تێکەڵەی سەرمایەداریی و سۆشیالیزم پەسەندە؟

نووسینی پێرتی کۆسکیلا

مانەوەی مرۆڤ بە فێربوونی لە وانەکانی مێژووی خۆیەوە بەندە. ئەوە بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی دژبەیەکی (سەرمایەداری و سۆشیالیزم) یش هەر ڕاستە. سەرمایەداری جۆری زۆرە، پاڵپشتکەران و دژبەرانی وشەی سەرمایەداریی بۆ زۆر شت بەکاردەهێنن. بە چەمکی "خاوەنداریەتی تایبەت" سەرمایەداریی خۆی نوێ دەکاتەوە. ئەو خاوەنداریەتییە بە یاسا چوارچێوەی بۆ دانراوە و ئەو یاسایەیش لە سیستەمێکی دیموکراتدا، داڕێژراوە. پێشیلنەکردنی خاوەنداریەتی بنەتایەکی (مبدأ) فەلسەفی گشتی هەیە، بە کردار جێبەجێ ناکرێ

 

بە بۆچوونی هیگڵ، خاوەنداریەتی تاک مەرجێکی سەرەتایی سەربەستی مرۆڤە. بۆچوونێکی دروستە، بەڵام هەر هیگل خۆی هەڵوەستەی لەسەر هەیە بەوەی خەسڵەتە دیاریکراوەکانی پابەند بە خاوەنداریەتی لەوانەیە بچنە ژێرباری بواری بەرزتری ماف (وەکو کۆمەڵگە یان وڵات). ئەو ڕوانگایەی هیگل لە دەستووری ئەڵمانیادا جێی کراوەتەوە و بەشێوەیەک ڕیزکراوە ناهێڵێ خاونداریەتی لە دژی بەرژەوەندی گشتی بێت. لێرەدا ئەو ڕایە بەدی دەکرێت، کە دەڵێ خاوەنداریەتی کاریگەری کۆمەڵایەتی هەیە

 

بیرۆکە هەردەم گشتاندنە، خاوەنی گشتاندنیش بیرکەرەوەیە. کەواتە گشتاندن واتای بیرکردنەوە دەگەیەنێت. تا ڕادەیەکی زۆر لە وڵاتە دیموکراتەکانی ڕۆژئاوا ئەو مانایەی پێکاوە. بۆ نموونە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەو سروشتەی یاسا و بنەماکانی کار و بازرگانی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لەسەر دامەزراوە، گشتاندنە. بە شێوەیەکی گشتی ئاستی ژیان بەرزبووەتەوە و ئازادیە مەدەنیەکان بەربڵاوتر بوون

 

بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی دژی ئەوەیش چڕ بووەتەوە. بە کاریگەری جیهانگیری و شۆڕشی تەکنۆلۆجیا، کاریگەری کۆمپانیا گەورەکان (لە ڕەگی نیشتمانیان دوورکەوتنەوە) و سەرمایەی دارایی بۆ کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان زۆر بوو. هەر وەک ڕێکخراوی هاریکاری و ئابووری و گەشەسەندن چەندین جار هۆشداری داوە تەنانەت بە زیانی گەشەی ئابووری و جێگیریی کۆمەڵگەکانیش، جیاوازی داهات و سامان لە نێوان چینەکاندا زۆر گەورەتر بووە. پێناچی ئەو کۆمپانیا گەورە و سەرمایە داراییە "بەرژەوەندی گشتی" لەبەرچاو بگرێت، مەبەست بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکانی ژینگەیە، کە زۆرترین زیان بە قازانجەکەیان دەگەیەنێ

 

کاتێک چەند کەمینەیەکی بچووک لە جیهان بەردەوام بەشی زۆرتر و گەورەتر لە سامانی جیهانیان دەگاتێ، کاریگەرییەکانی ئەوەیە ڕیگری لە زۆرینەی هەرە زۆر دەکات خاوەنداریەتی بکەن و لەو خاوەنداریەتییەیان دڵنیابن. پاش تەنگژەی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ ئەو بانکە ئەمەریکاییانەی بوونە هۆی دروستبوونی تەنگژەکە، یارمەتیان درا و لە داڕمان ڕزگار کران، بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی کارەکانی ئەو بانکانەوە خانووەکانیان لەدەست دا، هیچیان بۆ نەکرا

 

وڵاتانی سۆشیالیست ئاراستەی پێچەوانەی ئابوری بازاڕیان گرتەبەر. پاش شۆڕش خاوەنداریەتی تایبەت بۆ دامەزراوە بەرهەمهێنەکان هەڵوەشێندرایەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، سۆشیالیزم بەو واتایەی مارکس وەک "هێزی چینی کرێکار" لە باشترین باریدا، کەمتەرخەم بوو. بیرۆکراسی و گەندەڵی زۆر بوو. نەبوونی دادپەروەریی چەندینی کردە قوربانی. دەبوایە شۆڕشی ڕۆشنبیری چین بەرپەرچدانەوەی بۆرجوازی و بیرۆکراسی بێت، کەچی کارەساتی لێ دروست بوو. گرنگترین 'توانا'ی مرۆڤ "خۆ نەویستن" بوو، کەچی لە سایەی سۆشیالیزمدا بووە دووڕوویی و خۆخڵەتاندن

