٢٢ مەتر لە دەشتی دەورووبەری بەرزترە، هەموو شوێنەکە ٧٠٠ مەتر لەسەر ئاستی دەریا بەرزە. بەشی باکووری قەڵاتەکە لەبەر گەورەبوونی لادێی سەید ئەحمەدان، کەمێک تێکدراوە، بەڵام بەشی باشوورەکەی زۆر باش ماوە و دەستی لێنەدراوە. تیمەکە لە بەشی بشوور دەست بە کار دەکەن و سێ چاڵی ٢ مەتر پان و ١٠ مەتر درێژ و یەک چاڵێ ٢ مەتر پان و ٤ مەتر درێژ لێدەدەن. هەڵکۆڵینەکانیان بۆ ٦ چین دابەش دەکەن و بە قوڵایی ٢ مەتر کراون

 

زۆربەی هەرە زۆری دۆزینەوەکانیان بۆ سەردەمی چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە، واتا ٤٥٠٠ تا ٦٥٠٠ ساڵ پێش زایین. تەنیا لەو ٤ چاڵەی لە قەڵای سەیدئەحمەدان لێدراوە، ١٩١٧ پارچەی گۆزە و دیزە دەرهێنراوە.  بەشێک لەو پارچانە بۆ سەردەمی پێش چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێنەوە. پشکنینەکانی کاربۆن ١٤ نیشانی دەدەن ئەو پارچانە بۆ نێوان ٨٥٠٠-١٢٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە. زۆر لەو پارچانە لەوانە دەچن لە گوندی شمشارە دۆزرانەوە (شمشارە تەنیا ١٢ کیۆمەتر لە سەیدئەحمەدانەوە دوورە و لە جیهاندا شوێنێکی ناسراوە). ئەگەریش هەیە لەوانەی شمشارە کۆنتر بن

 

لەوانە ٨١ پارچە ڕەنگ کراو بوون، ٢٩١ پارچەی دیکە بۆ جوانکاریی هەڵکۆڵینی لەسەر کراوە و ٧ پارچەیش ڕەنگیش کراوە و هەڵیشکۆڵڕاوە. پارچە ڕەنگکراوەکان بۆ سێ جۆر دابەش دەکرێن، لە چینی یەکەمی هەڵکۆڵیندا بە ڕەنگی سووری زۆر تۆخ لەسەر سەوزێکی کاڵ دۆزراونەتەوە. جۆری دووەم ئەوانەن هێڵی ڕاست و چەپیان لەسەر کراوە، جۆری سێیەمیان زۆربەی لە چینی ٣ دۆزراونەتەوە و ئەوانەن کە ڕەنگ کراون و هەڵکۆڵین لەسەر ڕوویان کراوە. هەر لە چینی ٢ تا چیینی ٤ شەش پارچەی تەشتێکی لە قوڕ دروستکراو دۆزرایەوە. بە هەمان شێوە چەندین پارچە بەردی تاشراو، لووسکراو و خڕ دۆزرانەوە، هەندێکیان بۆ بڕێن بەکارهاتوون، هەیانە بۆ دروستکردنی بازنی دەست بوون و قەبارەیان ٩ تا ١٢ میللیمەتر بوون. هەیانە لە مەڕمەڕ دروستکراوە

 

هەر لە هەڵکۆڵینەکاندا ٩٤٣ بەردئەستێ یان بەردی چەرخ لە چینەکانی نێوان ١ بۆ ٦ دەرهێندران. گومان لەوەدا نییە ئەر وردە بەردانەی بەردئەستێ بۆ ئاگر کردنەوە بەکارهاتوون. جگەلەوان هەندێ ئامرازی بەردین دۆزرانەوە، لەگەڵ وردەبەردی بچووک، کە لە پێکدادانەکانی ئەو بەردانە وردبوون و ماونەتەوە. چینەکانی ٥ و ٦ زۆرترین ئەو ئامراز و وردە بەردانەی تێدابووە، هەیانە لێوەکانی وەکو داس تیژکراوە، یان تەنک و تیژ کراوە، دیارە وەکو چەقۆ بەکارهاتووە. لەگەڵ ئەواندا بەردە چەکوش و بەردە دەرزی هەبووە، ئەوە بەڵگەی ئەوەن لە سەیدئەحمەدان دروومانیش کراوە

 

