شتراوسەکان و ئۆپنهایمەر، وەک نموونە

ئۆپنهایمەر، فیلمیکی ساڵی ٢٠٢٣ی ‌هۆڵیوود بوو. لە فیلمە هەرە سەرکەوتووەکانی ئەو ساڵەیە و دەرهێنەرەکەی کریستۆفەر نۆلان، ستایشی زۆری بۆ چوو. چەندان خەڵاتی باشی وەرگرت و داهاتیشی گەیشتە نزیکەی ١ ملیار دۆلار. ئەگەرچی لەگەڵ فیلمی باربی لەهەمان کاتدا لە سینەماکاندا نیشان دەدران و زۆر ڕا هەبوو لە کاتی دابەزاندنی فیلمەکە ڕازی نەبوون، یان گلەیی ئەوەیان دەکرد باربی، فیلمێکی بێ واتا و بێ ناوەڕۆکە بەڵام زۆرترین بینەر و داهاتی هەیە و پێش ئۆپنهایمەر کەوتووە. لە کۆتاییدا فیلمەکانی وەکو باربی لەماوەیەکی کورتدا لەبیر دەچنەوە و ئەوانەی قورس و سەنگینن وەکو ئۆپنهایمەر لە میژووی سینەما و هونەردا دەمێننەوە. زۆری دیکە لەسەر هەردوو فیلمەکە باسکراوە و پێویست نییە بەشان و باڵی هیچیاندا هەڵبڵێین.


ئەوەی لەو فیلمەدا سەرنجی ڕاکێشاوم ڕووداوەکان و بابەتەکانی پێوەست بە جەنگی جیهانی دووەم نییە، زۆربەمان لە چەند دیدێکەوە ئەو لایەنانەی ئەو جەنگەمان لا ناسراوە. بەڵکو ئەو هەموو پیلانگێڕییەی کەسایەتیی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئەمەریکا لە دژی ئۆپنهایمەر هەیبوو، زۆرتر مەبەستمە. لێرەدا بە دوای بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای هیچیانەوە نیم. ئەگەرچی بزووتنەوەی چەپ لە هەموو جیهاندا لەو کاتەدا جارێ نوێ بوو و خەڵکێکی زۆر وەکو ئاسۆیەکی گەشی مرۆڤایەتیی تێی دەڕوانی. لە ئەمەریکا، وەکو هەموو جیهان کۆمەڵە و پێکهاتەی جیاجیای چەپڕەو تا دەگاتە حزب، پەیدا بووبوو. هەموو ئەوانە لە دەربازبوون لە سەرمایەداریی و هەنگاو بەرەو یەکسانیی لەو بزووتنەوانەیان دەڕوانی.


بیروبۆچوونی چەپ، گشتگیرە، لەوەتای دەرکەوتووە، هەموو چین و توێژێکی تێدابووە، لە ناویاندا زانایان و زانست دۆستان. بۆ ئەو کاتە کەسایەتی وەکو ئۆپنهایمەر سۆزی بۆ ئەو بزووتنەوانە هەبووە و وەکو لە فیلمەکەدا وێنا کراوە، دەکرێ بیروڕای چەپیشی تا ڕاددەیەکی زۆر قبووڵ بووبێ. هەر بۆیە، چەند جارێک یارمەتی دارایی بەخشیوە. ئەو هەستەی وی، بۆ ئەمەریکای ئەو کاتە یەکجار مەترسییدار بووە. هەرچەندە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بۆ ئەمەریکا ئەگەر لە زۆر بارەوە بەشداربوون بێ لە تاوانێکیش، بەڵام زاناکان وان، لە هەستی بەرپرسیارییەتیی و بار قورسیی سەر شانیان لانادەن و بە ئاسانی دەرباز نابن. خۆ ئەگەر لە جیهانێکی سەرمایەداری وەکو ئەمەریکادا بژی و سۆزت بۆ چەپ هەبێ، ئەوە هەر قورستریشە.