 

بنەتای دابەشبوون لە سۆشیالیزمدا "لە هەر کەسێکەوە بە پێی توانا ، بەپێی پێویست بۆ هەمووان" ڕەنگدانەوەی دروشم و هەوڵەکانی بەدەستهێنانی یەکسانییە، بەڵام هەڵە و کورتبینی مارکسیزم نیشان دەدات، لە دواییدا گەیشتنە بنبەست و ئەوەبوو سۆشیالیزم ڕووخا. هەڵەیەکی مارکسیزم لەو بارەیەوە ئەوەبوو زۆر بە بەرتەسکی لە "کار" تێگەیشتبوون، لە بنەماوە وەک کارێکی دووبارەبووەوە (رۆتین) لێی دەڕواندرا. کاری ئەفراندنی لە خۆ نەگرتبوو. دەکرێ یەکێک بە پێچەوانەی کاری دووبارەبووەوە، لە ناخدا لە ئەفراندندا بێ. دروشمی "لە هەر کەسێکەوە بە پێی توانا" بۆ کاری ئەفراندن تەنیا دەربڕینێکە وەکو: با هەر کەسێک "بەپێی تواناکانی بێ" و لەسەر ئەوە مانەوە. هەموو کاتێک بازدان بەسەر توانای تاک و سنوورە داندراوەکان بەشێکن لە ئەفراندن، تەنانەت ئەگەر ئەو سنوور و کۆت و بەندانە لە ناوەڕۆکەوە هاتبێ یان لە کۆمەڵگەوە

 

ئەفراندن بۆ کۆمەڵگە زۆر بە سوودە، لە هزری سۆشیالیزمدا سوودەکانی ئەفراندن لە داهێنانی زانستیی و دەستکەوتە هونەرییەکانی بۆ کۆمەڵگە، نیشان نەدراوە. باس نەکراوە ئەو بەهایەی بۆ کۆمەڵگەی دەهێنی چییە، بۆ نموونە سیمفۆنی سیبیلیۆس، سەرمایەداری مارکس و نیگارەکانی ڤان کوخ دەبێ چەند نرخیان بدرێتێ؟ بە هەمان شێوە لە سۆشیالیزمدا ئاسان نییە خەڵاتی ماددی لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتییدا یەکسان بکرێ، واتا بە هەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ئاستی ماددی ژیان بۆ کەسەکان زۆر واتای نییە ئەگەر پێگە و کاریگەری کۆمەڵایەتیی لەگەڵدا نەبێت. هەڵەی لەویش گەورەتر، ئەو چالاکییانەی دادپەروەریی لە کۆمەڵگەدا بەرپا دەکەن و ئازایەتیی کۆشش دژ بە گەندەڵیی و بیرۆکراسی وەک "کار" لێی ناڕوانرێ و وەک بناغە بۆ مووچە دانانرێ، ئەوە بەرهەمهێنان، کاری بەڕێوەبردن و کارە ماددیەکانیش ناگرێتەوە

 

لە هەموو هەڵەکانیش کوشندەتر ئەوەیە "خۆنەویستیی" و "خزمەتی خەڵک" بە گرنگترین توانای مرۆڤ دانراوە، لە کۆمەڵگەی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان، میللەتە ژێردەستەکان، لە باری برسیەتیی، فشاری دەسەڵاتەکان لەسەر خەڵک و خراپ بەکارهێنانی ئیمپریالیدا، تێگەیشتن بۆ زاراوەی "خۆنەویستیی"  هەبوو. کەچی لە ناو سۆشیالیزمدا بووە خۆخڵەتاندن و دووڕوویی. سەرەڕای ئەوەیش، ئەستەمە ئەو توانایەی مرۆڤ لەگەڵ بنەتای دابەشکردن لە سۆشیالیزمدا تێکەڵ بکرێت

 

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، یەک لەسەر سێی جیهان کۆمەڵگەکانیان بە ناوی دابەشبوونی سۆشیالیزم دادەمەزراند. سەرەڕای هەڵەکانیشی، کەچی ئەو بنەتایە هەوڵی کۆشش بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی، نیشان دەدات. چینەکانی لە پاشەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای بۆ سۆشیالیزم ڕاکێشا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناچار کرد بەرەو دادپاروەریی زۆرتر هەنگاو بنێن. کاتێک وڵاتانی سۆشیالیست لە بەهێزترین باریاندا بوون، ئەوکاتە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی زیڕیینیاندا بوون

 