لە چینی ٣، سێ ئاگردان و لە چینی ٤ یەک ئاگردان، دۆزرانەوە. لە چینی ٥ دا دوو کوورە دۆزرانەوە لەسەر ڕووبەرێکی بەردڕێژ دروستکراون، پشکنینی کاربۆن ١٤ لە زانکۆی ناگۆیا تەمەنی ٢٧ نموونەی خۆڵەمێشەکەی لە ناوی بەجێمابوو بۆ ٦٢٣٠-٦٠١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنێتەوە. هەر لە چینی ٥دا، بەردی هەڵچنراو و هێڵی ڕاستی ئەو بەردانە بە درێژی ٢٣٠ سانتیمەتر دۆزرانەوە. بەردڕێژییەکە لەسەر زەوی ڕەقی سروشتی لە قوڵایی ٣ مەتر، دانراوە و لە دیوار دەچن. لە سێ شوێنی جیا جیا دۆزرانەوە. ئەو دیوارانە بۆ خۆپاراستن دروست کراون و دەگەڕێنەوە سەردەمی چاخی ئاسنین (لە ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین دەستپێدەکات). ڕاپۆرتی تیمەکە بۆچوونی ئەوە دەخەنە ڕوو ئەو دیوارانە بنمیچێکی هەڵگرتبێ و وەکو ژوور بەکارهاتبێ

 

سەروو ٢٤٠٠ پارچە ئێسقانی گیانداران (بزن، ئاسک، گورگ، گا و بەرازی کێوی) لەگەڵ بەشیکی کەمتر لە پاشماوەی (جووت توێکڵە ڕەقە، ماسی و کیسەڵ) دۆزرانەوە، لەوەدەچێ ئاشناییان لەگەڵ ئاو و گیاندارانی ئاو توند نەبووە. جگە لە چینی یەکەمی سەرەوە، هەموو چینەکانی دیکە ئێسقانی گایندارییان تێدا دۆزرایەوە ١٧٠٠ پارچەیان بۆ سەردەمی بەر لە چاخی بەردین دەگەڕێنەوە. پارچە ئێسقانیش دۆزرانەوە، هەیانە لە کۆتاییەکیدا کونێک هەیە، دیار نییە وەک دەرزی بەکارهاتووە یان نا. جگەلەوانیش ١٤ پارچەی دیکەی لە قوڕ دروستکراو لەگەڵ پێنچ پارچەی کانزاییش دۆزرانەوە.

 

تەکنیکی شەپۆلی موگناتیسی و شەپۆلی رادار هەندێ دیواری بە بەرد هەڵچنراوی نێساندا، یەکێکیان ٧ بە ٧ مەترە. ئەو دیوارانە بۆ ماوەی چەند سەد ساڵێک پێش زایین دەگەڕێنەوە، دەکرێ لە کاتی ئاشوورییەکان لەوێ دروست کرابێ. ئەگەرچی قەڵای سەید ئەحمەدان بچووکە، بەڵام لە شوێنێکی گەلێک گرنگی هاتووچووی نیوان چیاکانی زاگرۆس و دەشتایی پشدەر و ڕانیە بووە. ٧١ لیتر خۆڵی چینەکانی ژێرەوە لە ئاودا خووسێنرا و تۆوی نیسک و جۆی تێدا دۆزرایەوە. بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زۆرتر، توێژینەوەی زۆرتر لەسەر ئەو پاشماوانەی خواردنی ئەو کات، پێویستە

 

ڕاپۆرتی تیمەکە دەڵێ، بۆ لێکۆڵینەوەی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا ئەنجامەکانی پشکنینی قەڵای سەید ئەحمەدان زۆر لە پێشبینییەکان باشتر بوون. پاشماوەکانی دۆزرانەوە بۆ سەروو ٦ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە. ئەو بابەتانەی دۆزرانەوە باشتر لە کۆمەڵگەکانی کشتوکاڵ نزیکمان دەکاتەوە. کارەکانمان ئێستە دەستیان پێکردووە، زۆر گرنگە بە هاوکاری هاوەڵانمان لە کوردەکان و ژاپۆنییەکان، بەردەوامیان هەبێ.

 

تەواوی ڕاپۆرتەکە لە بەستەری خوارەوە ببینە.

https://www.researchgate.net/publication/314363758_EXCAVATIONS_AT_QALAT_SAID_AHMADAN_SLEMANI_IRAQ-KURDISTAN_FIRST_INTERIM_REPORT_2014_SEASON

 

لە هەموو ئەو قەڵاتە، تەنیا بەشێکی کەمی وەک لە وێنەی ٤.٣ و ٤.٤دا هاتووە، هەڵکەندراوە و ئەو دۆزینەوانەی لێکراوە. لە کۆی سەروو ٢٧ هەزار مەتر، تەنیا ٦٨ مەتر دووجا هەڵکەندراوە و ئەو هەموو دۆزینەوە گرنگانەی ئەنجام بووە. کاری زۆرتر پێویستە تا تەواوی مێژووی ناوچەکە و ژیانی مرۆڤی کۆنی لێوە ببیندرێتەوە