ئایندەی خوێندن

سەرەتای خوێندن لە ناو پۆل یان قوتابخانە چەند سەد ساڵێک کۆنە، ئێستا وای لێهاووە هەر بوارێکی سەد ساڵ پێش ئێستا بۆ چەندین بواری دیکە دابەش کراوە، ئەوانیش لق و پۆپی دیکەیان لێ بووەتەوە، پێشکەوتنی زۆر بوار ناچاری کردووین زانستەکان بەش بەش بکەین، چەندی زیاتریش دەخوێنی هێندە تایبەتمەندییەکان زیاتر دەبن و بە قووڵایی بابەتدا دەچییە خوارێ


ئەوەی ئێستا منداڵەکانمان لە قوتابخانە ئاست بەرزەکان دەیخوێنن و فێری دەبن، من لەوانەیە لە زانکۆ فێری کرابم، بوارەکان هێندە فراوان بوون تەمەنی کورتیشمان فریای هیچی وا ناکەوێت بتوانی چەندین بوار بخوێنێت. شارستانییەتی مرۆڤ لە چەند دەیەی رابردوو چەندین دەستکەوتی بێ وێنەی بەدەست هێناوە، ئەوانە هەمووی چیای گەلێک بەرز و بناغە پتەوی لە زانیاریی و زانست داناوە. هەرکەسێک بیەوێ بەهەر رێچکەیەکی زانستدا بڕوات دەبێ بەو چیا بەرز و پڕ زانییارییانەدا رەوت بکات، دەنا ناگاتە ترۆپکی زانست و زانین


بۆ نموونە بیرکاری وەک زانست و خوێندن تەنیا کۆکردنەوە و لێکدانی ژمارەکان نییە، بە لانی کەم ٨ بواری جیاوازی بیرکاریی هەیە، من خۆم تەنیا ٣ یان ٤ یانم بە سادەیی خوێندووە، ئەوانی دیکە دەبنە تایبەتمەندیی. ئەگەر وایە ئەی کەسێک بیەوێ ببێتە ئەندازیاری ئەلکترۆنی یان بەشێک لە رۆبۆتێک دروست بکات چۆن فریا دەکەوێ کیمیای ماددەکان و توخمەکان بخوێنێ؟ ناتوانێ. بەهەمان شێوە، ئەوەی دەیەوێ پرۆگرامسازیی کۆمپیوتەر بخوێنی ناتوانێ خۆی لە لۆیژیک و بیرکاریی بەدوور بگرێ. ئەو هەموو زانیارییانە چۆن لە تەمەنێکی کورتدا دەکرێ کۆبکرێنەوە؟ وەڵامی کورت و ئاسان ئەوەیە کە ئەوە ناکرێ


چەندین ساڵە لە ناوەندە زانستییەکان باس لەوە دەکرێ پرۆسەی خوێندن لە ئاییندە دەبێ چۆن بێت؟ ئەوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر وەک خەیاڵی زانستیی بوو، ئێستا وا بە هەنگاوی رۆژانە خەریکە دەبنە بەشێک لە ژیانمان. دەستپێکی ئەو هەوڵانەش ئەوەی (ئیلۆن ماسک)ە، نیورالینک ئەوە پارچەیەکی ئەلکترۆنییە لەسەر سەری مرۆڤ دادەنرێ تا بتوانێ پێوەندی نێوان مێشک و ئامێرەکان دروست بکات. هەرچەندە ئەوە لە هەنگاوە یەکەمەکانە بەڵام بە لای منەوە هەنگاوێکی گەلێک مەزنە