چۆن دەکرێ مرۆڤایەتیی بۆ ئایندەی خۆی لە ئاوێتەی دابەشکرن لە سۆشیالیزم و پارێزگاریکردن لە مافی خاوەنداریەتی لە سەرمایەدارییدا، فێر ببێ. لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و گەیاندندا، "بزانە چۆن یان زانیاری چۆنیی" پڕ بایەخترین هێزی بەرهەمهێنانە. دەستڕەنگینی بەرنامەسازیی، بیرۆکەی بازرگانی، شارەزایی لە بەدەستهێنانی شوێنکەوتووان بۆ پارچە ڤیدیۆیەک و توانای پێوەندیکردن، ئەوانە هەمووی "بزانە چۆن" ن و بە واتای مارکسی وا لە خاوەنەکەی دەکات، داهات بەدەست بێنێ

 

گرنگترین "بزانە-چۆن" و سیفەتی جیاکەرەوەی مرۆڤ "خۆنەویستیی" نییە، بەڵکو هەستکردنە بە دادپەروەری دادوەر و ڕەوشتی کارەکەی. ئەوە توانای هەڵسەنگاندنی بابەتییانەیە -دوور لە بەرژەوەندییەکانی تاکە کەس-ڕووبەڕووبوونەوەی ترسناکی بەرژەوەندییەکان. هەرچەندی کۆمەڵگە پشتی پێببەستێ، ئەوەندە زۆرتر دەژی و دەمێنێتەوە. چۆن گرنگترین توانای مرۆڤ وەک "ئامرازێکی بەرهەمهێنان" بەکاردەهێنی؟

نەمانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیی هەردەم لە پشت "ڕاستی" یە کۆنەکان، درۆی فەرمی، خۆخڵەتاندنی بە کۆمەڵ، خۆی دەشارێتەوە. چونکە لە چوارچێوەی ڕەفتاری تاک و کۆدا، مرۆڤ بە دوای ڕاستیی بابەتییانەدا ناگەڕێ (تەنانەت ئەگەر توانای گەڕانیشیان هەبێت). دادپەروەریی لە کۆمەڵگەدا بە هەست کردن بە دادپەروەریی و گەڕان بە دوای ڕاستییدا لە ناو گفتوگۆی کۆمەڵدا، دەستپێدەکات. دادپەروەریی هەردەم واتای ئەوەیە بابەتەکانی وڵاتی خۆت، کەلتووری خۆت، بواری شارەزایی خۆت ...هتد هەڵسەنگێنی و گەنگەشەی بکەی. بەڵام خەڵک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا ئەو ڕاستییە هەڵدەگرن (نادرکێنن)

 

هەمووکات گەڕان بە دوای ڕاستیدا دەتخاتە بەردەم سیاسەتی جیاکاریی، گێچەڵ پێکردن و سەرکوتکردنی مرۆڤەکانی دیکە، بە تایبەتیش لە لایەن ئەوانەی هەڤیاز (ذو امتياز) ی کۆمەڵایەتییان هەیە، یان هاوەڵ و شوێنکەوتووەکانیان. چۆن "مافی خاوەنداریەتی" مسۆگەر بکەین تا هەست بە دادپەروەری بکەین، کە گرنگترین "بزانە-چۆن" ی مرۆڤە؟ وەڵاممان بۆ ئەوە: بە پیادەکردنی بنەتای "دەبێ مووچە -بەر لە هەموو شتێک- لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ راستی، هەستکردن بە دادپەروەریی و توانای هاوکاریکردن"، بێت. بێگومان چەند دەیەیەکی دەوێ تا لە جیهاندا پیادە بکرێ

 

ئەو بنەتایەی مووچەی سەرەوە پاڵپشتی گەیشتن بە پڕبایەخترین مافی مرۆڤ "سەربەستی ڕا دەربڕین" دەدات. وا لە تاکە کەس دەکات بە هۆی توانا هەرە بەرزە تایبەتییەکانی خۆی و خەسڵەتە هەرە جوانەکانی کەسایەتی خۆی لە ڕووی مرۆڤبوونەوە، داهات بەدەست بهێنێت. بەو شێوەیە هەردوو بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی بە باشترین جۆر تێکەڵ دەکرێن.

مرۆڤایەتی لە مەترسیی خۆقڕکردندایە. گۆڕانی کەشوهەوا دیارترین نموونەی ئەو مەترسییەیە، جەمسەرگریی لە سیاسەتدا، هەواڵی هەڵبەسترا و درۆ، گوتاری ڕق و ئەو بوختانەی پێی دەکرێ هەموویان نیشانەی ئاراستەی خۆقڕکردنی مرۆڤە. تاکە ڕێگەی مانەوەی مرۆڤ پەند وەرگرتنە لە مێژووی خۆی و دەست لەسەر برینەکان دانێ، شرۆڤەیان بکات و بە گرفتوگۆ ئاوێتەیان بکات. چۆن بە شێوازێکی شارستانیانە و بونیادنەرانە وانەکانی مێژووی مرۆڤ شرۆڤە بکەین؟ چۆن ئاوێتەیەکی نوێ بەرهەم بهێنین؟


سەرچاوە
https://newhistory.fi/learning-from-history-one-angle-of-view/