شمشارە شوێنەوارێکی کۆنەو لە جیهاندا هەر بەو ناوە ناسراوە. تیرەکەی نزیکەی ٦٠ مەترە و ١٩ مەتر بەرزە. لە لای باکوورییەوە تەپۆلکەیەکی دیکەی بچووک هەیە بە کوردی پێی دەڵێن گردی بەردئەستی، چونکە بەر لە ساڵانی ١٩٥٦، خەڵکی ناوچەکە بەردئەستییان لەوێ دۆزیوەتەوە و بەو ناوە ناونراوە. لە تەنیشتیشی لادێ بچووکەکەی شمشارە هەیە. لە ئەنجامی دروستکردنی بەنداوی دوکان، نزیکەی ٤٠ شوێنەوار کەوتنە بن ئاوی دەریاچەی دوکان. لە هەموویان گرنگتر ئەوانەی شمشارە بوو. بۆیە لەسەروبەندی دروستکردنی بەنداوەکە و لە ساڵی ١٩٥٧ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عێراق لە بەغدا، بە هاوەڵی تیمێکی دانیمارک تیمێکی شوێنەوارناسیی بۆ شمشارە ناردووە. لەو ساڵەوە تا ئێستە ١٦٤ هەزار مەتر سێجای لێ ڕووتاوەتەوە
لە وەرزی هەڵکۆڵینی ئایاری ساڵی ١٩٥٧دا، لە بەشی باکووری گردەکەدا گەیشتنە سەردەمی حەسوونە، واتا ٨٠٠٠ ساڵ کۆن. لە کۆتایی وەرزی هەڵکۆڵیندا، هەر بە ڕێکەوت چاڵیکیان لەلای باشووری گردەکە هەڵکەند و چوار ژووری سەردەمی چاخی برۆنزی ناوەندیان تێدا دۆزییەوە (واتا ٢٠٠٠ بەر لە زایین). بەخت یاوەری تیمەکە بوو، لە یەکێک لەو ژوورانە ١٥٠ تەختە قوڕی نووسراوی مێخیان تێدا دەرهێنا. لە ساڵی ١٧٨٠ بەر لە زایین ئەو شوێنە سووتێنراوە، بەڵام تەختە قوڕەکان بە زمانی ئەکادی نووسراون و ماون. زانای میزۆپۆتامیاناسی دانیمارک یۆرگن لایسۆی توانی نووسینەکان بخوێنێتەوە و بۆی دەرکەوت ئەوانە بۆ فەرمانڕەوا (کواری) ئەوکاتەی شمشارە، دەگەڕایەوە
لەو کاتەدا شمشارە بنکەیەکی سەربازیی ئیمپراتۆریەتێکی کۆنی ڕۆژهەڵات بووە. ئەرشیفەکەی کواری وردەکاری زۆری جەنگ، خیانەت، یاخیبوون، سەرکەوتنەکان و شکستەکانی ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەری، تێدایە. لە یاخیبوونێکدا ئەو شوێنە و قەڵاکەی کواری سووتێندراوە. دیار نییە چارەنووسی کواری خۆی چی بووە. ئیدی شمشارە چۆل کراوە و تا سەدەکانی ناوەڕاست لە نێوان سەدەی ١٢ و ١٤ دا ئاوەدان نەبووەتەوە، ئەویش بۆ ماوەیەکی کورت
لە ساڵی ١٩٥٨ دەبوایە تیمێکی دیکە لە دانیمارکەوە بێنەوە بۆ شمشارە. بەڵام لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕش لە عێراق، ئەو تیمە نەهات. دواتر لە نێوان ١٩٥٨ و ١٩٥٩دا، تیمێکی شوێنەواری عێراق هەڵکۆڵینیان لە شمشارەدا کردووە. لە هەمان شوێنی ژوورەکەی لەسەرەوە باسکراوە، ١٤٠ تەختە قوڕی دیکەیان دۆزیوەتەوە. دوای تەواوبوونی هەڵکۆڵین، ئەو تیمە ڕاپۆرتی خۆی بڵاو نەکردووەتەوە. لە هیچ بڵاوکراوەیەکی دواتردا هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵکۆڵینەکانی شمشارە لە شوێنەواری عێراقەوە، نەهاتووە