ئەوەی لە ئاسۆی تەکنۆلۆژیای نیورالینک و هاوشێوەکانیدا دەبینم ئەوەیە لە داهاتوودا مرۆڤ پێویستیی بە زانیاریی زۆر زیاتر هەیە تا بتوانێ لە بوارێکدا تایبەتمەند بێت، زانیارییەکان هێندە زۆر و بەربڵاو دەبن تەمەنی هیچ مرۆڤێک بەشی خویندن و فێربوونی ئەو هەموو زانیارییانە ناکات، بۆیە زانیارییە سەرەتاییەکان و ئەوەی پێویستە بۆ ئامادەبوون لە زانکۆکانی ئێستا، هەمووی دەبێ وەک نیورالینک لەسەر سەر دابنرێ و بخزێنرێتە ناو مێشک، ئیدی منداڵ پێویستیی بە خوێندنی سەرەتایی وەک ئەوەی ئێستا هەیە نامێنێت. لە تەمەنێکی دیاری کراودا میمۆری بۆ دادەنرێت و هەموو ئەو زانیارییانە بە مێشکی دەبەخشێ، هەر لە منداڵییەوە دەتوانن بگەنە ئاستی کۆلیژەکانی ئێستا

ئەوانەش لە پلەی زانا دەبن و لە بوارێکی تایبەتدا دەبنە زانا، ئەوانە سەرەڕای ئەوەی هەموو زانیارییەکانی مرۆڤایەتیی لەو بوارەدا دەدرێتێ، ئینجا دەبێ توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدەن و لە ڕەورەوەی پێشکەوتن دەستییان هەبێت. دەکرێ هەموو توێژینەوەکانی هاو تەمەنەکانی لە زانکۆکانی دیکەی جیهانیش لەسەر نیورالینک دابنرێ و بیدرێتێ، پێویست بە خوێندنەوە و گەڕان نەکات، یەکسەر هەمووی دەخرێتە ناو مێشک


مرۆڤەکان دەکرێ زۆر لە ئێستا زیرەکتر بن، گەلێک زانیاریی ئێستا و ١٠٠ ساڵی داهاتووش هەمووی بە چەند چرکەیەک دێتە ناو مێشک، ئەو زانیارییانە پێم وا نییە بێ بەرانبەر هەر کەسێک بتوانێ وەریانبگرێت، یان لەلایەن حکوومەت و دەزگاکانییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، یانیش کۆمپانیای نوێ لەو بوارەدا دێنە ئارا تا چیت بوێ پێت بفرۆشن و بیخەنە ناو مێشکت. دەکرێ داوای هەموو بیردۆزی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتاین لەگەڵ هەموو هاوکێشەکانیدا، بەڵام خۆ ناکرێ پێشتر پسپۆری جل و بەرگ دروست کردن بووبیت، ئێستاش لە ناکاو ببیە زانا لە بیردۆزی ڕێژەیی گشتیی! ئەی لەو کاتەدا پیشەی مامۆستا چی بەسەر دێت؟ پێم وانییە وەک ئەوەی ئێستا هەیە بمێنێت، گۆڕانکاریی تەواو بەسەر هەموو سیستەمەکەدا دێت، تەنانەت قوتابخانەش نامێنێت، یان قوتابخانە دەچێتە سەر ئینتەرنێت و بەپێی پێویستیی تەمەن، پسپۆرییەتی، شوێنی کار، رەگەز، و هتد. هەر کەسێک برێ زانیارییەکانی بۆ دادەنرێت


مەرجیش نییە زانیارییە هەستیارەکانی وەکو پیشەسازیی سەربازی، وەردە کاریی ئامێرەکانی پێوەندی کردن و هاک کردنیان زۆری دیکەی هاوشێوەش بۆ هەموو کەس هەبن یان لە هەر شوێنێک هەبێت، ئەوانە بێژنگی تایبەتییان دەبێت، دەدرێ بەو کەسانەی گونجاون بۆ ئەو جۆرە زانیارییانە

لەوێوە بازرگانیی کردن بە زانیاریی و هاک کردنی زانیاریی و گۆڕینییان بە پێی بەرژەوەندییەکانی لایەنەکان و حکوومەتەکان دێتە ئاراوە. مەرج نییە هەرچی پێت دەگات راستیی سەلمێندراو و بەڵگە نەویست بن، چۆنیان دەوێ وات بۆ دادەتاشن