قڕبوونی مرۆڤەکان

دۆزینەوەکانی مرۆڤ تا ئێستە هەر نەبێ ١٠ جۆر مرۆڤی کۆنیان دەستنیشان کردووە. مەبەست لە مرۆڤی کۆن، هەموو ئەوانەن لەسەر دوو قاچ بە پێوە ڕۆیشتوون. مرۆڤی نیاندرتاڵ ڕاوکەری باش بوون و لەگەڵ کەشوهەوای ساردی ئەوروپا تەواو گونجابوون. مۆرڤی دینیسۆڤانیش لە ئاسیا بڵاو بوو. هەرچی هۆمۆ ئیرەکتەسە لە ئەندۆنیزیا هەبوو. هۆمۆ رۆدیسینیسیسیش لە ناوەڕاستی ئافریقادا هەبوون. لەگەڵ ئەوانەدا، چەند جۆرێکی دیکەی مرۆڤی کورت و مێشک بچووک ژیاون. هۆمۆ نالێدی لە ئافریقای باشوور. هۆمۆ لوزۆنێسیس لە فیلیپین، هۆمۆفلۆرۆسێنسیس لە ئیندۆنیزیا و خەڵکی ئەشکەوتی ئاسکە سووریش لە چین. زۆر جۆرمان دۆزیوەتەوە، ئەگەری دۆزینەوەی جۆری دیکەیش هەیە

 

ئەو جۆرە مرۆڤە کۆنانەی هەبوون هەموویان قڕبوون، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ هەبوونی گڕکانێکی مەزن، بەردە نەیزەک، گۆڕانی لەپڕی کەشوهەوا یان هەر هۆیەکی دیکە، نییە. تاکە زانیاری هەمانە کاتە. هەموویان لە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستە، قڕ بوون. ئەو کاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جۆرێکی دیکەی مرۆڤ تەواو دەگەنە یەک. هۆمۆسایپیان ئێمەین لە ناو هەموویاندا ماوین و هۆکاری قڕبوونی ئەوانی دیکەین

 

بڵاوبوونەوەی مرۆڤی هۆمۆسایپیان لە ئافریقاوە بە جیهاندا شەشەمین قڕبوونی گشتیی لە مێژووی زەویدا، لەگەڵ بووە. سەرەتا لە قڕبوونی گیاندارە شیردەرەکانی چاخی بەستەڵەک بەر لە ٤٠ هەزار ساڵ بووە، ئێستەیش وا دەگاتە لە ناوبردنی دارستانەکانی کەمەری زەوی. کەشوهەوای زەویمان گۆڕیوە، دەستمان لە گۆڕاینی نزیکەی نیوەی هەموو وشکانی زەویدا هەیە. ئێمە هەڕەشەی سەر هەموو جۆرە مرۆڤەکانی دیکە بووین. بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەکان و خاک، ململالنێمان لەگەڵدا کردن. ئێمە پڕ مەترسیترین بوونەوەری سەر زەوین

 

گەشبینەکانی سەردەم، کۆمەڵە ڕاوچییەکانی مرۆڤی هۆمۆسایپیانیان بە ئاشتیخواز و بەگزادە وێنا کردووە. دەڵێن ئەوە کولتوورە وای لە مرۆڤ کردووە توندوتیژ بێ، سروشتی مرۆڤ وا نییە. بەڵام بەڵگەکانی شوێنەوار و مێژوو واناڵێن. چەکەکانی وەکو تێڵا، ڕم، تیر و ئەوانی دیکە لەگەڵ هەڵمەت و بۆسە نانەوە، ئامرازی چالاکی مرۆڤکوشتن بوون. لەو کۆمەڵگەیانەدا، توندوتیژیی گەورەترین هۆکاری مردنی پیاوان بووە. دۆزینەوەی سەرە تیرێکی ٩٠٠٠ ساڵ کۆن لە ناو حەوزی پیاوێک لە ئەمەریکا و کوشتوبڕی ٢٧ کەس لە کینیا بەر لە ١٠ هەزار ساڵ بەڵگەی مێژوویەکی خوێناوین

 