دوای زیاتر لە نیو سەدە، لە ساڵی ٢٠١٢ تیمێکی دیکەی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە لیدنی هۆڵاند هاتنەوە شمشارە و لە بۆسکێن نیشتەجێ بوون. هەڵکۆڵین لە دوو شوێنی کاری ١٩٥٧ لە هەمان ئەو شوێنەی ژوورەکانی تێدا دۆزرانەوە، دەستیپێکرد. بناغەی بەبەرد هەڵچنراوی ژوورەکان هەر مابوون، بەڵام خشتە قوڕەکانی دیواری ژوورەکان بە لافاوی چەندین ساڵە، دیارنەمابوون. لە هەردوو چاڵی هەڵکۆڵیندا تیمەکە گەیشتنە سێ چینی جیاجیای نیشتەجێبوونی کۆنتر. کۆشکەکەی ساڵی ١٩٥٧ دۆزرابووەوە، لە چینی پێنجەمدا بوو. لە بن ئەو کۆشکە دوو چینی دیکە دەستنیشان کران. دیواری ئەستووری خشتی قوڕ هەبوون. ئەو جۆرە دیوارە بۆ شوێنی ژیانی خەڵکی ئاسایی نیە، بەڵکو شوێنێکی گشتییە
دۆزراوەکانی سیرامیک بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕانەوە، واتا سەردەمانی بەر لە سووتانی کۆشکەکەی فەرمانڕەوا کواری. لە ژێر چینی هەشتەمدا شوێنەوار هەر هەبوون، بەڵام تیمەکەی ٢٠١٢ لەوە زۆرتر نەیتوانی هەڵکۆڵین بکا. لە چینی ٧دا گۆزەیەکی بچووکی نەخشێنراو بە هێڵێ یەکتربڕی سەرووخوار دەرهێندرا. بڕوانە وێنە ٤ لە لاپەڕەی ٧ی ڕاپۆرتی تیمەکە. شمشارە کۆی گشتیی ١٦ چینی هەیە کۆنترینیان بۆ ٦٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەرێتەوە. بەشێک لەو ئامرازە بەردانەی لەوێ دۆزراونەتەوە لە چیای نەمرودی نزیک دەریاچەی وان، هاتووە
لە دۆزراوە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی شمشارە خەنجەرێکی بەردە درێژییەکەی ٣٥.٥ سانتیمەترە. خەنجەرەکە لە ئاگردا سووتاوە و بۆ چوار پارچە شکاوە. لەگەڵیدا هەندێ بازنی دەست و دەفرێکی بەرد هەیە ناوەڕاستەکەی قووڵ کراوە، لەوەدەچێ بۆ کوتانی دانەوێڵەو ڕووەک بەکارهاتبێ
لە چینی٨دا، تەختە قوڕێکی نوێی ٩.٥ بە ٤.٣ سانتیمەتریان دۆزییەوە، لە بەر هەتاو وشک کراوەتەوە و ئەستووریەکەی ٢٩ ملیمەترە. لە هەردوو دیوی تەختە قوڕەکەدا نیشانەی Xی لەسەر کراوە، دیارە وەکو ئاماژەیە بۆ پووچەڵکردنەوەی نووسراوەکەی سەری. کەواتە ئەو تەختە قوڕە بۆ کاروباری کارگێڕیی و ژمێریاریی بەکارهاتووە. گومان نییە ئەو تەختە قوڕە بە تەنیا لەوێ هەڵنەگیراوە. ڕەنگە هەر لە چینی ٨دا، کۆمەڵێکی دیکە هەبێ بەڵام گەڕانی زۆرتری پێویستە تا بدۆزرێنەوە
نووسراوی سەر ئەو تەختە قوڕە باس لە پێدانی نان بۆ چەندان کۆمەڵی سەربازان دەکات. هەرچەندە هەندێ ناو دیارنەماوە، بەڵام لە ناو ئەوانەی ماون و دەخوێندرێنەوە ناوی (پیاوەکەی کاکموم و پیاوەکەی ئوربیلوم) هەیە. وێنەی ژمارە ٥ لە لاپەڕە ٧دا ببینە. دیارە ئەو دوو پیاوە کاروان بوون، یانیش نێردەی سەربازیی هەردوو شاری کاکموم و ئوربیلوم بوون. هەردووکیان ڕۆڵی گەورەیان لە شانۆی سیاسیی ٢٠٠٠ پێش زایین لەو ناوچەیەدا هەبووە. هەر ئەوە بەڵگەی تەواوە بۆ ئەوەی شمشارە لە سەردەمی کواریدا، بایەخێکی گەورەی لە دەشتی ڕانیە و دوورتریشدا، هەبووە. شوێنی کاکموم دیار نییە کوێیە، بەڵام پایتەختی شانشینێکی ئەو ناوچەیە بووە. هەرچی ئوربیلومە، هەمان هەولێری ئێستەیە
سەرچاوە
https://www.academia.edu/6641089/Back_to_Rania