کارەساتی سروشتیی زۆرن، بەڵام هیچیان لە بیرەوەری مێژووی هاوچەرخدا نەبوونەتە مایەی لەناوچوونی چەند ملیۆن کەسێک. جگە لە نەخۆشی و پەتایەکانی سەدەکانی ناوەڕاست نەبێت، هیچ لە ناوچوونێکی مرۆڤ نییە گەیشتبێتە ملیۆن. بێگومان باسی هەردوو جەنگی جیهانی دووەم ناکەین چونکە ئەوان کارەساتی سروشتیی نین
بەڵام لە ساڵی ٥٣٦ی زاینییدا، ڕووداوێکی گەلێک مەزن هەبووە، کەس نووسینێکی ڕوون و ئاشکرای بەجێ نەهێشتووە پێمان بڵێ چی ڕوویداوە. لە هیچ شوێنێک تۆمارێکی تەواو یەکلاکەرەوە نییە. بەڵام نووسینی زۆر ماوە باس لە تاریکی ئاسمان و نەمانی تین و شەوقی ڕۆژ دەکات. ئەوەی ئەو بارودۆخەی دروست کردووە، ڕووداوێکی جیهانی گەلێک مەزن بووە
هۆی ئەو ڕووداوە گڕکانێکی مەزن بووە. بۆچوونی زانایان بە پێی ئەو بەڵگانەی کۆیان کردووەتەوە گۆمانیان بۆ چەند شوێنێک دەچێ. لەوانە گڕکانێکی مەزن لە ئایسلاند، یان لە ئەمەریکای باکوور بووبێ. لەوانەیە لە ئەندۆنیزیا یان پاپا نیو گینیا بووبێ. ئەگەرەکان بە هەموو لایەکدا هەندێ بەڵگەی هەیە، بەڵام بەڵگەی تەواو یەکلا کەرەوە نییە. ڕای زۆر لەسەر ئەوە کۆکن گڕکانی کراکاتۆوا لە دوورگەی جاوای ئەندۆنیزیا بووبێ
هێزی ئەو گڕکانە ١ ملیار ئەوەندەی بۆمبە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما بووە. ئەو ماددەیەی لەو گڕکانەوە وەکو فوارە بە ئاسماندا تا ٤٥ کیلۆمەتر بەرز بووەتەوە. تیایدا ماددەی تواوەی ناو زەوی (ماگما)، تەپ و تۆز و هەڵمی ئاوی بەرز کردووەتەوە. تەپ و تۆز و ماددەی هەڵدراو تا دووری١٥٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی تەقینەوەی گڕکانەکە، بەسەر خەڵک و کێڵگەکاندا باریوەتەوە. زۆرتر لە ٣٠ ملیۆن تۆنی لەو تۆز و ماددەیەی بە ئاسماندا پەرش کردووە. پلەی گەرمیی هەموو جیهانی بە نزیکەی ٢.٥ پلەی سەدی دابەزاندووە
ئەو ڕووداوە هێندەی تەپ و تۆز هەڵداوەتە ئاسمان بەری ڕۆژی گرتووە. تۆزی یەکجار وردی گڕکان لە هەوا سووکترە، بۆیە وەکو هەور بەرزدەبێتەوە و لە چینەکانی سەرەوەدا دەمێنێتەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ (لەوانەیە بگاتە ١٠٠ ساڵ) زەوی تیشکی خۆری نەدیوە. سارد و سەرما و وشکە ساڵیی، هاتووە. بە نەبوونی تیشکی خۆر کشتوکاڵ لەناو دەچێ و خواردن کەم دەبێ. ئەگەر درێژەی کێشا خواردن هەر نامێنێ. تیشکی ڕۆژ نەبێ، ئاوی دەریا و زەریا نابێتە هەڵم و هەور دروست نابێ، کەواتە باران نامێنێ. هەوا هێندە وشک دەبێ دار و دەوەنیش ناتوانێ بژی و مەڕوماڵات و لەوەڕگا، نامێنێ. بەو شێوەیە هەموو زنجیرە خواردنەکان دەشکێن و بوونەوەرەکان لەناودەچن
بە گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو سەرما، نەخۆشی تاعون دەردەکەوێ. چونکە بەکتیریای تاعون لە خوار ٢٥ پلەی سەدی دەژی. دوای گڕکانی کراکاتۆوا و ساردبوونی هەوا، تاعون لە ئەسیوبیا دەردەکەوێ. لەگەڵ ڕێڕەوی بازرگانی بە ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەبێتەوە، تا دەگاتە ناوجەرگەی ڕۆمانەکان. لەوێ ڕۆژانە ١٠ هەزار کەس دەمرن، لە پایتەختی ڕۆمانەکاندا مردوو لە ١ ملیۆن تێدەپەڕێ. ڕۆمان وردە وردە بە نەمانی داهات و مردنی خەڵک لاواز بوو. هەمان ئەو هۆکارەی لاوازبوونی ڕۆمانی هێنا، بووە گەشاندنەوە و لەدایک بوونی شارستانییەتی دیکە لە جیهاندا