مێژوومان پڕە لە جەنگ و کوشت و بڕ. ڕۆمانەکان زۆریان کرد، بەریتانیا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و بە سەدان هەزاری کوشتووە. هەر ئەوان زۆر نەمابوو هەموو خەڵکی ڕەسەنی ئوسترالیا بسڕنەوە. هیندییە سوورەکانیش بە هەموو شیوەیەک دووچاری هەوڵەکانی قڕکردنبوونەوە. هەوڵی دیکەی قڕکردن لە بۆسنیا، عێراق، دارفور و میانمار هێشتا لە بیرەوەرییە نزیکەکانمانن. ئارەزووی قڕکردنی ئەوانەی بە دڵمان نین بێگومان سروشتی مرۆڤە. هیچ هۆیەکی بەهێزمان نییە هۆمۆسایپیانی چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر بە ئاشتیخواز و بەگزادە ببینین. بەڵکو توندوتیژتر بوون

 

وێنەی ناو ئەشکەوتەکان، هەڵکۆڵینی سەر بەردەکان و ئامرازەکانی موزیک توانای گەورەی پێوەندیکردن، پلان دانان، فێڵکردن و هاریکارکردن نیشان دەدەن. بەڵگەی تەواومان لەبەردەست نییە هەموو جۆرەکانی مرۆڤ چۆن لە ناوچوون. بەڵام دەزانین چەند هەزار ساڵێک دوای گەسیشتنمان بۆ ئەوروپا، نیاندرتاڵ دیار نەما.  دی ئێن ئەی نیاندرتاڵ لە ناو ئێمە هەیە.ئەوەی دێنیسۆڤان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئوسترالیا و پۆلۆنیزیا هەیە. .  دی ئێن ئەی هۆمۆئیرەکتەسیش لە ناو ئاسیا هەیە. ئافریقاییەکانیش .  دی ئێن ئەی جۆرێکی دیکەی نادیاریان هەیە

 

هۆکار لە کوشتوبڕ کردنی مرۆڤەکانی دیکە تەنیا زۆربوونی دانیشتوانە. هەر ٢ ساڵ جارێک ژمارەکە دووئەوەندەی لێدێ. گروپە ڕاوچییەکان لە هاوکاری یەکتریدا بێ وێنە بوون، بۆیە کەس بەوان نەوێرا. ڕاوکەری هۆمۆسایپیان نەبووە، بەڵکو هۆمۆسایپیان هەردەم ڕاوچی بووە. زوو زوو وەچەمان خستەوە، تا ژمارەمان زۆر زیادی کرد. لە سەردەمێکی دیکەدا، وشکە ساڵیی خواردنی کەم کردەوە. خێڵەکانی هاندا هێرش بۆ سەر یەکتری بکەن، ئەوەی ژمارەی گەورەتر بوو، سەردەکەوت و لە برسییەتی ڕزگاری دەبوو

 

لەوانەیە لەناوبردنی جۆرەکانی دیکەی مرۆڤ بە پلان و بیرکردنەوە نەبووبێ. بەڵام هەر ململانێ لەسەر سەرچاوەکانی خواردن و ناوچەی ڕاوکردن بووە. بۆسە بە بۆسە و هێرش بە هێرش لە دەشت بە دەشت و دۆڵ بە دۆڵ، مرۆڤی نوێ ئەوانی دیکەی سڕیەوە و دەستی بەسەر خاکەکانیدا گرت. لەگەڵ ئەوەیشدا دیارنەمانی نیاندرتاڵ لە چاو ئەوانی دیکە، چەند هەزار ساڵێکی پێچوو

 

کۆمەڵبوونی هۆمۆسایپیان نەخۆشی وەکو ئاوڵە، ئەنفلۆوانزا، سوورێژە و زۆری دیکەی لەگەڵ خۆی دەگواستەوە. لەگەڵ ئەوەی نیاندرتاڵ بەرانبەرمان واستایەوە، بەر لەوەی تەواو دیار نەمێنێ چەندین جار جەنگا، لە زۆریش سەرکەوت بەڵام لە ئەنجامدا هەر دۆڕا. بە واتای ئەوەی ئاستی ژیریی بەرز بووە. تەنانەت ڕەنگە زۆری وای لەگەڵ ئێمە جیا نەبووبێ

 

ئێستە بەشیکی زۆر لە توانا و سەرچاوەمان بۆ دۆزینەوەی هەر بوونەوەرێکی ژیر لە گەردووندا تەرخان دەکەین. لەسەر زەوی بوونەوەری دیکەمان هەبوو بە دەستی خۆمان لەناومان بردن


سەرچاوە 

https://www.ancient-origins.net/human-origins-science/mass-extinction-0012892?fbclid=IwAR2VPMmbsMineT1Dtqj31lgCbb9ixPP537fX9sO3uK6H3j0R9BDEjW-05E8