لە گەردووندا، توخمی هایدرۆجین بەربڵاوترین توخمە. هەموو ئەستێرەکانی گەردوون هایدرۆجین بۆ هیلیۆم دەگۆڕن و ڕووناکیی و گەرمیی لێوە دروست دەبێت. کاتێک بارستایی ئەستێرەکان هێندە گەورە دەبێ ماددە بەسەریەکدا چڕ دەبێتەوە، تا هێندە پاڵەپەستۆ زۆر دەبێ ئیدی گەرمیی زۆر دەبێ تا وای لێدێ کارلێکی ناووکی دروست دەبێت. ئەو کاتە بەو کارلێکە گەردیلەکانی هایدرۆجین لێکدەدەن و گەردیلەی هیلیۆم دروست دەکەن، لەو کارلێکەدا هەندێ بارستایی بۆ وزە دەگۆڕدرێ.
سووتەمەنی بەردین مرۆڤایەتیی لە چاخی توانای شان و بازوو و وڵاخەوە، بۆ چاخی بزوێنەری هەڵم و دواتریش بۆ بزوێنەری سووتانی قەتیسدراو (محرك احتراق داخلي) گواستەوە. دوای زۆرتر لە سەد ساڵ زانیمان سووتەمەنی بەردیین چەندە زیانی بە کەشوهەوا و ژینگە گەیاندووە.
چەندین ساڵە زانایان و پسپۆران بە دوای جێگرەوەی سووتەمەنی بەردین (نەوت، گازی سروشتیی و خەڵووزی بەردین) دا دەگەڕێن. هەوڵەکان تا ئێستا ئەنجامی بەرجەستەکراویان نییە، زیاتر توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی تاقیگەی کۆمپانیا و سەنتەرەکانی توێژینەوەن. نەکەوتوونەتە بازاڕ تا پیشەسازیی پشتی پێببەستێ.
دەستکەوتنی هایدرۆجین لە سەر ڕووی زەوی ئاسانە، چونکە ئاو لە هایدرۆجین و ئۆکسجین پێکهاتووە. ئاویش لەسەر زەوی زۆرە.
کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بەناوی (ئەکواریەس ئینجن) جۆرێکی نوێی بزوێنەری داهێناوە پێویستی بە بەنزین نییە تا کار بکات، وەکو بزوێنەرەکانی پێش خۆیشی نییە بە خانە هایدرۆجینییەکان کار بکات. ئەم جۆرە بزوێنەرە نوێیە هەموو تەکنۆلۆجیای گواستنەوە دەگۆڕێ. بزوێنەرەکە تەنیا ١٠ کیلۆ گرام قورسە و یەک پستۆنیشی هەیە. هەموو بزوێنەرەکە ٢٠ پارچەیە و یەک پارچە لە ناویدا دەجووڵێ. واتا پارچەی میکانیکی تێیدا زۆر کەمە. بەم شێوەیەیش، بزوێنەرەکە لە هەموو بزوێنەرێکی دیکەی ئێستا هەیە هەرزانتر و کەم خەرجیی تریشە. پارچەکانی کەمن و گۆڕینی پارچە و پێداویستییەکانی نییە. تەنانەت ڕۆنی بزوێنەریشی تێدا نییە، چونکە پێویستی پێ نییە.
کۆمپانیاکە تا ئێستا سیفاتە تەکنیکیی و تەکنۆلۆجیاکانی بزوێنەرەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێ بەو بزوێنەرە تازەیە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دروست نابێ. تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای نەمساوی ئەی ڤی ئێڵ شریکی تێپەڕاندووە و دەرکەوتووە بزوێنەرەکە بە هایدرۆجین کاردەکات. ئەو کۆمپانیا نەمساوییە کاری ئەوەیە گەواهی داهێنانەکانی کۆمپانیا و کەسەکان بدات، بۆیە تاقیکردنەوەکانی ئەوان لەسەر هەر بەرهەمێک دەیکەن جێی متمانەی کۆمەڵگەی زانستیی و جیهانە.
لە جیهاندا مشتومڕی، ئایا بزوێنەری کارەبا یان بزوێنەری هایدرۆجین جێی بزوێنەرەکانی سووتاندنی سووتەمەنی بەردین بگرێتەوە، هێشتا زۆر گەرمە. گەلێک زانایان و شارەزایانی وزە، بزوێنەری کارەبا بۆ ئۆتۆمبیلەکانی ئاییندەمان بەباش دەزانن. بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا خۆیشی، کێشەی زۆری هەیە. هەندێکیان دەکرێ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بەسەریاندا زاڵ بین. هەندێکی دیکەیان سیاسەتی وڵاتان و بەرژەوەندییە ماددی و جیۆپۆلیتیکەکان بڕیاردەرن.
تا ئێستە لە جیهاندا تەنیا ٢٤٪ی کۆی وزەی بەرهەمهاتوو لە سەرچاوەی وزەی پاک و نوێ بووەوەیە. ٧٦٪ی هەموو وزەی گۆی زەوی هێشتا هەر لە سووتاندنی سووتەمەنیی بەردینەوە بەرهەم دێت. بۆیە بەکارهێنانی بزوێنەری کارەبایی بۆ ئۆتۆمبیل هەر لە سووتەمەنی بەردینەوە دێ، کەواتە هیچمان بە هیچ نەکرد. لە بری ئەوەی بزوێنەری ئاسایی سووتەمەنیەکە بسووتێنێ، لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا سووتەمەنی بەردین دەسووتێنرێ و ئێمەیش پاتری ئۆتۆمبیلەکەی پێ بارگاوی دەکەینەوە. لەبەرئەوەیە پاڵپشتی بزوێنەری هایدرۆجین بەرەبەرە زۆرتر دەبێ. لەگەڵ ئەویشدا، گەورە کۆمپانیاکانی دروست کردنی ئۆتۆمبیل وەکو ڤۆڵکس واگنی ئەڵمانیا و تێسلای ئەمەریکا، بە توندی ڕەخنە لە ئۆتۆمبیلی هایدرۆجین دەگرن.
دەستگەیشتنی مرۆڤ بە وزەی خاوێنی بێ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن شۆڕشێکی نوێی تەکنۆلۆجیا دێنێتە ئارا. زۆر لەو کێشانەی کەشوهەوا و ژینگە ئێستە وا خەریکە تەنگمان پێ هەڵچنن، ئاسانتر دەبن. تەکنۆلۆجیای وزەی هایدرۆجین هەموو کونج و کەلێنێکی ژیانی مرۆڤی سەردەم دەگرێتەوە و لە زۆر گرفت ڕزگارمان دەکات. کێشەکانی قەتیس بوونی گەرمیی کۆتاییان دێ و زەوی هەناسەی دێتەوە بەر. هەمان تەکنۆجیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای مرۆڤ بۆ گەشتی هەسارەکانی دیکە دەبێت. بە وەگەڕخستنی وزەی هایدرۆجین تێچووی گەشتەکانمان کەم دەبێتەوە، کاتی چوون و هاتن کەم دەبێتەوە و ڕۆژی نوێ لە مرۆڤایەتیی، هەڵدێ.