لە دێر زەمانەوە مرۆڤ باوەڕی بە هەبوونی دەسەڵاتی سەروو خۆی لە مێشکیدا چەقیوە. بە پێی زانیارییەکانی شوێنەوارناسیی ئەو پەرستگەیەی لە گرێ مرازان لە باکوور دۆزرایەوە کۆنترین پەرستگەیە مرۆڤی دێرین دروستی کردبێ و هەرنەبێ ١١ تا ١٢ هەزار ساڵ کۆنە. لەگەڵ ئەویشدا پێکهاتەیەکی هاوشێوە لە نەوالی چۆری هەر لە هەمان ناوچەدا دۆزرایەوە. ئەگەرچی ناکرێ ئەوانە ناوبنرێن ئایین، بەڵام بەڵگەی هەبوونی بیروباوەڕن لە کۆمەڵگەکانی مرۆڤی چاخی بەردیینی نوێ
لە گەشتی مرۆڤایەتییدا لە گرێ مرازاوە بە نێو چەند هەزار ساڵێکدا تا دەگاتە دوایین ئایینی ئاسمانیی، ئیسلام؛ مرۆڤایەتیی چەند ئایینێکی بۆ خۆی دروست کردووە و سێی دیکەی لە ئاسمانەوە بۆ هاتووە. کەم یان زۆر، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن دەبێ مرۆڤ جۆرێک لە پەرستن پیادە بکات و بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئەو ئایینە، لە ژیاندا ڕەوت بکات. هەڵە نەبم، هەموویان، هەرنەبێ بۆ ماوەیەکیش بێ، گوزارشت لە پێکەوەژیان و مافی مرۆڤی دیکە دەکەن. خەڵکی دیکە بە خوشک و برا ناو دەهێنن و نابێ دەست بۆ مافەکانیان درێژ بکرێ
لە مێژووی نووسراودا هیچ هۆکارێک هێندەی بیری ئایینیی و باوەڕداریی، جەنگ و کوشت و کوشتاری بەرپا نەکردووە. لە سەردەمە تاریکەکانی ئەوروپا، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژئاوا، لە نێوان سەدەی پێنجەمەوە تا سەدەی چواردە، واتا سەروو ٩٠٠ ساڵ، ئەوروپا بەدەست پاپا، دارودەستەکەی، هەمەجۆرەی کڵێسا و بیروباوەڕی توندڕەویی، دەیان هەزاریان، ئەگەر سەدان هەزار نەبێ، کردە سووتەمەنی ئەو بیروباوەڕە توندەی ئەوروپای گیرۆدەی دەستی کڵێسا. ئەگەر لێرە و لەوێ دەنگێکی ناڕەزایی هەبایە، زۆر بە ئاسانی تۆمەتی بۆ دروست کراوە و بە زیندوویی خراوەتە ناو ئاگر
بۆ هەر بیرێکی تازە و دۆزینەوەیەکی زانستیی، پشیی کڵێسا هیندە تەنگ بوو، دەبوایە مێگەلەکانی پاپا بە ناو هەموو کونج و کەلەبەرێکی کتێبی پیرۆزدا بگەڕێن، ئاخۆ باسی شتی وا کراوە، لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیان گونجاوە، دەنا کافر بە حاڵی نەبێ. لە هەموو نموونەکان دیارتر گالیلیۆ و کۆپەرنیکۆس، بەچی دەردێک بران لەسەر ئەوەی پێیان وابوو زەوی چەقی گەردوون نییە. لەو سەردەمە تاریکانەدا، ئەوەندەی پاپا خەریکی سیاسەت و قۆرخی دەسەڵات بووە، نیو هێندە ئاگەداری هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی چەند ملیۆن مرۆڤێک، نەبووە. بە ناوی خوا و لە پێناو باڵادەستیی کڵێسای خۆیان لە ڕۆما، نەفرەتییان لە دەیان شا و میللەت کردووە. ئەو جەنگانەی ئەو کاتە هەڵگیرساون چەند ملیۆنێکی بە کوشت داوە