سیاسیی تا ئەوکاتە لەگەڵ هەرکەسێکە و دەستی لە پشت دەدا، مەرامەکانی خۆی تێدا دەبینێتەوە و لە بەرژەوەندی ئەوە. لەگەڵ پەنجەی هەنگوینت لە دەمی دەرهێنا، بێ سێ و دوو، دەیگەزێ. لە دیدارەکەی ئۆپنهایمەر لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، ترومان، فیلمەکە ڕاستیی کەسایەتی ترومان نیشان دەدات و بێڕێزیی ئەو سیاسییە بەو زانایە، دەخاتە بەرچاومان. دەکرێ سیاسییەک لە ئاماژەکانی دەرهێنەر و نووسەری گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە تینەگات، چونکە کاری ئەو ئەوەنییە وانە لەو ڕووداوانە وەرگرێ، بەڵکو وەکو پیاوی ئایین پاساو هێنانەوەیە بۆ هەر کارێکی نابەجێی دەیکات. مەگەر سیاسەت منداڵە ناشەرعییەکەی ئایین نییە. تاوانی ئۆپنهایمەر ئەوەیە داوای ڕێککەوتنی نێو وڵاتان دەکات تا کەس دەسەڵاتی بەسەر ئەوی دیکەدا نەبێ. لە دژی دروستکردنی بۆمبی هایدرۆجینە نەوەک مرۆڤ بەدەستی خۆی، خۆی قڕ بکات.


کەسایەتیی ئەدمیرال شتراوس لە ڕق و کینەی خۆی و بۆ لادانی ئەو هەموو نازناو و ناوبانگەی ئۆپنهایمەر لە پانتایی کۆمەڵگەی زانستیی و تەواوی سیستەمی سیاسیی ئەوکاتە بە دەستیهێنا، لا بدات. وەکو هەموو مشەخۆر و دڵڕەشێک، بە هەر شێوەیەک هەوڵی ڕووشاندنی کەسایەتیی و وردوخاشکردنی دەروونی ئۆپنهایمەر دەدات. هەڵبەت لێرەدا مەبەستمان نییە کەسایەتی ئۆپنهایمەر گەورە بکەین. دوای بەردانەوەی دوو بۆمبە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما و ناگازاکی، ئۆپنهایمەر خۆی لە ژێر بارێکی زۆر قورسی دەروونیدا دەژیا، هەستی دەکرد دەستی بە خوێنی مرۆڤ سوور بووە. بەڵام دەشیزانی کارێکی یەکجار قورسی ئەنجامداوە و خزمەتێکی بێ وێنەی بە گەل و نیشتیمانەکەی کردووە. ئامانج و ئەنجامی بۆمبەکە لای شتراوس گرنگ نەبووە و بایەخێکی وای نەبووە. بایەخ ئەوەبووە چۆن خۆی بگەڕێتەوە بەر دیدی هەموو لایەک.


شتراوس هەموو لایەنەکان پەلکێشی سزادانی ئۆپنهایمەر دەکات. بە پیلانی دارێژراو، لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکانی لە دژ پێکدەهێنێت. ڕاپۆرتی نهێنی لەسەر دەنووسێت و هەموو سۆزی ئۆپنهایمەر بۆ چەپ و تەنانەت ئەندامییەتی خێزانەکەی لە بزووتنەوەیەکی چەپدا دەخاتە گەڕ. بەوەش ڕاناوەستێ، بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی، بەدوای کون و کەلەبەری پێوەندیی سۆزداریشی دەکەوێ. لە کونجی هەستی تاوانباریی و خۆفرۆشیدا، چەندی بۆیان بکرێ، دەیپەستن. لێرەدا لەو بارەدا گووتە عەرەبییەکە وەکو خۆی لە ژیاندا دەبینی، دەڵێ "ئامانج، پاساوی ئامرازەکانە"، بە واتای ئەوەی هەرکام ئامراز لەبەردەستتە بیخەگەڕ، گرنگ نییە چەند نامرۆڤانە و نا ئەخلاقییە، گرنگ گەیشتنە بە ئامانج. ئەوە ناخی کاری شتراوس بووە.


شتراوسەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا هەن. زۆری ناوێ شتراوس لە ناختدا وەکو سەگی هار، بەرەڵلا بکەی. بەڵام مرۆڤبوون هەردەم باجی هەیە. لە مێژووی مرۆڤایەتییدا چەند زانای وەکو ئۆپنهایمەر هەبوون و هەن؟ مەبەستم زانستەکەیەتی نەک کارەکەی ئەوکات کردوویەتی. هەموومان ئەوە دەزانین ئۆپنهایمەریش نەبوایە، یەکێکی دیکە و لە کاتێکی دیکە هەر دەبوو بمانگەیەنێتە وزەی ئەتۆم و بۆمبەکەی. ڕەخنەی دەستبردن بۆ بۆمبی ئەتۆم لە هەردوو باردا وەکو خۆیەتی و لە زانایی کەسەکە کەم ناکات و چارەنووسی مرۆڤیش ناگۆڕێ، تەنانەت دوای دەخات. سەرم سووڕماوە، شتراوسەکان چۆن لەگەڵ ناخی خۆیاندا هەڵدەکەن و ژیان دەبەنەسەر!