لە ئاسیای ناوەڕاستدا لە نێوان مەنگۆلیا و وڵاتانی تورکزمانی ئێستە (کازاخستان و ئۆزبەکستان) کۆمەڵە خێڵی دواکەوتوو بە ناوی (ئاڤار) دەژیان. سوارچاکی زۆر لێهاتوو بوون، لە ڕووی ڕاو و سوارچاکییدا چەندین ساڵ لە پێش هەموو هاوسێکانیانەوە بوون. چینییەکان بە پیس و پۆخەڵ و نا شارستان ناویان هێناون. گۆشت و شیری وڵاخیان خواردووە. لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، خێڵە کۆچبەرە تورکزمانەکانی ژێر دەسەڵاتیان، هێرشیان دەکەنە سەر و چەندیان دەست دەکوێ دایانکوژن
ئابووری و هێزی ئاڤار پشتی بە ئەسپ و وڵاخ بەستبوو. بەڵام ئابووری و هێزی خێلە تورکزمانەکان پشتی بە مانگا بەستبوو. لە بەراوردی کۆئەندامی هەرسی ئەو دوو ئاژەڵە، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە چۆنییەتی هەرس کردنی ئەو گژوگیایەی دەیخۆن. تەرسی وڵاخ زۆربەی گژوگیای هەرس نەکراوی تێدایە، کەچی ئەوەی مانگا وانییە. وڵاخ هەموو گیایەک ناخوات، بەڵام مانگا زۆر جۆر دەخوات. ئەو هۆکارە بچووک و سادەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵات لە سەرانی ئاڤار بۆ خێڵە تورکەکان بگوازرێتەوە. بە نەمانی گژوگیا، ئاڤار هێز و توانایان نەما و هەرچی ئەسپ و وڵاخیان هەبوو مردن. لە کۆتادا خێڵەکان لە دەشتاییەکانی مەنگۆلیا بەسەریاندا سەرکەوتن
ئەوەی لە هێرشەکانی خێڵە تورکزمانەکان دەربازبوو بەرەو ڕۆژئاوا کۆچیان کردو لەو ڕێگەیەدا تەواو خۆیان دەگرنەوە، تا لە هەنگاریای ئێستە دەگیرسێنەوە، ئەو کاتە سنووری ڕۆمانەکان بووە. لەوێ دوای تەنیا چەند ساڵێک خێڵەکانی ئەو ناوچەیە دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و ناوە ناوە نقورچیکیش لە ڕۆمانی شەکەت (دوای تاعون و فەوتانی کشتوکاڵ) دەگرن. وای لێدێ بە بەهای ئێستە بێ بایی ٧ ملیار دۆلار لە ڕۆمان وەردەگرن تەنیا بۆ ئەوەی هێرشەکانیان ڕاگرن. ئێستەیش بەشێکی زۆر لەو خشڵ و زیوەی لە ڕۆمانەکانیان وەرگرتووە لە ژێر زەوی هەنگاریا ماوەتەوە.ئەگەر بە زمان و نەتەوەکانی ئەوروپادا بڕوانی، زمانی هەنگاریا لە ناو جەرگەی ئەوروپادا لە چاو هەموویان جیاوازە. ئەو جیاوازییەی زمانی هەنگاریا بۆ ئاڤارەکانی دوای گڕکانی کراکاتۆوا دەگەڕێتەوە
لەوپەڕی جیهاندا و لە مەکسیک، شاری تایتیۆکان ١٢٥ هەزار کەسی لێدەژیا و لە شارە هەرە گەورەکانی جیهانی ئەوکاتە بوو. هەمان گڕکانی کراکاتاو کاریگەری لەسەر وشکەساڵیی لە مەکسیک هەبووە. چەند ساڵی یەک لە دوای یەک بەرهەمی کشتوکاڵ بەشی دانیشتوانەکەی نەبوو. نەمانی خواردن و سەرما نەخۆشی بڵاوکردەوە، تا دەهات خراپتر دەبوو. خەڵکەکەی شۆڕشیان لە دژی فەرمانڕەواکەیان کرد و شارەکە پووکایەوە. ئاراستەی دامەزراندنی شارستانییەتێکی پێشەکوتوویان تێکچوو و بە تەواوی دیارنەمان
بەنداوی مەئریب لە یەمەن لە کۆنترین بەنداوەکانی مێژووی مرۆڤە. یەکجار زۆریش گەورەبووە، هەرنەبێ بۆ ٨٠٠ ساڵ پێش زایین پرۆژەیەکی بێ وێنە بووە. بە هاتنی وشکەساڵیی یەک لە دوای یەک و ئینجا باران و تۆفانی زۆر، بەنداوەکە زیانی زۆری بەردەکەوێ، وای لێدێ ئیدی چاک ناکرێتەوە. بۆیە هەندێ خێڵەکانی ئەو ناوچەیە بەرەو مەککە و مەدینە دەگوازنەوە. پلە و پایەی یەمەن و مەئریب بۆ دوورگەی عەرەبی لە سعودستانی ئێستە دەگوازنەوە. جۆری ژیان و کەلتووری کۆمەڵگەی مەککە و مەدینە لە چاو مەئریب زۆر جیاواز بووە. بە لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام لەو ناوچەیەدا، ئایینی ئیسلام دەردەکەوێ