خۆ ئەگەر بێینە سەر ئیسلام و بڵاوبوونەوەی و تێکەڵبوونی ئەو ئایینە بە ژیانی بیابانی عەرەبی نیمچە دوورگەی عەرەب، تێکەڵبوونی بیروبۆچوونەکانیان سەبارەت بە ژیان، ئافرەت، منداڵ، ئاژەڵ، هەڵمەتبردن بۆ سەر دەرودراوسێ و قۆستنەوەی هەلی لەبار بۆ داگیرکردن و تالانکردن، ئەوا بەهەمان شێوەی ئەوەی سەرەوە سەردەمی تاریک بەسەر شارستانییەتی ئیسلامدا هاتووە و چەندان کەس بە تۆمەتی پڕوپووچ لە ناوبراون. خازووقی عوسمانییەکان نوێترین و دڕندەترین داهێنانی سوڵتانەکانی بەناو ئیسلامە
بەوەوە نەوەستاون، هەرسێ ئایینی ئاسمان و خاوەنی کتێبی پیرۆز چەند سەد هەزار کەسێکیان لە ململانێی نێوان خۆیاندا لەناوبردووە. هەرسێکیان بەناوی هەمان خواوە ئەوی دیکە تەفروتونا دەکەن. لەویش سەیرتر ئەوەیە لەناو هەمان ئاییندا، دوو ڕەوتی جیا هەبێ و بە خوێنی یەکتری تینووبن. ئەوەیان لە ناو شیعەی دەسەڵاتداردا لە هەندێ وڵاتدا ئیستە لە ئارادایە، هەر وەک چۆن لە ناو سوننەی خاوەن دەسەڵاتدا لە چەندینی دیکە لە ئارادایە. بڕوانە ئەو وڵاتانەی وازیان لەو جۆرە ململانێیە هێناوە، لەوانەی موسوڵمانیشن، لە کام خۆشی و ئارامیدا دەژین. ئەوە مالیزیا و سەنگافورە. هەردوو وڵات تێکەڵەی چەند ئایینێکیان تێدایە
لە دیدی نەتەوەییەوە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد گەورەترین دۆڕاوی خۆهەڵواسیو بە بیری توندڕەوی ئایینە. نەمزانیوە لە مێژوودا هیچ نەتەوەیەک وەکو کورد دەستخەڕۆ و ڕەنج بە خەسار بووبێ، سەرەڕای پاراستنی هەموو داب و نەریتەکانی ئایینەکەی و پارێزگارییکردن لە ئایینەکانی دیکە (جگە لە ڕووداوی کەمی ئێرەوئەوێ نەبێ، کە ئەویشیان بە بیری توند جۆش درابوون)، کەچی لە هەردوولای شیعە و سوننە، بە ڕاست و بە چەپ کوژراوە. جگە لە هەمەجۆرەی ناو و ناتۆرە بۆ کوردیان هۆنیوەتەوە
لە سەردەمانی عوسمانییەکانەوە، هەرچەندی دەرفەت بۆ کورد ڕەخسابێ لەبەر هەستی ئایینیی و ئەو خۆهەڵواسینە بە ئایینەوە لەبری پێشخستنی بیری نەتەوایەتیی، کورد هەردەم لەگەڵ هاو ئایینەکانی دژی ئەوروپا دەجەنگا. ئینجا هاو ئایینەکان بە تەواوبوونی جەنگەکانیان، لە پشتەوە خەنجەریان لە کورد دەدا. ڕەنگە لەبەر ئەوەبێ هەموو سەرکردەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، سەرکردەی ئایینیی و کۆمەڵایەتیی بوون. هێندە بە ناخی ئایینەکەیاندا چووبوونە خوار، نەیانتوانیوە بارودۆخی سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان بخوێننەوە. ئەنجام سەدان هەزار کەسیان بە فیڕۆ دا و خاکی چەند هەزار ساڵەیان دابەشکرا. ئەو قوربانییانە هەر لەسەر ئایین دەژمێردرێن، چونکە هەر بە ناوی ئایین کوژراوین و هەڵوەدا کراوین. لە سەدەی رابردوودا، ئەوروپای هەڵگری مەشخەڵی پێکەوە ژیان و ئاشتی، دژی پەیڕەوانی ئایینێکی دیکەی ئاسمان، ناپاڵمی بە سلێمانی دادا، چونکە ئایینەکان لە کوشت و بڕ، نەک ڕێگر نین بەڵکو هەیانە برەویشی پێدەدات.